ترووسکە سادقی: زۆربەی هەرەزۆری تووندوتیژی لە هەمبەر ژنان لە لایەن ئایینەوەیە

0
284

بە بۆنەی ڕۆژی جهانی ٨ی مارس، ڕۆژی کورد ئاورێکی لەهەندێ لە چالاکوانانی بواری مافی ئافرەتان بە ڕوانگەی جیاوازی سیاسییەوە داوەتەوە، و چەند پرسیارێکی هێناوەتە ئاراوە. لە وتووێژی بەردەستدا  ترووسکە سادقی، ڕۆژنامەوان و بواری مافی ئافرەتان، وڵامی پرسیارەکانی ڕۆژی کوردی داوەتەوە.

ڕۆژی کورد: فەلسەفەی دەست نیشان کردنی ڕۆژی ٨ی مارس وەک ڕۆژی جیهانی ژنان دەگەڕێتەوە بۆ چی؟ زۆر ژن لایان وایە کە دەست نیشان کردنی ڕۆژێک بە ناوی ڕۆژی ژن نەک ڕێزگرتن لە ژن نییە بەڵکو سنووردارکردنەوەی کێشەی ژنانە و جۆرێک بێ ڕێزیە، ئێوە ڕاتان چیە؟

سادقی: بەرای من ئەوە بێ رێزی نییە، بەڵکو تێنەگەیشتنە لەو پرسەی پێی دەوترێ پرسی ژن. لە٨-ی مارسی ساڵی ١٨٧٥ ژنانی کارگەیەک لە ئەمریکا لەدژی ئەو نادادپەروەرییەی بەرامبەریان دەکرا، خۆپێشاندانیان کرد،وئەو کات ئەو ڕۆژە هەتا ساڵانێک وەکوو ڕۆژی ژنانی کر‌ێکار دەناسرا،و ناوی دەهات. دیارە یەکەم چوونکە ژنە نارازییەکان کرێکار بوون،و دواتریش ‌حزبی سوسیالیست یان ‌حزبی کارو سوسیالیستی ئەمریکا گرنگی پێداو هێنایە بەرباس. ئەوە بەرای من خۆی لەخۆیدا کێشە نییە، کە یادی ئەو ژنانە دەکرێتەوە کە دژی نادادپەروەری وەستاونەتەوە. بەڵام کێشەکە لەدوو مەسەلەدایە.  یەکەم ڕۆژەکە لەلایەن رێکخراوەو سەندیکاکان واتا لەلایەن خەڵک و خودی ژنانەوە نەکرا بە مەوزو‌ع و گەورە نەکرایەوە، بەڵکو لەلایەن ‌حزب و لایەنێکی سیاسییەوە کاری بۆ دەکرا، کە چاوی لەشەقامی ئەمریکا و بەوتەی خۆیان نیوەی کۆمەڵگا بوو، بۆ ئەوەی جێ پێی خۆیان لە ئەمریکای ئەو کاتدا بکەنەوە، و هەروەکوو باسم کرد، هەتا ساڵانێک ڕۆژی هەشتی مارس ڕۆژی ژنانی کرێکار بوو. دەمهەوێ بڵێم ڕۆژەکە ڕۆژێکی ئیدئۆلۆژیک و سیاسی بووە. خاڵی دووەمیش بەرای من ڕۆژی هەشتی مارس هەرچۆنێک هاتبێتە سەردەمی ئێمە، ئێستا خۆی گونجاندووە، بەڵام فارس وتەنی سورەتی پرسەکە (کێشەکە) بەخراپی گۆراوە، چونکە زۆرتر لەڕۆژی خۆشەویستی بۆ ژنان دەچێت، هەتا ڕۆژی یادکردنەوەی ئەو نەهامەتیانەی بەرامبەر ژنان کراوە. جا لە سوسیالیستەکانەوە بگرە هەتا ئەو پەری لیبراڵ لەو نەهامەتییەدا دەستیان هەبووە، لای سوسیالیستەکان بۆ بازارگەرمی سیاسی و فیکری و لای لیبرالەکانیش بۆ مارکتینگی سیاسیی و دارایی. بۆیە لای من هەشتی مارس هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ڕۆژەکانی دیکە نییە، چونکە دەبێ هەوڵ بۆ تێگەیشتن لەپرسی ژن لەهەموو ڕۆژەکانی ساڵدا بەردەوام بێت.

 ڕۆژی کورد: لە ڕۆژی جیهانی ئافرەتاندا، دۆخی ژنانی کوردستان بە گشتی و کوردستانی خۆرهەڵات بەتایبەتی چۆن دەبینن؟

سادقی: من کاتی خۆی لەسەر ژنانی کۆبانێ وتارێکم بەفارسی نووسی، کە لەمەدرسەی فمینیستیدا باسوخواستی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، ئێستاش لەسەر ئەو باوەرەم کە پرسی ژنان لەجیهاندا دەبێ دابەشی دوو قۆناغ بکرێت، قۆناغی پێش کۆبانێ و قۆناغی دوای رزگارکردنی کۆبانێ، چونکە ژنانی کورد رۆڵی سەرەکیان لەئازادکردنیدا هەبوو، دیارە من پێموایە ئەو ئیدئۆلۆژییە چەپە لەوێش یەخەی ژنانی بەرنەدا،و هەندێک کات بازارگەرمی بۆ لایەنێکی سیاسی پێوەکرا، بۆ ئەوەی سرنجی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و رای گشتی جیهانی رابکێشن، بەڵام لەئەنجامدا ژنی کورد دووبارە سەڵماندی کە دەتوانێ لەخەباتی چەکداری و خەباتی نەتەوەییدا لەریزی هەرە پێشەوە بێت. ئەوە لای کورد هەمیشە هەبووە، لەڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەتا ئێستاش و لەسەردەمی خەباتی چەکداریشدا ژنان هەر چەک بەدەست بوونە، بۆیە پێموایە لەخەباتی چەکداریدا ژنانی چوارپارچەی کوردستان رووسوورن. بەڵام من هەمیشە دەلێم پرسی ژن لەدوای رزگاریی نەتەوەییەوە دەستپێدەکات، وایە پرسە سیاسییەکان و داخوازییە نەتەوەییەکان رەگەز ناناسن،و ژن و پیاو لەو نیشتمانەدا دەبێ خەباتی بۆ بکەن، و ژنانیش کردوویانە. بەڵام بەراستی دوای رزگاری ژنان لەشاردا دۆخیان چۆن دەبێت. پێموایە ئەو ژنانەی لەکۆبانێ بەگیان و رو‌حیان بەرگریان کرد، زۆربەیان سبەی دواڕۆژ دەچنەوە ماڵەکانیان لە‌حەسەکەو کۆبانێ و سەرێکانی و هەتا دوایی. وەکوو چۆن لەباشوورو ڕۆژهەڵاتیش هەر وای لێهات. رەنگە بوترێت ها لەباکوور هاوسەرۆکەکان ژنیان تێدایە،و ژنان لە لیستی پەرلەمانی کوردیدا چەندە بەرچاون، بەڵام لەهەموو باکوور یەک لەیلا زانا هەیە، کە خۆیەتی،و کەس ناتوانێ بازار گەرمی پێوە بکات، ئەوەیتر هەمووی جوانکردنی ئیدیۆلۆژییەکی سیاسییە. چونکە هەر ئێستا لەباکووری کوردستان زۆرترین توندووتیژی بەرامبەر ژنان دەکرێت، هەندێک نەریتی کۆن بەرامبەر ژنان لەباکوور هەر ماوە، کە لەپارچەکانی دیکە لەمێژە نەماون،و بەشێکی بەرچاو لە چەک بەدەستانی بزوتنەوەی رزگاری نەتەوەیی لەباکوور خۆیان لەترسی توندوتیژی خێزانەکانیان هەڵاتوون،و بوونەتە گریلا یان پێشمەرگە. دەمهەوێ بڵێم لەکوردستانی گەورە پرسێکی هاوبەش هەیە، ئەویش پرسی توندتووتیژیکردن لەگەڵ ژنانە، پرسی نادادپەروەری بەرامبەر ژنانە، پرسی نێرساڵارییە، با ئەوە لەگەڵ پرسە سیاسییەکان تێکەڵ نەکەین. قسەکە ئەوەیە کۆمەڵگا و سیاسییەکان و ژنان خۆیان هیچ پڕۆژەیەکیان بۆ دوای بەئەنجام گەیشتنی خەباتی سیاسی هەیە، من دەڵێم نیانە، چونکە لەراستیدا تێروانینەکانی کۆمەڵگا بەنیسبەت ژنان و ژنان بەنیسبەت خۆیان نەگۆراوە.

ڕۆژی کورد: فێمینیزمی کورد، لە چ دۆخێک دایە؟ چەمکێک بە ناوی فێمینیزمی کورد و فێمینیستی کورد، بە پێی پێوەری ڕاستەقینەی خۆی، بوونی هەیە؟

سادقی: دەزانی ئەو چەمکە وەکوو زۆربەی چەمکەکانی دیکە خەریکە لەڕۆژهەڵاتی ناوەراست لەمانا راستەقینەکەی خۆی دەکەوێت، چونکە بەر لەوەی باوەر یان قۆناغێک بۆ گەیشتن بەئەنجام بێت، خۆی مۆدێلێکی ڕۆژئاواییە، ئێمە هاتووین دیاردەیەکی ڕۆژئاوایی بە تێگەیشتنێکی ڕۆژهەڵاتی باس دەکەین، ئەوە هەڵەیە. فێمێنیزم واتا دادپەروەری نێوان دوو رەگەز، بۆ دروستبووە؟ بۆ فێمەیلیزم نیە؟ چونکە کۆمەڵێک ئینسان هەستیان کردووە، نادادپەروەری بەرامبەر ژنان کراوە،و دەبێ هەوڵ بدەن دەرفەتی وەکوویەک بۆ ژنان و پیاوان دروست بکرێت.

بزوتنەوەی سیاسی کورد لەهەموو پارچەکان لەبەر ئەوەی لەبنەمادا بزوتنەوەیەکی دیموکراسیخوازو سیکۆلار بووە، ئۆتۆماتیک چەندین قۆناغی بۆ فێمینزمی کوردی کەم کردۆتەوە، چونکە شەپۆلی یەکەمی فێمینیزم لەساڵی ١٩٦٠ بەپێشەنگی مەری ڤێڵسۆن کرافت بزوتنەوەیەکی مافخوازانە بووە، کە ١٠ ساڵ دوایی بە بەیاننامەیەکی ٣٠٠ لاپەرەی ئەو باسەی ورووژاند،و گەورەترین دەرهاویشتەشی چەسپاندنی مافی دەنگدان بۆ ژنان بوو. لەکوردستاندا و لەفەڵسەفەی سیاسیی کوردەکان دەنگدان بۆ ژنان ئاساییترین بابەت بووە.

شەپۆڵی دووەمی فێمینیزمیش کە دوو گەورە ژنی جیهان واتا سیمۆن دوبووارو ڤێرجینیا ڤۆڵف پێشەنگیان دەکرد، باسیان لەوە دەکرد ژنان دەبێ جگە لەسیاسەت دەبێ باس لە مافە کۆمەڵایەتی و کڵتوورییەکانیان بکەن، و دەبێ کارکردنی ژنان لە دەرەوە وەکوو پیاوان ئاسایی بکرێتەوە. ئەوەش تا رادەیەکی زۆر لەکوردستاندا هەیە،و ژنان مافی خوێندن و لانیکەم لەرووی یاسا مافی بەدواداچوون بۆ مافە کڵتووری و کۆمەڵایەتییەکانیان هەیە. لەباشووری کوردستان کە تاکە دیفاکتۆیە ئەو مافانە لەرووی یاسا چەسپیون،و فەلسەفەی ‌حزبە سەرەکییەکانی پارچەکانی دیکەش ئەو دڵنیاییەمان پێدەدات، کە رەنگە کێشەکی ئەوتۆیان لەگەڵ ئەو مافانە نەبێت.

بەڵام فێمینیزمی کوردی لە شەپۆڵی سێیەمی فێمینیزمدا ماوەتەوە،و ئەوە زیاتر لەسەدەیەکە نەیتوانیوە لێی دەرباز بێت. لەسەرەتای سەدەی بیستەم ژمارەیەک نووسەر بە سەردەستەیی جولیا کریستووا کە دواتر بەشەپۆڵی سێیەمی فێمینیزم ناسران، رەخنەی تووندیان لە سیمۆن دوبووار و تیرۆریدارێژەرانی شەپۆڵی دووەم گرت، ئەوان دەیانوت دوبووار پێکهاتە و ئەدەبیاتی باوی قسەکردنی کۆمەڵگاو هاوکات ناوشیار (ناخوداگاە)-ی کۆمەڵگایان لەبیرکردووە. بەرای جولیا کریستووا شەپۆڵی دووەم خەریکە بە پێوانەیەکی پیاوانە قسە لەسەر ژنان دەکات، یان پیاوی کردۆتە پێوەری هەڵسەنگاندنی ژنان. شەپۆڵی سێیەم دەلێ فێمینیزم دەبێ هەوڵ بدات لە هۆکاری نادادپەروەری و نایەکسانییەکان تێبگات.

جا ئەوەی ئێستا لەکوردستان روودەدات بەهەندێک جیاوازییەوە خۆی لەدوا شەپۆڵی فێمینیزمدا دەبینێتەوە، دەزانی ژنان خۆیان ئەکتەر نین،و خۆیان خاوەندارییەتی فێمینیزم ناکەن، بەڵکو دوو ‌حاڵەت بوونی هەیە، زۆربەی هەرە زۆری ژنانی کوردستان ئەو چەمکە ناناسن و بەرامبەری بێ تەفاوتن،و هەندێک بژاردەش خەریکە بە قامچی فێمینیزم پیاوان دەکوتن، لەکاتێکدا ئەوە هەڵە گەورەکەیە، ژنی کورد دەبێ بەر لە گۆرینی جیهانبینی پیاوان دەبێ هەوڵبدات جیهانبینی خۆی بۆ داهاتووی خۆی و ژنان و کۆمەڵگا بەگشتی بگۆرێت. ژنان دەبێ پەنجە لەسەر بڕینەکە دابنێن، چونکە باشووری کوردستان نیشانی داین، کە سیکۆلاربوونی ‌حکومەت و یاساکانی ناتوانن رێگە لەکوشتنی ژنان بگرن. ئێستا پرسە گرنگەکە توندوتیژی و کوشتنی ژنانە. دەزانی فێمینیزم لەدژی سیستەمی سیاسی و ‌حوکمڕانی لەدایکبووە، کە مافی کەمتری بە کرێکاری ژن بەنیسبەت کرێکاری پیاو داوە. بەڵام لەکوردستان ‌حاکم و سیستەمی سیاسی بەدبەختییە گەورەکەی ژنان نین، بەڵکو ئەوە لەلایەک نەریت و ئایینە بینەقاقای ژنانی گرتووە، و لەلایەکی دیکەش جیهانبینی بەرتەسکی خودی ژنان رێگەی لێگرتوون.

 ڕۆژی کورد: پێدەچێ لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، ڕەوتی فێمینیستی یان کاڵ بۆتەوە یان هێندە تۆخ نەماوە بەڵام کورد تازە تێیدا گەرم و گوڕ دەبێ، ئەو قسە تا چەند ڕاستە؟

سادقی: من لەگەڵ ئەوە نیم کە فێمینزیم لە وڵاتانی جیهان کاڵ بووبێتەوە، رەنگە شێوازو خولیاکانیان گۆرابێت، بەڵام هەر بەردەوامن، بۆ نموونە ساڵانە لەکاتی دیاریکردنی شاجوانی جیهاندا دەبینین، کە خەڵکانێک هەن، لەدژی بەوتەی خۆیان بەکاڵاکردن و نیشاندانی تەنیا جوانی جەستەو رووخساری ژنان و پێوەرەکان دیاریکردنی شاجوانی جیهان خۆپێشاندان دەکەن. دەبینین کە ژنان لەبەردەم میتینگەکانی ئیسلامییەکان خۆیان رووت دەکەنەوە، وەکوو نارەزایی دەڕبرین لەدژی دۆخی ژنان لە ناو ئیسڵام و وڵاتەکانیان. دەبینین کە لیبراڵە میانەرۆکان و سوسیالیستەکان بەردەوام لەدژی بە مارکێتکردنی ژنان دەنووسن و خۆپێشاندان دەکەن،و ئێستاش لە بەریتانیا و فەرەنسا و ئەمریکا ژنان بەهۆی مەسەلەی نامووسی یان بەوتەی خۆیان خیانەتی خۆشەویستەکان بەیەکتر دەکوژرێن،و نارەزاییەکانیش هەر بەردەوامن.

بەڵام لە کوردستان فەڵسەفەی فێمینیزم لەگەڵ پرسی ژنی کورد یەک ناگرێتەوە، هەربۆیە پێموایە شتێک بەناوی فێمینیزم لەکوردستان چارەی دۆخی ژنان ناکات. دەزانی ژنان ئەوەندەی ‌حەزیان لەوەیە ببنە پزیشک یان گۆرانیبێژو نیگارکێش و تەنانەت ئەندازیار، پێیان خۆش نییە بچن سیاسەت بخوێنن، یان ببنە ڕۆژنامەنووس و پارێزەر، یان لەو بەشانەدا پسپۆری وەربگرن،کە دواتر دەیانکاتە دیپلۆماتکارو سیاسەتمەدار. دەزانی ئەگەر لێکۆلەرێکی یاسایی و سیاسیی ژن هەبوو، با هەر لە دەفتەری سیاسییەکان قبووڵی نەکەن، بەڵام خوێنەرو شەقام گوێی لێدەگرێت، و دەبێتە مژار.

ڕۆژی کورد: قسەتان بۆ ژنانی کورد؟

سادقی: کورد و مێژووەکەی بەرامبەر ژنان نەرم بووە، کە ئاور بدەینەوە دەبینین کە فۆڵکلۆرە هەرە کۆنەکانمان لە روناکبیرەکانی ئێستامان سیکۆلارتر لەژن دەڕوانن، واتا لەمێژووی کورددا ژن و پیاو لەرووی پێگەی کۆمەڵایەتی جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە، ڕەنگە بەرپرسیارییەتی جیاوازیان هەبووبێت، بەڵام هیچیان بەسەر ئەویتردا کەمتر یان زیاتر نین. بەڵام دەبێ بەرەنگاری دوو شت ببینەوە، یەکەمیان نەریت و ئایینە، لەڕاستیدا بەشی هەرە زۆری توندوتیژییەکانی بەرامبەر ژنان دەکرێت، لە باکگراوەندێکی ئاینییەوە هاتووە، دەبێ ژنان بەمەنتیق و زانست و جورئەتەوە لەدژی ئەوە بوەستنەوە. دواتر ژنانی کورد دەبێ بەخۆیاندا بچنەوە، نابێ ئەو هەستانەی کۆمەڵگا بەسەریدا سەپاندوون قبووڵ بکەن، واتا لاوازبوون، یەکترقبووڵ نەکردن، ئێرەیی بەیەکتر کردن و خۆ لەبەرپرسیارییەتییە گورەکان نەدان…

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

وەڵامێک بنووسە