تراژدیای کوردی بە زمانێکی پەتی

0
253

رۆژانە لە شەقامی سیاسی باشووری کوردستان دەبیستین و دەبینین، کە “دۆخەکە زۆر ناسکە” و “هەلەکە زۆر هەستیارە”.

کاتێک دوو کەس لە سەر لێواری خەرەندێک بەشەر دێن بەر لەوە بیر لە لێککردنەوەیان بکەین و هاوریان لێبکەین کە “وریا بە نەکەونە خوارێ “، دەبێ ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین کە “ئەرێ بۆ ئەو دوانە، گەیشتوونە ئەو لێوارە و لەوێ چنگەپەڵماسێ دەکەن”؟

راستە دۆخی هەرێمی کوردستان زۆر ناسکە و ئەگەر هەموو لایەنەکان لە خەڵک، حزب، دەسەڵاتدار و بێ‌دەسەڵات، “کەوش و کەڵاش هەڵنەکێشن”، ئەگەری ئەوە هەیە، ئەو ئەزموونەش بە دەردی دەیان میرنیشی پێشووی کوردستان بچێت.

هەتا ئەو پرسیارە وڵام نەدرێتەوە کە بۆ دۆخەکە گەیشتۆتە ئێرە رەنگە هیچ نەکرێت و ئەگەریش بکرێت تەنیا پەلەقاژەیەکی بەر لە خنکاندن بێت.

لەم وڵاتە ئاستی بەرپرسایەتی تێدا هاتۆتە خوارێ و کەس خۆی لە ئەرکە و خەمانەکان بە خاوەن نازانی و ئەگەر ئەرک و بەرپرسایەتی دابەش دەکرێت، هەمووان لە بیانوو دەگەرێن کە لە ئەستۆی ئەوەیتر هاون و خۆی لێ دەرباز بکەن، کە خەڵات و خۆشیش دابەش دەکرێت، هەموو مافی خۆیەتی خەڵات بکرێت،  دەبێت ئەو دەردە چارەسەر بکرێت، هاووڵاتی چەمکێکە کە هەم ئەرکی هەیە و هەم ماف و هەبوونی یەکیان بێ ئەوەی دیکە، چەمکەکە تەواو دەگۆرێت ناوێکیتری لێدەنێت.

لەم وڵاتە چاکسازی یانی ئەوەی بزانی حزبەکەی بەرانبەرت چەندی دزیوە و چاکسازی خۆت ناگرێتەوە، ئەوە لە کاتێدایە هیچ لایەنێکی سیاسی لە گەندەلی بێبەری نییە، ئەگەر چاکسازی دەکەن، مەچنە سەر دراوسێکەتان و لە ماڵی خۆتانەوە دەست پێبکەن، پێشتر لە کلتووری شەری ناوخۆ هەرچی لە پارتی زیز دەبوو یەکێتی باوەشی بۆ دەکردەوە و هەرچی یەکێتی پێدەگوت “پشت چاوت برۆیە” پارتی بۆی شاگەشکە دەبوو، واز لەو کلتوورە بێنن و ئەوەی هەموو کوردستانی هێناوەتە سەر لێواری خەرەندەکە رایماڵن و لە ماڵی خۆتانی دەریکەن.

لەم نیشتمانەدا هەتا ئێستا مەحکەمە و دەسەڵاتی دادوەری بێدەسەلاتە، ئەگەر دەسەڵاتی دادوەری بە توانا نەبێت و دەست رۆشتوو نەبیت ، ئەوەی بە ملیار پارەی خەڵک دەخوا، هەر بەو پارەیەش دەتوانێ خۆ لە لێپرسینەوە بپارێزی و لێدەرباز بێت، دەسەڵاتی دادوەری جێگای حزبایەتی و خزم خزمێنە نییە؛ هەتا دەسەڵاتێکی دادوەری سەربەخۆ و بە توانا دانەمەزرێت، دۆخەکە لەوە چاکتر نابێت و ناشکرێت وڵاتێک کە بنەمای ئابوورییەکە لەسەر داهاتی سرووشتییە و وڵاتێکی دەوڵەمەندیشە، دەسەڵاتی دادوەری تێدا لاواز و پاشکۆ بێت، چون بە دڵنیاییەوە گەندەڵی هێندە زۆر دەبێت کە سەری وڵاتەکە دەخوات.

لێرە حزبایەتی لەسەر بنەمای دوژمنایەتی ئەویتر دامەزراوە و ئەوەش وای کردووە سەرکەوتنەکان هیچ کات نیشتمانی نەبێت و هەر کامەی لەسەر حزبی خۆی تاپۆی بکات و هەر کامە بە تەنیا لە پێناو سەرکەوتندا تێبکۆشێت و کە سەریش کەوت ئامادە نەبێت بەشی کەسی لێبدات، سەیر بکەن تەنانەت سەرکەوتن بەسەر داعشیش دا بەش کراوە ئەگەر گوڵاڵە دەگیرێتەوە، یەکێتی شای دەکات و پارتی دۆش دادەمێنێ و ئەگەر شنگال ئازاد دەبیت پارتی گۆڤەند دەگێرێت و یەکێتی رەش دەپۆشێ، حزبایەتی لەسەر بنەمای گەلاڵە و پلان و بیری سیاسی دەکرێت، نەک لەسەر بنەمای سرینەوەی لایەنیتر و حزبی تر

لێرە هەموو خەمەکان رەنگی خۆیان هەیە، خەمی دهۆک پێوەندی بە گۆرانەوە نییە و زەردە و هی سلێمانیش فری بەسەر پارتییەوە نییە مۆر یان کەسکە، هەر بەو پێودانگەش لەسەر قەیرانی ئێستا دەدوێن و رێگا چارەی بۆ دەبینەوە، واز لە رەنگکردنی خەمەکان بێنن، چون هەموویان رەنگیان ڕەشە بیر لەوە بکەنەوە چۆن پاکیان بکەنەوە نەک ئەوەی ڕەنگیان بکەن.

لە نێوان سەرکردە سیاسییەکان و خەڵک دا کەلێنێکی زۆر گەورە ساز بووە راستە سەرکردەکان، هەمان پێشمەرگەکانی شاخ و راستە خەڵکەکەش هەمان خەڵکە کە سەدام و دەبابەکانی ورەیانی نەرووخاند، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە 25 ساڵ حکوومەتداری کوردی وای کردووە سەرکردەکان خەمی خەڵکیان لەبیر چێتەوە و خەڵکیش بۆنی نامۆییان لێبکەن، دەبێت بۆ دەرچوون لەو دۆخە ئاشتەوایی نیشتمانی راگەیندرێت و خەڵک و سەرکردە سیاسییەکان پێکەوە ئاشت ببنەوە هەتا بتوانن باوەریان بەیەک هەبێت و لە کرداری یەک دردۆنگ نەبن.

ئەوەی ئەو رۆژەی هێناوەتە ئێرە دەردە نەوت نییە بەڵکوو تراژیادی کوردییە ئەگەر ئەو تراژدیایە نەبیندرێت، رەنگە لەو خەمەش رزگار بین بەڵام دیسان دێتەوە سەر رێمان و سەرمان دەخوات.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت