بە حیزبی کردنی جووڵە و هەوڵەکانی ناوخۆ، هەڵەیەکی بێ لێکدانەوە و خەسارێکی بێ بڕانەوە

0
57

ڕوانگەی ڕۆژی کورد

لە دوای ناڕەزایەتیی تا ڕادەیەک جەماوەریی ئەو دواییانەی بانە و دۆینێی شاری سنە، پێویستە ئاوڕێکی خەسارناسانە لە هەندێ باسی پەیوەندیدار لەمبارەوە بدەینەوە، بەتایبەت کە هیوا دەخوازرێت و چاوەڕوان دەکرێت، ئەو ناڕەزایەتییانە سەرەڕای دۆخێکی ئەمنی کە بوونی هەیە، بگوازرێتەوە بۆ شارەکانی تر، بەتایبەتی کە بە هۆی هێزی میدیا و بە میدیایی کردنی بەرفراوانی ئەو ڕووداوە و بڵاوبوونەوەی وێنەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بۆمان دەردەکەوێ کە دوای هێرشی هێزەکانی ڕژیم لە بانە بۆ سەر خەڵک، لە سنە ئەو بوێرییەیان نەبوو چەک لە دژی خەڵک بە کاربێنن و ئەوە سەرکەوتنێکە لە جۆری خۆیدا و لە هەمان کاتیشدا بۆ یەکەم جار، ڕژیم پەردەی لەسەر کوشتنی کۆڵبەران ڕاماڵیوە و خەریکی پاشەکشەیەک لەم بارەوەیە.

یەکەم و گرنگترین باس کە لەمبارەوە دەبێ بخرێتە بەر باس و تێچوویەکی زۆری بۆ خەڵک لە ناوخۆ و دەستکەوتێکی کەمی بۆ کەڵکاژۆخوازان بەدواوەیە، بریتییە لە “هەوڵ دان بۆ بەحیزبی کردنی ئەو جووڵە جەماوەرییانە”.

لە هەر دوو  ناڕەزایەتی دەربڕینەکە کە لە بانە و سنە هاتە ئاراوە و دەنگدانەوەیەکی بەرینی میدیایی، تەنانەت لە ڕاگەیێنە عەڕەبییەکانیشدا هەبوو و میدیا و ڕاگەیێنە فارسەکانیش نەیانتوانی خۆی لێ بشارنەوە، لە یەکەم چرکەوە، هەوڵەکان بۆ بە حیزبی کردنی ڕووداوەکان، بەدیدەکرا. هەوڵگەلێک کە تەنیا لە ناو ئەندامانی حیزبەکاندا قەتیس نەبۆوە و بگرە هەندێ چالاکیی ڕواڵەتی ئەنجام درا کە وا دەربخات ناڕەزایەتیی بانە سەر بە لایەنێک و هەندێ کاری میدیاییش کرا کە وادەربخا، ناڕەزایەتیی بەربەرینی سنە، سەر بە لایەنێک و حیزبێکی ترە.

لە شیکارییەکی دەروونناسیی سیاسییانەوە، ئەو هەوڵە بۆ خۆهەڵواسین بە ڕووداوەکان یان بەناوی خۆکردنی ڕووداوەکان، دەگەڕێتەوە بۆ، لاوازیی هێزی کوردی لە ناو جەماوەر یان شکستی ناسنامەیی هێز و لایەن و حیزبی کوردی بێ کە بەتایبەت بە دوورکەوتنەوەی مەیدانیی حیزبەکان لە ناو جەماوەر، لاوازبوونی سەرمایەی مەعنەویی حیزبەکان کە بریتە لە مەرگی زۆربەی دایکان و باوکانی شەهیدەکان و هاتنە ئارای نەوەیەک کە کەمتر پەیوەندی لێک گرێدراویی هزری لەگەڵ خەباتی چەکداری و پێشمەرگە هەیە.

هەو ئەو هۆکارگەلەش وادەکات، حیزبەکان یان بەشیک لە حیزبەکان، بە هۆی نەبوونی توانای بۆ خوڵقاندنی ڕووداوەکان، ببنە پاشکۆیەکی پێوەنەلکاوی ڕووداوەکان کە بە هۆی پەرەئەستاندنی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە خێراترین کات بەرپەرچی دەدرێتەوە و کەمترین کاریگەریی ئەرێنیشی بۆ حیزبەکان بەدواوە دەبێ.

لە هەمان کاتیشدا، ئەو خۆپێوەلکاندنە حیزبییە کە لەلایەن تاک و تەنانەت کۆی حیزبەکان یان هەندێک لە حیزبەکانەوە دێتە ئاراوە، تێچوویەکی زۆری بۆ هاووڵاتییان و خەباتی شەقام لە ناوخۆ هەیە کە بە هەڵە ناوی خەباتی مەدەنی پێوەنراوە و جارجاریش ئاوێتەی داواکاریی ناڕەسەنی ئیسلاح تەڵەبەکان و لایەنگرانی بەشداری لە هەڵبژاردن وەک میکانیزمێکی نەزۆک بۆ ئەستاندنی مافەکانی کورد لە چوارچێوەی ڕژیمێکی بەرتەسکی فاشیستی مەزهەبی و سەرچاوەی تیرۆریزمی ناودەوڵەتییەوە دەکات کە یاسا بنەڕەتییەکەی، باشترین بەڵگەیە بۆ تێدا نەگونجانی تەنانەت ویستە ساکار و سەرەتاییەکانی کورد و باقی نەتەوە غەیرەفارسەکان لە ئێران. ئەوەی دەبێ لێرەدا لەبەرچاو بگیردرێ، ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی و بارتەقا و بازنەی ڕوانین و ئایدیاکەی، هیچ کات ناتوانێ هەڵگر و ڕێگەپێدەری هاتنە ئارای ویست و داواکانی کوردو نەتەوە بندەستەکانی تر وەک عەڕەب و بەلووچ و ئازاەری بێت و ئەگەر بوارێکیش بخوڵقێ، گومانی تێدا نیە بۆ لاڕێ کردنی ئەسڵ و بنەمای داواکارییەکەیە.

بەڵام ئەوەی مەبەستی ئێمەیە، ئەوەیە کە لە حاڵێکدا هەندێ حیزب و لایەن بە ئاشکرا بانگەشەی ئەوەی دەکەن کە ئەو خرۆشە تا ڕادەیەک جەماوەرییە لەسەر داوای ئەوان بووە، یان ئەوان ڕێچکەیان بۆ داڕشتووە، ئایا بیریان لەوە کردووەتەوە کە کەسانی دەستبەسەرکراو، ڕێک بە تاوانی ئەندامەتیی ئاشکرا لەو حیزبانەدا و هەوڵ دان بۆ شێواندنی تەناهیی نەتەوەیی، دەناسرێن و وەک موفسدی فیلئەڕز، تەنانەت بۆی هەیە، سزای سێدارەشیان بەسەردا بسەپێ؟ ئایا زەق کردنەوەی ناوی حیزب و لایەنی خودی، لەسەر حیسابی گیان و ژیانی هاووڵاتییان، کردەوەیەکی شۆڕشگێڕانەیە؟

لە بەرانبەردا، ئێمە لامان وایە، حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات، دەتوانن دوو کاری سەرەکی بکەن کە بێ گومان هەم ئەرکی سەرەکیی ئەوانە و هەمیش کردەوەیەکی نیشتمانییانەیە:

یەک: هەوڵدان بۆ بەرفراوانکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان لە هەموو کوردستان و پەل کێشانی بۆ ناو بەلووچ و عەڕەب و تەنانەت ئازەرییەکانیش، بێ ئەوەی ناوی هیچ حیزب و لایەنێکی لەسەر دابندرێ کە ئەوە دەکرێ لە ڕێگای هاواهەنگی لەگەڵ ئەندامانی ناوخۆی حیزبەکان و هاندانی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی ناوخۆ ئەنجام بدرێ.

دوو: بەکارهێنانی توندوتیژییەکانی ڕژیم، خستنە بەر باسی داواکارییەکانی خەڵکی ناڕازیی کورد و بە ڕاگەیاندن کردنیان لە ئاستی جیهاندا کە دەکرێ لەو پێناوە ڕێپیوانەکان لە دەرەوە و بە هاوکاریی هەموو حیزبەکان و بێ بەحیزبی کردنی هەوڵەکان، ئەنجام بدرێت و تەنانەت هەوڵ بدرێت کومیتەیەکی هاوبەش لە هەموو حیزبەکان، بە مەبەستی ڕێکخستنی کۆبوونەوە و خۆپیشاندان لەلایەن کوردەکانەوە، ڕێک بخرێت.

پێویستە، حیزبەکان بە گشتی، هەندێ میکانیزم بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئەندامانیان لە دونیای مەجازی بخەنە گەڕ و کۆنترۆڵی شێوەی نووسین و ئەدەبیاتی نووسینیان بکەن و ناوەندێک بۆ بەڕێوەبردنی ئەرێنیی ئەندامەکانیان بوونی هەبێ. مەبەست لە ئەرێنی بوون بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە تا ئێستا چەندین هەوڵێک لەلایەن هەندێ لایەن و حیزبەوە لەو بارەوە بیندراوە کە نەرێنی بووە و زۆرتر بریتی بووە لە ڕێکخستنی ئەندامانی حیزب و لایەنێک بە دژی حیزب و لایەنێکی تر و ورووژاندنی هەندێ باسی حیزبی کە ئەنجامەکەی بۆتە دووبەرەکیی ناو ماڵی کورد و بە فیڕۆ چوونی کات و تێچووی دەروونی بۆ کورد و لە بەرژەوەندیی دوژمنان ونەیارانی کورددا بووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت