تاوتوێ‌و هەڵسەنگاندنی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ، به‌شی چواره‌م ، كۆتایی

0
219

نووسینی : پرویز دستمالچی

وه‌رگێڕانی : چیا عەبدوڵڵاپوور

٥ـ دەسەڵاتی یاسادانان: زەوت کردنی دەسەڵاتی مافی گەڵ لە یاسا داناندا
بە یاسا دەتوانرێ کۆمەڵگا بۆ ئەم لا یان ئەولا رێنوێنی بکرێت. دەتوانرێ مافی یەکسان بۆ ژنان لە بەرابەر یاسادا دابین بکرێ یان نیوەی مافەکان. دەتوانرێ کەمینە ئاییینی ـ مەزهەبیەکان، لە رووی یاسایی، لەگەڵ ئەوانی دیکە بە یەکسان دابنێین یان نایەکسان، دەتوانرێ بەردباران بە فەرمی و یاسایی بکرێت یان بە نایاسایی. دەتوانرێ مافی ئازادی هەڵبژاردنی جلو بەرگ بە فەرمی بناسین، تاکوو هەر کەس ئازاد بێ کە بە پێی سروشت و ویستی خۆی جۆری جلو بەرگەکەی هەڵبژێرێ، یان هەموو کەس ناچار بکەین کە لەچک بکەن، تەنانە بە قامچی. لە دێموکراسیە پارلمانیە لیبرالیەکان (مەبەست لە لیبراڵ، بێ لایەنی دەسەڵات لە بایەخەکان و بەفەرمی ناسینی مافی مرۆڤ وەک سەرچاوەی یاسادانانە)، پابەند بوونی پارڵمان لە بوای یاساداناندا تەنیا بە جاڕنامەی مافی مرۆڤ و بەڵێننامەکانی یەتی ، کە مافی هەر “مرۆڤێک” لەخۆ دەگریێ، و نەک گرووپێکی تایبەت (بۆ نمونە موسڵمانان). یاسادانان و رێزگرتن لە یاسا هەردوکیان هەر وەک یەکن. مرۆڤ کاتێک بوو بە یاساتەوەر کە مافی یاسادانانی بە دەست هێنا. حکومەتی یاسا تەنیا بە گواستنەوەی مافی یاسادانان مرۆڤ بۆ نوێنەرانی ئەو ئەگەری هەیە.
لە کۆماری ئیسلامی دا مافی دەسەڵاتی گەڵ بە سەر چارەنووسی خۆیاندا (لێرەدا، مافی یاسا دانان) بە شێوەی فەرمی، ئاشکرا و یاسایی لێی زەوت کراوە. یاسادانان بنەمای سەرەکی دێموکراسیە پارڵمانیە لیبرالیەکان و پایەی سەرەکی بنەمای مافی دەسەڵاتی مرۆڤە (گەڵ)بە سەر چارەنوسی خۆیدا. کۆماری ئیسلامی، بە کردەوە خاوەنی چوار دامەزراوەی یاسادانانە کە تەواوی ئەوان مافی دەسەڵاتی گەڵی ئێران بە سەر چارەنووسیاندا رەد دەکەنەوە:
ـ ڕێبەر
ـ شۆڕای چاوەدێری
ـ کۆمەڵەی دیاری کردنی بەرژەوەندیەکانی سیستەم
ـ پارڵمانی شۆڕای ئیسلامی

ڕێبەر، لەسەرو یاسا و گەڵ:
ڕێبەر، کە گۆیا جێگری ئیمامی نادیارەو لە لایەن ئەوەوە لەگەڵ “جیهانی پشت پەردە” لە پێوەندی دایە، بەرزترین و باڵاترین پۆستی کۆماری ئیسلامی‌یە کە تەواوی کاروبارەکان لە ژێر چاوەدێری ویلایەتی رەهای ئەو دایە، بۆ نموونە دەسەڵاتی یاسا دانان: “دەسەڵاتە باڵاکان لە کۆماری ئیسلامی دا بریتین لە: دەسەڵاتی یاسادانان، دەسەڵاتی بەڕێوەبەری و دەسەڵاتی دادوەری کە لە ژێر چاوەدێری ویلایەتی ئەمرو ئیمامەتی ئۆمەت بە پێی بنەماکانی داهاتووی ئەم یاسایە بەکار دێن. ئەم دەسەڵاتانە لە یەک جیان و سەربەخۆن”(بنەمای ٥٧). ڕێبەر کە بۆ هەموو تەمەنی، لە لایەن ٨٦ کەس موجتەهیدی شۆڕای چاوەدێری “هەڵدەبژێردرێ”(١٠٧)، یان بە پیی وتەکانی پێشوو، “دەدۆزرێتەوە”، لە سەروو گەڵ و یاسایەو قسەی ئەو “قسەی کۆتاییە ـ فصل الخطاب” ئەو، لە سەر بنەمای ویلایەتی ئەمرو ئیمامەتی بەردەوام، ڕێبەرێکی زانایە کە هەموو مەرجەکانی تێدان کە لە کۆماری ئیسلامی دا گرەنتی لانەدانی رێکخراوە جۆراوجۆرەکان لە ئەرکە ئیسلامیەکانانە (پێشەکی)، و لە کاتی نادیاری ئیمامی دوازدەیەم، ویلایەت ئەمرو ئیمامەتی لە ئەستۆیە (بنەمای٥). راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ، هەموو هێزی دەسەڵاتەکانی لە کۆماری ئیسلامیدا لە ژێر چاوەدێری “ویلایەتی رەهاو ئیمامەت”ی ئەودان. بەرزترین پۆستی دادوەری (سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری) موجتەهیدێکی هەڵبژێردراوی ئەوە(١٥٧). داواکاری گشتی و بەرپرسی دیوانی بەرزی وڵات موجتەهیدەکانی دەستنیشان کراوی ناراستەوخۆی رێبەرن (١٦٢). سەرۆک کۆمار، لە دوای پۆستی ڕێبەری بەرزترین پۆستی فەرمی وڵاتە…و جیا لە کاروبارێک کە راستەوخۆ پێوەندی بە ڕێبەرەوەیە، بەرپرسایەتی دەسەڵاتی بەڕێوەبەری لە ئەستۆیە (١١٣). ئەرک و دەسەڵاتەکانی ڕێبەر، بە پێی بنەمای ١١٠، نزیکەی هەموو دەسەڵاتێکە، لە دیاری کردنی سیاسەتە گشتیەکانی کۆماری ئیسلامی را تاکوو لێبوردن یان کەمکردنەوەی سزای تاوانباران لە سنووری رێوشینە ئیسلامیەکاندا، لە لابردنی سەرۆک کۆمار را تاکوو فەرمانی ڕاپرسی و ریفراندۆم،و…، ئەندامانی جێگیر و ناجێگیری “کۆمەڵەی دیاری کردنی بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی” لە لایەن ئەو دیاری دەکرێن، هەموو ئەندامانی شۆڕای چاوەدێری (راستەوخۆو ناراستەوخۆ). “سیاسەتی بەرگری ـ ئاسایشی وڵات لە چوارچێوەی سیاسەتە گشتیە دیاری کراوەکان لە لایەن ڕێبەرەوە “دیاری دەکرێت و ئەندامانی “شۆڕای بەرزی ئاسایشی گەڵ” (لە زۆرینەدا) هەڵبژێردراو و داندراوی ڕێبەرن و پەسەندکراوەکانیان تەنیا دوای پەسەند کردنی ڕێبەر جێبەجێ دەکرێن (١٧٦). حوکمی هەموارکردن و چاوپیداخشاندنەوە بە یاسای بنەڕەتی لە لایەن ڕێبەرەوە دەردەچێت و ئەندامەکانی، کەم و زۆر هەر هەڵبژێردراو دیاری کراوی راستەوخۆو ناراستەوخۆی ڕێبەرن و پەسەندکراوەکانی “شۆڕای هەموار کردنی یاسای بنەڕەتی”یش دەبێ سەرەتا لە لایەن ڕێبەرەوە پەسەند بکرێت. سەرەڕای ئەوەش لە کاتی هەموارکردنی یاسای بنەڕەتی، ناوەرۆکی بنەماکانی پیوەندیدار بە ویلایەتی ئەمر و ئیمامەت نەگۆڕن(١٧٧). ئەو، کە لەکاتی پێویستدا حوکمی حکومەتی دەردەکات تاکوو لە بنچینەدا پێشگیری لە یاسادانان بکات. ئەگەر وتی هەڵبژاردن بە شێوەیەکی تەندروست بەڕێوە چووە، قسەکانی ئەو “فصل الخطاب”ــن، ئەگەر تەنانەت تەزویری میلیۆنیش لە دەنگەکاندا کرابێت. ئەو لەسەروو یاساو خەڵکەوەیە، و قسەی ئەو هەر خۆدی یاسایە، لە جۆری “پیرۆز”ەکەی.
لە “بەیتی ڕێبەری”، کە خۆی حکومەتێکە لە سەر حکومەت، و ئیمامانی نوێژی هەینی، و نوێنەرانی ڕێبەر لە تەواوی دامەزراوەو ئۆرگانە بنەڕەتیەکانی کۆماری ئیسلامی، و “شۆڕای کاروباری تایبەت” (بە سەرۆکایەتی ڕێبەر)، کە بەرپرسی لە ناوبردنی جیابیران بوو،…، هەر باسی نەکەین، لەبەرئەوەی کە بابەتی لێکدانەوە لێرەدا، یاسادانان لە کۆماری ئیسلامی بە پێی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیە.
شۆڕای چاوەدێری و پارڵمانی شۆڕای ئیسلامی:
لە دوای پۆستی ڕێبەری، کە بە کردەوە لەسەروو گەڵ و یاسایە، سەرەکی ترین دامەزراوەی یاسادانان لە کۆماری ئیسلامیدا نەک پارڵمانی شۆڕای ئیسلامی، بەڵکوو شۆڕای چاوەدێریە.
با وا گریمانە بکەین کە لە کۆماری ئیسلامی دا هەڵبژاردن (لێرەدا پارڵمانی شۆڕای ئیسلامی) بە تەواوەتی ئازادە. واتە، “یاسای هەڵبژاردنی پارڵمانی شۆڕای ئیسلامی” هەموان بە یەک چاو، چاو لێ بکات و هەلی مافی یەکسان بۆ هەموو هاوڵاتیانی کۆمەڵگا بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردن برەخسێنێ (کە بە هیچ شێوەیەک شتی وا نیە، و کۆمەڵگا دابەش بوە بە سەر خۆیی و ناخۆییدا). وا گریمانە بکەین کە چاوەدێری “بەباش زانین ـ استصوابی” شۆڕای چاوەدێری لەسەر هەڵبژاردن و رەدکردنەوەی شیاویەتیەکان (تەنانەت هەندێک خۆیەکان) بوونی نەبێت (کەهەیە) و هەموو بتوانن کاندید بن. گریمانەکە لەسەر ئەمە دادەنێین کە چالاکی حیزبەکان و گرووپەکان لە کۆماری ئیسلامی دا ئازادە (کە نایاساییە) و هیچ بەربەستێک لەبەردەم هەڵبژاردنی راستەقینەی گروپەکان و حیزبەکان (نوێنەرانی راستەقینەی گەڵ) بوونی نیە. وای دادەنێین کە کۆمەڵگا دابەش نەبوە بە سەر خۆیی و ناخۆییدا و …، واتە وای دابنێین کە لە بنچینەدا هیچ ڕخنەیەک لەسەر هەڵبژاردن یان شێوەی بەڕێوەچوونی و هەر شتێکی دیکە بوونی نەبێت و خەڵک بتوانن لە هەڵبژاردنێکی دێموکڕاتیک، ئازاد و تەندروست دا ٢٩٠ نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن (گریمانەی ئەم بابەتە دوور لە راستیە، دور لە راستی نیە). پرسیار ئەمەیە کە ئاخۆ تەنانەت لە وەها هەلومەرجێکی گریمانەیی و زۆر باش دا، گەڵ بە خواستی خۆی کە مافی دەسەڵاتی خۆیەتی (لە بواری یاساداناندا) دەگات یان نا.
بنەمای ٩٣ی یاسای بنەڕيتی دەڵێ ”پارلمانی شۆڕای ئیسلامی بەبێ بوونی شۆڕای چاوەدێری متمانەی یاسایی نیە، مەگەر سەبارەت بە پەسەند کردنی متانەنامەی نوێنەرانی و هەڵبژاردنی شەش کەس یاساناسی ئەندامی شۆڕای چاوەدێری”.
بەڵام شۆڕای چاوەدێری چ دامەزراوەیەکە کە نوێنەرانی گەڵ بە بێ ئەو بێ بایەخەن و متمانەی یاساییان نیە؟ “بە مەبەستی پارێزگاری لە ئەحکامە ئیسلامیەکان و یاسای بنەڕەتی لە رووی نەبوونی ناتەبایی پەسەند کراوەکانی پارڵمانی شۆڕای ئیسلامی لە گەڵ ئەحکامە ئیسلامیەکان و یاسای بنەڕەتی شۆڕایەک بە ناوێ شۆڕای چاوەدێری پێک دێت”(بنەمای ٩١) چ کەسێک ئەندامانی شۆڕای چاوەدێری دیاری دەکات و پێکهاتەکەیان چۆنە؟ “…شۆڕای چاوەدێری لە پێکهاتەی خوارەوە پێک دێت: ١ـ ‘شەش کەس لە فەقیهـە دادپەروەرو ئاگا بە رووداوەکانی رۆژگارو رووداوەکانی رۆژ، کە ئەم چەند کەسە لە لایەن ڕێبەرەوە هەڵدەبژێردرێن.٢ـ شەش کەس یاساناسی موسڵمان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی یاسا،کە لە نێو ئەو یاساناسە موسڵمانانەی کە لە لایەن سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریەوە بە پارڵمانی شۆڕای ئیسلامی دەناسرێن و بە دەنگی پارڵمان هەڵدبژێردرێن” (بنەمای ٩١).
بەڵام، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری کە بۆخۆی موجتەهیدە لە لایەن رێبەەوە هەڵدەبژیردرێ (دیاری دەکرێت) (بنەمای ١٥٧). کەواتە، ئەندامانی شۆڕای چاوەدێری بریتین لە شەش کەس زانا کە ڕێبەر بۆخۆی راستەوخۆ ئەوان دیاری دەکات و شەش کەس یاساناسی موسڵمان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی یاساییدا، کە ناراستەوخۆ لە لایەن ڕێبەر (لە رێگای سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری) هەلدەبژێردرێن، هەڵبەت بە دەنگی پارڵمانی شۆڕای ئیسلامی. بەم پێیە، تاکوو ئێرە، نوێنەرانی خەڵک (بە گریمانەی هەڵبژاردنی دێموکڕاتیک و ئازاد و تەندروست) کە بەرهەم‌هاتوو لە ویستی وەلی ئەمر، ڕێبەری ئایینی کۆماری ئیسلامی، لە شێوەی یاسایی شۆڕای چاودێریە.
ئێستا با وای دابنێین کە نوێنەرانی گەل، بە ئیزنی نوێنەرانی وەلی ئەمر (شۆڕای چاوەدێری)، متمانەی یاساییان پێ دراوەو یاسا دادەنێن. لەوەها کاتێک دا، “هەموو پەسەند کراوەکانی پارڵمان دەبێ بنیردرێن بۆ شۆڕای چاوەدێری. شۆڕای چاوەدێری لەسەریەتی کە ئەو پەسەندکراوانە… لە رووی ئەوەی کە پێچەوانە نەبن لەگەڵ ریوشێنە ئیسلامیەکان و یاسای بنەڕەتی لێک بدەنەوەو لە کاتێک دا بە ناتەبایان ببینن بۆ پێدا چوونەوەو هەوموارکردن دەیانگەرێننەوە بۆ پارڵمان.” (بنەمای ٩٤).
بەڵام، لەو شوێنەی کە بنەمای چووارەم دەڵێت کە تەواوی یاساو رێساکان دەبێ “لەسەر بنەمای رێوشێوێنە ئیسلامیەکان” بن، بەم پێیە، و لە کۆتاییدا، ئەرکی شۆڕای چاوەدێری بە کردەوە تەنیا تاوتوێی گونجاندنی پەسەندکراوەکانی نوێنەرانی گەلە لەگەڵ رێوشوێنە ئیسلامیەکان (لەبەر ئەوەکە بە پێی بنەمای چووارەم، شرۆڤە تەنانەت لە ناو یاسای بنەڕيتیش دا تەنیا دەتوانێ لە چوارچێوەی “رێوشوێنی شەرع” بێتە کایەوە). کەواتە نوێنەرانی گەل مافی یاسادانانی ئازادیان نیەو تەنیا رێگەیان پیدراوە کە لەچوارچێوەیەک دا هەنگاو هەڵیننەوە کە نوێنەرانی وەلی ئەمر ( لە شۆڕای چاوەدێری) بە دروستی دابنێین. واتە یەکەم یاسادانان تەنیا دەتوانێ لە چوارچێوەیەک دا بکرێت کە هەموو شتێکی لە پێشدا دیاری کراوەو هیچ جۆرە مافێکیان لە هەموارکردنی دا پێنەدراوە (حەرام و حەلالەکان: حدود، یاساکانی قصاص، بەردباران، میرات،و …)، و دووهەم ئەمە کە ئەگەر یاسادانان لە “منطقتە الفراغ” (مکروە، مباح و مستحب ـ ) بێت، دیاری کردنی ئەوە تەنیا مافی فەقیهــ و موجتەهیدەکان (شۆڕای چاوەدێری)‌یە، و سێهەم ئەمە کە لە بابەتگەڵێکی ناروون یان نەبوونی رێوشوێنی کار، دۆزینەوەو نووسینی (اجتهاد) دیسان تەنیا مافی فەوقیهـ و موجتەهیدەکانە کە یاسای بنەڕەتی ئەوی بە شۆڕای چاوەدێری (یان وردتر بە زاناکانی شۆڕای چاوەدێری، و هەمدیسان وردتر بە زۆرینەی ئەوان، واتە چوار زانای ئەندامی شۆڕا) ئەسپاردوە. لە هەر شێوەیەکدا، لە روانگەی کۆماری ئیسلامی، زانینی “دروست بوونی” یاسا (شەرعی بوونی) بە زۆرینەی زاناکانی شۆڕای چاوەدێری، بە دەست چوار زانایە، ٢٩٠ نوێنەری گەل لە بەرمبەر چوار زانا کە نوێنەری ڕێبەرن!؟
سەرچاوەی “حوکم و رێوشوێنە ئیسلامیەکان” (جێی سرنجی یاسای بنەڕەتی) یش تەواو روون نین: کتێبی پیرۆز، سونەت و حەدیسی پێغەمبەری ئیسلام، سوننەت و حەدیسی دوازدە ئیمامی جێگای پەسەندی شیعەکانی مەکتەبیی بنچینەیی، و لە کاتی نەبوونی حوکم، دەرهێنان و گونجاندنیان لەگەڵ ئەو سەرچاوانەی کە باس کران، بە کەڵک وەرگرتن لە مێشکی ئایینی، بە واتای کەڵک وەرگرتن لە “مێشکی ناتەواوی مرۆڤ” لە چوارچێوەی شەرع، لە لایەن فقهـ ناسان یان لە ژیر چاوەدێری ئەوان.
ئێستا، وای دابنێین کە پارڵمان زۆر بەهێز بێت و بۆچوونەکانی شۆڕای چاوەدێری پەسند نەکات و بۆچوونی ئەوان رەدبکاتەوەو ناکۆکیەکان پەرە بستینن. لەم کاتەدا چ روو دەدات و لەکۆتاییدا یاسادانان بە دەست کامیان دەبێت ؟ دیسان نوێنەرانی هەڵبژێردراوی وەلی ئەمر: “کۆمەڵەی دیاری کردنی بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ دیاری کردنی بەرژەوەندیەکان لە بابەتگەلێک داکە پەسەند کراوی پارڵمانی شۆڕای ئیسلامی لە لایەن شۆڕای چاوەدێری بە پێچەوانەی رێوشوێنە شەرعیەکان یان یاسای بنەڕيتی بزانێ و پارڵمان بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامی بۆچوونی شۆڕای چاوەدێری دابین نەکات و ڕاوێژ کردن لە بابەتگەڵێک دا کە ڕێبەری بۆیان دەنیرێ و هەموو ئەو ئەرکانەی کە لەو یاسایەدا هاتوون بە ئەمری ڕێبەر پێک دێن. ئەندامە جێگیر و ناجێگیرەکانی کۆمەڵەی دیاری کردنی بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی لە لایەن ڕێبەر دیاری دەکرین و رێساکانی پیوەندی دار بە کۆمەلەی دیاری کردنی بەرژەوەندیەکان لە لایەن خودی ئەندامان دابین و پەسەند دەکرێت و لەکۆتاییدا لە لایەن ڕێبەرەوە پەسەند دەکرێت. (بنەمای ١١٢)
واتە بابەتی جیگای ناکۆکی لە نیوان پارڵمانی شۆڕای ئیسلامی (نوێنەرانی هەڵبژیردراوی خەڵک) و شۆڕای چاوەدێری (نوێنەرانی وەلی ئەمر)، بۆ چارەسەری کۆتایی، بە پێی بنەمای ١١٢، بۆ “کۆمەڵەی دیاری کردنی بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی” (دووبارە نوێنەرانی ولی ئەمر) بەرێ دەکرێت. بەڵام، بەپێ هەر ئەو بنەمای ١١٢، لە لایەک “رێساکانی پێوەندی دار بە کۆمەڵەی دیاری کردنی بەرژەوەندیەکان لە لایەن ئەندامەکان خۆیان دابین و پەسەند دەکرێت و لە لایەن ڕێبەرەوە پەسەند دەکرێت”، واتە (یەکەم) ئەم کۆمەڵەیە دامەزراوەیەکی سەربۆخۆیەو وڵامدەری هیچ دامەزراوەیەکی هەڵبژیردراوی خەڵک نیە و خەڵک هیچ کۆنترۆل و چوەدێریەکیان لەسەر نیە. لە بەر ئەوەی بە پێێ یاسای بنەڕەتی، “کۆمەڵە ـمجمع” بۆخۆی بەرنامەو و پیرەوی ناوخۆی دابین دەکات و دەنووسێت و لە کۆتایی دا لە لایەن ڕێبەرەوە پەسەند دەکرێت (سەرنج بدەن: ڕێبەر، ئەندامەکانیان دیاری دەکات و ئەوان رێساکانی پێوەندیدار بە خۆیان دەنوسن و ڕێبەری واژۆی دەکات). و لە لایەکی دیکە (دووهەم)، تەواوی “ئەندامە جێگیر و ناجێگیرەکانی ئەم کۆمەڵەیە لە لایەن ڕێبەرەوە دیاری دەکرین” (هەر بنەمای ١١٢).
کەواتە، لە کاتی ناکۆکی لە نیوان نوێنەرانی خەڵک لەگەڵ نوێنەرانی وەلی ئەمر ( شۆڕای چاوەدێری)، ئەوجارە نوێنەرانێکی دیکە لە لایەن وەلی ئەمر (کۆمەڵەی دیاری کردنی بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی) دێتە ناو گۆرەپانەکەوە. لە هەردوو کاتدا، قسەی کۆتایی و بریاری کۆتایی سەبارەت بە یاسا بە دەستی ڕێبەری مەزهەبی کۆمارێ ئیسلامی )(وەلی ئەمر)ـە، کە بە دوو دامەزراوەی فەرمی خۆی لە یاسای بنەڕەتی (شۆڕای چاوەدێری و کۆمەڵەی دیاری کردنی بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی) گواستراوەتەوە. بە دەربرینێکی وردتر، پارڵمانی نوێنەران هەڵبژێردراوی خەڵک لایەنی سەمبولیک و “شۆڕایی”، یان راوێژکاری هەیە نەک بڕیاردەر. نوێنەرانی خەڵک بۆچوونە راوێژکاریەکانیان و هەروەها پێشنیارەکانیان لەگەڵ نوێنەرانی وەلی ئەمر دێننە بەر باس. مافی بڕیار دان لە دەست فەقیهــ و موجتەهید (راستەوخۆو ناراستەوخۆ،)ـەکانە و نەک نوێنەرانی هەڵبژێرادراوی خەڵک.
بەم پێیە، کاتێک نوێنەرانی خەڵک (پارڵمان) ناکۆکیان لەگەڵ نوێنەرانی ڕێبەر( شۆڕای چاوەدێری) هەیە و ناگەنە هیچ ئاکامێک، ڕێبەر دووبارە نوێنەرانێکی دیکە هەڵدەبژێرێ (ئەندامانی جێگیر و نا جێگیری کۆمەڵەی دیاری کردنی بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی) تاکوو دووبارە سەبارەت بە یاسای جێگای ناکۆکی بڕیار بدرێت. لە هەردوو شیوەدا، نوێنەرانی خەڵک لە بەرامبەر نوێنەرانی ڕێبەردان و قسەی کۆتایی (بە پێی یاسا) یان هی نوێنەرانی ڕێبەرە، و یان ڕێبەری خۆی دەیکات. هەڵبەت دەبێ سەرنج بدەین کە نوێنەرانی خەڵک لە بنچێنەدا تەنیا رێگەیان پێداراوە لە چوارچێوەی سێ ئەحکامەکەدا ( مکروه، موباح، موستەحەب) یاسا دابنێن. جێگای سەرنجە کە “رێساکانی پێوەندی دار بە کۆمەڵەی دیاری کردنی بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی”، هەروەکوو رێساکانی پێوەندیدار بە “شۆڕای چاوەدێری”، تەنیا لە لایەن ئەندامەکانیان دابین و پەسەند دەکرێت و دوایی لە لایەن ڕێبەرەوە پەسەند دەکرێت واتە ڕێبەر ” کۆمەڵەی دیاری کردنی بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی” دیاری دەکات، ئەوان بۆخۆیان بەرنامەو پێرەوی ناخۆ دەنووسن، ڕێبەریش پەسەندی دەکات، و دوایی لەسەرو گەل و نوێنەرەکانی دادەنرێن تاکوو “یاسا دابنین”. کۆمەڵەی دیاری کردنی بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی لە ساڵانی رابردوو زۆر جار سنووری دەسەڵاتە یاسایەکانیشی (ناوبژیوانی لە نێوان پارلمانی شۆڕای ئیسلامی و شۆڕای چاوەدێری) تێپەڕاندووەو سەربەخۆیانە (بە بێ سەرنج دان بە دامەزراوە فەرمیەکانی یاسادانان) یاسای داناوە.
بەڵام، ئەگەر پارڵمانی شۆڕای ئیسلامی (نوێنەرانی ەهڵبژێردراوی خەڵک) هەروەهاش مڵ کەچ نەکات بۆ بڕیارەکانی “کۆمەڵە”، لەم کاتەدا چارە چیە، و چارەنووسی یاسادانان چی لێ دێت؟ لە وەها کاتێک دا ڕێبەر، کە دەسەڵاتێکی تەواو رەها و بێ سنووری لەسەر هەر سێ دەسەڵاتەکەدا هەیە، دێتە ناو گۆڕەپانەکەوە. لەوانەیە هەنووکە لە یادەوەریەکاندا مابێت کە چۆن لە سەردەمی سەرۆک کۆماری خاتمی، و لە هەلومەرجێک دا کە بزووتنەوەی ٢ی جۆزەردان بە هێز بوو و زۆرینەی کورسیەکانی پارڵمای شۆڕای ئسلامی لە دەست دابوون، کاتێک کە ناکۆکی لەسەر پرۆژە یاسای بڵاوکراوەکان پەیدا بوو و ترسی ئەوە هەبوو کە نە شۆڕای چاوەدێری و تەنانەت نە کۆمەڵەی دیاری کردنی بەرژەوەندیەکانی کۆماری ئیسلامی، دەرەقەتی ئەو “کێشەیە” نەیەت، وەلی ئەمر خۆی تێ هەڵقورتاندو بە گەرانەوە بۆ بنەمای ٥٧ی یاسای بنەڕەتی، کە هەر سێ “دەسەڵاتی یاسادانان، دەسەڵاتی بەڕێوەبەری و دەسەڵاتی دادوەری لە ژێر چاوەدێری دەسەڵاتی رێبەر و ئیمامەتی ئۆمەت” پێناسە کردووە، بە حوکمێکی حکومەتی، پرۆژە یاسای بڵاوکارەکانی لە بنچینەدا لە دەستووری کاری پارڵماندا سریەوە، و هیچ دەنگێکی نارەزایەتیش بەرز نەبۆوە.
دەبێ بپرسین کە “نوێنەرانی” خەڵکی ئێران، لە ٣٠ و چەند ساڵەی دواییدا بە سەرنج دان بە تەوای نارەزایەتیە ئەراییەکانی ناوخۆی ئێران (و هەروەها دەرەوە) لە دژی سزای بەردباران (کە ئابروی گەڵی ئێرانی بردوە)، بۆچی توانای هەڵوەشاندنەوەی ئەم یاسایەی سەردەمی بەربەریەتیان نەبووە؟ کۆسپ لە کوێدایە؟ لە نەفامی و بێ مێشکی نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵک، یان لە وەلی ئەمر یان فەقیهــ و موجتەهیدانێکە کە بە زەوت و قۆرغ کردنی مافی یاسادانان لە خەڵک “سنوور” و ”رێوشوێنەکانی” خۆیان بەڕێوە دەبەن. ئەو حوکم و رێوشوێنانەی کە لەسەروو مرۆڤەوەن و لە ژێر ناوی ”ئیلاهی” بووندا بەسەری دا دەسەپێنن.
ئەوەی کە لە سەرەوە تاوتوێ کرا بەم گریمانەیە بوو کە هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا ”دێموکڕاتیک، ئازاد و تەندروست” بەرێوە بچیت. بەم گریمانەیە بوو کە گوایە لە کۆماری ئیسلامیدا تەواوی ئێرانیەکان، لە بەرمبەر یاسادا مافی وەک یەکیان هەیە. بەڵام هەموو دەزانن کە وەها نیە، و لە ئاکامدا ( لە کردوەدا) زۆر خراپترو توندوتیژتر بنەمای “مافی دەسەڵاتی گەڵ بەسەر چارەنووسی خۆیدا” (لێرەدا یاسادانان) پێشێل دەکرێت و تەنیا بە ” زەوت کردنی مافی یاسادانان بۆ فەقیهــ و مەجتەهیدەکان”، لەلایەن شۆڕای چاوەدێری سنووردار نابێتەوە.
لە کۆماری ئیسلامی، ”ناخۆیەکان” لە بنچینەدا مافێکیان نیە، نە ئیزنی چالاکی سیاسی فەرمیان پێ دەدرێت (پێک هێنان‌و چالاکی ئازاد و فەرمی رێکخراو و پارتە سیاسیەکان) و نە کاندیدە سەربەخۆکانی (لەوانەیی) ئەوان دەتوانن لە پاڵوێنەی “چاوەدێری بە باش زانین ـ استصوابی” دەرچن. ئەوانەی دەمێننەوە “خۆییەکان”، بەڵام تەنانەت خۆییاکانیش دابەش دەبن بەسەر باش و خراپ وخراپتردا.
یەکێک لە ئەرکەکانی شۆڕای چاوەدێری “چاوەدێری کردنی هەڵبژاردنە”: ”شۆڕای چاوەدێری، چاوەدێری کردنی هەڵبژاردنی پارڵمانی شۆڕای شارەزایانی ڕێبەری، سەرۆک کۆماری، پارڵمانی شۆڕای ئیسلامی،و گەرانەوە بۆ دەنگی گشی و راپرسی لەئەستۆیە”(بنەمای ٩٩). مەبەستی ئەم بنەمایە، چاوەدێری لەسەر بەڕێوەچوونی دروست (تەندروست، بێ تەزویر) پرۆسەی هەڵبژاردنە نە دەست تێوەردان، یان دیاری کردنی “شیاویەتی” کاندیداکان، بەڵام، چونکە “شرۆڤەی یاسای بنەڕتی لەئەستۆی شۆڕای چاوەدێریە کە بە پەسەندی سێ لە سەر چواری ئەوان دێتە کایەوە” (بنەمای ٩٨)، شۆڕای چاوەدێری ئەم چاوەدێریە “بە باش زانین ـ استصواب ” شرۆڤە کرد و بە پەسەندی پارلمانیشی گەیاند. لە یاسای هەڵبژاردن پەسەندکراوی ساڵی ٦٢، بەندی ٣ دا هاتووە کە “چاوەدێری کردنی هەڵبژاردن لە ئەستۆی شۆڕای چاوەدێریە”. شۆڕای چاوەدێری لە ساڵی ٧٠ دا نامەیەکی بۆ پارلمان نوسی و چاوەدێری خۆی بە “چاوەدێری بەباش زانین ـ استصواب ” راگەیاند. و دوایی لە کۆتایی خولی چوارەمی پارڵمان، واژەی “بە باش زانین ـ استصواب” بە بەندی ٣ لە یاسای هەڵبژاردن زیاد کرا.
“بە باش زانین ـ استصوابی”، واتە بەراست و دروست زانین، باش بینین، لەبەر چاوگرتنی بەژەوندی. لە ئاکامدا ئەمە کە، ئەندامانی شۆڕای چاوەدێری “شیاویەتی” کاندیداکانی شۆڕای شارەزایانی ڕێبەری، سەرۆک کۆماری و پارڵمانی شۆڕای ئیسلامیان، لە سەر بنەمای “بەژەوەندی بینینی خۆیان دیاری دەکەن. خەڵک “مافیان” هەیە لە نێو ئەو کەسانەی کە شۆڕای چاوەدێری بە شیاوی زانیون، یەکێک هەڵبژێرن. واتە تەنانەت هەڵبژاردن لەنێو ”خۆیەکان”یش لە چوارچێوەی بۆچوونی دەسەڵاتداران، لێرەدا شۆڕای چاوەدێری، بەڕێوەدەچێت و نەک ئازاد.
جارێکی تر بە کورتی چاوێک لە پێکهاتەی سیاسی کۆماری ئیسلامی دا بخشێنین: ٨٦ کەس موجتەهید (شۆڕای شارەزایانی ڕێبەری) موجتەهیدێک یان فەقیهــێک وەک ڕێبەر دیاری، هەڵدەبژێرێ یان دەدۆزێتەوە. ڕێبەر ( فەقیهــ و موجتەهید)، ئەندامانی شۆڕای چاوەدێری راستەوخۆ (شەش فەقیهــ) و نارستەوخۆ (شەش یاساناسی موسڵمان لەسەر پێشنیاری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، کە بۆخۆشی مەجتەهیدە و داندراوی ڕێبەرە) دیاری دەکات، شۆڕای چاوەدێری سەرەتا (تەنانەت) کاندیدا “خۆییەکان” دەخاتە ژێر چاوەدێری بە بەباش زانین تاکوو لە ئاستی بەڵێن و ئیمانی ئەوان بە کۆماری ئیسلامی، و ویلایەتی ئەمر و ئیمامەتی ئۆمەت، دڵنیا بێت، و دوایی (زۆرینەی زانایانی شۆڕای چاوەدێری، ٤ کەس) تەنانەت رێگەنادەن هەر ئەو پارڵمانی شۆڕایەش بە سەربەخۆیی بڕیار بدات و بە کردەوە بۆخۆیان یاسا دادەنێن.
لە تەواوی وڵاتە دێموکڕاتیکەکاندا، هەڵبژێران و هەڵبژاردن مافی هەر “تاکێک”ـە. یاسا مەرجی کاندیداکان (لە رووی مەرجی تەمەن یان رابردوو گەڵێکی وەک تاوان، دزی و …) دیاری دەکات، و لایەنە سەربەخۆکانی دادوەری ناوبژیوانی لەسەر دەکەن. چاوەدێری کردنی هەڵبژاردن ئامرازێکی کۆنتڕۆلە بە مەبەستی سەپاندنی مافی دەسەڵاتی خەڵک تاکوو لە هەڵبژاردنی نوێنەرەکانی دا تەزوێر نەکڕیت، و نە ئەویکە نوێنەرەکانی لادەن، و مافی هەڵبژاردن لە ناوەرۆکیدا بەتاڵ بکەن و بە کردەوە لە جیاتی گەڵ، کاندیدایان بۆ دیاری بکەن. وەها کارێک واتە زەوت کردنی تەواوەتی مافی دەسەڵاتی خەڵک، یان سنوور دارکردنی ئەو مافە. “چاوەدێری” دەبێ لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن و رەوتی چۆنیەتی درووست بەرێوەچوونی بێت نە لەسەر پاڵێوراوانی هەڵبژاردن و دیاری کردنی شیاویەتی ئەوان.
هەندێک لە “ریفۆرمخوازان” (لە ناوەوەو دەرەوەی سیستەمی کۆماری ئیسلامی) باس لەوە دەکەن کە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران “مافی دەسەڵاتی خەڵکی بەسەر چارەنووسی خۆی”دا بە فەرمی ناسیووەو لە ئاکامدا ئەگەر یاسای بنەڕيتی بە تەواوەتی وەک خۆی جێ بەجێ بکرێت ئەوا دەگەینە مافی دەسەڵاتی خەڵک. ئەوان لەو پێوەندیەدا بە گشتی پشت دەبەستن بە دوو بنەمای ٦ و ٥٦. کە لە یەکێکیان دا هاتووە “…کارو بارەکانی وڵات دەبی بە پشتبەستن بە دەنگی گشتی خەڵک بەڕێوە بچن…”(بنەمای ٦). و لە بنەماکەی دیکە دا هاتووە کە “دەسەڵاتی رەها بەسەر جیهان و مرۆڤ دا هی خودایە و هەر ئەو، وای کردوە کە مرۆڤ دەسەڵاتی بە سەر چارەنووسی کۆمەڵایەتی خۆیدا هەبێت. هیچ کەس ناتوانێت ئەم مافە خوداییە لە مرۆڤ زەوت بکات یان…”(٥٦) ئەوان نیوەی راستیەکە دەڵێن، و سەرنجی پێویست نادەن بە کۆتایی رستەکە لە هەر دوو بنەماکەدا: لە بنەمای شەشەم دا هاتووە کە پشت بەستن بە دەنگی گشتی خەڵک بە پێی”… بابەت گەڵێک کە لە بنەماکانی دیکەی یاسادا دیاری دەکرێت” و لە بنەمای پەنجاو شەشەم دا، مرۆڤ مافی دەسەڵاتی خوداپێداوی خۆی لە “لە ریگەیەکەوە کە لە بنەماکانی دیکەدا دێ بەکار دێنێت.” و “بنەماکانی دیکەی یاسا” و یان “بنەماکانی دیکە”، هەر ئەو بابەتانەن کە (لێرەداو لە تاوتوێکردنەکانی پێشوو) هەڵم سەنگاندن، رد کرانەوە. سەرەڕای ئەوەش، ئەگەر هەموو یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی، لە بنەماکان و ناوەرۆک، و لە بەشەکان و بە گشتی، پێشێلکاری مافی دەسەڵاتی مرۆڤە بەسەر چارەنوسی خۆیدا، پێشێلکەری بنچینەی مێشکی خودی مرۆڤە، پێشێلکەری مافی دەسەڵاتی خەڵکە، پێشێلکەری دێموکراسی، و لە بنەماو بنچینەی خۆیدا نکۆڵیکەرو پێشێلکەری مافی مرۆڤە، وەها رستەگەڵێک “جوانکاری” بەخاک ئەسپاردنی مافەکانی گەڵێکە.
بەم پێیە، کێشەی ئێمە بۆ جێگیر کردن و هێنانە کایەی دێموکڕاسی و مافی مرۆڤ لە ئێراندا، نە لە سیاسەت و شێوازە هەڵەکانی ئەم و ئەو، یان گروپ و باڵ، بەڵکوو لە هەموو پێکهاتەی سیستەمی کۆماری ئیسلامی دایە. لە نێوان سیستەمی دەسەڵاتی فەقیهــ و دێموکڕاسی، نێوانی کۆماری ئیسلامی و مافی مرۆڤ، دژایەتیەکی بنەڕەتی ـ پێکهاتەیی هەیە، یان دەبێ ئەو هەبێ یان ئەو و ئەانە دانویان بەیەکەوە ناکوڵێ.
٦ـ دەسەڵاتی بەڕێوەبەری : سەرۆک کۆماری
١ـ لە یاسای بنەڕيتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا، تەوەری یەکەم لە بەشی نۆیەم (دەسەڵاتی بەڕێوەبەری)، لە بنەمای سەدو سێزدەیەم تاکوو سەدو چل و دوهەم، تەرخان کراوە بە سەرۆک کۆمار، مەرجەکانی سەرۆک کۆمار، ئەرکەکانی و …. بنەمای سەدو پازدە دەڵیت:
“سەرۆک کۆمار دەبێ لە نێو ئەو پیاوە ئایینی و سیاسیانەی کە مەرجەکانی ژێرەوەیان تێدایە هەڵبژێردرێت: ئێرانی ڕەسەن بێت، هاوڵاتی ئێران بێت، خاوەنی رابردویەکی باش و ئەمانەت و تەقوا، ئیماندار و دەروەست بە بنەماکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و مەزهەبی فەرمی وڵات بێت”.
ـ یەکەمین مەرجی سەرۆک کۆماری، ئەمەیە کە ئەو “دەبێ لە نێوان پیاوانی ئایینی و سیاسی… بێت”. “رجال” کە لە دەقە فارسیەکەدا هاتوە دوو مانای هەیە، یەکێک بەواتای پیاوان و ئەوەی دیکەش بەواتای کەسایەتی. کەواتە، سەرۆک کۆمار دەبێ لە ”پیاوانی مەزهەبی و سیاسی” بێت و یان لە “کەسایەتیە مەزهەبی و سیاسەیەکان”. ئەگەر بە گریمانەی یەکەم وەرگرین، واتە سەرۆک کۆمار لە ”پیاوانی مەزهەبی و سیاسی” بێت، ئەو واتایە دەگەیەنێ کە ژنان (کە هەر کاتێک ودۆخێک دا) بە پێی یاسا و بە فەرمی ناتوانن و رێگەیان پێ نادرێ ببن بە سەرۆک کۆمار. ئەگەر بە گریمانەی دووهەم وەرگرین (واتە سەرۆک کۆمار دەبێ کەسایەتی مەزهەبی و سیاسی بێت). لەو شوێنەیەوە کە تاکوو هەنووکە “کەسایەتی” مەزهەبی ژنمان نەبووە (و لە بنچینەدا دیار نیە کە چ کاتێک دەمانبێت)، بەم پێیە دوبارەش (ئەو جارە بە کردەوە) ژنان ناتوانن ببنە سەرۆک کۆمار. کەواتە، لەیەکەم روانیندا لە هەر دۆخێک دا پەنجا لە سەدی کۆمەڵگا (ژنان) بە شێوەیەکی فەرمی، بە ئاشکرا، بە پێی یاساو بە کردەوە لە مافی بنەڕيتی و مافی مرۆیی خۆیان، لە سەر بنەمای مافی هەڵبژێران و بەشداری کردن لە بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی کۆمەڵگادا، بی بەشن.
بەڵام بە پێی یاسا (لە هەردوو گریمانەکەدا)، تەنیا پیاوانێک رێگەیان هەیە کە ببنە سەرۆک کۆمار کە هەم مەزهەبی بن و هەمیش سیاسی، واتە یەکەم تەواوی پیاوان ئیزنیان نیە (بە هۆکاری ئەوەی کە بەشێک نە مەزهەبین و نە سیاسی)، دووەم ئەمە کە پیاوانی تەنیا مەزهەبی و تەنیا سیاسی رێگەیان پێنەدراوە کە ببنە سەرۆک کۆمار. چەند لەسەد لە پیاوانی وڵات خاوەنی ئەو دوو پێش مەرجەن؟ سەرەرای ئەمەش کە پێوەرەکانی “مەزهەبی و سیاسی” لە هیچ شوێنێک پێناسەیەکی روونیان بۆ نەکراوە؟
پێوەری دیاری کردن چیە و یان کێیە کە دیاری دەکات؟ “بە باش زانین ـ استصواب”ی شۆڕای چاوەدێری؟ کەواتە، تاکوو ئێرە ٥٠% کۆمەڵگا (ژنان) لەگەڵ ئاستێکی زۆر بەرز، بەڵام نادیار لە پیاوانیش، لە مافی بنەڕيتی خۆیان بۆ هەلبژێران لە دامەزراوەی سەرۆک کۆماری بێ بەشن.
ـ مەرجەکەی دیکەی بوونە سەرۆک کۆمار ئیمان و بەڵێندان بە “مەزهەبی فەرمی وڵات و بنەماکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە”. مەزهەبی فەرمی وڵات شیعەی دوازدە ئیمامیە و بنەماکانی کۆماری ئیسلامی لە سەر ئایدیای مەکتەبە بنچینەییەکان، لقی ویلایەتی زانایان دامەزراوە (پێشەکی، بنەمای دووەم، چوارەم. پێنجەم، و… یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران). بەم پێە:
ـ تەواوی خەڵکی ئێران جیا لە موسڵمانەکان(مەسیحیەکان، جولەکەکان، زەردەشتیەکان، …. بەهایەکان، کۆمۆنیستەکان و…)، جا ژن یان پیاو جیاوزی نیە، لە مافی بنەڕەتی خۆیان لە سەر بنەمای مافی هەڵبژێران لە دامەزراوەی بەڕێوەبردنی کارووباری گشتی کۆمەڵگا بێبەشن، هەرچەندیش هەموویان هاوڵاتی ئێرانن.
ـ تەوای موسڵمانەکان جیا لە شیعەکان، واتە تەواوی سونیەکانی ئێران (زۆرینەی کوردەکان، زۆرینەی عەرەبە ئێرانیەکان، زۆرینەی خەڵکی سیستان وبەلوچستان، و زۆرینەی تۆرکەمەنەکان، و ….) کە نزیکەی دە تا پازدە میلیۆن کەس دەبن، هەموویان (بەبێ هەڵاواردن و بە تێکڕایی) لەم مافە بێ بەشن.
هەموو شیعە دوازدە ئیمامیەکان، بەڵام دوکەوتوانی هەموو مەکتەبەکان، وەکوو ئەخباریەکان یان شێخیەکان و…، هەموویانیش موسڵمانن و هەمیش لە باوەڕدارانی پەیامبەر عەلی (شیعە)، و هەمیش باوەڕیان بە ئیمامی دوازدەیەمە، بەڵام مەکتەبیی دیکە جیا لە مەکتەبیی ئوسوڵی‌یان هەیە.
ـ لە کۆتاییدا تەواوی ئەو شیعە دوازدە ئیمامیە مەکتەبە ئوسوڵیانەی کە هەموو شتێکیان لا پەسەندە جیا لە “دەسەڵاتی فەقیهــ” (ئایدیای سەرەکی کۆماری ئیسلامی) و بە پێێ یاسای بنەڕەتی رێگەیان نیە ببنە سەرۆک کۆمار.
ـ مەرج گەڵێکی وەکوو “ئێرانی ڕەسەن بوون، بەڕێوەبەرو بەڕاو تەگبیربوون، ئەمانەت و خۆپاریزی و خواپەرەستی” هەموویان پێوەرەگەڵێکی ناروونن کە لە هیچ شوێنێک (لە رووی یاساییەوە) پێناسەیەکی وردو رونیان نیە و تەنیا ئامرازێکن بەدەست شۆڕای چاوەدێریەوە تاکوو بە کەڵک وەرگرتن لە شێوازی “بە باش زانین ـ استصوابی” بەشێکی دیکە لابدات. هەندێک لە مەرجە باسکراوەکان، وەکوو “خۆپارێزی و خواپەرەستی”، لە بنچینەدا ئامرازێکە بۆ لێپێچینەوە لە بیرو بڕوای خەڵک. دەبێ سەرنج بدەین کە تەنیا دامەزراوەیەک کە رێگەی پێدراوە کە شیاویەتی کاندیداتۆرەکانی سەرۆک کۆماری تاوتوی بکات، شۆڕای چاوەدێریە کە هەڵبژیردراو و دەستنیشانکراوی راستەوخۆو ناراستەو خۆی ڕێبەرن کە ڕێبەریش لە لایەن موجتەهیدەکانی شۆڕای شارەزایانی ڕێبەری هەڵدەبژێردرێ/ دیاری دەکرێت یان دەدۆزرێتەوە. دیاری کردنی ئەمەی کە کەسێک (یان کەسانێک) لە بنچینەدا بە ڕادەی پێویست مەزهەبین یان نا، بە ڕادەی پێویست سیاسین یان نا، بەڕێوەبەرو بەتەگبیرو ڕان یان نا، ئەمانەتدارن (!؟) و تەقوایان هەیە(!؟) یان نا، و یان ئێرانی ڕەسەنن یان نا (ئێرانی ڕەسەن لەگەڵ ئێرانی بوون دوو بابەتی لەیەک جیان. ئێرانی بووم واتە لەدایک بووی ئێران و هەبوونی ناسنامەی ئێرانی. ئێرانی “ڕەسەن” چ مانایەکی هەیە؟)، هەمووی ئەوانە لە ماف و دەسەڵاتەکانی شۆڕای چاوەدێرین (ئاخۆ، وەک نمونە، مەحمودی ئەحمەدی نیژاد سەرۆک کۆماری ئێستا ئەو تایبەتمەندی و خەسڵەتانەی تێدان؟).
٢ـ بە پێی یاسای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری، مادەی ٨، “چاوەدێری لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە ئەستۆی شۆڕای چاوەدێریە. ئەم چاوەدێریە گشتیە و هەموو کاروبارەکانی پیوەندیدار بە هەڵبژاردن دەگرێتەوە، بەڵام “ئەم چاوەدێریە” بە پێی یاسا بە باش زانین ـ استصوابی پێناسە کراوە. بەباش زانین ـ استصواب واتە دیتنەوەی چاکە یان دیتنەوەی بەرژەوەندی و باشی. بەم پێیە، شۆڕای چاوەدێری لە هەموو بابەتەکانی پێوەندیدار بە هەڵبژاردنەوە چاوەدێری دیتنەوەی بەرژەوەندی و باشیەکانی دەبێت. مادەی ٣٥ی ئەو یاسایە، لە شەش برگەدا، دووبارە تەواوی ئەو مەرجانەی کە لە یاسای بنەڕەتی دا هاتوون دووپاتە دەکاتەوە. واتە، هەم بە پێی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەمیش بە پێی یاسای سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران مافی دیاری کردنی شیاویەتی کاندیداکان بە دەست شۆڕای چاوەدێریە. کەواتە لە کۆتاییدا، شۆڕای چاوەدێری لە سەر بنەمای “باش بینینی”ی خۆی دیاری دەکات کە چ کەسانێک: ئێرانی ڕەسەنن، لە ئیماندارانن، و باوەڕیان بە بنەماکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، و گومان لە ئەمانەت، خواترسی و خۆپارێزیاندا نیە، خاوەنی رابردوویەکی باشن، بەڕێوەبەرو بەڕاوتەگبیرن و لە کۆتایی دا لە پیاوانی مەزهەبی و سیاسی وڵاتن (ئەگەر جارێ کارێکمان بە پرسەکانی دیکە نەبێت). چاوەدێری بە باش بینین ـ استصوابی شۆڕای چاوەدێری بەکردەوە بە واتای زەوت کردنی مافی ئازادی هەڵبژاردنی هاوڵاتیان و گەلە، لە بەر ئەوەی کە ئەو مەرجانەی کە لە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروەهاش لە یاسای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئیسلامی دا هاتووە هیچ پێناسەیەکی روونی یاساییان نیە و پێوەندی بە بۆچوونەکان، زەوقەکان و “باش دیتنی” دوازدە کەس ئەندامی شۆڕای چاوەدێریەوە هەیە کە خۆیان بەشێکن لە دەسەڵات.
٣ـ وەزارەتی ناوخۆ “بەڕێوەبەری یاسای هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری پێ ئەسپێرادراوە… و بەرپرسی دروست بەرێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنە” (مادە ٣١ یاسای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئیسلامی). و ”کەواتە لەدوای ئەمری دەست پێکردنی هەڵبژاردن لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ، دەستە بەڕێوەبەریەکان پێک دێن “مادەی ٣٨ ئەو یاسایە) تاکوو هەڵبژاردن بەڕێوە ببەن. بە پێی مادە ٣٩، تێبینی ٣، باوەڕپێکراوانی سەرەکی و جێگری دەستە بەڕێوەبەریەکان ” دەبێ خاوەنی باوەڕ بن و بە کردەوە پابەندی ئیسلام و یاسای بنەڕەتی … بن و لە بەکرێگیراوانی کاریگەرو ناسراوی رێژیمی پێشوو و بەستراوە بە گرووپە نایاسایەکان نەبن.
لێرەدا، دیسان تاکەکانی کۆمەڵگا بە فەرمی و بە پێی یاسا دابەش دەکرێن بە سەر “باش و خراپ” دا. تاوتوێی “ئیمان و باوەڕ”ی تاکەکانی کۆمەڵگا واتە پشکنینی بیروڕا، و پابەند بوونی کردەکی بە ئیسلام و یاسای بنەڕەتی بە واتای لادانی ئەو کەسانەی کە موسڵمان نین و تەنانەت موسڵمانە سونیەکانیشە، لە بەر ئەوەی کە “پابەند بوونی کردەکی بە یاسای بنەڕەتی”، واتە پەسەند کردن و وەرگرتنی دەسەڵاتی فەقیهــ و مەزهەبی شیعەی دوازدە ئیمامی مەکتەبیی ئوسولی. لە کۆماری ئیسلامی دا لە ناسیۆنالیستەکان را تا ناسیونالیتە مەزهەبیەکان، لە سوسیالیستەکان را تا کۆمۆنیستەکان، لە حیزبی تودە را تاکوو فیداییان (زۆرینە و کەمینە، و …)، لە مەشروتە خوازەکان را تاکوو تەنانەت هەندێک لە “دووی جۆزەردانیەکان”، هەموویان نایاسایین، بۆچی؟ چوونکە دەسەڵاتداران وایان ویستووە، و بەم پێیە لە مافە مەدەنی و بنەڕەتیەکانیان بێ بەشن. “هۆکاری کاریگەر” لە سەقامگیری رێژیمی پێشوو لە بنچینەدا دیار نیە کە چیە وئەم تاوانە لە کوێی یاسا دادوەری ـ تاوانکاریەکانی ئێراندا پێناسە کراوە، و لە راستیدا سزاکەی چیە؟ و ئەگەر وەها تاوان و سزایەک بوونیان نیە، بەم پێیە بێبەش کردنی ئەم خەڵکە لە مافە بنەڕەتی و مەدەنیەکانیان لە سەر چ بنەمایەکی یاسایی بەڕێوە دەچێ. وڵامەکە روونە: لە تاوتوێی یەکەمدا، سەرەتا بە پێی بۆچوونەکانی “دەستە بەڕێوەبەریەکانی وەزارەتی ناوخۆ” و لە قۆناغی دووەمدا بە پێی “بە باش زانین ـ استصواب” چاوەدێرانی شۆڕای چاوەدێری لە سەر کاروباری هەڵبژاردن؟
٤ـ با وای دابنێێن کە کێشە بنەڕيتیەکانی (یاسایی) سەرەوە (کە نزیکەی ٨٠% لە خەڵک لە مافی هەلبژێران بێ بەش دەکات) بوونیان نەبێت، و بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ، و بە پێی هزرو لۆژیک، و بەپێی دادپەروەری، “هەر کەس”، واتە هاوڵاتیانی ئێران (هەرکە س کە ناسنامەی ئێرانی هەیە یان لە ئێران لە دایک بووە و دانیشتووی ئەوێیە، و نەک ئەوەی کە ”ئێرانی ڕەسەن بێت” کە پێناسەکەی روون نیە) بە پێی یاسا مافی هەڵبژیرانیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری هەبێت. بەو واتایە کە هاوڵاتیانی ئێران، سەرەتا بە پێی ئایینیان، دوایی لە سەر بنەمای مەزهەب، و دواتر لەسەر بنەمای یەکێک لە مەکتەبەکانی ئەو مەزهەبە و دوایی ئەوە لە سەر بنەمای جنسیەتەکەیان دابەش نەکرێن، و وای دابنێین کە لە قۆناغی دووهەم پلەی سیاسی ـ مەزهەبی بوونی ئەوان (تاکوو چ رادەیەک لایەنگری دەسەڵاتدارانن)، بەڕێوەبەرو بەڕاو تەگبیری!؟، ئەمانەتداری، خواپەرەستی و خۆپارێزی و ڕادەی باوەڕو ئیمانیان (پشکنینی بیروبۆچوون) لە لایەن زەوق یان “دیتنی باش ـ استصواب” پەیرەوانی دەسەڵاتداران (دەسەتە بەڕێوەبەریەکانی وەزارەتی ناوخۆو شۆڕای چاوەدێری) هەڵنەسەنگێردرێت و نەپێودرێت و لە کۆتایی دا “ئەوانەی مەرجەکان دەیانگرێتەوە” بەسەر خۆیی و نا خۆیی دابەش نەکرێن. لێرەدا واگریمانە دەکەین کە هەر کەس مافی هەڵبژێرانی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری هەبێ و هیچ هەڵاواردنێک لە نێوان مافی هاوڵاتیان (لەبەرمبەر یاسادا) بوونی نەبێ وهەڵبژاردنێکی تەواو دێموکڕاتیک، ئازاد و تەندروست پێک بێت، گریمانە دوور لە راستی خۆ دوور لە راستی نیە.
بەپێی بنەمای ١١٤ی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی، سەرۆک کۆمار بۆ ماوەی چوار ساڵ هەڵدەبژێردرێت (ڕێبەر، بۆ هەموو ماوەی تەمەنی)، و بە پێی بنەمای ١١٣ سەرۆک کۆمار لە دوای پۆستی ڕێبەری بەرزترین بەرپرسی فەرمی وڵاتە و بەرپرسی بەڕێوەبردنی یاسای بنەڕەتی یە و سەرۆکایەتی دەسەڵاتی بەڕێوەبەری لەئەستۆیە جیا لەو کاروبارانەی کە راستەوخۆ پێوەندی دارن بە ڕێبەرەوە.” بەڵام بە پێی بنەماکانی ٥، ٥٧، ٩١، ١١٠، ١١٢، ١٥٧، ١٧٦، ١٧٧،و…، نزیکەی تەواوی دەسەڵات لە دەست ڕێبەرە:
لە دیاری کردنی سیاسەتە گشتیەکانی کۆماری ئیسلامی را تاکوو لێبوردنی تاوانباران، لە فەرماندەی هەموو هێزە چەکدارەکان را تاکوو لابردنی سەرۆک کۆمار، و …، وەک نمونە بە پێی بنەمای ٥٧ “دەسەڵاتە باڵاکان لە کۆماری ئیسلامی دا ….. لە ژێر چاوەدێری ویلایەتی ئەمر و ئیمامەتی ئۆمەت دایە…”، واتە هەر ئەو بڕیارە حکومیەی “وەلی فەقیهـ” کە لە سەر بنەمای ئەو، لە سەردەمی “دووی جۆزەردانی”یەکان، تەنانەت ئەمری کۆبوونەوەی پارڵمانی شۆڕای ئیسلامیش گۆرا. یان بنەمای پێنجەمی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی لە بنچینەدا دەڵێت کە ”لە کاتی نادیاری پەیامبەری وەلی عەسر… لە کۆماری ئیسلامی دا ویلایەتی ئەمرو ئیمامەتی ئۆمەت لە ئەستۆی فەقیهـی دادپەروەر…. ـە…”. بە زمانێکی سادە، واتە تاکوو “دەرکەوتنی ئیمامی زەمان” کاروباری حکومەت و چارەسەر کردنی کێشەو گیرو گرفتەکانی تەواوی کارووباری خەڵک بە دەست ڕێبەری ئایینی کۆماری ئیسلامی‌ (زانا /زاناکان)یە. یان، بە پێی بنەمای ١١٠ دیاری کردنی سیاسەتە گشتیەکانی سیستەمی کۆماری ئیسلامی لە بنچینەدا بە دەست ڕێبەرە. “مافەکانی سەرۆک کۆمار” لە یاسای بنەڕەتی دا هەر ئەو شتەیە کە محمەممەد خاتەمی، لە کۆتاییەکانی خووڵی سەرۆکۆماری خۆیدا، باسی لێکرد کە رۆڵی ئەو تەنیا لە ئاستی ”دابینکەر دایە. واتە تەنانەت ئەو رێژەیە کەمە لە کاندیداکانی سەرۆک کۆماری کە لە پاڵوێنەی هەڵاواردنی ئایینی، مەکتەبی، رەگەزی، سیاسی ـ مەزهەبیەکان، و لە کۆتاییشدا لە ”بەباش زانین ـ استصوابی” تێپەردەبن، لە کۆتاییدا هیچ دەسەڵاتێکیان نیە.. خەڵک دەچن و “دەنگ” بە کەسێک دەدەن کە دەبێ “نۆکەری” ئاغا بێت و نە دەڕوەستی خەڵک (ئەو کەسانەی کە هەڵی دەبژێرن). لە دوایین خولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئاویان بە دەستی خەڵک داکردو تەنانەت ئەو نوێنەرە (پیاوی سیاسی ـ مەزهەبی. لایەنگری مەزهەبی فەرمی وڵات، باوەڕدار بە سیستەم و دەروەستی ویلایەتی ئەمر، و تێپەر بوو لە چاوەدێری بە باش زانین ـ استصواب، و کەسایەتی جێگای پەسەندی ئیمام خومەینی) هەڵبژێردراوی خەڵکیان پەسەند نەکرد و تەزویریان لە ئاکامی هەڵبژاردن دا کرد، و لە شیکردنەوەدا وتیان کە لە ئیسلامدا دەنگی خەڵک لە بنچینەدا سفرە و تەنیا بە ژمارەی وەلی ئەمرەوە واتا دەدات.
٥ـ لە کۆماری ئیسلامی دا مرۆڤ (بە پێی یاسا) سەرەتا لە سەر بنەمای ئایین(ئیسلام)، دوایی بە پێی مەزهەب(شیعە)، دوایی بە پێێ مەکتەب(ئوسولی)، ئەوجار بە پێی لق (دەسەڵاتی فەقیهـ). واتە تاکوو ئێرە لە سەر بنەمای بۆچوون و بڕوا ، دابەش دەکەن بەسەر چەمکە یاساییە جیاوازەکاندا. و دوایی ویستی ناخیان، ڕادەی باوەڕو ئیمانیان و …، بەشێوەیەکی کۆتایی تاوتوێ دەکرێت (لە لایەن پیاوانی ئایینی لایەنگری سیستەمی کۆماری ئیسلامی. واتە بە پێچەوانەی بنەمای روونی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ، “هەموو کەس” ئیزنی نیە لە بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی وڵات دا بەشداری بکات، و “هەموو کەس” لەگەڵ هەبوونی مەرجی یەکسانی هاوبەش مافی نیە لە پیشە گشتیەکانی ولاتی خۆی دامەزرێ، و ”بنەما و ناوەرۆکی هێزی حکومەت” ویستی خەڵک نیە، لەبەر ئەوە کە بۆ نموونە لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا:
ـ هەموو خەڵک جیا لە موسڵمانان ( تەنانەت باوەڕدارانی ئەو ئایینە خاوەن کتێبانەی کە لە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیدا بە فەرمی ناسراون، وەکوو زەردەشتیەکان، مەسیحیەکان، جولەکەکان/ لەوانەیە بە گشتی یەک میلیۆن کەس لە ئێراندا)
ـ موسڵمانە سونیەکان (ژن و پیاو، پیاوی ئایینی و نا ئایینی، ژمارەیەک لە نێوان ١٠ تاکوو ١٥ میلیۆن کەس/ بە گشتی دانیشتوانی سنوورەکانی ئێران)
ـ ژنانی ئێران (نیوەی کۆمەڵگا)
ـ تەواوی ئەو کەسانەی کە شیعەن، بەڵام دوازدە ئیمامی لایەنگری مەکتەبیی ئوسولی دەسەڵاتی فەقیهــ نین (وەکوو: ئەخباریان، بەهایەکان، باوەڕداران و پیاوانی ئایینی دژبەری حکومەتی “دەسەڵاتی فەقیهــ” و …)
ـ تەواوی گرووپە سیاسیە “نایاساییەکان”
ـ تەواوی ڕێبەرانی سیاسی کە مەزهەبی نین( چوونکە، سەرۆک کۆمار دەبێ لە پیاوانی سیاسی ـ مەزهەبی بێت)
ـ و تەواوی کەسانێک کە بە پێی زەوقی “دەستە بەڕێوەبەریەکانی” وەزارەتی ناوخۆ، یان شۆڕای چاوەدێری لە پاڵوێنەی ” بەباش زانین ـ استصواب ” تێناپەڕن، و…
تەواوی ئەو کەسانە، لەگەڵ ئەوەی دا کە هاوڵاتی ئێرانن، بەڵام لە مافی مرۆڤ، لە مافە بنەڕەتیەکان، و لە مافە مەدەنی و مافی هاوڵاتی بوون بە پێی یاسا، بە فەرمی و بە ئاشکرا بێ بەشن، بەپێی یاسای بنەڕەتی، و لە کۆتاییدا تەنانەت مافی ئەو چەند لەسەدەی کە ماوەتەوە نەتەنیا ناپارێزرێ، بەڵکوو وڵامی نارازیان بە لێدان و ئازار، گرتن و ئەشکەنجە، دەستدرێژی و لەسیدارەدان، و کوشتار دەدەنەوە.
٦ـ مادەی ٢١ جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ دەڵێ”
“١ـ هەموو کەسێک مافی بەشدار بوونی هەیە لە بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی وڵاتەکەیدا، بەشێوەی راستەو خۆ یان بە هۆی نوێنەرەکانیەوە کە ئازادانە هەڵدەبژێردرێن.
٢ـ هەموو کەسێک چۆنیەک مافی وەرگرتنی کارو فەرمانبەریە گشتیەکانی لە وڵاتەکەیدا هەیە.
٣ـ خواستی گەڵ سەرچاوەی دەسەڵاتی حکومەتە، ئەم خواستەش بە شێوە هەڵبژاردنێکی دروست و دیاریکراو لە سەر بناغەی دەنگدانێکی نهێنی و یەکسانی هەمووان دەردەبردرێ، یان بە هەر چەشنێکی دیکە کە ئازادی دەنگدان بپارێزێت.”
و برگەی یەکەم لە مادەی دووهەم دەڵێت:
“١ـ هەموو کەس دەتوانێ بەبێ هەڵاواردن بە تایبەت لە رووی ،رەگەز، ناسنامە، زمان، مەزهەب ـ بیروبۆچوونی سیاسی یان هەر بیرو بۆچوونێکی دیکە و هەروەها نەتەوەو بارودۆخی کۆمەڵایەتی ـ سامان ـ شوێنی لەدایک بوون یان هەر پێگەیەکی دیکە لە تەواوی ئەو ئازادیانەی کە لە جاڕنامەی جیهانی دا هاتوون، بەهرەمەند بێت.”
کۆماری ئیسلامی ئێران جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤی (و هەموو بەڵێننامە پێوەندیدارەکان بە مافە مەدەنی ـ سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی) واژۆ کردوە و لە ئاکامدا دەبێ دەروەست بێ بە بەجێهێنانی جاڕنامەکە (جاڕنامە و زۆرینەی پەیماننامەکان، بەر لە شۆرشی ئیسلامی، کە لە لایەن دەسەڵاتی ئەو کاتی واژۆ کراون و کۆماری ئیسلامی ئێران تاکوو هەنووکە واژۆکانی وەرنەگرتۆتەوە). مافی مرۆڤ و دێموکڕاسی، لە بنەڕەت و ناوەڕۆکی خۆیدا، لە گەڵ پێکهاتەی حکومەت لە کۆماری ئیسلامیدا لە دژایەتیەکی بنچینەییدایە. لەنێوان ”حەکم و رێوشوێنە شەرعیەکان” و جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ، لەنێوان ئەقل و پێکهاتەی مرۆڤی ئازاد و ملکەچ بوونی بێ ئەملاو ئەملای لە دوگمە ئایینی ـ مەزهەبیەکان بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی کۆمەڵگا، لە نێوان یەکسانی لە مافەکانی “هەموو کەس” لە بەرامبەر یاسا لەگەڵ هەڵاواردن، لەنێوان سیستمێکی سیاسی تۆتالیتێری پشئەستوور بە ئایین و مەزهەب و سیستمی دێموکڕاسی لیبڕاڵ ، لەنێوان کۆمەڵگایەکی داخراوو کۆمەڵگایەکی کراوە، لەنێوان مافی دەسەڵاتی خەڵک بەسەر چارەنووسی خۆیان و مافی دەسەڵاتی ”ئیلاهی”، دەبێ یەکێکیان هەڵبژێرین و رێگای سێهەممان لەبەردەم دا نیە. لە هیچ وڵاتێکی دێموکڕات دا ”شۆڕش” رووی نەداو لە هیچ سیستمێکی تۆتالیتێری (یەکیەتی سۆڤیەت و تەواوی وڵاتانی ئەوروپای رۆژهەڵات) هیچ “ریفۆرم و چاکسازی” بنەڕەتی بە بێ لەیەک هەڵتەکانی هەمووو سیستمەکە نەرەخسا.
راستیەکەی ئەمەیە کە لە کۆتاییدا زیاتر لە دووشێوەی حکومە بوونی نیە: یەکێان، شێوەیەکی حکومەتە کە لەو دا دەسەڵاتداران بە پێێ ویست و خواستی گەڵ، لە هەڵبژاردنێکی ئازاددا دێن و دەڕۆن (دێموکراسیە پارڵمانیە لیبرالیەکان). و ئەوەی دیکەشیان، حکومەتێکە کە لەودا ئەگەر گەڵ دەسەڵاتدارانی نەویست بە بێ زۆرو توندوتیژی ناڕۆن و دەستبەرداڕی دەسەڵاتەکەیان نابن (بڕوانە مێژووی گەشەسەندن و گۆڕانە سیاسیەکانی وڵاتانی جۆراوجۆرلە سەدەی بیستەمدا).
٧ـ دەسەڵاتی دادوەری
“وەکوو دەگێرنەوە کە وەئەستۆ گرتنی بەرپرسایەتی دادگا لە لایەن پەیامبەر (د.س) یان وەسی ئەوە، لەمەیکە فەقیهــە دادپەروەرەکان بە پێی دیاری کردنی ئیمامانی شیعە کاری دادگا وەئەستۆ دەگرن و وەئەستۆگرتنی دادگا لە کارەکانی فەقیهـە دادپەروەرەکانە ناکۆکیەک نیە… بەرپرسایەتی دادوەری کردن کاری فەقیهـە دادپەروەرەکانە جێگای کێشە نیە و کەم و زۆر روونە… پێشتر وتم کە بەرپرسایەتی دادگاکان بۆ فەقیهـە دادپەروەرەکانە و ئەم بابەتە لە پێویستیەکانی فقهە و لەو دا ناکۆکیەک نیە… ئیمام دەفەرمێ: خۆ بپارێزن لە حوکم دان (دادگایی کردن)، لەبەر ئەوەی کە حکومەت (دادگایی کردن) تەنیا بۆ ئیمامێکە کە زانا بێ لە دادوەری دا ( و رێوشوێنی دادگایی کردن و یاساکان) و لە نێو موسڵمانان دا دادپەروەر بێت، بۆ پەیامبەرە یان راسپێردراوی ئەوە… فەقیهـەکان راسپێردراوانی دەستە دووی پەیامبەرن. و کاروبارێک کە لە لایەن نێردراوی خوا بە ئیمامەکان (ع) سپێردراوە بۆ ئەوانیش جێگیرە و دەبێ تەواوی کارەکانی نێردراوی خوا بکەن… فەقیهــ راسپێردراو و نێردراوی خوایە و لە سەردەمی نادیاری، ئیمامی موسڵمانان ئەو دەبێ دادوەر بێت و هیچ کەس جیا لەو مافی دادوەری و دادگایی کردنی نیە… هەروەهاش پۆستی سەرۆکایەتی و دادوەریەک کە ئیمامەکان (ع) بۆ فەقیهـەکانی ئیسلامی دیاری کردوە هەمیشە پارێزراوە… بە پێی ئەمە زاناکانی ئیسلام لە لایەن ئیمام (عەلی) دادەندرێ بۆ پۆستی حکومەت و دادوەری کردن و ئەم پۆستە بۆ هەمیشە بۆ ئەوان پارێزراوە… و بە پێی ئایەی پیرۆز دەبێ هەر کارو بابەتێک لە کارەکانی حکومەت لە سەر رێوشوێنی دادپەروەری واتە لە سەر بنەمای یاسای ئیسلام و حوکمی شەرع بێت، دادوەر بە شتی بەتاڵ حوکم نەکات، واتە لەسەر بنەمای یاسای نارەوای نا ئیسلامی حوکم دەرنەکات و نە رێوشوێنی دادگاییەکەی و نە یاسایەک کە حوکمی خۆی لەسەر بنیاد دەنێ هیچکامیان نا ئیسلامی (بەتاڵ) نەبن.” نامەیەک لە ئیمام موسەوی خومەینی، ساڵی ١٣٧٧ ژمارەی تۆمارکردن ١٠٥٢.
جارێکی تر بە زمانێكی ساکار:
“ویلایەت” (حکومەت) لە مافەکانی خودایە کە گواستوویەتیەوە بۆ پەیامبەر محەممەد، لە ئاکامدا، یاسا دانان، بەڕێوەبردنی و هەروەهاش دادوەری لە مافی رەهای ”خودایە” و لە دوای ئەو پەیامبەر محەممەدە. لە دوای پەیامبەر ئەم مافە دەگوازریتەوە بۆ جێگرەکانی ئەو (لە روانگەی شیعە دوازدە ئیمامیەکان)، دوازدە ئیمام. لە سەردەمی نادیاری ئیمامی دوازدەیەم، تاکوو دەرکەوتنی، ئەم مافە دەگواستریتەوە بۆ فەقیهـو موجتەهیدە دادپەروەر و چاکەکارەکان. لە کۆماری ئیسلامی ئێران دا، شۆڕای شارەزایانی ڕێبەری (٨٦ موجتەهید) ڕێبەری مەزهەبی سیستەم (فەقیهـ یان موجتەهیدێک) هەڵدەبژێرن، و یان دەیدۆزنەوە کە ئەو دەبێتە ئیمامی ئۆمەت و وەلی ئەمر. ڕێبەر، ئەندامانی فەقیهـی شۆڕای چاوەدێری دیاری دەکات تاکوو بابەتی یاسا دانان لە چووارچێوەی حوکم و رێوشوێنە شەرعیەکان کۆنترۆل بکات و موجتەهیدەکان لە سەروو دەسەڵاتی دادوەری دادەنێ تاکوو بابەتی “دادوەری” لە سنووری حوکم و رێوشوێنە شەرعیەکان برەخسێنێ. مافی حکومەت (ویلایەت) بۆ فەقیهــ و موجتەهیدەکانە کە لە شێوەی سیستەمی سیاسی ”دەسەڵاتی فەقیهـ” (کۆماری ئیسلامی)، و لە سەر بنەمای شیعەی جەعفەری، و لە چواەچێوەی حوکم و رێوشوێنە شەرعیەکان بەڕێوە دەچێت. بەڵام، وەئەستۆگرتنی بەرپرسایەتی دادگاکان لە لایەن فەقیهــ و موجتەهیدەکان چۆنە؟
بەشی یازدەیەم، لە بنەمای ١٥٦ را تاکوو ١٧٤، تایبەتە بە دەسەڵاتی دادوەری. بنەمای ١٥٦ دەڵێت دەسەڵاتی دادوەری، دەسەڵاتێکی سەربەخۆیە.. و لە ئەرکەکانی ئەو “بووژانەوەی مافە گشتییەکان و بەرفراوان کردنی دادپەروەری و ئازادیە رەواکان” (واتە شەرعی، بەندی ٢)، و هەروەها دۆزینەوەی تاوان و گەران بەدوای تاوانباران و سزادانی تاوانباران و بەڕێوەبردنی حدود و رێسا نوسراوە تاوانکاریەکانی ئیسلامە و هتد.(بەندی ٤)
سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری کێیە و چۆن هەڵدەبژێردرێت؟
” بە مەبەستی بەڕێوەبردنی پەربرسایەتیەکانی دەسەڵاتی دادوەری لە هەموو کاروبارەکانی دادوەری و بەڕێوەبەری و ئیداری، ڕێبەر کەسێکی موجتەهید و ئاگا بە پرسی دادوەری، بەڕێوەبەرو بەڕاوتەگبیر بۆ ماوەی پێنج ساڵ وەک سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری دیاری دەکات کە بەرزترین بەرپرسی دەسەڵاتی دادوەریە”(١٥٧)
ئەرکەکانی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری کامانەن؟
“١ـ پێکهێنانی رێکخستنی پێویست لە خانەی دادوەری
٢ـ دابین کردنی گەڵالەی دادوەری گونجاو لەگەڵ کۆماری ئیسلامی
٣ـ دامەزراندنی دادوەری دادپەروەرو لێهاتوو هەروەها لابردن و دانانیان و گۆرینی شوێنی خزمەتیان، دیاری کردنی کارەکانیان و بەرز کردنەوەی پلەیان و وەکوو ئەمانە لە کاروباری ئیداری، بە پێی یاسا” (١٥٨)
کەواتە، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری (موجتەهیدی دادپەروەر، هەڵبژێردراوی ڕێبەر) بەرپرسی رێکخستنی بەرێوەبەرایەتی دادوەریە و بەرێوەبەرایەتی دادوەریش ” سەرچاوەی فەرمی دادخوازی و شکایەتەکانە” (بنەمای ١٥٩). وەزیری بەڕێوەبەرایەتی دادوەری (ئەندامی دەستەی دەوڵەت و نوێنەری لەوانەیی خەڵک) چ کەسێکە و بەرپرسایەتیەکەی چیە؟ “وەزیری بەرێوەبەرایەتی دادوەری بەرپرسایەتی هەموو ئەو پرسە پێوەندیدارانەی کە پەیوەندی بە دەسەڵاتی دادوەری و دەسەڵاتی بەڕێوەبەری و دەسەڵاتی یاسادانان هەیە لە ئەستۆیە و لە ناو ئەو کەسانەی کە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری بە سەرۆک کۆماریان پێشنیار دەکات هەڵدەبژێردرێت…” (بنەمای ١٦٠).
چ کەسێک یان دامەزراوەیەک چاوەدێری لەسەر دروست بەڕێوەچوونی یاساکان لە مامودەزگای دادوەری دا دەکات؟ دیوانی بەرزی وڵات:
”دیوانی بەرزی وڵات بە مەبەستی چاوەدێری بەسەر دروست بەڕێوەچوونی یاساکان لە دادگاکاندا و هێنانە کایە یەکگرتوویی شیوازی دادوەری کردن و … لەسەر بنەمای رێوشوێنێک کە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری دیاری دەکات پێک دێت” (بنەمای ١٦١).
بەڵام، دیوانی بەرزی وڵات لە دەست کێدایە و داواکاری گشتی وڵات کێیە و چ کەسێک ئەو دیاری دەكات؟
“بەرپرسی دیوانی بەرزی وڵات و داواکاری گشتی دەبێ موجتەهید و دادپەروەر و ئاگا بە پرسە دادوەریەکان بێت و سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری بە راوێژ لەگەڵ دادوەرانی دیوانی بەرزی وڵات ئەوان بۆ ماوەی پێنج ساڵ بۆ ئەو پۆستە دادەنێ” (١٦٢)
تاکوو ئێرە تەواوی پێکهاتەی دەسەڵاتی دادوەری (سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، داواکاری گشتی، بەرپرسی دیوانی بەرزی کۆماری ئیسلامی) تەنیا لە دەست موجتەهیدە هەلبژێردراوەکانی راستەوخۆی ڕێبەر (سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری) و یان دامەزراوە ناراستەوخۆکانی ئەون، وەزیری بەرێوەبەرایەت دادوەریی، کە پیاوی ئایینی نیە ( بەڵام دەتوانێ پیاوی ئایینی بێت و هیچ رێگریەکی یاسایی بۆ ئەوە بوونی نیە)، تەنیا رۆڵی رێکخەری لە نێوان سێ دەسەڵاتە باڵاکە لە ئەستۆیە و بەرپرسی یەکلاکەرەوە و یان بڕیاردەر لە دەسەڵاتی دادوەری دا نیە.
بەندی یەکەم لە مادەی دووهەمی جاڕنامەی جیهانی مرۆڤ دەڵێت:
“١ـ هەموو کەس دەتوانێ بەبێ هەڵاواردن بە تایبەت لە رووی ،رەگەز، ناسنامە، زمان، مەزهەب ـ بیروبۆچوونی سیاسی یان هەر بیرو بۆچوونێکی دیکە و هەروەها نەتەوە و بارودۆخی کۆمەڵایەتی ـ سەروەت ـ ەیلادەت یان هەر پێگەیەکی دیکە لە تەواوی ئەو ئازادیانەی کە لە جاڕنامەی جیهانی دا هاتوون، بەهرەمەند بێت.”
و مادەی بیست و یەکی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ دەڵێ”
“١ـ هەموو کەسێک مافی بەشدار ئەوەی هەیە کە بەشدار بێ لە بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی وڵاتەکەیدا، بەشێوەی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لە ڕێگای نوێنەرەکانیەوە کە ئازادانە هەڵدەبژێردرێن.
٢ـ هەموو کەسێک وەکوویەک مافی وەرگرتنی کارو فەرمانبەریە گشتیەکانی لە وڵاتەکەیدا هەیە….
بەڵام، کاتێک (بە پێی یاسای بنەڕەتی) دامەزراوەیەک بۆ ”فەقیهـ یان موجتەهید” رێزێرف کرابێ مانای چیە؟ واتا ئەمەی کە:
ـ تەواوی کەمینە ئایینی ـ مەزهەبیەکانی ئێران : مەسیحیەکان، جوولەکەکان، زەردەشتیەکان، و ….
ـ تەواوی موسڵمانە سونیەکانی ئێران (نزیکەی ١٠ تاکوو ١٥ میلیۆن کەس)
ـ تەواوی ژنانی ئێران (نیوەی کۆمەڵگا)
ـ و تەنانەت تەواوی پیاوانی شیعەی دوازدە ئیمامی لایەنگریمەکتەبیی ئوسولیی کە فەقیهـ و موجتەهید نین و هتد.
هەموویان لە مافی “مرۆڤی” (مافی مرۆڤ) و مافی “بنەڕەتی” (هی ناو یاسای بنەڕەتی) خۆیان لە سەر بنەمای مافی هەڵبژێران یان دامەزران لە کاری دامو دەزگای حکومەت (ئەو کارانەی کە خەرجیەکەی لە باجی خەڵک یان لە سەرچاوەکانی وڵات دابین دەبێت) بێ بەشن، تەنیا لەبەر ئەوە کە ”فەقیهـ یان موجتەهید” نین.
سەرەڕای ئەمەش، لە کۆماری ئیسلامی ئێران دا کۆی یاسا دادوەریەکان دەبێ لە چوارچێوە و بە پێی بنەمای رێوشوێن و حوکم و رێسا شەرعیەکان بێت. (بنەمای ٢، ٤، ١٥٨، ١٦٧، ١٦٨، ١٧٢) و دووبارەش بە پێی بنەمای یاسای بنەڕەتی، ”دادوەرانی دادگاکان لەسەریان ئەرکە کە خۆ بپارێزن لە بەڕێوەبردنی ئەو پەسەند کراو و ئایین نامە دەوڵەتیانەی کە پێچەوانەی یاسا و رێسا ئیسلامیەکان بن.” (بنەمای ١٧٠). و تەنانەت، ئەگەر دادوەر حوکمی داوایەکی لە یاسا نوسراوە ئیسلامیەکان نەدیەوە، دەبێ ”بە گەرانەوە بۆ سەرچاوە باوەڕپێکراوە ئیسلامیەکان یان فەتوا باوەڕپێکراوەکان حوکمی داواکە دەربکات”(١٦٧). یاسای بنەڕەتی بۆ پێش گرتن لە بابەت گەڵێک کە لەوانەیە لە چوارچێوەی رێوشوێنە ئیسلامیەکان بەدەر بن، ئەرک دەخاتە سەر دادوەرانی دادگا” لە لە بەڕێوەبردنی ئەو پەسەند کراو و ئایینامە دەوڵەتیانەی کە پێچەوانەی یاسا و رێسا ئیسلامیەکان یان لەدەرەوەی سنوری دەسەڵاتی یاسا دانانە، خۆ بپارێزن…(بنەمای ١٧٠)
بەم پێیە، لە دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران دا بە پێی یاسای بنەڕەتی، مافی دەسەڵاتی خەڵک بەسەر چارەنووسی خۆیاندا، و هەروەهاش یەکسانی مافی مرۆڤەکان لە بەرامبەر یاسا دا لە بنەڕەت دا و بە فەرمی و بە پێی یاسا پێشێل دەبێت:
١ـ یاسا دادوەریەکانی ئێران تەنیا لە چوارچێوەی حوکم و رێوشوێنە شەرعیەکاندا بایەخی هەیە، لە کاتێک دا مافی یاسادانان لە سیستمە دێموکڕاتیکەکاندا (لێرەدا یاسا دادوەری و تاوانکاریەکان)تەنیا لە رێگای نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵک (پارڵمان)، و لە سەر بنەمای جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ و زۆربەی بەڵیننامەکانی دەکرێت.
٢ـ پاوان کردنی پوستە گرینگەکانی دەسەڵاتی دادوەری( و هەروەها مافی دادوەری بۆ پیاوانی ئایینی) تەنیا بۆ فەقیهــ و موجتەهیدەکان نیشانەی پێشێل کردنی ئاشکرای بنەمای “یەکسانی لە مافەکانی” تەواوی هاوڵاتیانی ئێران لە بەرامبەر یاسادایە. و هەروەهاش لادانی لایەنگران و شوێن کەووتوانی تەواوی ئایین و مەزهەبە نائیسلامیەکان، تەواوی سونیەکان، تەواوی ژنانی ئێران، و تەنانەت تەواوی پیاوانی شیعەی شوێنکەوتەی سیستەمی کۆماری ئیسلامی کە فەقیهـ یان موجتەهید (یان “مەڵا”) نین. شایانی باسە کە تەواوی خەرجیەکانی دامودەزگاکانی دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی( و هەروەها هەموو حکومەت، لە شوڕای شارەزایانی ڕێبەری تاکوو هێزە سەربازیەکان) لە رێگای باجی ”هەموو خەڵک” یان ئەو سەرچاوە سروشتیانەی کە موڵکی هەموو خەڵکی وڵاتە دابین دەکرێت، واتە، هاوڵاتیان لەگەڵ بەڕێوەبردنی ئەرکەکانی هاوڵاتی بوونی خۆیان ( دابین کردنی خەرجیەکانی دامەزراوە حکومیەکان) بێ بەشن لە مافە بنەڕەتیەکانیان.
سەرەڕای ئەمەش کە، یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە بەشی دەسەڵاتی دادوەریدا، ”تاوانی سیاسی” بە فەرمی دەناسێت: “راگەیشتن بە تاوانە سیاسی و بڵاوکراوەیەکان ئاشکرایە و بە بەشداری دەستەی بریاردەران لە دادگاکانی بەرێوەبەرایەتی دادوەری بەڕێوە دەچێت. یاسا شێوەی هەڵبژاردن، مەرجەکان دەسەڵاتەکانی دەستەی بڕیاردەران و پێناسەی تاوانی سیاسی لە سەر بنەمای رێوشوێنی ئیسلامی دیاری دەکات” (بنەمای ١٦٨).
لە سیستمێکی دێموکڕاتیک دا ”تاوانی سیاسی” لە بنچینەدا بێ مانایە، لەبەر ئەوەی کە سیاسەت ” زانستی” بەڕێوەبردنی کۆمەڵگایە و چالاکی سیاسی یەکێک لە بەشەکانی چاکاکی کۆمەڵایەتیە کە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤیش بە فەرمی ناسیوە و هەروەها بە مافی هاوڵاتی بوونیشی دەزانێت. کەواتە، بە تاوان زانینی جۆرێک لە چالاکی سیاسی (کە چەندو چۆنی شرۆڤە و لێکدانەوەکەی بەدەست دەسەڵاتدارانە) واتە بە یاسایی کردنی سەرکوتی دژبەران، چەسپاوە لە یاسای بنەڕەتی دا، ئەگەر کەسێک رێگا و بەرنامەیەکی دیەکەی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵگا هەبوو، و روانگە و رێگاو شێوازەکەی لەگەڵ رێگا وشێوازی دەسەڵاتداران جیاواز بووو، بۆچی دەبێ وەها بابەتێک ”تاوان” بێت؟ “تاوانی سیاسی” واتە ئاواڵە کردنی دەسەتی دەسەڵاتداران بۆ سەرکوتی دژبەران، بە مەبەستی پاراستن و پتەوکردنی هێزو دەسەڵاتی خۆیان. لە بنجینەدا ”چاکسازی” سیستەم یان حکومەت و یان سیاسەتەکانی دەوڵەتی، بەبێ رخنەگرتن و خەسارناسی دەسەڵاتداران و هێنانە بەر باسی بەرنامەی جێگرەوە، چۆن دەکرێت؟ ئەرکی ئۆپۆزیسیۆن، لە تەواوی سیستمە دێموکڕاتیکەکاندا، خەسارناسی و رخنەگرتن لە دەسەڵاتداران و خستنەرووی بەرنامە لەلایەن ئەوان، و هەروەها ئاشکرا کردنی کەموکورتی و هەڵاکانیانە.
با بزانین زەوت کردنی مافی یاسادانان لەلایەن هاوڵاتیانەوە لە کاروباری دادوەریدا و هەروەگا سنوردار کردنی ئەو ماگە لە ”حوکم و ڕێوشوێنە شەرعەیەکان” یان فەتوا باوەڕپێکراوەکاندا چ شوێنەوارگەڵێکی بۆ کۆمەڵگا بەدوا دادیت و دەبێت؟
ـ هەڵاواردن و یان بێ مافی کەمینە ئایینی ـ مەزهەبیەکان لە مافە بنەڕەتیەکان و مەدەنیەکاندا: بێبەش بوون لە مافی بەشداری کردن لە تەواوی دامەزراوەکانی یاسای بنەڕەتی، و هەڵاواردن لە مافە مەدەنیەکاندا ( وەک نمونە: کافر لە موسڵمان میرات ناگرێ، یاسا مەدەنیەکان ٨٨١. دادوەر دەبێ پیاوی موسڵمان بێت، یاسای هەڵبژاردنی دادوەرانی بەرێوەبەرایەتی دادوەری.ه موسڵمانێک بکوژرێ بکوژ دەبێ بکوژریتەوە مادەی ٢٠٧ قەساس).
ـ هەڵاواردن و بێ مافی ژنان لە مافە بنەڕەتی و مەدەنیەکان: بێ بەشکردنی ژنان لە مافی هەڵبژێران لە تەواوی ئەو دامەزراوە بڕیاردەرانەی کە لە یاسای بنەڕەتیدا ئاماژەیان پێ کراوەو بێ مافی و یان هەڵاواردن لە مافە مەدەنیەکاندا (بۆ نموونە: پیاو دەتوانێ هەر کاتێک بیهەوێ هاوسەرەکەی تەلاق بدات، مادە ١١٣٣ یاسای مەدەنی، کوشتنی بە ئەنقەست بە شایەدی دوو پیاوی دادپەروەر دەسەڵمێنرێت، قەساس، مادە ٢٢٧، دادوەر دەبێ پیاو بێت، ژنان نیوەی پیاوان میرات دەگرن، و …).
ـ سزای زۆر توندو تیژانە وەکوو بەردباران، بڕینی دەست و لاق، قامچی لێدان، بە فەرمی کردنی دەستریژی کردنە سەر منداڵان لە رێگای هێنانە خواری تەمەنی پێک هێنانی ژیانی هاوبەش (تەمەنی پێگەیشتن لە کوڕدا پازدە ساڵی تەواوی مانگیە و لە کچ دا ٩ ساڵی تەواوی مانگی‌یە، تێبینی یەک لە مادەی ١٢١٠ یاسای مەدەنی کۆماری ئیسلامی ئێران)، قەساس (هەر کاتێک کەسێک چاوی کەسێکی تر کوێر بکات یان دەری بێنیت قەساس دەکرێت واتە چاوی دەردێننەوە ئەگەرچی تاوانبارەکە یەک چاویشی هەبێت و هیچ شتێکی وەک خوێنبایی پێ نادرێت، مادە ٢٨٣ یاسای سزادانی کۆماری ئیسلامی. یان لە کاتێک دا کە تاوانبار دەستی راستی نەبێت دەستی چەپی دەبڕن و ئەگەر دەستیشی نەبن لاقی دەبردرێت. تێبینی مادەی ٢٧٥ لە یاسای سزادانی کۆماری ئیسلامی)، و یان کوشتنی سەرەرۆیانەی جیابیران لە لایەن هەر “ئیماندار”ێکی دەمارگرژ(کوشتن لە کاتێک دا دەبێتە هۆی قەساس کە کەسی کوژراو لە رووی شەرعەوە شیاوی کوشتن نەبێت و ئەگەر شیاوی کوژران بێت دەبێ شیاویەتی کوشتنی بەپێی رێوشوێنەکانی دادگا بسەڵمێندرێت. بەندی ٢٢٦ی یاسای قیساس)، و زیاتر لە بیست بابەتی تر لە یاسا تاوانکاریەکانی وڵات (هەر کەس سووکایەتی بە پێرۆزیەکانی ئایینی ئیسلام و هتد بکات ئەگەر ”ساب النبی” بیگرێتەوە لە سێدارە دەدرێت. یاسای تاوانکاری ئیسلامی بەندی ٥١٣. هەر کات کەسێک چەند جار ئارەق بخواتەوە و لە دوای هەر جارە حەد لە سەر ئەو جێ بە جێ بێت لە جاری سێهەم دا دەکوژرێت، بەندی ١٧٩، و …)
بەڵام بۆچی کار دەگاتە ئەو شوێنە؟ بە هۆی ئەوەی کە لە جیاتی تاوتوێی پێداویستی و شتە پێویستەکانی کۆمەڵگاو دیتنەوەی چارەسەری (دانانی یاسای) گونجاو لە سەر بنەمای ئەقل، زانست و ئەزموون، کەڵک لە دوگم داخراویە ئایینی ـ مەزهەبیەکان وەردەگیردرێت، داخراوی گەلێک کە گوایا راستی رەهاو چارەسەری تەواوی کێشەکانن. لە جیاتی ئەوی کە ئایین و ئیمان لە خزمەت ژیانی ئاسوودەتری مرۆڤ دابنێن، مرۆڤیان کردۆتە کۆیلەی ئەو ”بنەما پیرۆز”انە. ”پیرۆز”ی تەنیا ناموس و ئابڕووی مرۆڤ و پارێزراوی خودی مرۆڤە.
کێشەی کۆماری ئیسلامی نە لە تاکی ”وەلی فەقیهـ”دا، بەڵکوو لە سیستێمی (پێکهاتەی حکومەت) دەسەڵاتی فەقیهـ دا شاردراوەتەوە. لە سیستمێک دا کە لەودا، لە لایەک هاوڵاتی بەتەواوەتی مافی دەسەڵاتی بە سەر چارەنووسی خۆیدا لێ زەوت کراوە و لە لایەکی دیکەوە هێڵی بەسەر بنەمای یەکسانی مافی تەواوی مرۆڤەکان لە بەرامبەر یاسایدا هێناوە. واتە نە کۆماریەتی پەسەند دەکات و نە مافی مرۆڤیش.
وای دابنێین کە ”وەلی ئەمر”مان هێندە سنوور دار کردوەوە کە ( وەک هەندێک لە ”رووناکبیرانی ئایینی” کە حکومەتی دێموکڕاتیکی ئایینیان دەوێت، ویلایەتی فەقیهـ ”مشروط ـ مەجدار” کرا) کە تەنیا بوو بە هێمای سیستەمی کۆماری ئیسلامی، رەمزی و بێ هێز و دەسەڵات. چ لە گەڵ سیستمی یاسا دانانێک دەکەین کە لە سەر بنەمای شەرعیەتە (زەوت کردنی مافی یاسادانان لە خەڵک؟ لەگەڵ شۆڕای چاوەدێری، وەک دامەزراوەی یاسادانانی فەقیهــ و موجتەهیدەکان (هاوتەریبی یاسادانان لە گەڵ حوکم و رێوشوێنە شەرعیەکان) دەبێ چی بکەین؟ و هەروەها لەگەڵ دەسەڵاتی یاسادانانێک کە (پێکهاتەو یاساکانی) لە سەر بنەمای شەرع رێک دەخرێت و لە دەست فەقیهــ وموجتەهیدەکان دایە، دەبێ چی بکەین؟ ئاخۆ دەتوانین بە ”چاکسازی”، هەنگاو بە هەنگاو، تەنیا لە رێگای یاسا، لە چوارچێوەی ئەم سیستمەدا، بگەینە مافی دەسەڵاتی خەڵک بە سەر چارەنووسیان دا، و یەکسانی بۆهەموو تاکەکان (ژنان و پیاوان، لایەنگرانی تەواوی ئایینەکان و مەزهەبەکان و بیرو بۆچوونەکان، و …) لە بەرامبەر یاسا دا بێنینە کایەوە، بەڵام ئەو سیستمە هەر بمێنێتەوە؟ واتە دەبێ دەسەڵاتی گەڵ لە جیاتی دەسەڵاتی فەقیهــ و موجتەهیدەکان، مافی مرۆڤ لە جیاتی حوکم و رێوشوێنە شەرعیەکان، مافی یەکسانی هاوڵاتیان لە جێگای هەڵاواردن و نابەرابەری دابێتەکایەوە، بەڵام سیستم لە هێڵە ”سوور”ـەکانی لانەدات؟
سیستمی ”ویلایەتی فەقیهـ” لە سەر نابەرابەری و هەڵاواردن بنیاد نراوە: نا یەکسانی یاسایی ئایین و مەزهەبەکان (موسڵمان و نا موسڵمانان)، نایەکسانی یاسایی لە نێوان موسڵمانان (سنی و شیعە)، نایەکسانی یاسایی لە نێوان شیعەکان (شیعەی دوازدە ئیمامی مەکتەبیی ئوسولی و زۆربەی مەکتەبەکانی شیعە)، نایەکسانی یاسایی لە نیوان ژن و پیاوانی شیعە، نایەکسانی یاسایی لە نێوان ئیماندارانی پیاو (سادە) لەگەڵ فەقیهـ و موجتەهیدەکان. و ”دادپەروەر”ی لەم سیستمەدا واتە جیبەجێ کردنی ”شەریعەت” و نەک دادپەروەری سیاسی (دێموکراسی) یان کۆمەڵایەتی، یان دێموکڕاسی و مافی مرۆڤ. ئەقل لەم سیستمەدا واتە ”ئەقل”ی مەرجدار و رەوای فەقیهــ و موجتەهیدەکان. لە نێوان سیستمی ”ویلایەتی فەقیهـ” لە گەڵ دێموکراسی و مافی مرۆڤ، لە نێوان ویلایەتی فەقیهـ لە گەڵ کۆمەڵگای کراوەو مۆدێڕن، ناکۆکی و دژایەتیەکی بنچینەیی هەیە، یان دەبێ ئەم هەبێ یان ئەو.
٨ـ سیستەمی ”ئاپارتاید”: دابەشکردنی یاسایی مرۆڤ بە ”باش” و ”خراپ” و لە هەموان خراپتر
لە کۆماری ئیسلامی دا، مرۆڤەکان لە سەر بنەمای لاگیری ئایینی، مەزهەبی، رەگەزی، و پۆست و پێگەیان (پیاوی ئایینی یان ئیمانداری ئاسایی) دابەش دەبن بە سەر چەمک گەڵێکی جیاوازی یاسایی وەکوو باش و خراپ و خراپتر و ”مهدور الدم”. لە ئەو فەقیهــ و موجتەهیدانەی کە لەسەروو یاسا و خەڵکن تاکوو کەسانێک کە تەنانەت بە پێی یاسا (بەندی ٢٢٦، یاسای قەساس) دەتوانرێت بکوژرێن. دابەش کردنی یاسایی مرۆڤەکان لە بەرابەر یاسادا بەسەر باش و خراپ، بە هەر هۆکارێک بێت (نیژادی، مەزهەبی و …) بابەتێکە لە بنەڕەتدا هەڵەیە. مرۆڤ، تەنیا بۆ هۆکاری بیۆلۆژیک، لەبەر ئەوەی کە مرۆڤە، بونەوەرێکە هاوشێوەی نیە و ناموس و بایەخی مرۆییە، کە پارێزراوە. کۆماری ئیسلامی مرۆڤ لە سەر بنەمای هۆکاری ئایینی (ئیسلام)، مەزهەبی (شیعە دوازدە ئیمامی)، لەسەر بنەمای پێگەی تاک لە کۆمەڵ “ئیمانداران” (پیاوانی ئایینی، ئۆمەت)، و لە سەر بنەمای رەگەز (ژنان و پیاوان) بەسەر چەمکی جیاوازی یاسایی دابەش دەکات. بۆ پێکهاتەی کۆمەڵگایەکی مۆدێرن بەبێ هیچ رێگری و مەرجێک دەبێ مافی یەکسانی مرۆڤەکان لەهەمبەر یاسا دا بە فەرمی بناسرێت. بەڵام، سیستەمی حکومەت لە کۆماری ئیسلامی دا پابەندە بە ”حوکم و رێوشوێنە شەرعیەکانی ئیسلام”. کە لە بنەڕەتدا هۆکاری هەڵاواردنن (تنعیض امیزند). بۆ ژیانی هاوبەش لە چوارچێوەی سیاسی وڵاتی ئێراندا، کۆمەڵگا پێویستی بە رێکەوتنێکی کۆمەڵایەتی، واتە یاسایەکی بنەڕەتی نوێ‌یە کە لەودا پابەندبوونی یاسادانان نە بە ”حوکم و رێوشوێنە شەرعیەکان” بەڵکوو پابەند بێت بە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ. لە رێکەوتنی تازەی کۆمەڵایەتی دەبێ مافی دەسەڵات نە لە خواوە سەرچاوەی گرتبێ، بەڵکوو لە گەلەوە سەرچاوەی گرتبێت و دەسەڵاتداران نەک نوێنەرانی خۆدخواندەی ”اللە” لەسەر زەوی بن، بەڵکوو نوێنەرانی هەڵبژێردراوی گەڵ بن.
ئا ـ لە کۆماری ئیسلامی دا، مرۆڤ بە پێی یاسا بەسەر حەوت چەمکی یاساییدا دابەش دەکرێت:
١ـ فەقیهــ و موجتەهیدەکانی شیعەی دوازدە ئیمامی لایەنگری مەکتەبیی ئوسولی (مافی رەها، لەسەروو یاساو گەڵ، مافی رەهای دەسەڵات، مافی یاسادانان و شرۆڤەی یاسا، مافی دادوەری، مافی بەڕێوەبەری و …) بەڵام، لە کردەوەدا، تەنانەت فەقیهــ و موجتەهیدەکانیش بەسەر باش و خراپ و خراپتردا دەبەش دەبن و تەنیا کەسانێک کە لە پاڵوێنەی ” بە باش زانین ـ استصواب ” شۆڕای چاوەدێری تێپەر دەبن کە باوەڕو ئیمانی کردەکیان بە سیستەمی کۆماری ئیسلامی ویلایەتی ئەمر سەڵمێندرابێت. نزیک بە تەواوی ئۆرگان و دامەزراوە بنەڕيتیەکانی بڕیاردان کە لە یاسای بنەڕەتی دا هاتوون لە پاوانی چەند گرووپێکی کۆمەڵایەتی دایە، وەکوو:
ـ شۆڕای شارەزایانی ڕێبەری (بەرزترین وسەرووترین دامەزراوەی یاسای بنەڕەتی، ٨٦ کەس موجتەهید)
ـ ڕێبەر (فەقیهـ یان موجتەهید، کۆبوونەوەی نزیک بە تەواوی دەسەڵاتی حکومەت، لەسەروو گەڵ و یاسا، لە ”ویلایەتی رەها بەسەر هەرسێ دەسەڵاتە بەرزەکەدا” تاکوو فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی وڵات، و …)
ـ شۆڕای چاوەدێری (دامەزراوەی یاسا دانانی وڵات و دامەزراوەی دیاری کردنی خۆییەکان لە ناخۆییەکان، شەش فەقیهـ یان موجتەهید و شەش یاساناسی موسڵمان)
ـ سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری (بەرپرسی سەرکوتی “دادوەری” جیابیران و دژبەران، موجتەهیدێک)
ـ سەرۆکی دیوانی بەرزی وڵات (موجتەهیدێک)
ـ داواکاری گشتی (موجتەهیدێک)
ـ کۆڕی دیاری کردنی بەرژەوەندیەکانی سیستەم (ئەمدامە جێگیرو ناجێگیرەکانی لە لایەن ڕێبەر، کەسێکی فەقیهـ و یان موجتەهید، دیاری دەکرێن)
سەڕەرای ئەوەش ”پۆست گەڵێک” کە (لەدەرەوەی چوارچێوەی و سنووری مافە بنەڕيتیەکاندا) تەنیا لە پاوانی فەقیهــ و موجتەهیدەکانە: ئیمامەکانی نوێژی هەینی، پۆستی وەزارەتی زانیاری و ئەمنیەتی وڵات (واواک) ، نوێنەرە تایبەتەکانی ڕێبەر لە دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی وڵات دا، و …
٢ـ پیاوانی ئیمانداری شیعەی دوازدە ئیمامەی لایەندگری مەکتەبیی ئوسولی.
ئەمانە، لە دوای فەقیهــ و موجتەهیدەکان، بەرزترین مافیان هەیە. ئەمانەش لە کردەوەدا، بە پابەند بوونی کردەکیان بە دەسەڵاتی فەقیهـ و ئیمامەتی ئۆمەت دابەش دەبەن بە سەر چەمکی باش، خراپ و خراپتر. باشەکانیان، لە دوای تێپەر بوون لە پاڵوێنەی “بە باش زانین ـ استیصواب”، دەتوانن تەنانەت ببنە سەرۆک کۆمار یان نوێنەری پارڵمان (بە پێی یاسای بنەڕەتی). رخنەگرانی دەسەڵاتی فەقیهـ لە پشت دەرگای “بە باش زانین ـ استیصواب” دەمێننەوە و بەم شیوەیە لە مافی بنەڕەتی (سەرۆک کۆماری و نوێنەرایەتی لە پارڵماندا) خۆیان بێ بەش دەبن، لەگەڵ ئەوەی دا کە شیعەن و پیاوو لایەنگری کۆماری ئیسلامیشن
٣ـ ژنانی ئیمانداری شیعەی دوازدە ئیمامی لایەنگری مەکتەبیی ئوسولی:
ژنانی ئیماندار لە مافی بنەڕەتی خۆیان، واتە لە مافی هەڵبژێران لە تەواوی دامەزراوەکانی یاسای بنەڕەتی (جیا لە پارڵمانی شۆڕای ئیسلامی، کە ئەویش فەخریە، لەبەر ئەوەی کە مافی یاسادانان لە دەست شۆڕای چاوەدێریە) بێ بەشن. لە مافە مەدەنیەکان دا یان نیوی مافی پیاوانیان هەیە یان بە تەواوەتی بێ مافن (نیوەی کۆمەڵگا).
٤ـ ئەو موسڵمانە سونیانەی لە لایەنگری مەزهەبی حەنەفی، شافعی، مالکی، حەنبەلی و زیدین، کە ”رێزی تەواو”یان هەیە، و نەک مافی یەکسان لەگەڵ لایەنگرانی شیعە. لەوانەیە ژمارەی موسڵمانانی سوننی لە ئێراندا نزیکەی ١٠ تاکوو ١٥ میلیۆن کەس بێت کە بە شێوەی گشتی نیشتەجێی سنوورەکانی ئێرانن و نەک مەزهەبی شیعەیان لا پەسەند نیە، بەڵکوو لە بنەڕيتدا بە لادانێکی گەورە لە ئایینی ئیسلامی دەزانن. ئەمانە لە مافی بنەڕەتی خۆیان (تەنانەتی پیاوانی ئایینیشیان) لە سەر بنەمای مافی بەشداری کردن لە دامەزراوەکانی بەڕێوە بردنی کاروباری گشتی کۆمەڵگادا، واتە ئەو دامەزراوانەی کە لە یاسای بنەڕيتیدا ئاماژەیان پێ کراوە، لە بنەڕەتدا بێ بەشن و لە یاسای مەدەنیدا بەشێک بێ بەشن و بەشێکیش هەڵدەواردرێن. موسڵمانە سونیەکانی ئێران، لە کردەوەدا، لە بەشداری کردن لە زۆرێک لە دامەزراوە فەرمیەکانی حکومەت وەکوو بەرپرسایەتیە بەرزەکانی سپا، بەسیج و …، ئیمامەکانی نوێژی هەینی، ئەفسەرانی بەرزی ئەرتەش و …، وەزارەتی زانیاری و ئاسایشی وڵات، نوێنەرایەتی تایبەتی ڕێبەری لە دامەزراوەکانی ناو خۆی وڵات، و …. بێ بەشن. یان وەک نموونە، ئەگەر شایەتی دانی ژنان لە هەندێ بابەت دا لە بنچینەدا پێی وەرناگیرێت و لە هەندێک بابەتیش دا بە نیوەی پیاوان هەژمار دەکرێت، سەبارەت بە سونیەکان، تەنانەت شایەدی دانیشیان پێی وەرناگیرێت، لەبەر ئەوەی کە ئەوان بەشێک نین لە ئیمانداران و تەنیا موسڵمانن.
٥ـ موسڵمانەکان جیا لە مەزهەبەکانی حەنەفی، شافعی، مالکی، حەنبەلی (پێوەندیدار بە سونەت) و جیا لە شێعە دوازدە ئیمامیەکانی لایەنگری مەکتەبیی ئوسولی (پێوەندیدار بە مەزهەبی شیعە و لقەکانی)، نە مافێکیان لە یاسای بنەڕيتیدا هەیەو تەنانەت ”رێزیشیان” بۆ لەبەرچاو نەگێراوە.
٦ـ ناموسڵمانانی پێرەوی کتێبی ئاسمانی
کە هەم لە مافە بنەڕەتیەکانی خۆیان، بە پێی یاسا بێ بەشن و هەمیش لە مافە مەدەنیەکانیان و هتد.
٧ـ ناموسڵمانانی جیا لە پێرەوی کتێب کە تەنانەت کوژرانیشیان پێویستە. وەکوو کافرەکان و موشریکان و یان بەهاییەکان، و…
تایبەتمەندکردن و تەرخان کردنی دامەزراووەو ئۆرگانە بنەڕيتیەکانی بەڕێوەبەری کاروباری گشتی وڵات بە فەقیهــ و موجتەهیدەکان بە چ واتایەک دەبێت؟
ـ واتە ئەوەی کە، ٥٠% ی کۆمەڵگا کە ژنان، بێبەشن لە مافی بەشداری کردن و هەڵبژێران لەم دامەزراوانەدا. بۆچی؟ چونکە ئەوان فەقیهـ و موجتەهید نین.
ـ تەواوی کەمایەتیە ئایینی ـ مەزهەبیەکان بێ بەشن لە مافی بەشداری کردن لەم دامەزراوانە. بۆچی؟ لە بەر ئەەوی کە ئەوانیش فەقیهـ و مەجتەهیدیان نیە.
ـ تەنانەت سونیەکانی ئێرانیش بێ بەشن لە مافی بەشداری کردن لەم دامەزراوە و ئۆرگانە بنەڕەتیە بریاردەرەکانی کۆمەڵگا. بۆچی لەبەر ئەوەی کە فەقیهـ و موجتەهیدی مەکتەبیی ئوسولی لە بنەڕەتەوە جێگای پەسەندی سونیەکان نیە.
ـ هەموو گرووپە سیاسی، ناسینالیستەکان، کۆمۆنیستەکان، سوسیالیستەکان. سوسیال دێموکڕاتەکان، ناسیونالیستە ـ مەزهەبیەکان و … هەموویان بێ بەشن لەم مافە، تەنیا لەبەر هۆکاری ئەوەی کە فەقیهـ و موجتەهیدیان نیە.
لەم سیستمەدا تەنانەت پیاوانی شیعەی دوازدە ئیمامی پێرەوی مەکتەبیی بنچینەیی کە لە موریدەکانی سیستەم و ڕێبەری کۆماری ئیسلام بن و بە کردەوە پابەندبن بە یاسای بنەڕەتی و ویلایەتی ئەمر و وەلی فەقیهـ، واتە ئەوانەی کە فەقیهـ و موجتەهید نین،بە پێی یاسا و بە ئاشکرا بێبەشن لە مافی بەشداری کردن لە دامەزراوە و ئۆرگانە بڕیاردەرە بنەڕەتیەکانی کۆماری ئیسلامی.
ب ـ لە کۆماری ئیسلامی دا، حکومەت لە ”سەر بنەمای دەسەڵای فەقیهـ … کە لە لایەن ئیمام خۆمەینی خرایە روو” (پێشەکی یاسای بنەڕەتی). شێوەی حکومەت لەم سیستمەدا… لە سەر بنەمای روانگەی مەکتەبی‌یە و ” چاکەکاران دەبنە دەسەڵاتدارو وڵات بەڕێوە دەبەن…”
یاسا دانان لەم سیستمەدا لە سەر مەداری ”قورئان و سوننەت دێتە کایەوە و بەم پێ‌یە چاوەدێری وردی جیددی لە لایەنی ئیسلامناسانی دادپەروەر، خۆپاریزو دەروەست (فەقیهـەکانی دادپەروەر) کارێکی چەسپاوو پێویستە… (پێشەکی یاسای بنەڕەتی). سیستمی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامی دا ”لە سەر بنەمای ویلایەتی ئەمر و ئیمامەتی بەردەوام”ـە، کە یاسای بنەڕەتی بەستێنی هێنانە کایەی برەخسێنێت. بنەماکانی سیستمی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیدا لە سەر بنەمای ‘باوەڕ” بە بنەماکانی موسڵمانانی شیعەی دوازدە ئیمامەی پێرەوی مەکتەبیی ئوسولی باوەڕدار بە بیردۆزی ”دەسەڵاتی فەقیهـە”. (بنەمای ٢). واتە ئەو بنەمایانەی کە جیگای پەسەندی گرووپێکی زۆر بچووک لە جیهانی گەورەی ئیسلامن.
بنەمای ٤ یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی دەڵێت: ”گشت یاساو رێسا مەدەنی، تاوانکاری، دارایی و … دەبێ لە سەر بنەمای رێوشوێنی ئیسلامی بن… دیاری کردنی ئەو بابەتە لە ئەستۆی فەقیهـەکانی شۆڕای چاوەدێریە”. واتە پابەند بوونی یاسای بنەڕەتی نەک بە مافی مرۆڤ، بەڵکوو بە ”حوکم و رێوشوێنە ئیسلامیەکانـە ”. لە حکومەتە مودێرن و دێموکڕاتەکاندا یاسای بنەڕەتی پابەندە بە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤەوە. واتە پابەند بوون بەو مافانەی کە بۆ تەواوی مرۆڤەکانە، بە بێ لەبەرچاو گرتنی مەزهەب، ئایین، نەژاد، رەگەزو … و ئەو بایەخانەی کە تەنیا لە جێگای پەسەندی گرووپێکی بچووکی کۆمەڵگا بێت. لە کۆماری ئیسلامی دا ”لە کاتی نادیاری حەزرەتی وەلی عەسر… ویلایەتی ئەمر و ئیمامەتی ئۆمەت لە ئەستۆی فەقیهـێکی دادپەروەرە…. ” (بنەمای ٥)، واتە حکومەت و جێ‌بەجێ کردنی (ویلایەت) خواست و ویستی ئیلاهی (ئەمر) لە لایەن پێشەواو ڕێبەری ئایینی (ئۆمەت) بۆ وەئەستع گرتنی کارەکان و رینوێنی ئەو مرۆڤانەی کە ناتەواون و پێویستیان بە رێنوێنی هەیە(ئۆمەت).
بنەمای نۆزدەیەم لە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی دەڵیت:
“خەڵكی ئێران لە هەر قەوم و قەبیلەیەك بن مافی یەكسانیان هەیە و رەنگ، رەگەز و زمان و ئەوانە نابنە هۆی جیاوك دانان”.
ئەگەر ئەم بنەمایە لە گەڵ بنەمای هاوشیوەی ئەو لە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ دا بەراور بکرێت، روون دەبێتەوە کە لێرەدا دوو ”تایبەتمەندی” بە ئانقەست لا براوە: ئایین و مەزهەب، و رەگەز، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی بە پێی یاسای بنەڕەتی و یاسا ئاساییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەستراوەیی ئایینی ـ مەزهەبی (موسڵمانان، سوننی یان شیعە، و …) و هەروەهاش بەسترواوەیی رەگەزی (ژن یان پیاو) دەبێ هۆی جیاواک دانانیش و هەروەها هەڵاواردنیش.
لە بنەمای بیستەم دا هاتووە کە :
“هەموو تاكەكانی گەل جا ژن بن یان پیاو، بە یەكسانی لە لایەن یاساەوە پارێزراون و هەموو مافە سیاسی، ئابووری، كۆمەڵایەتی و كلتووری و رێوشوێنە ئیسلامیەكان دەیانگرێتەوە”.
لێرەدا، یەکەم مەبەست لە ”هەموو تاکەکانی گەڵ”، ژن یان پیاو بوونی ئەوان پێناسە دەکرێت و نە هەرکەس (بە بێ لەبەرچاوگرتنی رەگەز، نژاد، ئایین، مەزهەب و …). دووهەم ئەوەی کە ”ژن و پیاو” مافی یەکسانیان لە بەمبەر یاسادا نیە، بەڵکوو یاسا بە ”یەکسانی پشتیوانیان” لێدەکات. پشتیوانی وەکوو یەکی یاسا لە ژن و پیاو، واتە جێ بەجێ کردنی حوکمی یەکسان ( بە پێی یاسا) سەبارەت بە ئەوان. بەڵام ئەم مافانە تەنیا ”بە پاراستنی رێوشوێنە ئیسلامیەکان” بایەخی هەیە. کەواتە رێوشوێنە ئیسلامیەکان کامانەن و شرۆڤەکار یان دیاری کەری ئەوان چ کەسانێکن؟ کامە ”لێکدانەوە ـ قرائت ” لە ڕێوشوێنە ئیسلامیەکان دروستە؟ یاسای بنەڕەتی دەڵێت کە شرۆڤە کەر و دیاری کەری ئەم بابەتە لە ئەستۆی زۆرینەی فەقیهــەکانی شۆڕای چاوەدێریە، واتە چوار فەقیهـی هەڵبژێردراوی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی. و ڕێبەریش بۆ خۆی فەقیهـ یان موجتەهیدێکە کە هەڵبژێردراوی ٨٦ موجتەهیدی شۆڕای شارەزایان ڕێبەریە. بەم پێیە، ”پشتیوانی و پاراستنی یەکسانی یاسایی”، واتە جی بەجێ کردنی ”دادپەروەرانەی” (یەکسانی) ئەو یاسایانەی کە خۆیان لە بنچینەدا نادادپەروەرانەن ( گریمانە بکەن کە خوێن بایی ژنان نیوەی پیاوانە، یان شایەدی دانی ژنان دوو لە بەرمبەر یەک شایەدی دانی پیاواندایە و …).
کەواتە، بە پێی بنەماکانی نوزدەو بیست، لە لایەک یەکسانی مافەکان لە بەرامبەر یاسادا رەگەز، ئایین و مەزهەب ناگریتەوە، و لە لایەکی دیکە جێبەجێ کردن حوکمی یاسایی یەکسان، یان ”پشتیوانی یەکسانی یاسایی”، یەکەم ژنان و پیاوان دەگرێتەوە و نەک ”هەر کەسێک بە هەر بیرو باوەڕێک و..” و دووهەم، لە چوارچێوەی رێوشوێنە ئیسلامیەکان، واتە فقهی شیعەی جەعفەری جێگای پەسەندی دەسەڵاتی فەقیهـی مەکتەبیی ئوسولی دا دەبێت، کە خۆی لە بنەڕەتدا نادادپەروەرانەیە و بەگشتی دەبێتە هۆی هەڵاواردن.
دەبێ بنەماکانی دوازدە و سێزدەش بەم بەندانە زیاد بکەین تاکوو وێناکە کەمێک تەواوتر بێت. بەپێێ بنەمای دوازدەیەم ”مەزهەبەکانی دیکەی ئایینی ئیسلام وەك حەنەفی، شافعی، مالكی، حەنبەلی و زیدی جێگای رێزی ….” تەواون. بنەمای دوازدەیەم قسە لە ”رێز” دەکات نەک ”مافی” تەواو. ”رێزی تەواو” چ مانایەکی هەیە؟ شرۆڤەکاری پێوەر و رێز چ کەسێکە؟ رێز چەمکێکی ئاکاریە. چ رەواو چ ناتەواو. ئاکاریش بابەتێکی کەسەکیە. حکومەت، ئۆرگانی بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی کۆمەڵگا، و یاسای بنەڕەتی بەڵێننامەیەکە لە نێوان تەواوی هاوڵاتیان و دەسەڵاتداران دا. لە یاسای بنەڕەتی ”مافەکانی” هاوڵاتیان بە نیسبەت یەکترەوە، بە نیسبەت حکومەت و بە پیچەوانەوە جێگای باسە و نەک رێز. مافەکانی موسڵمانە سونیەکان( کەمینەی موسڵمانی ١٠ تا ١٥ میلیۆم) چی لێ بەسەر دێت؟
بنەمای سێزدەیەم تەنیا باس لە ” ئێرانیە زەردەشتیەکان، کەلیمی و مەسیحیەکان” دەکات وەک کەمایەتی ناموسڵمان و ئەوان وەک “تەنیا کەمینەیی ئایینی” بە فەرمی دەناسێت. ئەم کەمینە ئایینیانە “لە چوارچێوەی یاسادا لە بەڕێوەبردنی بۆنە ئایینیەکانی خۆیاند ا” ئازادن. یەکەم ئەوەیکە، لە ئێران دا کەمینەی ئایینی دیکەش بوونیان هەیە، ئەوان لە بنچینەدا بە فەرمی ناناسرێن، دووهەم ئەوەیکە، ئەم کەمینانە لە بەڕێوەبردنی بۆنە ئایینەکانی خۆیان دا “لە چوارچێوەی یاسادا ” ئازادن. کامە یاسا؟ حوکم و رێوشوێنە شەرعیەکان. چ کەسانێک شرۆڤەیان دەکەن؟ فەقیهـەکانی شۆڕای چاوەدێری.
بنەمای ١٤٤، ”ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی بە ئەرتەشیکی ”ئیسلامی” (شیعەی مەکتەبیی بنچینەیی) دەزانێ و بە پێی بەنەمای ١٦٣، ”خەسلەت و مەرجەکانی دادوەر بە پێی رێوشوێنە فقهیەکان… دیاری دەکرێت”. و بنەمای ١٥٢ باس لە سیاسەتی دەرەوە دەکات کە لە سەر بنەمای ”پارێزگاری کردن لە مافی هەموو موسڵمانانە”.
ئەم هەڵاواردن ونایەکسانیە لە مافەکاندا (لەبەرامبەر یاسادا) لە یاسای بنەڕەتی دا، کە لە سەر بنەمای ئایین (موسڵمان و ناموسڵمان)، مەژهەب (سوننی و شیعە، و …)، رەگەز (ژن و پیاو)، و پۆست و پێگەی تاکی ئیماندار (ئیمانداری ئاسایی یان مەلا روحانی) مرۆڤەکان بە سەر چەمکی جیاوازی یاسایی دابەش دەکات و فەرق و جیاوازیان لە نێواندا دادەنێ، لە رێگای پابەند بوونی یاسای بنەڕەتی، و هەروەها یاسای ئاساییش، بە ”حوکم و رێوشوێنە شەرعیەکان” (بنەمای ٤ و زۆربەی بنەماکان) بە هەموو سیستەمی یاسادانانی وڵات دەگوازرێتەوە، چەند نمونە:
ج ـ یاسا ئاساییەکان
ـ بەپێێ یاسای پیوەندیدار بە هەڵبژاردنی دادوەرەکان “دادوەر دەبێ پیاوێکی موسڵمان بێت”. واتە (یەکەم) پەیرەوانی زۆرینەی ئایین و مەزهەبەکان ناتوانن ببن بە دادوەر. و (دوهەم) لەو کاتەوە کە ”حوکم و رێوشوێنە شەرعیەکان” لە سەر بنەمای فقهی شیعەی جەعفەری بە فەرمی ناسراون، کەواتە ئەو پیاوانەی کە شیعە نین ناتوانن ببن بە دادوەر، و (سێهەم) ژنانیش بە گشتی لەم مافە بێ بەشن.
ـ مادە ١٠٥٩ی یاسا دەڵێت: ”شووکردنی ژنی موسڵمان لەگەڵ کەسی ناموسڵمان رێگە پیدراو نیە”، بەڵام پیاوی موسڵمان دەتوانێ ژنی ناموسڵمان بێنێت.
ـ لە یاساکانی پێوەندیدار بە شایەدی دان، شایەدی دانی ناموسڵمانان لە بنچینەدا پێی وەرناگیرێت.
ـ بەندی ٤٩٤ یاسای سزادانی ئیسلامی، باس لە سزاکانی پێوەندیدار بە سەقەت کردن موسڵمانان دەکات، بەڵام لەم پێوندی لەگەڵ سەقەت کردنی ئەندامی ناموسڵمانان هیچ قسەیەک ناکات.
ـ بەندی ٢٠٧ی قەساس دەڵێت: ”هەرکات موسڵمانێک بکوژرێت، بکوژەکە دەکوژرێتەوە.”
ـ لە بەندی ١٢١ی یاسای سزادانی ئیسلامی دا ”کاری سێکسی دوو پیاوی موسڵمان” لەگەڵ یەک، سزاکەی لێدانی سەد قامچی‌یە، بەڵام بە پێی هەر ئەو مادەیە، ئەگەر یەکێک لە لایەنەکان ناموسڵمان بێت، کەسی ناموسڵمان لە سێدارە دەدرێت.
ـ بە پێی بەندی ٨٨، ئەگەر پیاوێکی موسڵمان زینا لەگەڵ ژنێکی موسڵماندا بکات، سزاکەی لێدانی سەد قامچی‌یە، بەڵام ئەگەر زینا کەر ناموسڵمان بێت، لە سێدارە دەدریت. هەر ئەو یاسایە بۆ ”زینای” پیاوی موسڵمان لە گەڵ ژنی ناموسڵمان هیچ سزایەک دیاری ناکات.
ئەوەی کە لەسەرەوە باس کرا یاساکان هەر خۆیان نادادپەروەرانەن، لەبەر بوونی وەها هەڵاواردنێکی یاساییە، لەبەر ئەوەی کە ئەگەر ”زینا” تاوان بێت، چۆن سزاو ڕادەی سزادان پێوەندی دار دەکرێتەوە بە باوەڕە ئایینی و مەزهەبیەکانی تاکی “تاوانبار”و نەک خودی تاوان.
ـ بەندی ٢٢٦ ی یاسای سزادان دەڵێت:
”کوشتن لە کاتێک دا دەبێتە هۆی قەساس کە کەسی کوژراو بە پێی شەرع شایانی کوشتن نەبێت و ئەگەر شایانی کوشتن بێت بکوژ دەبێت بە پێی رێووشێنەکان لە دادگادا بەسەڵمێنێ کە کوژراوەکە شایانی کوشتن بووە”. ئەم بەندە بە فەرمی و ئاشکرا رێگە خۆش دەکات بۆ کوشتنی جیابیران لە لایەن هەر تاکێکی ئیماندارەوە. کوشتنە زەنجیرەیی‌یە سیاسیەکان، و هەروەهاش کوشتنە زەنجیرەیی‌یە ”ناموسیەکان”، بە پشت بەستن بەو بەندە یاساییە بەڕێوەچوون و بڕیاردەرو بکەرانی بە ئاسوودەیی دەستیان بۆ کوشتن برد.
د ـ لە سیستەمی ئاپارتایدو رەگەز پەرەستانەی ئەفریقای باشوور، مرۆڤ لە رووی یاساییەوە بەسەر دوو چەمک دا دابەش دەکرا. مرۆڤی سپی پێست و مرۆڤی رەش پێست. ئەگەر کەسێک پێستی سپی‌ (کە دیاردەیەکی بیۆلۆژیکە و تەنیا پێوەندی بە هەلومەرجی ژینگە و گونجاوی لەشی مرۆڤ لەگەڵ ئەم دۆخەیە) بوایە، لە رووی مافی کۆمەڵایەتی سەروتر لە تاکی رەش پێست بوو. واتە تاکەکانی کۆمەڵگا لە سەر بنەمای رەنگی پێستیان (رەگەزیان) دابەش دەبوون بە سەر باش و خراپ دا. ”باشەکان”، سپی پێست بوون، و ”خراپەکان” رەش پێست. دەڕبڕینی سیاسی ئەم دابەش کردنە (رەگەزیە) خۆی لە مافی جیاوازی ئەوان لە هەمبەر یاسادا نیشان دەدا. سپی پێستەکان مافە بنەڕەتی و مەدەنیەکانیان هەبوو، لە کاتێک دا رەش پێستەکان بێ‌بەش بوون لەم مافانە.
بەندی یەکەمی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ دەڵێت:
“تەواوی مرڤەکان بە ئازادی لەدایک دەبن و لە رووی پڵە و مافدا یەکسانن.”
و بەندی بیست و یەکەم رادەگەیەنێت:
”١ـ هەموو کەسێک مافی بەشداری کردنی هەیە لە بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی وڵاتەکەیدا، بە شیوەیەکی راستەوخۆ یان بە لە رێگای ئەو نوێنەرانەوە کە ئازادانە هەڵیاندەبژێرێت.”
٢ـ هەموو کەسێک وەکوو یەک مافی وەرگرتنی کارو فەرمانبەریە گشتیەکانی لە وڵاتەکەیدا هەیە.
٣ـ خواستی گەل سەرچاوەی دەسەڵاتی حکومەتە، ئەم خواستەش بەشێوە هەڵبژاردنێکی دروست و دیاری کراو لە سەر بناغەی دەنگدانی نهێنی و یەکسانی هەمووان دەردەبردرێ، یان بە هەر چەشنێکی دیکە کە ئازادی دەنگدان بپارێزرێت.
سیستەمی رەگەزپەرەستانەی ئەفریقای باشوور پێشێل کەری ئەم بنەمایانەی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ بوو. لەبەر ئەوەی لەم سیستمەدا تاکەکانی مرۆڤ لە بە ئازادی لەدایک دەبوون و نە لە رووی ”پلە و ماف”ـەوە بەیەکەوە یەکسان بوون. سەرەڕای ئەوەیش ، رەش پێستەکان لە مافی بەشداری کردن لە بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی وڵاتی خۆیان، راستەوخۆو ناراستەوخۆ بێ بەش بوون. لەم سیستمەدا نە هەلومەرجی یاسایی بۆ مرۆڤەکان یەکسان بوو و نە هەموو کەس (رەش پێستەکان) ئیزنیان هەبوو کاری حکومی وەرگرن. لەم سیستمەدا مرۆڤ، لە لایەنی یاساوە، تەنیا دابەش دەبوو بەسەر دوو چەمک دا. بە سەر سپی و ڕەش. واتە ئەگەر کەسێک سپی پێست بوایە هەموو مافە بنەڕەتی و مەدەنیەکان دەیانگرتەوە. بەواتە کە سپی پێستەکان خۆیانیش، لە رووی مافی کۆمەڵایەتیەوە دابەش نەدەبوون بەسەر باشترین، باش و خراپتریین… .
لە کۆماری ئیسلامیدا، کە سیستمێک لە سەر بنەمای “دەسەڵاتی خودا” کە وا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە حکومەت نوێنەرانی خوادان لە سەر زەوی (دەسەڵاتی چاکەکاران، واتە فەقیهــ و موجتەهیدان، وەک جێگرانی ئیمامی نادیار) مرۆڤ لە سەر بنەمای هۆگری و لاگیری ئایینی، مەزهەبی، رەگەزی، و پوست و پێگەی ئیماندار، بە پێی یاسا ، بە فەرمی و ئاشکرا، لانیکەم دابەش دەبێ بەسەر حەوت چەمکی یاسایی دا: کافرەکان (ناموسڵمانانی بێ کتێب، کۆمۆنیستەکان، بەهاییەکان، و .. کە لە بنچینەدا نە تەنیا لە گشت مافە بنەڕەتی و مەدەنیەکانیان بێ بەشن، کە تەنانەت کوشتنیشیان پیویستە)، ناموسڵمانانی خاوەن کتیب (بێ بەشن لە مافە بنەڕەتیەکان و هەندێک مافی مەدەنی، رێگەی ”بەڕێوەبردنی کارووباری ئایینیان لە سنووری یاسادا ”شەرع دا پێدراوە)، موسڵمانانی سوننی مەزهەب (کە جێگای ”رێزی تەواو”ن، بەڵام لە مافە بنەڕەتیەکان بێبەشن و لە مافە مەدەنیەکاندا هەڵدەواردرێن)، موسڵمانانی شیعە (لە لە نیویاندا تەنیا شیعە دوازدە ئیمامیەکان، مەکتەبیی بنچینەیی، پێڕەوی ویلایەتی فەقیهـ، جیگای پەسەندە.)، پیاوانی شیعەی فەقیهـ و موجتەهید ( مافی رەها)، پیاوانی ئیمانداری شیعەی ئاسایی (ئاستی دووهەم لە دوای پیاوانی ئایینی شیعە) و لە کۆتاییدا ژنانی شیعە. و دوایی خۆییەکان (واتە موسڵمانانی شیعەی دوازدە ئیمامی مەکتەبیی ئوسولی پێڕەوی دەسەڵاتی فەقیهـ) لە پاڵوێنەی ”استصواب ـ بە باش زانین” تێدەپەرێندرێن تاکوو تەنیا ئەو ئیماندارانەی کە باوەڕی تەواویان بە ویلایەتی ئەمر و ئیمامەتی ئۆمەت هەیەو لەوروەوە هیچ شک و گومانێکیان لێناکریت، بتوانن بێنە ناو دامەزراوەکانی بەڕێوەبەری کاروباری گشتی کۆمەڵگاوە.
پێکهاتەی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران جۆرێکە کە تەنانەت کەسانێکیش کە باوەڕی قوڵیان بەو سیستمە هەیە بەڵام بەهۆی ئەوەی کە فەقیهـ یان موجتەهید نین لە مافی بنەڕيتی خۆیان لە سەر بنەمای مافی هەڵبژێران لە دامەزراوە بنەڕەتیەکانی بەڕێوەبەری کاروباری گشتی کۆمەڵگا، کە لە یاسای بنەيتیدا ئاماژەیان پێکراوە، بێ بەشن. دێموکڕاسی بە بێ بنەمای مافی یەکسانی هەموو هاوڵاتیان لە بەرامبەر یاسادا ئەستەمە.
ـ ولایت فقیه: فەرمانڕەوایی زانا، دەسەڵاتی زانا
ـ ولایەت: فەرمانرەوایی، دەسەڵاتداریەتی لە سەر شارێک یان ویلایەتێک یان والی بودن
فەقیهـ: زانا، دانشمند، عالم بە احکام شرع، متخصص در علم فقه

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت