بەڕێوەبەریی کەلتووری لە کوردستان، پێویستیەکی پشت گوێخراو

0
455
هەڵمەت مەعرووفی
هەڵمەت مەعرووفی

نووسینی: هەڵمەت مەعرووفی

کەلتووری هەر کۆمەڵگایەک بەهۆی پێکەوە ژیانی ئەو کۆمەڵە خەڵکە و پەیوەندییەکانیان پێکەوە پێکهاتووە و لە ئەگەری ئەو پێکەوە بوونە و هەروەها جۆری پێکەوە ژیان و پەیوەندیشیان، گەشە دەستێنێ، تێکەڵاوبوونی خەڵکانی تری کۆمەڵگای تر، هەبوونی دەسەڵاتێکی غەیرە و لاوەکی بە کەلتووری جیاواز و سیاسەت و ویستی جیاواز و هەروەها پەرتەوازەبوونی خەلکانی کۆمەڵگا و چوونیان بۆ کۆمەڵگای تر، وا دەکات کەلتوورەکە تووشی گۆرانکاری بێ کە ئەرێنی یان نەرێنی بوونی ئەو گۆرانکارییە خۆی دەرهاویشتەی جۆری تێکەڵ بوون و مامەڵەکردن و دەسەڵاتدارییەک لەلایەک و خۆڕێکخستنی ئەو کۆمەڵگایە لەلایەکی ترە.

کۆی ئەو باسە ئەوەمان پێدەگەیێنێ کە کەلتوور و فەرهەنگی کۆمەڵگا بە هۆی هەستیار بوونی لەلایەک و زیندووبوونی لەلایەکی ترەوە، پێویستی بە بەڕێوەبردن و چاوەدێری کردنە ئەگیان ئێمە وەک کورد هیچ شیوە و ڕێگا و ئامرازێکمان نابێ کە لە ڕێگای ئەوەوە ڕابردوو، ئێستا و داهاتوومان لێک بئاڵێنین و پێکیەوە بلکێنین.

لەناو کورددا واتا بەشی زۆرینەی کوردستان، بە هۆی نەبوونی دەسەڵاتی سیاسی، دامەزراوەی خۆی و ڕەسەن و دەسەڵاتی بڕیاردان لەلایەک و هەبوونی دەسەڵاتی داپڵۆسێنەر کە بوونی خۆی لە نەبوونی کورددا پێناسە کردووە و کەلتوورەکەی هەم لە باری چەندی و هەم لە باری چۆنیەتییەوە لەگەڵ کورد جیاوازە، کورد نەیتوانیوە تا ئیستا دەسەڵاتێکی لەم بوارەدا هەبێ و ئەگەر هەشبووبێ ئەوا کاتی بووە.

لێرەدا تاکە ڕێگای کە بۆ پاراستنی کەلتووری کورد و ئاراستەکردنی هەمانە، حیزبە کوردییەکان و بەشێ لە بنکە ناوخۆییەکانن کە دەشێ پەیوەندییان بە جەمسەرێکی هێزی کوردییەوە یان فکر و ڕامانی کوردییەوە هەبێ. لەلایەکی تریش قوتابخانەکان یەکێکی تر لەو بنکانەن کە دەبێ دەوری سەرەکی لەو پێناوەدا بگێڕن کە ئەویش پێویستی بە ئاراستەکردن و ڕێنمایی کرد هەیە.

پرسیاری سەرەکی لێرەدا دوو شتە:

یەک: ئایا حیزبە کوردییەکان تا ئێستا لەمبارەوە سیاسەتی فەرهەنگی و گەڵاڵەیەکیان هەبووە و لەمە بەدوا دەیانبێ؟

دوو: ئایا لەو دووریی مەوداییەوە کە هەیە و لەو بۆشایی ڕاگەیاندنەدا کە هەمانە، حیزبە کوردییەکان دەتوانن لەمبارەوە ئاراستەیەک بکەن؟

ئەزموونی کردەیی و دۆخی کوردستان و لێک ترازانی بەشێک لە هێما کەلتوورییەکان و دابڕان لێکتری کۆمەڵگای کوردی و دژەهەڵوێستیی کورد لە زۆر ڕوداوی ساکاردا، ئەو راستییەمان بۆ دەردەخات کە بۆشاییەکی قووڵ لە ئارا دایە و ئەوەش واتا کاری بۆ نەکراوە یان لاواز بووە کە درێژەداربوونی زیانێکی مەزن بە کورد دەگەیێنێ، زیانێکی ئەوتۆ کە لەوانەیە دوای ئازادی، سەرەکیترین وزەی کورد بە خۆیەوە تەرخان بکات و لە بوارەکانی تری وەدوا بخات.

هەر بۆیەش پێویستە:

١- لە ناو حیزبەکان، یان لە ناو هەموو حیزبەکان پێکەوە، گرووپ یان بنکەیەکی تایبەتی پێکهاتوو لە کەسانی پسپۆڕ بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتێکی کەلتووری پێک بێت کە کاری ئاراستەکردنی کەلتووری و فەرهەنگی لە ئەستۆ بێ و لەپەنای سیاسەتی ڕۆژی حیزبەکان و ستراتژییەکانیان، کات و هەوڵ و تێچووی مادی و مەعنەوی خۆی بۆ ئەم بەشە تەرخان بکات.

٢- ئەو گرووپ یان بنکەیە، دەبێ لە ناوخۆ بنکەی هەبێ و لە ژیر چاوەدیری دابن و بڕیار و ڕاسپاردەکان لەلایەن ئەوانەوە بکاتە کردەوەیی.

٣- هەوڵ بدرێت کاری میدیایی بکرێت و لە جیهانی مەجازی و تۆرە کۆمەڵایەتییەکانیش بۆ ئەم بەشە و بەتایبەت لە بۆنە جیاوازەکان، کەڵک وەربگرن.

٤- سەرجەم ئەو چالاکییانە پەیوەستە بە لەبەرچاوگرتن و ڕەچاوکردنی بەشەکانی پلاندانان کە بریتین لە:

ئـ: پلان داڕێژی

بـ: بەڕێوەبردن

پـ: چاوەدێر و کۆنترۆڵ واتا هەڵسەنگاندن

بۆ ئەم بەشە پێویستە، سەرەتا دۆخی هەیی هەڵبسەنگیندرێت، کەلێن و بۆشاییەکان بناسرێن، خەسار و هۆکارەکانی بدۆزرێتەوە و سیاسەتەکانی داگیرکەر پێناسە بکرێت و بزاندرێت. دواتر دۆخی دڵخواز پێناسە بکرێت و بە لێکدانەوەی دۆخی هەیی و دۆخی خوازراو، پلان دابندرێت و ماوەی یەک ساڵ جارێکیش ڕادەی دەستەبەربوونی گەڵاڵەکان یان دەستەبەرنەبوونیان و هۆکارەکانی لێکبدرێتەوە و لە هەنگاوەکانی داهاتوودا رەچاو بکرێ.

کوردستان لە خەسارێکی قووڵی کەلتووریدا ڕۆبردراوە و دوژمنان بەر لە هەر شتێک کاریان لەسەر ئەو کەلتورە کردووە کە سەردەمانێک ئەگەر هیچمان بۆ شانازی پێکردن نەبا، کەلتوورەکەمان هەبوو کە دەریبخەین و باسی بکەین، مخابن ئەو کەلتوورە نەک هەر لە ناوخۆ و دەرەوە، بگرە لە ناو حیزبەکانیشدا تووشی شێوان و ڕۆچوون بوە.

نابی ئەو گرنگە لە یاد بکەین کە دەبێ بەشی سەرەکیی ئەو گرووپ یان بنکەیە کە دەبێ لە ناو حیزبەکان پێک بێت، لە کچان و ژنانی جالاک لەمبوارە پێک بێت چون بەشی سەرەکیی خەسارە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکان بە ژنان و کچان چارەسەر دەکرێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت