بەڕێز محەمەد سدیق کەبوودوەند کێیە، چی کردوە و بۆچی گیرا؟

0
467

نووسینی: ئاسۆ جوانڕۆیی 

 محەمەد سدیق کەبوودوەند کە بنەماڵە، هاوڕێیان و ناسراوانی بە سدیق بانگیان دەکرد لە 22ی مارسی 1963 لە شارەگوندی دیواندەرە لە دایک بوو.

ناوی باوکی سدیق، مومحەمەدد سەعید و ناوی دایکی سەعادتە. باوکی سدیق بە سەعید بەگ ناسرابوو کە بە هۆی ڕاپريینی گەلی کورد لە ساڵی 1946 دا، وەکوو زۆرینەی سەرکردە و ناسراوەکانی تر سەرکوت و لە زێدی خۆی دوور خرایەوە و دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان لەگەڵ دادە سەعادەت کچی ئەحمەد بەگی گەڕووس ژیانی هاوژینی پێک هێناو و سێ کوڕ و سێ کچیان لێ کەوتەوە کە سدیق کوڕی سێیەم و منداڵی چوارمی بنەماڵەکەیە.

لە ساڵی لەدایکبوونیدا دەوڵەتی پاشایەتی ئێران بانگەوازی بۆ لە ناو بردنی بێکاری، سیستمی نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و چاک کردنی باری خاوێنی و پەرە پێدانی خوێندن و ئازادی زۆرتر بە ژنان دەکرد. ئەمە بوە هۆی بەرەوڕوو بوونەوەی خاوەن زەوییەکان و ئەمەش بوە هۆی ئاوارەیی بنەماڵەکەیی و لە کۆتاییدا لە زێدی باپیرانی خۆی لە ناوچەی گەڕووسدا مانەوە و بەم جۆرە ساڵانی منداڵی سدیق تێپەڕ بوو.

بنەماڵەی کەبوودوەند بە هۆی دژایەتی شاوە ئێش و ژانی زۆریان لە لایەن حکوومەتەوە کێشا و هەر ئەمە بوە هۆی ڕۆیشتنی باوکی کەبوودوەند بۆ کوردستانی عێراق و لە دەست دانی ماڵ داراییەکانیان و لە کۆتاییدا باوکی سدیق لە ساڵی 1977 لە کاتێکدا سدیق 14 ساڵی بوو، لە دونیا چوو و لە دوای مردنی باوکی لەگەڵ بنەماڵەکەی لە ماڵی باپیری لە سنە درێژەیان بە ژیان دا.

سدیق خوێندنی سەرەتایی لە دیواندەرە و دواتر لە سنە درێژەی بە خوێندن دا و لە شاری تاران خوێندنی باڵای تەواو کرد.

دوای وەرگرتنی لیسانسی بازرگانی توانی کار بدۆزێتەوە و لە پەنایدا درێژەی بە خوێندن دا و ماستەری حەسێوداری گرت و دواتر خوێندنی ماستەری مافی نێودەوڵەتی دەست پێ کرد بەڵام نیوەچڵ بە جێی هێڵا.

سدیق لە تەمەنی بیست ساڵیدا و لە ساڵی 1984 لەگەڵ کچێکی تەورێزیدا ژیانی هاوژینی پێکهێنا و لە تاران مایەوە و ئاکامی هاوژینیەکەیان کچێک و دوو کوڕه.

بە هەڵگیرسانی ڕاپەڕینی دژی حکوومەتی پاشایەتی لە هاوین و سەرەتاکانی پاییزی ساڵی 1978، سدیق بەژداری دەکرد و هیوای بوو باوکی ژیندوو بوایەت و ئەم ڕۆژە ببینیایەت. باوکی لەگەڵ ئەمەی خوێنەواری ڕامیاری نەبوو بەڵام هەستی نەتەوەپەرەستی بەهێزی بوو و هەردەم گوێبیستی دەنگووباسەکانی کورد لە هەر جێیک و خیانەتەکانی ئێران دژ بە کورد بوو و باشی دەزانی ئێران دوژمنی کوردە و نابێ بڕوای پێ بکرێت.

سدیق دژی ڕێکخراوێکی دینی هاوشێوەی داعشی ئەم سەردەمە بوو و هەردەم گوێبیستی باسەکان بوو و لە بیرەوەریەکانی ئەو کاتەیدا دەڵێت لە بەژداری کردنی لە گرووپەکاندا شاد دەبوو و خۆشترین هەواڵ لای ئەو، داواکاری لایەنە نادنینیەکان بۆ بەژداری پێکردنیان لە حکوومەتی نوێدا بوو ناخۆشترین کاتی ژیانیشی بە بردنی لاوەکانی کورد بۆ لە سێدارەدان بە دەستی حکوومەتی ئێران دەزانێت بەتایبەت ئەوەی لە ساڵی 1979دا ڕووی دا.

سدیق کاتێ تەمەنی شازدە ساڵان بوو سەردانی گوند و شارەکانی تری دەکرد و خەڵکی بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی گوند و شارەکان هان دەدا و لەگەڵ هاوڕێکانی دیکەی بانگەوازیان بۆ کۆتایی هێنان بە کوشتنی گەلی کورد بە دەست وڵاتی ئێران دەکرد.

سدیق بینەری کوشتنی گەلی کورد لەلایەن ڕژیمی ئێران بوو و دەیگێڕێتەوە بە بینینی ئەم ڕەشەکوژیانە بیری گێڕانەوەکانی باوکم دەکەومەوە کە باسی لە چۆنیەتی ڕەشەکوژی کورد بە دەستی وڵاتی ئێرانی لە ڕژیمی پێشوودا دەکرد و گەیاندمی بەم قەناعەتە کە وڵاتی ئێران دوژمنی کورد و وڵاتی کوردستانە و هیچ جیاوازیەک لە نێوان حکوومەتەکانیدا نیە.

سدیق باس لە ڕاکێشانی لاشەی شەهیدەکان بە دوای ماشێنی ئێرانیەکان و بە تۆپ و هاوەن باران کردنی ماڵی کوردەکان و ئاوارە کردنی کورد و پەلاماری گەلی بێ دەسەڵات دەکات و وەکوو خەونێکی ناخۆش و لە بیر نەکراو دەکات کە مێشکی ئازار دەدات و ناتوانێ لە بیری بکات.

لە ساڵی 1985 سدیق بۆ زانکۆ ڕۆیشت بەڵام لەگەڵ میتینگ و گردبوونەوە و جنێودان بە کورد و کوردستاندا ڕووبەڕوو بوویەوە کە خەڵکیان بۆ هێرش کردنە سەر کوردستان هان دەدا و ئەمە زۆر ئەوی ئازار دەدا و ئەویش لەگەڵ هاوڕێکانی کاریان بۆ کۆ کردنەوەی پاڵپشتی لە کورد و ئاوارە کوردە عێراقیەکان دەدا، لەو کاتەدا قورسایەکی زۆر لە سەر گەلی کورد و کوردستان بوو چونکی لە لایەکەوە دەوڵەتی ئێران وڵاتی کوردستانی گەمارۆ دابوو و لە لایەکی دیکەوە ئاوارە عێراقیەکان بۆ کوردستان هاتبوون و هەر ئەمە باری ژیانی خەڵکی زۆر دژوارتر کردبوو. سدیق بە کۆ کردنەوەی زانیارییەکان هەوڵی دەدا هاوڕێ و دۆستانی لەگەڵ ئەم کارەساتە ئاشنا بکات.

لە ساڵی 1994ـەوە سدیق دوای ئەمەی لەگەڵ هەندێ چالاکوانی مەدەنی و ڕامیاری و ڕووژنامەنووس پێوەندی ساز کرد و بە هۆی داخراوی کۆمەڵگای ئێران، سدیق زۆرتر نووسراوەکانی لە ڕۆژنامە و گۆوارە شاراوەکاندا بڵاو دەکردەوە.

لەگەڵ درێژەی پێوەندیەکانی سدیق لەگەڵ چالاکوانانی دیکە و دوای هەندێ کۆبوونەوە، بڕیاریان بە ساز دانی ڕێکخراوی یەکیەتی بۆ دیموکراسی دا و لە دوای بانگەواز بۆی لە ساڵی 1996ەوە بە فەرمی خۆیان ناساند و ڕۆژنامەیەکیان بە ناوی بانگی ئازادی بە شاراوەیی بڵاو کردەوە کە زۆرینەی نووسینەکانی سدیو سەبارەت بە لە سێدارە دراوەکان و شوێنی سێدارەدان و هەوڵی وەرگرتنی مافی پەنابەری کورد لە وڵاتانی تر بوو.

دوای دەستبەسەر کردنی سەرۆکی ئەم ڕێکخراوە، کۆبوونەوەکان بە تەقەلای سدیق درێژەی پێ درا بەڵام دوای ساڵێ بە هۆی بەژداری نەکردنی چالاکی ئەندامانی تر ئەم ڕێکخراوە چالاکیەکانی ڕاگرت.

لە ساڵانی 1997،98،99دا دەستی بە نووسین لە پەنای کۆ کردنەوەی بۆچوونی هەندێ چالاکوانی ڕامیاری و کۆمەڵایەتی کرد و سێ کتێبی سەبارەت بە مافی ژنان و دیموکراسی و بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان کرد بەڵام کەس بۆی چاپ نەکرد و لە ساڵی 2007دا لە لایەن وڵاتی ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیرا.

سدیق ساڵی 1998 داوای مۆڵەتی بڵاوکردنەوە حەوتەنامەی پەیامی گەلی کرد و دوای پێنج ساڵ مۆڵەتەکەی بۆ دەر کرا و بە دوو زمانی کوردی و فارسی بابەتی سەبارەت بە مافی ژنان، بابەتە مێژوویی و کۆمەڵایەتی و ڕامیاری و فەڕهەنگی و زمانی دەنووسی.

لە ساڵی 2003دا بە هۆی سکاڵای ئیدارەی ئیتلاعات و بە هۆی بانگەشە دژ بە وڵاتی ئێران سدیق دەسگیر و ڕەوانەی گرتووخانە کرا و حەوتەنامەکەشی داخرا.

سدیق بە پێداگری لە سەر سازدانی ئەنجومەنی پارێزەری مافی مرۆڤ لە کوردستان، لا ئاکامدا لە 9ی ئاوریلی ساڵی 2055 سازمانی پارێزەری لە مافی مرۆڤی کوردستانی دامەزراند.

سدیق وەکوو واچەر ئەم سازمانە هەڵبژێردرا و بە وتووبێژ لەگەڵ دەنگووڕەنگە کوردی و فارسیەکاندا پێداگری لە مافی گەلی کورد دەکرد و سازمانەکەی وەکوو ڕێکخراوێک بۆ بەدوادا چوون بۆ پێشێلکردنی مافی گەلی کورد ناساند و کارەکەی بە شێوەیەکی جوان بە ڕێوە دەبرد.

لە ساڵی 2006دا سدیق وەکوو سەرۆکی گشتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان هەڵبژێردرا و دوو لقی تری بە ناوی ڕاپۆرتەرانی مافی مرۆڤ و بینەرانی مافی مرۆڤ دامەزراند و دەزگای هەواڵگری بینەرانی مافی مرۆڤ لە کوردستانی دامەزراند کە زۆر چالاک بوو.

لە دەوری دوو ساڵە و نیوەی یەکەمی ساڵی 2005 تا 2007(کاتی گرتنی سدیق)، سدیق زۆرتر لە 250 جار گوتووبێژی لەگەڵ دەنگوو ڕەنگەکان سەبارەت بە مافی مرۆڤ لە کوردستان، مافی ژنان و منداڵان و کۆڵبەران و بێکاران و گرتوان ئەنجام دا و توانی پردێکی پێوەندی بەهێز لە کوردستاندا بۆ ئاگاداری خەڵک لە بابەتەکان ساز بکات و لە هەموو شار و زۆرینەی گوندەکان هەواڵنێری هەبوو و ئەمە تا ئەو ئاستە بوو کە لە دادگای وڵاتی ئێران گوتبوویان هەر شتێک کە بۆ ژنێک لە هەر جێگایەک ڕوو بدات ئەوە سدیق و ڕێکخراوەکەی لە پشتە و بەرپرسیارن.

جگە لە دەنگووڕەنگەکان، سدیق لە زۆر کۆڕ و کۆبوونەوەی نێودەوڵەتیدا بەژداری کرد و بانگهێشت نامەی زۆری بۆ دەچوو.

سدیق کەبوودوەند لە ڕۆژی یەکەمی مانگی ژووییەی ساڵی 2007 لە شوێنی کارەکە لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و سەدان کتێب و سی دی و نووسراویان دەستبەسەردا گرت.

سدیق لە گرتووخانەی ئیتلاعات لە بەندی 209 ماوەی 135 ڕۆژ لە بن لێپرسینەوەدا بوو و ماوەی 7 مانگ لە بەندی تاکە کەسیدا هێشتیان و دواتر بۆ بەندی گشتی گوێستیانەوە و دوای 12 مانگ لە دەستبەسەر کردنی بە بیانووی سازدانی ڕێکخراوی پارێزەری لە مافی مرۆڤی کوردستان و بانگەشە دژ بە کۆماری وڵاتی ئێران لێپێچینەوەی لەگەڵ کرا.

تاوانەکانی سدیق کەبوودوەند بریتین لە

1-شڵەژانی مێشکی خەڵک

2-ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان

3-چالاکی ڕۆژنامەگەری دژی وڵاتی ئێران

4-نووسینی کتێب دژ بە وڵاتی ئێران

لە یەکەم دادگاییدا مۆڵەتی حەوتەنامەی دەنگی گەلی لێ سەندرایەوە و بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە گشت جۆرە بەرپرسیاریەتیەک لە گۆوارەکاندا بێ بەش کرا و ماوەی یەک ساڵ زیندانیشی بۆ دەرچوو.

بەڵام لە دادگای پێداچوونەوەدا ماوەی زیندانەکەی بۆ شەش مانگ و ماوەی بێ بەشی لە چالاکی ڕۆژنامەگەریەکی بۆ سێ ساڵ کەم کرایەوە.

دوای کۆتایی هاتنی ماوەی یەک ساڵەکە لە ساڵی 2008 بە تۆمەتی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی نایاسایی ڕێکخراوی پارێزەری لە مافی مرۆڤ لە کوردستان و چالاکی دژ بە وڵاتی ئێران دادگایی کرا بەڵام سدیق و پارێزەرەکانی پیشانیان دا کە ئەم ڕێکخراوە پێویستی بە مۆڵەتی وڵاتی ئێران نیە و سدیق گوتی لەو ڕوەوە کە دەوڵەت دژی مافی مرۆڤە شتێکی سرووشتیە گەر دژی هەر ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ بێت.

کەبوودوەند چالاکیەکانی خۆی یاسایی و ناڕامیاری ناساند و بە پشت بەستن بە مادەی 9ی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی، بوونی ڕێکخراوەکەی بە یاسایی زانی

لقی پازدەی دادگای شۆڕشی وڵاتی ئێران لە حوکمی سەرەتاییدا ماوەی یازدە ساڵ بەندی بە سەر سدیق دا سەپاند و ئەم کارە بوە هۆی کاردانەوەی ناوەندەکانی مافی مرۆڤی نێو دەوڵەتی و لە ژێر گوشاری ئەواندا وڵاتی ئێران ماوەی بەندەکەی بۆ دە ساڵ کەم کردەوە.

هەروەها لە ساڵی 2009 دا بە هۆی سکاڵای سوپای پاسدارانی وڵاتی ئێران بە ناوی خەبات دژ بە ئاسایشی ئێران لە ڕێگای سایتی ئینسانیەتەوە  بە بێ بوونی سدیق، دادگا دادگایی کرد و حوکمەکەیان لە گرتووخانە پێ دا.

دوایی بڵاوبوونەوەی کتێبێک لە سەر باری ژنان لە کوردستان و دەستبەسەر گرتنی کەسانی پێوەندیدار، ئیدارەی ئیتلاعات لە ئاوریلی 2008دا سکاڵای دادگایی کردنی کەبوودوەندی کرد بەڵام دوایی سدیق لەم بابەتەدا بێتاوان دەرچوو.

سدیق لە گرتووخانە زۆر جار تووشی ئازار کرا و دوو جار جەڵدەی دڵی لێدرا.

کارەکانی کەبوودوەند بوە هۆی ناڕەزایەتی چەپەکان و هەندێ کەسی تر بە لایەنگەری کوردی عێراقیان ناو برد و هەندێ تر بە کاری بۆ بوون بە سەرۆکی حیزبێکی نوێ ناویان برد. هەندێ تورکی ڕەگەزپەرەستیش لەگەڵ فارسەکان دەستیان تیکەڵ کرد و بە هەوڵدان بۆ داگیر کردنی شارە تورک نشینەکان تۆمەتباریان کرد و ئەحمەدی نەژادیش بە سەرۆکی ڕیفۆرمخوازی لە کوردستاندا ناوی دەبرد.

لە ساڵی 2017 و دوای کێشانی ماوەی بەندی کردنی لە 12ی پێنجی 2017 سدیق کەبوودوەند لە گرتووخانەی وڵاتی ئێران ئازاد کرا و گەڕایەوە باوشی نیشتمان و کوردستان.

زۆر کەس ڕەخنەیان لە بەپیریەوە نەچوونی باشی خەڵک لێی گرت، بۆ وڵام هەر ئەوندە بەسە بڵێین ئێران وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریکا و تەنانەت تورکیا و عێراقیش نیە کە مافی مرۆڤی تێدا بێت، ئێران دایکی تیرۆری جیهانە و زۆر جار ئەو کەسانەی کە بۆ ئێران سکی خۆیان دەدڕن وەکوو ئەوانە دێنە بەڕ چاو کە گۆرانیان بۆ سەدام دەگوت، سەداممان زێڕە هەی هەی سەداممان زێڕە هەی هەی یان ئەو کەسانی سەدا پەنجاو دوو دەنگیان بە ئەردۆگان دا و سەیرە دەیانەوێت لە ڕێگای ئێرانەوە خەبات دژی داگیرکەرەکەیان بکەن.

تێبینی: ئاسۆ جوانڕۆیی ڕۆژنامەنووسی هاوکاری ڕۆژی کورد لە ناوخۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات ـە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت