بەیاننامەی یاری كورد سەبارەت بە ڕووداوەکانی کوردستانی باشوور

0
115

رێكخراوی یاری كورد سەبارەت بە ڕووداوەکانی کوردستانی باشوور بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.دەقی بەیاننامەکە بەم چەشنەیە:

حیزب و لایه‌نه‌كان و خه‌ڵكی كوردستانی باشوور به‌ هه‌ست كردن به‌ به‌رپرسایه‌تی و به‌ پشت به‌ستن به‌ فه‌رهه‌نگی یه‌كتر قه‌بووڵ كردن و زمانی ئاشتیانه‌ و سه‌رده‌میانه‌ سه‌روه‌ری و ده‌ستكه‌وته‌كانی كوردستان بپارێزن
ڕۆژی هەینی ١٧ی ڕەزبەر، ٩ی ئۆکتۆبری ٢٠١٥ ، كوردستانیانی باشووری كوردستان به‌ هۆی دۆخی ناله‌باری ئابووری و ژیان و هه‌روه‌ها بێئاكام مانه‌وه‌ی دانیشتنی هێز و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان بۆ چارەسەری گونجاو بۆ پرسی سەرۆکایەتی هەرێمی كوردستانی باشوور و ، به‌ گشتی نه‌گه‌یشتن به‌ ڕێككه‌وتن ، له‌ شاره‌كانی سلێمانی ، هه‌ڵه‌بجه‌ ، كه‌لار ، رانیه‌ و قه‌ڵادزێ گردبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیان به‌ڕێوه‌ برد كه‌ به‌ داخه‌وه‌ ئه‌و هه‌رێمه‌ ئارامه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤینی تووشی شڵه‌ژان و نائارامی كرد ، ڕێڕه‌وی ناڕه‌زایه‌تیه‌كان له‌ ئاشتیخوازانه‌ بوونه‌وه‌ گۆڕا بۆ توند و تیژی و مه‌خابن له‌و نێوه‌ دا چه‌ندین كه‌س شه‌هید و بریندار بوون و جیا له‌مانه‌ش كۆمه‌ڵێك بنكه‌ و باره‌گای حیزبی و حكوومی ئاگر تێبه‌ردران ،
ڕێكخراوی یاری كورد وێرای به‌ داخبوونی خۆی له‌م ڕه‌وشه‌ و راگه‌یاندنی پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی له‌ بنه‌ماڵه‌ی قوربانیان و هیوای چاك بوونه‌وه‌ بۆ برینداران ،داواكاره‌ كه‌ ئه‌و دۆخه‌ ئاڵۆزه‌ به‌ شێوه‌ی دیالۆگ و دانوستان و له‌ قالبێكی دێموكراسی و سه‌رده‌میانه‌ دا چاره‌سه‌ر بكرێ
حیزب و ڕێكخراوه‌ سیاسیه‌كانی باشووری كوردستان !
ئێمه‌ وه‌ك یاری كورد وه‌ك ئاسۆیه‌كی روون و گه‌ش له‌م ده‌ستكه‌وته‌ مه‌زنه‌ی باشووری نیشتمان ده‌ڕوانین و به‌رقه‌راریی هه‌رێمێك به‌ ناوی كوردستانه‌وه‌ به‌ مایه‌ی هیوا و ئومێد بو كوردانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كورستان ده‌زانین ، بۆیه‌ داواتان لێده‌كه‌ین و رامان وایه‌ كه‌ ئه‌ركی سه‌رجه‌م حیزب و دامه‌زراوه‌ و ڕێكخراوه‌ كوردستانیه‌كانه‌ ئیزن نه‌ده‌ن به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبی و تاكه‌ كه‌سی ، به‌رژه‌وه‌ندی و قازانجی نه‌ته‌وه‌ییتان لێ زه‌وت بكا ، ته‌نیا رێگه‌ی گه‌یشتن به‌ لێك تێگه‌یشتن و نزیك بوونه‌وه‌ ، دانیشتن و دانوستانه‌ له‌ كه‌شێكی ئارام و دّێموكراتیانه‌ دا ، تكایه‌ با مێژووی سه‌دان ساڵه‌مان بۆ دووپاته‌ نه‌بێته‌وه‌ و به‌ فه‌رهه‌نگی تێلۆرانس و به‌ دان به‌ خۆ داگرتن و پێكه‌وه‌ هه‌ڵكردن له‌ ده‌وری یه‌ك ، یه‌كگرتووانه‌ كۆببنه‌وه‌ و پیلانی دوژمنان و نه‌یاران بكه‌نه‌ بڵقی سه‌ر ئاو ،چونكه‌ كه‌م نین ئه‌و وڵاتانه‌ی ده‌ورو پشتمان كه‌ شه‌و و ڕۆژ خه‌ریكی داڕشتنی پیلانن به‌ دژی ئه‌و پارچه‌ ئازادكراوه‌ی نیشتمان ، دیرۆك نیشانی داوه‌ كه‌ ڕژیمه‌ داگیركه‌ره‌كانی كوردستان هه‌ر ده‌م له‌ تاران ، ئانكارا ، به‌غدا و دیمێشق بۆ له‌بار بردنی ده‌رفه‌ته‌ پێشهاته‌كان بۆ گه‌لی كورد هاوڕا و هاوپه‌یمان بوون و ئه‌مڕۆش ده‌خوازن ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی به‌ هه‌وڵ و تێكۆشان و شه‌هید و قوربانیدانی گه‌له‌كه‌مان له‌ باشوور وه‌ده‌ست هاتوون له‌ ڕیشه‌وه‌ بنبڕ بكه‌ن
خه‌ڵكی خۆڕاگر و نیشتمان په‌روه‌ری كوردستانی باشوور!
هه‌روه‌ك ئاگادارن نه‌یاران و دوژمنانی گه‌له‌كه‌مان هیچ كات له‌ پیلانگێڕی غافڵ نه‌بوون و به‌رده‌وام خه‌ریكی داڕشتنی نه‌خشه‌ و پیلان بوون بۆ له‌ ناو بردن و ریشه‌ كێش كردنمان ، بۆیه‌ یاری كورد داواكاره‌ ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستا كورد له‌ ئاستی هه‌رێمی ، ناوچه‌یی و جیهانی خه‌ریكه‌ بۆی ده‌ڕه‌خسێ به‌ هه‌ند وه‌ربگرن ، با دوور بین له‌ ناته‌بایی و له‌ به‌رانبه‌ر دوژمنانمان یه‌كڕیز بین , بێگومان تاك به‌ تاكی خه‌ڵكی كوردستان له‌ بنیات نانی ئه‌و هه‌رێمه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی دێموكراسیانه‌ ڕۆڵیان هه‌بووه‌ و ده‌توانن هه‌رواش ڕۆڵ بگێڕن ، ئێستاش كه‌ كورد جیا له‌ دوژمنانی هه‌میشه‌یی خه‌ریكی شه‌ڕێكی قورسه‌ له‌ گه‌ڵ گه‌وره‌ترین رێكخراوی تیرۆریستی واته‌ داعش و به‌ هۆی هه‌ڵوێستی دروست و حه‌كیمانه‌ی كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مرۆ جیهان به‌ پۆزێتڤ باس له‌ ڕۆڵی كورد و سه‌ركرده‌كانی ده‌كا و كورد بۆته‌ وه‌زنه‌یه‌كی قورس و پێگه‌ی تایبه‌تی هه‌یه‌ له‌ ئاستی نه‌ك ته‌نیا ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دا به‌ڵكوو له‌ ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییش دا ، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك به‌ گیان و به‌ ماڵ درێغی نه‌كه‌ن له‌ پاراستنی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ و خۆیان به‌ دوور بگرن له‌ هه‌ر چه‌شنه‌ توند و تیژییه‌ك و داواكاری و داخوازیه‌كانیان له‌ رێگه‌ی هێمنانه‌ و به‌ شێوه‌ی مه‌ده‌نی و شارستانیانه‌ بێننه‌ به‌ر باس و داوای بكه‌ن

یاری كورد له‌ كۆتاییدا راده‌گه‌یه‌نێ !
كه‌ کوردەکانی باشووری کوردستان دەتوانن بە ره‌چاو کردنی سیاسەتی دروست و دێموکراتیک داهاتوویەکی گەش بۆ خۆیان دابین بکەن و سه‌ركرده‌ و حیزب و لایه‌نه‌كانیش به‌ پیل داواكاریی هاونیشتمانانه‌وه‌ بچن و گوێ بۆ ویست و داخوازیی گه‌ل ڕابكێشن، له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ش گرینگتر یه‌كگرتوویی و یه‌كڕیزیی ناو ماڵی كورد زامنی سه‌ركه‌وتن و گه‌یشتن به‌ ژیانێكی به‌خته‌وه‌ر و داهاتوویه‌كی گه‌شه‌ بۆ ئه‌مڕۆی كوردستان و نه‌وه‌كانی داهاتوومان

یاری كورد
سه‌ید فه‌رهاد حه‌یده‌ری
١٤ی ئۆکتۆبری ٢٠١٥
٢٢ی ڕەزبەری ١٣٩٤

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت