تورکیە ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ نێوانجیکاری ئێران و ئامریکا

0
654

ڕۆژی كورد :
سەرۆک کۆماری تورکیە باسی لە ئامادەیی خۆی کردووە بۆ نێوانجیکاری نێوان هەر دوو وڵاتانی ئێران و ئامریکا. ئەردۆغان ڕایگەیاندووە کە داخوازی نێوانجیکاری تورکیە سەبارەت بە کێشە و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئامریکا لە لایەن شینزۆ ئابێ، سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن هاتووەتە گۆڕێ.

لە گەڵ زیادبوونی کێشە و ئاڵۆزییەکان لە ناوچە و هەڵکشانی شەڕی سەرزارەکی نێوان دەسەڵاتدارانی ئێران و ئامریکا، هەوڵەکانی دیپلۆماتیک بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکی ئاشتیخوازانە لە دەمەقاڵەی سیاسی نێوان هەر دوو وڵات دێنە ئاراوە و بەردەوامن. ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیە ئامادەیی خۆی ڕاگەیاندووە بۆ بەرتەسک کردنەوەی کێشەکان لە ناوچەکە و دۆزینەوەی ڕێگاچارەی ئاشتیخوازانە بۆ تێکهەڵچوونەکانی نێوان ئێران و ئامریکا هەموو هەوڵێکی خۆی وەگڕ بخات.
ناوەندە ڕاگەیاندنەکانی تورکیە باس لە دەرکەوتنی دەوری زیاتری دیپلۆماتیکی تورکیە دەکەن سەبارەت بە تێکهەڵچوونەکانی نێوان ئێران و ئامریکا. ماڵپەڕی تی ئار تی جیهانی ڕایگەیاندووە ئەردۆغان ئامادەیە بۆ نێوانجیکاری لە نێوان ئیران و ئامریکا و هەوڵ ئەدات لەم ڕێگاوە پێش بە زیادبوونی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بگرێت.
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٣ی تەمووز ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیە لە کۆنفرانسێکی هەواڵنێری دا باسی ئەوەی کردبوو کە شینزۆ ئابێ سەرۆک وەزیرانی ژاپۆن داوای لێکردووە لە پێوەندی لە گەڵ کێشەکانی نێوان ئێران و ئامریکا نێوانجیکار بێت. ماڵپەڕی ناوبراو لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی دا نووسیوەتی هەوڵەکانی دیپلۆماتیکی شینزۆ ئابێ و سەفەری ناوبراو بۆ تاران نەیتوانیوە ئامانجی داواکراو بە دوای خۆی بهێنێت و ئاکامێکی ئەوتۆی لێنەکەوتووەتەوە. هەر بۆیە سەرۆک وەزیری ژاپۆن داوای لە ئەردۆغان کردووە ئەویش لەم پێوەندیەدا دەورێکی بەرچاوتر وەئەستۆ بگرێت.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کردووە : کاتێک شینزۆ ئابێ پرسیاری لێ کردم ئایا حەزت لێیە لەم پێوەندیەدا هاوکاری لە گەڵمان بکەیت لە وەڵام دا جوابم داوەتەوە بەڵێ من دەتوانم هاوکات پێوەندی بە خامنەیی ڕێبەری ئێران و ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە بگرم و لە گەڵیان قسە و باس بکەم. ئەردۆغان هەروەها ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە کە بڕیارە بۆ نێوانجیکاری لە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئامریکا، هەر دوو وڵاتانی تورکیە و ژاپۆن چالاکییەکانی خۆیان لە گەڵ یەکتر ڕێکوپێک کردووە و پێکەوە هاوڕایی تەواویان هەیە.
تورکیە لە کاتێک دا ئامادەیی خۆی بۆ نێوانجیکاری نێوان ئێران و ئامریکا دەربڕیووە کە بەرنامەی ئەم وڵاتە بۆ کڕێن و هاوردەکاری سیستەمی بەرگری دژە مووشەکی ئێس ٤٠٠ لە وڵاتی ڕووسیە بووەتە هۆی تووڕە بوونی دەسەڵاتدارانی ئامریکا و هاوکات هاتنە ئارای کێشەکان لە پێوەندییەکانی نێوان ئانکارا و واشنگتۆن. بەڵام حەوتووی ڕابردوو لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی سەرانی گرووپی ٢٠ و چاوپێکەوتن و دیداری تایبەتی ئەردۆغان لە گەڵ دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا کێشە و ئاڵۆزییەکان توزێک کرچ و کاڵ بوونەوە و دۆخەکە بڕێک ئارام بووەتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.