بۆ ڕووحی ماندوونەحەساوەی شەیدای ئازادیی شەهید ڕەحیم گەرگوولی

0
111
هۆنەر: خەلیل جنگی

هۆ کاکۆڵ ماش و برینجییەکەی دێموکڕات

ئەم ئاوە بخۆرەوە

کەوا وەرز دێ و دەڕواو

تۆ هەر تینووی پشووی

دە ساتێک بحەسێوە

ڕێگای خەباتت گەلێک دژوارە گیانەکەم!

هۆ قاموس و پەخشانی ئەشق و وەفا

ئەم گەروویە تەڕ بکە

خۆ دونیا خەرا نابێ تۆش تینوێتی بشکێنی شێعرەکەی هیوام!

هۆ پێشمەرگەکەی ڕاسان و ژین

پەلە مەکە

لە داوێنی ئەم چیایە تاوێ دڵ و دەروون فێنک کەوە!

هۆ لوتکەی سەرکێشی سندووس

پەلە مەکە،

ساتێ میوانم بە

بۆ وا بەپەلەی مەرگی!

هۆ “گەرگوولی” پێکەنین و خەندە

ئەی دڵخۆشکەری کۆڕی کوڕگەل

هیوای بەرزی وره

توخوا لامان بمێنەوە چارەگێکی تر!

هۆ گیان بەستراو بە بزەیەک

تا فیشەک نەیپێکاوی،

تۆزێ پێبکەنە بە ڕووی سەنگەرماندا!

ئەی شەمی قرچ هەڵاتوو بۆ گەل

ئەی پەپولەی باڵ سووتاوی خەم

دە وەرە دەمێک لەسەر ئەژنۆم بخەوە

خۆ پێشەنگ و ڕێگەت زۆر ماوە…

هۆ بەورەکەی لەندی شێخان

هۆ سەنگی مەحکەمی قەڵاتەکەی شا

هۆ هەڵۆکەی فەڕەنگ

تۆ وا شەقەی شاباڵت نواندوو

دوژمنی گەلت بە چریکەی باوەڕت تاساند!

هۆ کۆترە باڵ خوێناوییەکەی دێموکڕات

سینگت کرد بە قەڵغان

کەمینی دوژمنی چەوتت شکاند

گیانی شیرینت بەخشیە وڵات

گریلا“ت هەر چاوەڕێیه

بەڵام داخەکەم ئیتر برینت کارییە براکەم

کوێر بم دڵۆپی خوێنت وا بێ تەبیبەو

چاوی ڕاسان و هیوات هەر لە ڕێ!

هۆ ڕەحیمی هاوڕێم!

خەڵاتی ئەم حەماسەیەت بۆ وا زوو فڕاند

بەڵێنیت دابوو سەوداسەری

چ زوو پیرۆزت کرد،

کفنی لە چەک و ڕەختت!

خاکی “لاجان“ـت کردە متفەڕک

بۆ دیاریی عەبدوولی و قادی ئازەرو ئەفشین

بۆ بێهنام و شێخاڵی و ئیفتیخاری و….

سەری سوڵتانت هەزار قات بەرز کرد بەم هەڵوێستە!

تۆ ڕۆڵەی ئازای هەوراز و نشێوی

چاونەترسەکە تۆ سەت دژە کەمینت دەرکرد!

لە شەوی تاری شاوەلە و دەشتی قوڕێ و گەرگوول و….

دە وەره بۆم باس بکە مەینەتی ڕێگەی سەخت

جێژوانی “دوڕگە” و “گردە قیت” و “دەشتی شۆرەکاتی نەغەدە

بۆم بێژە لە یادوارەکانی شاخە ڕووتە

ئەو دەم کە ئاوی “سێ کانیان” و “کانی فەقێیان“ـت پڕ بە دڵ سەر دەکێشا

شەکەت بووی و گەلێک ماندوو

وەرە بۆم بگێڕەوە حەکایەتی هێلانە حاجیلەی “بەردی خورینج” و سیامەند و خەجێ و شازوو قاز…

شەیداییەکانت لە بەری لاجان و مەنگوڕایەتی

دە وەرە لام گیانەکەم کە کۆچت گەلێک زوویە!

هۆ براکەی دامرکانی خەم و مەینەتم

پەلەی چیت بوو بۆ تێکەڵ بوونی کاروان

خۆ لەمێژ نەبوو

زامی قادر و کەماڵ و جەماڵ و سەرکەوت و جەوانمەردەکانت….

دەزانم برینی قووڵت بێ سارێژ بوو

بەڵام به قەرا ئاوڕێک سەبووریت گرتبا برا گەورە

تا تینوێتیمان بۆ هەمیشە بەیەکەوە شکاندبایە!

هۆ سەر شێتە ڕچەشکێنە ئاشقەکە

دە ئاوڕێک بدەوە

هێشتا چەند هاوڕێت ماون بگەن بە زەردەخەنەی شیرینیی ڕاسانت….

دە جێمان مەهێڵە ئەی ڕەحیمی برام

هۆ گیانی شیرینم

مەگەر تۆ کێی،

کەوا بە قاقاوە گوللـە بەرەو جەستەت دەژمێری

هەی سەرشێە مەجنوونەکە!

وا زوو جێمان مەهێڵە

ئەی کەمین شکێن

ئەی خورما تۆزاوییە شیرینەکەی کێلەشین

هۆ بزەکەی سەر لێوی باوکی ئەڤین

جێمان مەهێڵە ئەی دوژمن بەزێن

هۆ کاکۆڵ ماش و برینجە ڕووح سوکەکەی “کانی زێڕین“ـەو “مخاکۆ

هۆ بازەکەی سەر “مەیتی خان” و هەوار مەندووکانی “سپیلکان” و “حەوت کانی” و “ئۆڕناس“ـێ

وا زوو جێمان مەهێڵە قوربان!

وا زوو جێمان مەهێڵە قوربان!

۲٤ی سێپتامبڕی ۲۰۱٦

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت