بیژەن قارەمانی: بۆ دێموکراتەکان تەنیا یەک ڕێگا هەیە ئەویش یەکگرتنەوەیە

0
559

باسی یەکگرتنەوەی دێمۆکراتەکان لەگەڵ ئەوەیدا کە پرسێکی هەستیارە، هاوکات داخوازیی زۆرینەی خەڵکی کوردستانە و وەک پرسێکی چارەنووس سازی نەتەوەیی دێتە نرخاندن، بەو حاڵەشەوە وەها شرۆڤە دەکرێ لە بەرژوەندیی هیندێک تاک د (لە ئاستی دەسەڵات لە هەر دوو لا) نیە تا ئەو پرۆسەیە بە ئەنجام بگەیەنن.

پرسی یەکگرتنەوە بۆتە ئەمرێکی واقعی سیاسیی نەتەوەیی، ئەگەر ئیرادەیەکی تاک ڕەهەندیی پرش و بڵاو، هۆکارەکانی ئەو لێکدابڕانە بێ، لایەنێکی دیکەی نیشتمانی، هۆکارەکانی پێکەوەبوون شیدەکاتەوە و پێداگری لەسەر دەکا، هەوڵدان بۆ یەکگرتنەوەو نەوەی دێمۆکراتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کارێکی گونجاوە و هیچ بەرگرێکی تەکنیکی و تەشکیلاتی بە هۆکاری ئەو جیاییە نازاندرێ.

بۆ تیشکخستنە سەر ئەو باسە، ناوەندی ڕۆژی کورد ڕای چالاکی سیاسی ” بیژەن قارەمانی” دەخاتە ڕوو و چەند پرسیارێکی گەڵاڵە کردووە کە بەڕێزیان وڵامیان داوەتەوە.

بیژەن قارەمانی
بیژەن قارەمانی

ڕۆژی کورد: لە ڕوانگەی ئێوەوە یەکگرتنەوە دێموکراتەکان بۆ پێویستە؟

بیژەن قارەمانی: کاتێک سەیری دابڕان و لێکترازانی ڕیزەکانی بزووتنەوەی کورد و حیزبەکان دەکەی، ئاسەواری وێرانەیەک لە پێش چاوی خۆت هەست پێیدەکەی، ناتوانی لە ئاستیدا بێدەنگ و  بێ هەڵویست بی و بە دەستی قەزاو و قەدەری بسپێری و لەم هەموو کاردانەوە نەرێنیە خۆ ببوێری.

وەک تاکیک ڕوانگە و خوێندنەوەم بۆ یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان لە سەر بنەما و پێگەی مەعنەویی حیزب لە ناوخۆ و ڕەسالەتی حەوت دەیە خەبات و قوربانیدانی خەڵکی کوردستانە بۆ گەیشتن بە مافەکانیان کە ئەو حیزبە یەکەم ئاڵاهەڵگر بووە لە خۆرهەڵات.

هیچ ئینشعابێک تا ئێستا نەیتوانیوە خەزمەت بە چوونە پێشی ڕەورەوەی خەبات بکا، هەموو ئینشعابێک بۆتە هۆی لێکدابڕان و دوورکەوتنەوەی زیاتر و کەلێنی قووڵتر و برینی ساڕێژ نەکراو لە جەستەی ماندوو و شەڵاڵی خوێنی سەرجەم بزووتنەوەکە.  ئەوەش بەو مانایە نیە کە ئینشعاب و جودابوونەوە یەک لایەنە بێت و هەموو تاوان و خەتاکان لەسەر لایەک بە سەنەد و قەباڵە تاپۆ بکرێت، بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو بۆچوونە نیم کە من حەقم و تۆ ناحەق !

خوێندنەوەی مەیدانی و هەمەجۆری من وەک خۆم لە سەر جیابوونەوەی کۆنگرەی ۱۳ ڕاست لەو دۆخە ناهەموارە دەدوێت کە پێکهینەر و خۆڵقینەر و پاڵ پێوەنەری تا لێکدابڕان سەرم پێکهاتەی حیزبیکی بە ڕەواڵەت یەکگرتوو بوو کردی بە دوو حیزب یان باشتر بڵێم لەتی کرد و بە لەتکردنیدا.

لەسەر ئەۆ بنەمایە کە نەفسی ئینشعابەکە فکری و سیاسی نەبوو و کێشەی دەسەڵاتی تاک و سەرکردەکان بوو بەدەنەشیان کردە دەستەچیلەی حیزب و بزوقتنەوە و تا ئێستا ئاگرەکەی پێ خۆش دەکەن لە جیاتی خامۆشی بکەن. بە باوەڕی من یەکگرتنەوە زەروریترین و پێویسترین ئەرکە کە لەسەر شانی ئەو دوو باڵەی دێموکرات هەم ئەرکە هەم فەڕزە کە بەداخەوە پاش ١٠ ساڵ خۆی لێ دەبوێرن.

پێویستیی یەکگرتنەوە و یەکڕیزی بۆ ناوخۆی کوردستان گرینگە و شوێندانەر، دەبێ لە درێژەدانی خەبات گەڕانەوەی شکۆی دووبارە دێموکرات.

ڕۆژی کورد: وەک لە وەڵامی پرسیاری پێشوو ئاماژەتان بە پێوست بوونی ئەو یەکگرتنەوە کرد، هۆکارەکانی یەک نەگرتنەوە چین ؟

قارەمانی: لە ڕاستیدا هەر دوو یەکن و تا ئێستا گۆڕانیان بەسەردا نەهاتووە یانی هۆکارگەلێک کە بوون بە هۆی جیابوونەوە هەر هەمان شت لە قالب و قەوارەیەکی تازەدا ئەمجارەیان ڕێگرە لە یەکگرتنەوە.

هەر ئەو هۆکارانە کە زەمینە و بەستێنی لەتکردنیان خۆڵقاند ئێستا وەک ئامرازی یەکنەبوونەوە بەکاری دێننن لە دژی یەکتر ، لایەنێک “حدکا ” خۆی پێ فرشتە و حەقی موتڵەقە و لایەنەکەی تری “حدک” پێ نادروست و ناشەرعیی، ئەوەش لەوە سەرچاوە دەگرێ کە ئەوان “حدکا” خۆیان بە براوەی کۆنگرەی ۱۳ دەزانن، ئەوەش یانی هەموو شت شەلم کۆیرم نابوێرم !!! بە ناوی زۆرینە و شەرعیەت، هەموو کارێکیان بە ڕەوا زانی و بە قازانجی خۆیان بە دژی حیزب و هاوڕێیانیان، ئەوە لە کاتێکدایە زورێنە زامنی ماف و حقوقی کەمینەیە و شەرعیەتیش لە ڕەفتاردا دروستی و ڕەوای خۆی نیشان دەدا نەک بە پێچەوانە.

گرێ پووچکەی دەستی خۆیان لە ئیدارەی حیزب دەکرا حدکای پێش کۆنگرەی ۱۳ و دواتر بە دەستی کردبایانەوە نەک بۆ زاری بەرن کە بەداخەوە تا ئێستاش هەر بە ئاڵۆزی هێشتوویانەتەوە تا گرێیەکی دەکەنەوە دەی لێ زیاد دەکەن . هۆکارەکان بە سیاسی نازانم زیاتر ڕیشەی لە ڕابردوو و ئیدارەیەکی سەقەتی ئەو حیزبە دایە کە بەردەوام دوای چەند کۆنگرە دەتەقیێتەوە بەدەنە دەبێتە قوربانیی ڕێبەرایتیی حیزب .

بازدان بە سەر مێژوو، بۆ حیزبیک کە لە نێو خەڵکی خۆی نیە، هەموو جارێک کارەسات بە دوای خۆیدا دێنێت، حیزبە دێموکراتەکان لە بەکارهێنانی ئەو دیاردە خراپە بە دژی خۆیان لەمێژە دەستێکی باڵایان هەیە، هەموو جارێک بە قازانج و زەرەری خۆیان و حزب بەکاری دێنن بێ ئەوەی بیر لە ئاکامەکانی بکەنەوە .

هەموو ئیشعابەکان لە ڕێگای کارتێکەریی نەرینی لەسەر بەدەنە، زەمینەیان بۆ دەرەخسێت، ئەوەش وایکردووە بەدەنە توانا و میدانی پێدەدن بۆ لێکدابڕان بەڵام بۆ یەکگرتنەوە نەقشی نیە و ناتوانێت، ئێستاء هەم حدکا هم حدک لەو قۆناغەدان.

ڕۆژی کورد: بەڕی ئێوە کۆنگرەی ١٦ ـی حدکا پێویستە بەرانبەر ئەو پرسە چۆن هەڵوێست بنوێینی ؟

قارەمانی: با بۆ جارێکیش بێ ئەو ڕاستییەی وەک خۆی باس بکەین، بەرهەمی هەموو کێشە و دابڕانەکان، دەرهاویشتەی کۆنگرەکانی حیزبن، هەر لە سەرەتاوە کۆنگرەی ۲ و کۆنفراسی ۳ هەوراز وەرە تا ئێستاکە ئەوە لە بەر دەرگای کۆنگرە ۱٦ ڕاوەستاوین چاوەڕێی کاری چاک و خێریان لێدەکەین ، هەمووی ئەو ڕابردوو و مێژوو ناشیرینە بە ڕوخساری حیزب و بزوتنەوە لە ژووری کۆنگرەکان دروست بووە کە دوژمن قازانجی زۆری لێکردووە و بەشی کورد و حیزب دێموکرات، هەر دوو بەرەکی و ئاژاوەنانەوەی ناو ڕیزەکانی خۆی بووە.

کۆنگرەی ۱٦ ـی حدکا جێگای مانۆڕدانی زۆرە و دەستیان ئاوەڵاترە بۆ گۆڕین و جێ گۆڕکێی مورەکان، چون چەندین پۆستی هەستیاریان بەتاڵە، ئەوەش مودەعی خۆیان هەیە، لە هەمان کاتیشدا بە هۆی پرۆسەی ڕاسان ڕەنگە باسەکانیان بە دوو شێوە جێگای مشتوومڕیی زیاتر بن . لێرە بەو ئەنجامە دەگەین کە کۆنگرەی ۱٦ی حدکا جیاواز دەبێ لە کۆنگرەی ۱٦ حدک، هەم لە فۆرم و هەم لە  نێوەرۆکدا، بەڵام بە گۆڕان لە سیاسەت بە خۆ داهاتنەوە ئاوڕ وە پشت سەردانیان خۆشبین نیم و هەر لە ئێستاوە زەمینەی دیارە.

بە ڕای من ئەگەر بەدەنەی حیزب توانایی هەبا لە سەر ڕێبەری و ڕێبەریش هەستی بەرپرسایەتی و مەسئولیەتی هەبا ، بەڕێز هیجری و دەفتەری سیاسیی قاتح و یەک دەنگ بان لە ڕاستای یەکڕیزی و یەکگرتنەوەدا، کۆنگرەی ۱٦یان ساڵیک وەدوادەخست. سەرەتا یەکیاندەگرتەوە (( بە قەولی بەڕێز عیرفان ڕەهنمون ئەگەر ئیرادە هەبێ یەکگرتنەوە کاری دوو ساعەتانە)) پاشان بە حیزبێکی یەکدەست و یەکگرتووەوە دەچوونە هۆڵی کۆنگرەوە و مێژووی پشت سەریان لە کۆنگرەی ۱۳ پاک دەکردەوە و وەرزێکی نوێی حیزبایەتیان دەنووسیەوە و کاریان پێدەکرد کە من وای نابینم، چوون هیچ شتێک لای وان نەگۆڕاوەو  قائیل بە گۆڕان لە خۆشیان نین جا بۆیە کۆنگرەی ۱٦ش هیچ هیوایەک و ڕووناکایەک نابینم خۆ لە قەرەی یەکگرتنەوە بدن.

بیرو ڕای گشتی لەمێژە لای حیزبەکان و یەک لەوان حدکا، باوی نەماوە و هەر بۆ جوانییە، بەدەنە هەر لە لەتکردندا دەور و ڕۆڵی دوو سەرەی هەیە، یەکگرتنەوە و نەگرتنەوە کاری ڕێبەریە و لە سەلاحیەتی واندا …. سەرکەوتنی کۆنگرەی ۱٦ـی حدکا بە بێ یەکگرتنەوە مەحاڵە و مومکین نییە.

ڕۆژی کورد: هەر دوو لایەنی دێموکرات لەو پرش و بڵاوییەدا تاوانبارن پێیتان وایە کە یەک نەگرنەوە چ ڕێگاکارێکی دیکە بۆ پێکەوە هەڵکردن هەیە؟

قارەمانی: پێم خۆشە ئەوە بڵێم ڕاشکاوانە کە ئەو لەت کردنە، ویستی خەڵک و دڵسۆزانی کورد نەبووە و ئێستاش هەر نیە، هەموو هەوڵەکان بو پێشگرتن لە جیابوونەوە و ئینشعاب بێ سوود بوو و نەکەوتە بەر نەزەر و لوتفی دەسەڵاتدارانی بە ناو زۆرینە و کەمینە، لە ئەساسدا دەنگە حیزبی ناڕازیەکە بایکۆت و سەرکووت کرا و دەنگی کۆمەڵانی خەڵک هەر گوێ بیستی نەبوو و حاشای لێکرا ئەوە پێش لەتبوونی !!

ئێستاش هەر هەمان شت ئەو جارەیان دە ساڵە ئەوەی گۆیان لێ نەبێ دووبارە قسەی خەڵک و دڵسۆزانە، ئاماری ئەوانەی لە سەر داوای یەکگرتنەوە دەرکراون و تووشی بێ ڕێزی و تیرۆری کەسایەتی و تۆمەت لیدان بوون هێند زۆرە لە کوتن نایە !

وەک خۆم یەکگرتنەوەم بۆ دێموکراتەکان پێی گۆنجاوترە، بەپێی مێژووی حدکا و جوغرافیای ڕۆژهەڵات و ڕێگایەکی دووهەم و سێهەمم پێ شك نایە !. ئەگەر ئێستا یەکگرتنەوە ڕوونەدا، بەم جۆرە چوونەوە ناو وڵات و دەست بۆ چەک بردن و دووپات بوونەوەی مێژوویەکی تاڵی تر، دوور لە چاوەڕوانی نیە، ئەوەش لەو دەساڵەدا نەکراوە و مەیدانیانیان نەبووە بە خۆشیەوە !ئەوەندە هاوکاری و پێکەوە بوونەش کە دەیبینین بە حوکمی دەسەڵاتی باشوور و خۆ دەرخستن لە میدیای ئەو بەشەی کوردستانە و لە پیش چاوی خەڵک سیاسەتی پێدەکەن.

تا ئەو دوو دێموکراتە و چوار یا پینج کۆمەڵە یەک نەگرنەوە، هیچ بەرە و هاوکاریەک ئیمکانی نییە و ناشبێت، باشە خۆ حدکا و کۆمەڵەی زحمەتکیشانی کوردستانی ئێران هاوپەیمانی ستراتیژین ئەدی کوا کار و هاوکاریان!؟

بەڵێ بە باوەڕی من ئەوەندی لە پرش و بڵاوی تاوانبارن، سەد هێندە لە پێکەوە نەبوون و یەک نەگرتنەوە تاوانبارترن ئەو دووانە بە یەکەوە تەواوکەری یەكن .حیزبە ساغەکانی سەرەتای شۆڕش و حیزبە لەتەکانی ئێستا، بۆ سەرکوت قبوول نەکردنی یەکتری و بیرنەکردنەوە لە بەرژەوەندیی خەڵک و وڵات و داهاتوو لە بەرابەر یەکدا و کۆتا نەهاتن، هەروەک ساڵەکانی سەرەتای شۆڕش بیر دەکەنەوە و لە ڕەفتاریشدا گۆڕانیان بەسەردا نەهاتووە .ئەوەش دیاردەیەکی جێگای مەترسییە، هەموو ئەگەریکی چاوەروانەکراوی تێیدا بەدی دەکرێ و هیچ باش نییە.

چوونە سەر شایی و سەرەخۆشی و بەشداریی بۆنە و مەراسمی ئەو یان ئەم حیزب، ئەوەیان عورفە بۆ وێنەگرتنە و ناچیتە خانەی سیاسەت و هاوکای کردن ….

بۆ دێموکراتەکان هەر یەک ڕێگا هەیە، ئەویش یەکگرتنەوەیەو ڕێگای دووهەم و سێهەم و سەدمیش هەر یەکگرتنەوە ……ئەوەیان ویستی خەڵکە نەک ئی حیزب

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت