بۆ کورد هەر بەرەو دواوە هەنگاو دەنێ؟

0
409
هەڵمەت مەعرووفی
هەڵمەت مەعرووفی

نووسینی: هەڵمەت مەعرووفی

دوژمنان و داگیرکەرانی کورد ڕۆژ بە ڕۆژ بازنەی دەسەڵاتی سیاسییان لە ڕووی ژئۆپۆلتیکی و سەربازی و تکنۆلۆژیەوە بەرفراوانتر دەکەن و چوارچێوەی مانۆڕدانیان بەرینتر دەبێتەوە، ئێران وەک زیرەکترین، سیاسیترین و ڕادیکاڵترین دوژمنی سوێندخواردووی کورد لە ئێستادا لە ئێراق و سوریە و لبنان، مەیدانداری سەرەکییە و ئەوە بەرەو یەمەن و بەشێک لە ئەفریقای باکووریش پەل دەهاوێژێ، تورکیەش لە چەند وڵاتی تر کە وەک یەکیەتییەکی تورک ناسراون مەیدانداری سەرەکییە و لە سوریەش مانۆڕی خۆی دەگێڕێ و لە ئێراقیش لە ڕێگای دوو فاکتەری سوننە بوون و لە ڕێگای تورکەمەنەکانیشەوە، مەدانداری دەکا کەچی کورد نە تەنیا نەیتوانیوە لە ڕووی سیاسییەوە پشتیوان بۆخۆی بدۆزێتەوە بەڵکوو لە کردەوەدا بە باشی دەبینین کە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات حیزبەکانی چەندپارچە بوون و هیچ دەلاقەیەکی ڕوون بۆ یەکگرتنەوە بەدی ناکرێ و بەپێچەوانە دەرگای لێکتری ترازان و ڕاونان و لێکتر مۆڕبوونەوە ڕۆژ بە ڕۆژ ئاوەڵاتر دەبێ، لە باشوور بەرەو دوو پارچەیی بوون دەڕۆین و لە کردەوەدا هەر ئێستا دوو دەسەڵات و نیو زاڵە، لە ڕۆژئاوا یەپەگە مەیداندری دەکا و یەنەکەسی و پەدەکەسی پەراوێز خراون و لە باکووریش کە دۆخەکە وەک ژیان لە ناو شیشەیەکی بلور دایە و هەر چرکەی ڕەنگێکە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە.

بۆی هەیە هەر کەس بەپێی لێدوان و شیکاریی خۆی، هۆکار یان هۆکارگەلی جیاواز ببینێتەوە و باسی بکا، بەڕای نووسەر هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ سەر ڕێبەرایەتیی بزاڤی کوردی. ڕێبەرایەتیی کورد هێشتا بە شێوەی کلاسیک، خان خانی و ئەربەبا ڕەعیەتی و شێوازە کۆنەکانی بەڕێوەبەری سیاسەت دەکا، ڕێک بە پێچەوانەی سیاسەتی هاوچەرخ کە لە هەر هاوکێشەیەکدا بە بوونی دەیان پسپۆڕ، بوار و لایەنە جیاوازەکانی لێک دەدرێنەوە، بە کوردی و بە کورتی، کورد لە سیاسەتدا هێشتا دۆمینە دەکا و جیهان، شەتڕەنج.

سیاسەتی هەر کام لە حیزبە کوردییەکان، لە ڕووی خوێندنەوەی دۆخی جیهان، ناوچە و تەنانەت کوردستانیش نیە بەڵکوو لە ڕووی سیاسەتی هێزی بەرانبەر دادەمەزرێ، هێزێک پێداگری لەسەر دانوستان دەکا ئەوەی تر لەسەر خەباتی چەکداری، یەک لەسەر سەربەخۆیی و ئەوەی تر لەسەر مانەوە لەگەڵ داگیرکەر، یەک لەسەر ئاڵای کوردستان و ئەوەی تر لەسەر ئاڵایەکی نوێ کە هیچیان خوێندنەوەیان بۆ نەکراوە و لە ڕووی تیۆرییەوە بۆشاییان لە پشتە و ناتوانن لە چەند لاپەڕەدا هۆکاری هەڵبژاردنی ستراتژی، تاکتیک و شێوازی خۆیان بە شێوەیەکی زانستییانە بۆ بەردەنگەکانیان بکەن و لە ڕاستیدا لێدوانەکان دەچنە خانەی دروشمەوە، هەر ئەوەشە وادەکا حیزبی کوردی لە جیاتی ئەوەی کە “ئەوی تر ناسنامەییان”، نەیار بێ، حیزبێکی ترە.

پاشخانی ئەو دیاردەیە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی میرنشینەکان، سەردەمێک کە دەکرا بە هەبوونی بیری نەتەوەیی، ڕێبەری چاوکراوە و دونیادیتوو و ڕاوێژکاری زانا و لێزان و بە بینین و زانینی مێژووی جیهان، بنیاتی حکومەت و دەوڵەتی کوردی دامەزراندبا بەڵام بوو بە تەشۆی دەرماربڕی دەوڵەتی کوردی و پاڵ پێوەدان بە داگیرکەر و داماڵین و هاڕینی یەکتری لە جیاتی پاڵ پێکوەدان و دامەزراندنی دەوڵەت. بۆی هەیە بگوترێ ئەو کات بیری نەتەوەیی نەبووە بەڵام خۆ هەر ئەو کات و پێشتریش خانی، باوکی ناسیۆنالیزمی کوردی، هەستی بە ئازارەکان کردبوو، بڵێی ئەوان هەستیان پێنەکردبێ یان هۆکار لە ناو دەمارەکانی خۆخۆریی کورد دابێ؟

لە هەموو مێژووی کورددا جیا لە شێخ عوبەیدوڵا نەهری، سمیال ئاغای سمکۆ، پێشەوا قازی محەممەد و دوکتور قاسملوو، هیچ ڕێبەرێکی تر بوونی نەبووە بتوانێ ئەو کۆتە لە ملی خۆی و شۆڕشەکەی داماڵی و “ئەوی تری ناسنامەیی”ـەکەی داگیرکەر بێ، بە پێچەوانە زۆربەی هەرە زۆری کورد ئێستاش لە هەندێ داخی مێژووییدا خۆی ڕاپێچ دەدا و حەسرەتی ئەوەی لە دڵە کە بۆ یەکەم هێز نەبووە کە بە شێوەی هاوچەرخ خۆی ڕێکبخا و بۆ یەکەم حیزبی دامەزراوی کوردی نەبووە، زۆر کەس دوای ماوەیەک ڕێبەری ئێستاش لە ڕووی دەروونییەوە کڵۆڵی ئەوەن کە بۆچ بۆ هەتاهەتایە ڕێبەر نەمانەوە و زۆر کەسیش مێژووی داهاتوویان کردە قوربانیی مانەوەی هەتاهەتایی خۆیان. بەڵام ئەو چوار ڕێبەرە – دوکتور سەعید بە هۆی ئەوەی کە تەمەنی سیاسیی و ڕێبەری کەم بوو ناکرێ بڕیاری لەسەر بدرێت- ئەوی تری ناسنامەییان دیار بوو هەر بۆیەش لە ئاستی ناونەتەوەییدا چالاک بوون، پەیوەندیی دیپلۆماتیکیان هەبوو و فاکتەرەکانی مامەڵەی سیاسییان لە دەرەوەی کوردستان بوو کە مێژووزانان و ئەوانەی مێژووی کوردیان خوێندبێتەوە باش لە ڕاستییەکان دەزانن و پێویست بە شرۆڤە ناکات.

ئەو دیاردە هەڵەیە کە وەک گوترا سەرچاوە لە کلاسیک بوونی شێوازی ڕێبەری و بەڕێوەبەریی حیزبەکان، سیاسەتی گوندیانە، داخ و ڕقی مێژوویی و چەندین فاکتەری تر لەو ناوە، دەگرێ، کاریگەریی لەسەر چینەکانی خوارەوەی حیزبەکانیش داناوە و وەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دیارە و دەردەکەوێ، بەشی سەرەکیی لێدوان، شرۆڤە و قسەکان، دەم و چاوی بەرانبەری تری کوردمان دەگرێتەوە کە جار جار حەق و زۆربەی جارەکان ناحەق و تاقەت پرووکێنە و خودی نووسەریش پشکێکی زۆری لەو ناوە وەبەر دەکەوێ، بەڵام درێژەکێشانی ئەو دیاردەیە هەر لە ڕێبەرییەوە تا دەستە شاراوەکان و تا تاکەکانی خوارەوە کە زۆر جار دەبنە قوربانیش و سات و سودایان پێوە دەکرێ، تەنیا بە قازانجی نەیار و داگیرکەرە و کاریگەریی سەرەکی نەک ئێستا بەڵکوو لە دواڕۆژی ئازادیدا و یان خراپتر لەوە لە کاتی بەرەکانی شەڕدا دەردەکەوێ، کە مێژوویەکی ڕەش لەمبارەوە هەیە و لە ئێستادا ئەزموونی کوردستانی باشووریش، ئاوێنەیەکی باڵانوێنی ئەو دیاردەیەیە.

گۆڕینی شێوازی ڕێبەری و بەڕێوەبەری، دانانی خولی بەڕێوەبەری و ڕێبەری بۆ ڕێبەر و بەڕێوەبەر و کادرەکانی حیزبەکان، هەڵبژاردنی ستراتژی و شێواز و تاکتیک لە ڕووی پێناسە و ناسین و شیکاریی دۆخی جیهان، ناوچە و کوردستان، هاتنە ئارای هێزی نوێ و خوێندەوار لە هەموو شوێنەکانی خەبات، گرتنی پەیوەندیی بەربەرین لەگەڵ چینی مامناوەندی خوێندەواری ناوخۆ و هەڵبژاردن و خستنە کایەی چینێکی زمانزان و خوێندەوار و ئاشنا بە دەروونناسی و کۆمەڵناسیی وڵاتانی دونیای دەرەوە لە بواری دیپلۆماسی و کاروبارەکان و گرتنی کۆڕ و کۆبوونەوەی زانستی لە ڕێگای ئامرازاەکانی پەیوەندیی ئینتێرنێتییەوە (بۆ کەمکردنەوەی تێچووەکان) و دەیان بابەتی تر، دەتوانن ڕێکارێکی گونجاو بن بۆ گۆڕینی ئەو ئاراستەیە و دامەزراندنی سیاسەتێکی ئەوڕۆیی، پێشکەوتوو و سەرکەوتوو لە جیاتی باندبازی و دەستەبازی و بەفیڕۆدانی کات و زەمەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت