بەشداریکردن ڕەوایەتی دانە بە لەسێدارەدان!

0
143

نووسەر: محەمەد چاوشین

دواجار ھات، شانۆی ھەڵبژاردن ھات. دوای ماوەیەک خەڵک سەرقاڵ کردن و ھەراوھۆریای میدیایی لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ڕژێمی دیکتاتۆری مەزھەبیدا ، بڕیارە سبەی ھەینی ( ٢٦-٢-٢٠١٦) ھەردوو ھەڵبژاردنی مەجلیسی شورای ئیسلامی (پاڕلەمان) و مەجلیسی خوبرەگان بەڕێوە بچن.

کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی، لە زۆر کەرەستە و ئامراز کەڵک وەردەگرن بۆئەوەی خەڵکی شوێنە جیاجیاکانی ئێران، پەلکێشی بەردەم سندووقەکانی دەنگدان بکەن و  ڕەوایەتی بەو شانۆگەرییە بدەن کە ناویان ناوە ھەڵبژاردن.

ئەو ڕژێمە کە بەھەموو پێودانگێک، ڕژێمێکی تۆتالیتار و ستەمکارە، ھیچ باوەڕێکی بە ھەڵبژاردن نییە و ئەوەشی کە بەناوی ھەڵبژاردنەوە دەیکات، تەنیا فۆڕمالیتەیە و چەواشەکردنی ڕای گشتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە.

خەڵک دەبێ بەباشی ئەوە بزانن کە زەمینەی بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنێکی ئازاد و سەربەخۆ کە تیایدا خەڵک بە ئازادانە خۆی ھەڵبژێرێت و خەڵکیش بەبێ ترس و وخۆف دەنگیان بۆبدات ، لەژێر سایە و دەسەڵاتێکی ستەمکار و و خۆسەپێندا نامومکینە و ھەرگیز بەرجەستە نابێت.

ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران، ٣٧ ساڵە  بەئاگر و ئاسن، دەسەڵاتێکی تەواو سەربازی و پۆلیسی بەسەر کەش و هەوای گشتی ئێراندا سەپاندووە و ڕۆچنەیەکی بچووکی بۆ ھەناسەدانێکی ئازادانەی خەڵک نەھێشتۆتەوە.

بێ گومان، لەژێر  سیستمێکی سیاسی خۆسەپێنی لەم چەشنەدا، ھەڵبژاردن ھیچ مانا و واتەیەکی نییە و تەنیا شانۆگەرییەکی بێ بەھایە.

بەدرێژایی ٣٧ ساڵی ڕابردووی تەمەنی ڕژێمی دڕندەی دیکتاتۆری مەزھەبی لە ئێراندا، ھەر سێ دەسەڵاتی “یاسادانان، جێبەجێ کردن و دادوەری”، ئامڕازێک بوون بۆ ڕەوایەتی بەخشین بەو تاوان و کوشتن و تاڵان و بڕۆیەی کە  دەسەڵاتی سەپاو بەسەر خەڵکدا، ئەنجامی داوە.

خولەکانی  ڕابردوو و  ئێستای ھەڵبژاردنی مەجلیسی شورای ئیسلامی (پاڕلەمان) لەئێراندا، بۆ مەبەستی  زیاتر بە یاسایی کردنی لەسێدارەدان و مەرگی خەڵک بووە نەک ڕێکخستنی ژیانی خەڵک و  ئاوەدانی.

ھەڵبژاردنی ھەرخولێکی نوێی مەجلیسی شورای ئیسلامی، بەواتای ھاتنی تیمێکی نوێی مەرگ و لەسێدارەدانی خەڵک و کوشتنی ئازادی و جیاوازییەکانە لەئێراندا.

ئەندامانی مەجلیسی شورای ئیسلامی، ٢٩٨ کەس بن یاخوود زیاتر، ھیچ چەشنە گۆڕانێک لە سیستمی سیاسی وڵات و ژیانی جڤاکی خەڵک ناھێنێتە کایەوە و مەینەتییەکانیشیان زیاتر دەبن و خەڵکیش دەبێ زیاتر بەدوای نان و ئازادیدا وێڵ بێت.

ڕۆژبەڕۆژ دەسەڵاتی دیکتاتۆری مەزھەبی ئێران، لەناو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا دەبێتە ڕووخسارێکی  بێزراو، بەڵام کاربەدەستانی ئەم ڕژێمە،  لەڕێگای نانەوەی ھەراوھۆریای شانۆی ھەڵبژاردنەوە، دەخوازن شوێن پێ و ڕەواییەک لەناو جڤاکە نێودەوڵەتیدا بۆخۆی دەستەبەر بکات. شانۆی ھەڵبژاردنیش یەکێک لەو فرت و فێڵانەی ئەو ڕژێمەیە.

ھەربۆیە، ھەرچەشنە بەشداری کردنێکی خەڵک لەم شانۆی ھەڵبژاردنەی ئێستای ئێراندا، جوانکردنی  ڕووخساری بێزراوی کاربەدەستانی ئەو وڵاتەیە و ڕەوایەتی بەخشینە بە کوشتن و لەسێدارەدان و تاڵان و بڕۆی سامانی گەلانی ئێران.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت