تکایە دەست ڕاگرن، چیتر بە گەمە بە وشەکان مەمانخنکێنن

0
732

نووسینی: شۆڕش ڕۆژهەڵاتی

یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەو بەناو ڕووناکبیرانەن کە زیاتر لەوەی لە خەمی نیشتمان و خەبات و ئەرکی نەتەوەییان دابن، لە خەمی پرێستیژی سیاسی، بانگ کران بۆ تی ڤی ـیەکان، زیادکردنی دۆست و هاوڕێ لە ناو حیزبەکانی تر، ناوزڕانیان بە کەسایەتییەکی ڕووناکبیر و دێموکرات و ئەخلاق خۆشە و …تاد دان. ئەو کەسانە کە خەڵکانی دەروەست بە لۆمپەن بانگ دەکەن، کەسانێکن کە بەشێکیان ماوەیەکیش زیندانیان بینیوە و سەردەمانێک زۆریش خەباتکار بوون بەڵام کە قاچاغ بوون، کەوتوونەتە بیر و خەمی بوون بە ڕاوێکار و ئەندامی کومیتەی ناوەندیی حیزبەکان یان بانگ کرانیان لە تی ڤی ـیەکان وەک چاوەدێری سیاسی و هەندێکیان بەوەش نەوەستاون، بۆ ئەوەی لە تی ڤی ـیە فارسەکان بانگهێشت بکرێن یان دابمەزرێن، هەر ئەوەندە ماوە کورد بە ئاشکرا بفرۆشن و دەستیان کردووە بە بەڵێ قوربان ڕاست دەفەرموون و ئێمە ناوقەدی باس و ڕووداوەکان دەگرین.

لەم کارەساتە دڵتەزێنە کە بە پیلانی ئێران و لەلایەن چوار کادر و چەکداری یەکێتیی نیشتمانی بەسەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتدا سەپا و دواتر لەلایەن پاشماوەکانی کەماڵ ماوەتی ـیەوە هلاکۆئاسا، مۆغوولەکانیان لە کوردی ڕۆژهەڵات جاڕ دا، هەندێک بە ناو ڕووناکبیری پرستیژخوازی خۆ ئاقڵ نیشاندەر دەبینین کە گەمە بە وشەکان دەکەن و بەو جۆرە، وەک ئەو بەناو بەرپرسە حیزبانەی کە لە پێناو بازرگانی یان لە پێناو تووش بە شاخ نەبوونەوەی خۆیاندا، کوردی ڕۆژهەڵاتیان کردە قوربانی و بێ سەبرانە چاوەڕوانی ئازادکرانی ڕۆژهەڵات لەلایەن ئەم و ئەوەوەن تا بە چەپڵە ڕێزان و چەقڵە سەما، دوای ئەوەی کورسیی دەسەڵاتیان لە ناوخۆ بۆ ڕازایەوە، بگەڕێنەوە ڕۆژهەڵات و فەرمان بفەرموون، دەستیان کردووە بە گەمەکردن بە وشەکان و بەم شێوەیە خۆیان لە هەر دوو لای ڕۆژهەڵات و باشوور، خوێن شیرین دەکەن و دەشیسەلمێنن کە ڕووناکبیرن و یەکێکن لە نەوەکانی مهاتما گاندی، خەباتیش چی بەسەر دێت، پێشمەرگە بەرەو کام ئاقار دەڕوات، ئێوە سڵامەت.

لێرەدا بە کورتی باس لە بەشێک لەم گەمەیە دەکەین کە بە وشەکانی دەکەن:

یەک: ئەم پێشمەرگانە دیل نین بەڵکوو کۆتری ئازادیخوازین کە خۆیان ڕادەست کردووە تا خوێن بە خوێن نەشۆرێتەوە: کوێی وێنەی ئەو پێشمەرگانە ئەوە دەردەخا؟ ئەگەر ئەوان کۆتری ئاشتیخوازین، بۆ ڕاست ١٤ کەس خۆیان ڕادەست کردووە؟ بۆ هیچ فەرماندەیەکیان لەگەڵ نیە؟ بۆ لە سێ شوێن و بە سێ پۆل گیراون؟ بۆ ٤ کچیان لەگەڵە؟ بۆ لە ناو وێنەکاندا کچەکان نیشان نەدراون؟ بۆ بە چەکەوە لە بەر دەرگایان وێستاون و بۆ تا لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتەوە هەڕەشە نەکرا کە مادام بێنە ڕۆژهەڵات خۆتان بەرپرسیارن، ئامادە نەبوون ئازادیان بکەن؟ بۆ تا ئەو کات دەیانکوت بە دیلمان گرتوون و دواتر کوتیان میوانمان بوون؟

کاکی ڕۆشنبیر، منیش دەڵێم ئەوان “دیل” نەبوون، ئەوان “بارمتە” بوون. “دیل” بە کەسێک دەگوترێ کە لە بەرانبەرەکەی لاوازتر بووە و گیراوە بەڵام بارمتە، وەک “کەرستە” کەڵکاژۆی لێوەردەگردرێت، لێرەشدا مەبەست ئەوە بوو، ئەو پێشمەرگانە کە بەشی زۆرینەیان ئەو گەنجانە بوون کە تازە  هاتوونە پێشمەرگایەتی و ئەزموونێکی ئەوتۆیان نیە و کارەساتی ئەوتۆیان ئەزموون نەکردووە و لایان وابووە هەر لەلای ئێرانەوە هێرشیان دەکرێتە سەر و لە پشت خۆیان خاترجەم بوون ڕاگیرابوون تا کاتێک کە هەموو هێزەکان لەو دەڤەرە بە ئەمری ئێران پاشەکشە بکەن جا ئازا بکرێن بەڵام لەژێر گوشاری ڕای گشتیی ڕۆژهەڵات ئازاد کران.

دوو: خەڵکی دەڤەری باڵەکایەتی میوانگرن و شۆڕشگێڕن و …تاد: لە کام یاسای شۆڕشگێڕی و ئەخلاق دا، پێنج شەش منداڵۆچکەی کرچ و کاڵ، پەیج دەکەنەوە و خەڵک هان دەدەن بۆ گرتن و کوشتن؟ لە کام یاسای ئەخلاق و کوردایەتیدا، ٤٠ تا ٤٥ هەزار کەس بە گۆپاڵ و چەک و مەفرەزەوە هەڵدەکوتێتە سەر مەقەڕ؟ لە کام یاسای ئەخلاقدا، بە چەک و گۆپاڵ و پۆشتە، بەر دەرگا لە بە ناو “میوان” و بە ناخ “بارمتە” دەگرن و هەڕەشەی کوشتنی لێدەکەن؟ لە کام یاسای کوردایەتیدا، کچە پێشمەرگەی منداڵکار بە دیل دەگرن؟ لە کام یاسای ئەخلاقدا کۆلکە مەلایەک دەڵێ تا هەموو مەقەرەکان نەپێچنەوە و بار نەکەن، مردوو نانێژین؟ لە کام یاسای ئەخلاقدا، شووشە ویسکی دەبەنە ناو مەقەر تا بە خەڵک بڵێن ئەوانە کافرن نەک شۆڕشگێڕ، هەرچەند سەیرە ئەگەر ئەو خەڵکەی باشوور وەها لە خواترس و ویسکی نەخۆرن، ئەدی چۆنە مەسیحیەکانی دیانان، شەو و ڕۆژیشیان لێ هەڵگیراوە و قەراغ ڕووبارەکەی حجی ئۆمەران تا شوێنە گەشتیاریەکەی ئەوبەری سۆران هەمووی بە لەت و پرتکە شووشە ویسکییەکان شەقار کراوە و ئەدی باڕ و مەیخانەکانی ڕواندز بۆ کێ کراونەتەوە؟ ناکا ئەویش بۆ پێشمەرگە خۆشگوزەرانە دڵتەڕەکانی ڕۆژهەڵات بێ؟

ئێوە ڕاست دەفەرموون، خەڵکی سۆران، ڕواندز، چۆمان و هەموو باڵەکی و دەڤەری باڵەکایەتی، دووکان و بازاڕ و ماڵەکانیان گاڵەدا و پاقلاوە و شیرینیان برد بۆ پێشمەرگەکان و تا لە ڕووداوەکە تێنەگەیشتن و تا دادگا بڕیاری نەدا ئەوانە چەکداری خائین و کوردفرۆش و دز و جەردەن، هیچیان نەگوت و دواتریش کە ئەو ڕاستیانەیان!! بۆ دەرکەوت، کوتیان قەیدی نیە ئێمە کوردین و یەک نەتەوەین و لە کۆڕەو و دەیان کارەساتی تر خەڵکی ڕۆژهەڵات بە هانامانەوە هاتوون، بە خەڵکی ناوخۆیان دەبەخشین.

لە خۆتان پرسیوە، بۆ ئاغاکانی سەرۆک خێڵ، تا ئەوەی نەدەبوو کرابا کرا، دەمیان نەکردەوە؟

سێ: ڕووداوی نەخوازراو: ئەو ڕۆژانە سەدان جار ئەم وشەمان لە دەمی بەرپرسە نابەرپرسەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، ڕۆژنامە و ماڵپەڕ و ڕاگەیاندن و ڕووناکبیرەکان بیست کە “ئەو ڕووداوە نەخوازراو بووە”. کەس نەیگوت بۆ کام لایەن نەخوازراو بووە؟ بۆ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کە لەلایەن چوار چەکدارەوە کە بڕیاری ئەنجومەنی گوند و ئاغاکانیان قەبووڵ نەبووە و تا ئێستاش ڕوون نیە ڕەزیان بڕا یان دار، هێرشیان کردە سەریان و دەستی فەرماندەیەکیان شکاند و بە نیاز بوون پێشمەرگەیەکیش بڕفێنن، نەخوازراو بوو یان بۆ ئەو چوار هێرشکارە نابەپرسەی سەر بە یەکێتی کە بەردەوام لەلایەن مەلا بەختیار و بەرپرسانی تری یەکێتییەوە بە شەهید و زۆرلێکراو ناویان دەبردرێ و داوای تۆڵەیان دەکرێتەوە.

لەوەش دەگەڕێین کە هەندێ حیزب و لایەن دەیانفەرموو تێدەگەین کە ئەو خەڵکە زۆرلێکراوە لەو کاتەدا کە هێرشیان بردووەتە سەرمان چ دۆخێکی دەروونییان هەبووە و لێیان ناگرین. لەوەش دەگەڕێین کە هەندێ حیزب پاکانەیان بۆخۆیان دەکرد. لەوەش دەگەڕێین کە تا ئێستاش هیچ هەیئەتێک نەچوو حاڵی منداڵە ساواکەی پێشمەرگەی ڕادەست کراو بپرسێ. لەوەش دەگەڕێین کە هیچ حیزبێک لە هەمبەر قسەکانی مەلا بەختیار وەجواب نەهات کە ئاشکرایانە کوتی “ئەوان مەزندەی خزمەت بە پارچەکانی ترمان بەسەردا دەکەن”.

چوار: دەبێ یاسا پێڕابگا و بڕیاری دادگامان قەبووڵە: کام یاسا؟ کام لێکۆڵینەوە؟. لەم کارەساتەدا دوو لایەن هەیە: هێرشبەرەکان و خەڵکی دەڤەرەکە لە لایەک و حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لەلایەکی تر کە هەڵبەت لەگەڵ لایەنی یەکەم چەندین میدیا و ڕۆژنامەنووس و کادیر و سەرۆک حیزبیش دەگرێتەوە. تا ئێستا تەنیا یەک لایەن ڕادەستی بەناو یاسا کراوە و ئەوەش بە واتای ئەوەیە کە تاوانبار لای ئەوان ڕوونە، کەواتە هیچ لێکۆڵینەوەیەک لە ئارادا نیە، ئەگینا دەبوا لایەنی دووهەمیش تا کاتی دادگایی کران دەستبەسەر کرابان و ڕادەستی یاسا.

من لاموایە دەبێ لێژنەیەک پێکبێت، لێژنەیەک کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش تێیدا بەشدارن و لێکۆڵینەوە لە هەر دوو لایەن بکات، تا ئەو کاتیش پێشمەرگەکان لەلای حیزبی خۆیان بمێننەوە، چون هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە یەکێتیی نیشتمانی کە دەستێکی ڕوون و دوورودرێژی لە کوردفرۆشی و ڕادەست کردنەوە و تیرۆرکردندا هەیە و ئەو هێرشەش درێژەی هەمان هێرشی هەیبە سووڵتان و رادەست کردنەوەی پێشمەرگە و تیرۆری دەروازەی کۆیە و تیرۆری قەڵای دێموکرات و دەیانی ترە، ئێستا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دوو کەسەدا دەکا، چما تا ئێستا هیچ میدیایەک ئەو دوو کەسە و شوێنی مانەوەیان نیشان نادا؟ چما تا ئێستە ئەو دوو برایەی کە ماون نەهێنراونەتە پێش چاوی کامێراکان؟ کەواتە لە ئێستاوە بڕیار دراوە، با هەڵبژاردنەکانی مانگی یازدەی زایینی تەواو بن و بەو مەرجە کە ڕێژەی دەنگەکانی یەکێتی لەو دەڤەرە بەرز بێتەوە ئەوا دۆلار دێتە گۆ و سمێڵی سەرۆک خێڵەکان چەور دەکرێ.

پێنج: ئەگەر لەو سنوورانە تەنیا دێموکراتی لێ بوایە ئەوە نەدەقەوما: ئەوە پیلانێکی یەکجار مەترسیدارە، پیلانێک کە دەیهەوێ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە بەرانبەر یەکتریدا ڕاگرێ. هەر ئەوەش دەریدەخا کە هەندێک حیزبی ڕۆژهەلاتی و میدیاکانیان دەیانهەوێ ئەو دووبەرەکییە پەرە پێبدەن و بڵێن “ئاگرە سوورە لە خۆم دوورە”. ئەوەی ڕووی داوە، وەک ئەوەی لە کۆیە لە دوو ساڵی ڕابردوودا ڕووی داوە و وەک هەیبە سوڵتان و تیرۆری پێشمەرگە و ئەندامان، هەموو حیزبەکان دەگرێتەوە و ئاش بە نۆرە. کەواتە یەکگرتوویی پێویستە و دەبێ ماڵپەڕ و تاکی گێرەشێوێن کە خەریکن دەبنە بەشێک لە پیلان و لایەک لەو ئاژاوەیە، لەلایەن حیزبەکانی خۆیان لێپرسینەوەیان لێ بکرێت و کۆتایی بەو دۆخە بهێندرێت، یەکیەتی دەیهەوێ حیزبەکان لێک داببڕێ و تەنیا لەو سنوورانە بیانهێڵێتەوە کە ئەوە پێکهێنانی هێزی هاوبەش و بەرەی یەکگرتوو لە ناو ڕۆژهەڵات دەکاتەوە بڵقی سەر ئاو و پیلانێکی یەکجار تاڵە و وەدواکەوتنی ئەو پیلانە لە لایەن ڕۆژهەڵاتییەکان بەواتای ناسیاسی بوون و ناتێگەیشتوویی سیاسیانە.

وتەی کۆتایی:

کاکی ڕۆشنبیر!!، ئێستا کاتی ئەوەیە پێشمەرگە و خەباتەکەمان بپارێزین، ڕاستییەکان ببینین، ئەو دەم و زمان و قەڵەمە بۆ ئەمڕۆ نەبێ بیبڕی باشترە. ڕای گشتی چاوی لە دەمی ئێوەیە و ئێوە بە وتەی خۆتان بۆ خاک و خەڵک خەباتتان کردووە و منەتیش دەکەن، کەواتە ئەو بێدەنگییە لەلایەک و سوان و گەمەکردن بە وشەکان لەلایەکی ترەوە، خەباتە یان خیانەت؟

ئەوەندەی من لێرەم و لە ناوخۆ ئاگادارم، خەڵک لێتان جاڕزە، کوردایەتییەکەتان تا ئەو کاتە بڕ دەکا کە ئیقامەیەکی سیاسی وەردەگرن و لە میدیاکان بانگ دەکرێن و خۆ بە قارەمان دەردەخەن.

خۆزگە دەخوازم لە جیاتی ئەو هەموو لیسانس و فەوقی لیسانس و دوکتورا بە ناو ڕۆشنبیرە سیاسییە، کەمێک شوانی بەجەرگ، گاوانی ڕوح سووک، کاروانچی و کۆڵبەری خۆنەفرۆش و ڕێگەپێزان و ئەسپی سەرشێتی لە گوللـە نەسڵەمیومان هەبوایە تا ڕێگای پێشمەرگە بۆ ناوخۆ خۆشتر کرابا.

حیزبەکانیش دەبێ لە خۆیان و لە خۆمان ڕوون بکەنەوە، ئایا ڕادەچڵەکێن و کۆتایی بەو خۆشگوزەرانی و بێدەنگی و سڕبوون و پاشکۆبوون و نەسڵەمینەوە دێنن یان ئەوەی کە خەڵکانێک ناچار دەبن جێگرەوەیان بۆ بخوڵقێنن، بڕیار لە دەست خۆتاندایە بەڵام سەختە و دەبێ ئەو ڕاستییە تاڵە بزانن کە خەڵکانی ناوخۆ هەم لە بیرکردنەوە و هەم لە بڕیاردا لە ئێوە چاوکراوەتر، نەترستر و وردبینترن. پێشەنگیی خەباتێکی ئازادیخوازانە و ڕزگاریخوازانە بەو شێوەیە ناکرێت.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت