تەنبێی جەستەیی (لێدان) لە قوتابخانەکانی ئێران

0
132

سەرجەم پسپۆڕانی بواری پەروەردە لەسەر بنەبڕ کردن و نەمانی تەنبێ کردنی جەستەیی واتا لێدان لە قوتابخانەکان کۆکن و لێکۆڵینەوەگەلێکی بەربڵاویش سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە لێدان و کوتان نە تەنیا نابێتە هۆکاری فێربوون، بەڵکو هۆکارێکی سەرەکی ڕاکردنی قوتابیانە لە قوتابخانە و وازهێنان لە خوێندن.

لە پەروەردەی ئێرانیشدا لەو ساڵانەی ڕابردوودا و دوای هاتنە ئارای چەند کارەسات لە قوتابخانەکان بە هۆی لێدانی قوتابیان لە لایەن مامۆستاکانیانەوە، بەخشنامەیەک دەرچووە کە تێیدا لێدان و سزایجەستەیی بە گشتی و بە هەر شێوەیەک، یاساغ کراوە.

هۆکاری دەرچوونی ئەو بەخشنامەیە دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوێک کە لە کەرەج ڕووی دا، ڕووداوەکە بەو شێوەیەی خوارەوە بوو:

خەزەڵوەری ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی مامۆستایەکی وانەی عەرەبی لە یەکێک لە پۆلەکانی دواناوەندی ناوچەی ٢ی شاری کەرەج کە دەکوترێ مامۆستای یەکێک لە زانکۆکانی تارانیش بووە، کاتێک کە دەبینێ لە ٢٥ قوتابی، چاردەیان ئەرکی ماڵەوەیان بەجێ نەگەیاندووە، لە پۆلەکە دەریان دەکات و حوکمیان لێدەکات کە دەبێ قوتابیەکان دوو بە دوو، بە زللە لە یەکتری بدەن، دووان لە قوتابیەکان گوێڕایەڵی مامۆستا نابن و ئەوەش وادەکات مامۆستا خۆی دەست بکات بە کوتانی قوتابیەکان و لە ئەنجامدا پەردەی گوێی دوو کەس لە قوتابیەکان دەدڕێت کە ڕۆژی دواتر، پزشکی یاسایی شاری کەرەج، پشت ڕاستی کردەوە کە دڕانی پەردەی گوێی ئەو دوو قوتابیە  بە هۆی ئەو کوتان و لێدانانە بووە.

شایانی باسە کە بە پێی مادەی ٧٧ ی شێوەنامەی کرداری قوتابخانەکان، هەرجۆرە سزادانێکی وەکوو بێ ڕێزی پێکردن، لێدان و دانانی ئەرکی ماڵەوە بۆ سزادان، یاساغە و نابێ لە دانانی سزا بۆ قوتابیان، جیاوازی و هەڵاواردن، بێتە ئاراوە و دەبێ هەموو بە یەک چاو چاو لێبکرێن.

بەڵام ئەوەی ڕاستی بێت تا ئیستا و بە پێچەوانەی هەموو یاسا و ڕێسا و شێوەنامەکان، لێدان بە تووندترین شێوە لە قوتابخانەکانی ئێراندا بوونی هەیە و هەر ماوەیە جارێک گرتەیەکی ڤیدیۆیی یان هەواڵێکی دڵتەزێن لە قوتابخانەکانی ئێران بڵاو دەبێتەوە کە نیشاندەری ئەو ڕەفتارە دژە دەروونناسی و ئەخلاق و یاسایەیە لە قوتابخانەکانی ئێراندا. ئەوە لە حاڵێکدایە کە بابەتی تری وەک کەڵکاژۆی سێکسی لە قوتابخانە و زانکۆکانی ئێراندا، بابەتێکی شاراوە نیە.

شیاوی ئاماژەیە کە هەندێک لە مامۆستایانی ئایینی ئێران بە هێنانەوەی بەڵگە لە حەدیس و دەقە ئایینیەکان، کە تێیدا سزادانی جەستەیی بە مەبەستی چاکسازی و گۆڕینی کردارە نەشیاوەکان بە باش زاندراوە، زۆر جار ڕووبەڕووی ماددەی ٧٧ی شێوەنامەی کرداری لە قوتابخانەکان بوونەوە و تەنانەت ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی کەسێک لە ژێر ئەو ناوە لە دادگای باڵای ئێران، سکاڵای لەسەر شۆڕای باڵای پەروەردەی ئێران تۆمار کرد و ئەو بڕگەیە لە شێوەنامەی ئاماژە پێکراوی بە دژی یاسای ئیسلام ناو برد.

لێدان و تەنبێی جەستەیی گەلێک ئاسەوار و کاریگەری نەرێنی لەسەر قوتابیان هەیە کە دەکرێ بە کورتی باس لەو چەند خاڵەی خوارەوە بکەین:

یەکەم: قوتابی تەنبێ کراو، لە دوو لایەنی تەنبێکەر (مامۆستا یان هەر کەسی تر) و هەروەها هۆکاری تەنبێ کران (بۆ نموونە ئەنجام نەدانی ئەرکی ماڵەوە) بێزار دەبێت و ئەوەش دەبێتە هۆکارێک بۆ ڕاکردن لەو دوو هۆکارە، واتا قوتابی لە مامۆستا و ئەرکی ماڵەوە دەبیزرێت و بۆی هەیە لە داهاتوودا، تووندی و تیژیان لە بەرانبەر بنوێنێ

دوو: سزادانی جەستەیی هۆکارێکی بەرچاوە لە واز هێنان لە خوێندن و لە ئەنجامدا زیاتر بوونی کرداری دژە باو لە کۆمەڵگادا لە لایەن ئەو کەسانەوە

سێ: درۆکردن لە ناو قوتابیاندا برەو دەستێنێت: قوتابیان بۆ خۆدزینەوە، یان ڕووبەڕوونەبوونەوەی سزا و لێدان، ناچار بە درۆ کردن دەبن کە خودی درۆ کردن کاریگەری و پاشکەوتەی تایبەت بە خۆی بەدواوەیە.

چوار: بەشێکی زۆر لە کاتی مامۆستا بە لێدان و سزادانەوە بە فیڕۆ دەڕوات کە لە ڕاستیدا پێویستە و دەبێ ئەو کاتە بۆ فێر کردن تەرخان بکرێت .

پێنج: هاوتەریبی و هاوڕێیەتی لە نێوان مامۆستا و وانە و پۆل، جێی خۆی دەدا بە بێزاری و لێک ترازان و ئەوەش بە واتای نەبوونی هاندەری تەواوە بۆ فێر بوون و لە ئەنجامدا دۆخێکی نەشیاو لە قوتابخانە دێتە ئاراوە کە قوتابی ناتوانێ باش تێیدا فێر ببێت

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت