تیۆری کایە و هەڵبژاردنەکانی ئێران

0
123

کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی تەمەنی خۆیدا زۆر لە هەموو وڵاتێکی دێموکراتیک کە هەڵبژاردنی ئازادی تێدایە، شانۆی هەلبژاردنی رێک خستووە و لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا بە پێوانەی رێژەیی سەرکەوتوو دەرچووە. رادەی بەشداری خەڵک لە یەک دووجار نەبێت هەمووجارێ زیاتر لە 50% بووە. سەرەرای بایکۆتی هێزەکانی ئوپۆزیسیۆن، سەرەرای ئەوەی کە خەڵک بەگشتی باوەڕیان بە کۆماری ئیسلامی نیە، سەرەرای ئەوەی کە هەمووجارێ کۆماری ئیسلامی دوای هەڵبژاردنەکان دەگەرێتەوە سەر بنەمای سەرەکی خۆی واتا سەرکوت و داپڵۆسینی خەڵک، بەوحاڵەش توانای ئەوەی هەیە خەلک بەرەو سندۆقەکانی هەلبژاردن راکێشێت. دەبێ هۆی ئەوەی کە خەڵکی ئێران هەمووجارێ فریوی دروشمەکانی کۆماری ئیسلامی دەخۆن چی بێت؟
لەو تارەدا بە کەڵک وەرگرتن لە تیۆری کایە (Game Theory) هەوڵ دەدرێت بە شێوەیەکی سادە هۆی سەرکەوتنی کۆماری ئیسلامی لە شانۆکانی هەڵبژاردنی شی بکرێتەوە. بیر لەوە بکرێت چۆن دەکرێ لە بەرامبەر سیستەمێکی وادا هەڵبژاردنەکان بکرێتە مەیدانی خەباتی دژی رژیم؟
هەڵبژارن یەکێک لە ئەستەمترین و پڕبایەخترین مژارەکانی سیاسیە کە لە لایەن توێژەرەکانی زانستی سیاسیەوە سەرنجی تایبەت پێ دەدرێت. لێکۆلینەوە و بیرورادەربرین لە سەر هەلبژاردنەکان وەک دیاردەیەکی سیاسی بە درێژایی سەرهەڵدانی دێموکراسیەکانی مۆدێرن خاوەن مێژووە. لەو رووەوە بە لەبەرچاوگرتنی تیۆریە جۆراوجۆرەکانی پێوەندیدار بە هەڵبژاردنەوە دەکرێت پێشبینی و لێکدانەوەی ئاستی بەشداری خەڵک بکرێت. هەڵبژاردن ئەگەر لە وڵاتانی دێموکراتیکدا وەک ئەرکێکی مەدەنی و مافێکی شارۆڤەندی دەژمێردرێت لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەڵبژاردن بە واتای ئەرکێکی “شەرعی” بۆ “بعیت لە گەڵ رێبەری موسوڵمانان” دادەنرێت. بۆ ئێمە دژبەرانی کۆماری ئیسلامی و لایەنگرانی سیستەمی دێموکراسی گرنگە کە یاسای کایەکان بزانین تا بتوانین لە هەموو دەرفەتێکدا شوێندانەر بین.
لێکدانەوە و توێژینەوە و پێشبینینی کرداری مرۆڤەکان یان یان بە وتەیەکی دیکە هەڵسوکەتی هۆیە ژیرەکان، لەو بابەتانەن کە زۆر کۆمپلێکس و ئاڵۆزن. بەهۆی ئاڵۆزی لە کرداری هەستی و عاتفی مرۆڤەکان زانستی دەروونناسی توانیویەتی مۆدێلگەلی جۆراوجۆر لە مەڕ کرداری گەشە پێ بدرێت و بە ئامانجی جۆراوجۆر بەکار ببردرێت. تیۆری کایەکان یەکێک لەو زانستانەیە کە لەو بوارەدا بەکار هێنراوە و بە هاوکاری مۆدێلە بیرکاریەکان و بەکارهێنانی ئەو تیۆریە هەوڵدراوە هەلومەرجی هۆیە ژیرەکان لەبەرچاوبگیرێت و لە ئاکامدا کرداریان پێشبینی بکرێت. لەو پێوەندیەدا تیۆریەکە سەرنجی خۆی لە سەر چەند خاڵیکی گرینگی وەک بڕوا (اعتماد)، ناودەنگ، پێوەندی نێوان مرۆڤەکان و سازکردنی مۆدێلی پێشبینی کرداری خەڵک لە روانگەی تیۆری کایەوە کۆدەکاتەوە.
هۆی ئەوەی کە تا ئێستا ئۆپۆزیسیۆن و تەنانەت هێزەکانی کوردستانیش نەیانتوانیوە کاریگەریەکی زۆریان لە سەر ئاکامی هەلبژاردنەکان هەبێت ئەوەبووە کە ئۆپۆزیسیۆن زۆرتر سەرنجی داوەتە ناوەرۆکی کۆماری ئیسلامی ئێران و لە چوارچێوەی ناسنامەی سیاسی خۆیدا لە هەوڵی کۆکردنەوەی خەڵک بەدەوری دروشمەکانی خۆی بووە. سەرەرای ئەوەی دیاردەی هەڵبژاردن وەک یەکێک لە کەرەسەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ لەسەرکارمان و مانەوەی دەسەڵاتی خۆی بەکار هێنراوە، ئۆپۆزیسیۆن نەیتوانیوە بە وردی کردارناسی دەنگدەران لێکبداتەوە و هەڵبژاردنەکان بکاتە سەنگەرێکی مەترسیدار دژی رژێم.
ناسینی هەڵبژاردن یان لێکدانەوەی کرداری هەڵبژاردنیی، خاوەن پێگەیەکی گرنگە لە لێکدانەوەی سیاسیدا. هۆیەکەی ئەوەیە کە دەنگدان یەکێک لە دەوڵەمەنترین سەرچاوەکانی کۆکردنەوەی هەڵسوکەوت و تەعامول لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵگا و سیاسەت پێک دێنێت. بە خوێندنەوەی نهێنیەکانی کرداری هەڵبژاردنی دەکری ئەزموونی گرنگ لە ناوەرۆکی سیاسی سیستەمی دەسەڵاتدار وەرگرین و دیاردەی گۆرانکاری کۆمەڵایەتی وسیاسی شی بکەینەوە.
گرینگترین تیۆریەکانی پێوەندیدار بە لێکدانەوە لە سەر دیاردەی هەڵبژاردن و کرداری خەڵک لە کاتی هەلبژاردندا بریتین لە: 1. تیۆری ناسنامەی حیزبی، 2. تیۆری کۆمەڵناسی، 3. تیۆری ئایدیۆلۆجی دەسەڵاتدار و 4. تیۆری هەڵبژاردنی ژیرانە کە تیۆری کایەکان یەکێک لە تیۆریەکانی هەڵبژاردنی ژیرانەیە و لەو وتارەدا زۆر بەکورتی تەنیا سەرنج بەو تیۆریە دەدەینەوە:
گەمە یان کایە (game) لە کۆمەڵێک کایەکار، کۆمەڵیک بزاڤ و ستراتێژی و ئاکامی دیاری کراو بۆ هەرکام لە ستراتێژیەکان پێک دێت. سەرکەوتن لە کایەکاندا تەنیا گرێدراو بە شانس و بەخت نیە بەڵکوو خاوەنی هەندێک رێوشوێنی تایبەت بەخۆیە کە هەرکام لە کایەکاران هەوڵ دەدەن لە گەمەکەدا بەرەچاوکردنی ئەو رێوشوێنانە باشترین ئاکام بەدەست بێنن. تیۆری کایە یان game بەشێک لە زانستی بیرکاری کاربەریە کە لە زانستی سیاسەت، کۆمەڵناسی، ئابووری، ژینگە ناسی و زانستی کۆمپیۆتێر و تەنانەت فەلسەفەش بەکار دەبردرێت. تیۆری گەمە هەوڵ دەدات تا لە رێگای بیرکاریەوە هەلومەرجێکی ستراتێژیک وێنا بکات. ئەو بارودۆخە کاتێک پێک دەێت کە سەرکەوتنی کەسێک گرێدراو بە کردەوەی کەسانی دیکە بە واتایەکی دیکە گرێدراو بەو ستراتێژیانەیە کە خەڵکی دیکە هەڵدەبژێرن. ئامانجی ئەو زانستە دۆزینەوەی ستراتێژی بەهینەیی (ئۆپتیماڵ) بۆ کایەکەرانە.

تیۆری هەڵبژاردنی ژیرانە (انتخابات عاقلانە) خاوەنی مێحوەرێکی سەرەکیە کە کۆکەرەوەی شێوازی جۆراوجۆری لێکدانەوەکانن کە بریتی بێت لەوەی کە پێشتر کرداری مرۆڤەکان ئامانجدار و خاوەن لێکدانەوەیە، بەو واتایە کە مرۆڤەکان بە هۆی لێکدانەوەکانی عەقڵانی خۆیان و دوای لێکدانەوەی هۆیەکانی لایەنگری و دژایەتی رێگایەک هەڵدبژرێن. لەو لێکدانەوەیەدا پێویستی مرۆڤ دەکاتە ئامانج و لەو رووەوە سادەترین لێکدانەوە بۆ بەجێبوون و بەکەڵکبوونی هەڵبژاردەی خۆی شی دەکاتەوە.
لە تیۆری کایەدا پرسی بڕوا (اعتماد) یەکێک لە گرینترین مژارەکانی جێگای سەرنج پیدانە. لەو پێوەندیەدا کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات لە پێڤاژۆیەکانی دەروونناسی کەڵک وەرگرێت و بە بەکارهێنانی پارامێترەکانی دەروونناسی وەک باسی دلۆڤانی، دادپەروەری و لەبەرامبەر یەکتر قەرارگرتنی رواڵەتی پێکهێنەرنای سیستەمەکە مۆدێلێکی چالاک بۆ گەرمکردنی تەنووری کایەی هەڵبژاردن پێک بێنێت.
کەوابوو تیۆری کایە لە هەوڵی پڕرەنگ کردنی رۆڵی کەسانی “سەربەخۆ”دا هەڵسوکەوتی شارۆڤەندان بۆ هەڵبژاردنەکان لێکدەداتەوە. کایەکان لە گەڵ ژینگەیەکی بێلایەن (خنثی) جیاوازە. بۆ نموونە ئەگەر کرداری دارتاشێک و فەرماندەیەکی لەشکەری بەراورد بکەین: کاتێک دارتاش بڕیار دەدات دارێک ببڕێت چاوەڕوانی ئەوە ناکات دارەکان دژی دارتاش دەستبکەن بە شۆرش و بەرخۆدان. بەڵام کاتێک فەرماندەی لەشکەرێک بڕیاری لە ناوبردنی دوژمنی خۆی دەکات دەبێ هێزی بەرگری نەیاری خۆی پێشبینی بکات و بەشێوەیەک بڕیار بدات کە بتوانێت بەسەر دوژمنی خۆیدا زاڵ بێت. کەسێک کە بەشداری لە کایەکەی دەکات، لەراستیدا وەک فەرماندەی شەڕ دەبێ پێوەندی خۆی و دەوروبەر و رکەبەرانی خۆی لێک بداتەوە. لەو پێوەندیەدا کەسانێک دەبن کە هاوکاری کایەکەر بن و کەسانێکیش دژبەری بکەن. هەرکایەکەرێک دەبێ کاتی بەشداری لە کایەکەدا حیساب بۆ کایەی لایەنەکانی دیکە بکات و بە پیی دژکردەوەی لایەنەکان شێوەی کایەی خۆی هەڵبژێرێت.
لە پێوەندی لە گەڵ هەڵبژاردنەکانی ئێران، ئێمە دەتوانین ئەو هەڵبژاردنانە وەک بەستەرێکی کایە کردن لە بەرچاو بگرین. لەو بەستەرەدا هەمووکەس ناتوانێت ببێتە کایەکار. خاوەنی مەیدانی کایە واتە وەلی فەقیە لە رێگای تیم هەڵبژێرەکەی خۆیەوە کەسانێکی دیاری کردووە بۆ ئەوەی ببنە کایەکەری ئەو بەستەرە. کەوابوو بەشێک لە کایەکاران بەربژێران یان کاندیداکانی دیاری کراون و لایەنی دیکەش خەڵکی دەنگدەرە کە دەکرێ وەک لایەنی بەرامبەر ئەو کایەیە لەبەرچاو بگیردرێت. لە هەڵبژاردنەکانی رابردووی سەرۆک کۆماریدا چ لە دەورەی نۆهەم و چ لە دەورەی دەهەم، بینیمان کە کۆماری ئیسلامی بە هێنانەکایەی شێوازی نۆێ تەبلیغ باس کردن، بەجۆرێک کەشی سیاسی ئێرانیان گەرم ببوو، کە خەڵک پێی وابوو دێموکراسی راستەقینە رووی لە ئێران کردووە و لەو هەڵبژاردنەدا بە ئاواتەکانی خۆیان دەگەن.
کۆماری ئیسلامی بە کەڵک وەرگرتن لە تیۆری کایە هەوڵ دەدات بەشێوەیەک رکەبەرە کانی هەڵبژاردن کە هەموویان سەربە لایەنی دەسەڵاتداری رژێمن نیشان بدات کە ئەوانە رکەبەری یەکن و جیاوازی بیرو بۆچوونی سیاسی و رادەی گرێدراوەییان بە داواکانی خەڵک بەشێوەیەکە کە خەڵک بڕوا بە بوونی ئاڵترناتیڤ لە ناو ئەو سیستەمەد ابکات و ببنە بەشێکی بەرچاو لە کایەکە، بەشێوەیەک کە بۆخۆیان کایەکەر نین بەڵکوو دەبنە مۆرەگەلی کایە گەورەکە.
ئەگەر بمانەوێ نموونەیەک لەو پێوەندیەدا باس بکەین کە دەتوانێت ببێتە هۆی گەرمبوونی ئیحتمالی هەڵبژاردنەکان، سەرهەڵدانی کێشەکانی دەروونی نێوان باڵی رەفسەنجانی و باڵی ناسراو بە توندرە و سەربە ئایەتوڵلا خامەنەییە. لە حاڵێکدا ئامانجی سەرەکی هەموو ئەوانە وەفاداری بە وەلی فەقیە و درێژەدانی تەمەنی ئەو رژێمەیە و گومان دەکرێت بەهێنانە کایەی مژارەکانی پێوەندیدار بە رەدی “سەڵاحیەتی” نەوەی خومەینی و رێفۆرمخوازانی ناو رژێم تەنووری باسەسیاسیەکانی هەڵبژاردن گەرم بکەن. ئەو رکەبەریانە دەکرێت وەک بەستەرێک لە مایکرۆفیزیکی کایە و رکەبەریەکی تایبەت بە هەڵبژاردن ببیندرێت کە لەودا کایەکەران بە ستراتێژی هاوبەش لە هەوڵی نیشاندانی تاکتیکی جیاوازن بۆ نیشاندانی جیاوازیەکانی خۆیان و راکشانی خەڵک بۆ مەیدانی کایەکە.
بەلەبەرچاوگرتنی ئەو کورتە باسەی سەرەوە، گریمانەی ئەوەی کە خەڵکێکی زۆر لە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری بکەن زێدەیە و بۆیە بەکارهێنانی “بایکۆت” وەک تەنیا رێکاری مەدەنی بۆ دژایەتی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ناتوانێت کارساز بێت و دەتوانرێ وەک تاکتیکێکی شکست خوراو و دووپاتکراو ببیندرێت. کایەکەرانی سیاسی چ لە ئاست کوردستان و چ لە ئاست ئۆپۆزیسیۆنی بەشەکانی دیکەی ئێران، جێی خۆیەتی بە وتەی دکتۆر سەعید شەرەفکەندی” بە زمانێک لە گەڵ کۆماری ئیسلامی قسە بکەن، کە بۆخۆی لێی دەزانێت” و دەشێ خودی هەڵبژاردنەکان بکرێتە مەیدانی بەربەرەکانی لە گەڵ رژێم و لە کایەی هەلبژاردنەوە کۆماری ئیسلامی ئێران بە چالش بکشێندرێت. چۆن؟ وەڵامی ئەوە پێویستی بە پێکهێنانی راوێژێکی کارناسانە و بابەتیانە هەیە کە ئەرکی سەرەکیەکەی بە ئەستۆی رێبەرانی بزووتنەوەکان و حیزبە خەباتکارەکانە. دەبێ مکانیزمێک بخوڵقێندرێت کە دژبەرانی دیکتاتۆری و سیستەمی داگیرکەر لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نەتوانێت دەنگی خەڵک لە پیناو ئامانجەکانی خۆیدا بەکار بێنێت و هەر چەند ساڵ جارێک خەڵکەکە بەرەو تراویلکەی ژیانێکی چاکتر بەکایە نەگرێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

وەڵامێک بنووسە