بۆ زیندوو ڕاگرتنی یادی سی ساڵەی تێرۆری دوکتۆر قاسملوو کۆنفرانسێک لە شاری کراسناداری ڕووسیە بەڕێوەچوو

0
1150

ڕۆژی كورد :
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٧ی تەمووز لە شاری کراسناداری وڵاتی ڕووسیە بە بەشداری کۆمەڵێکی بەرچاو نووسەر و ڕۆشنبیر و چالاکی سیاسی، کۆنفرانسێکی زیندوو بۆ ڕاگرتنی ناو و خەباتی شەهید دوکتۆر قاسملوو بە سروودی نەتەوەیی “ئەی ڕەقیب” لە لایەن فێدراسیۆنی نێودەوڵەتی کوردانی سۆڤییەتی پێشوو بەڕێوەچوو.

بۆ وەبیرهێنانەوە و به‌رزڕاگرتنی سیهەمین ساڵڕۆژی تێرۆری ڕێبەری گەلی کورد شەهید دوکتۆر عەبدولرەحمان و هاوڕێیانی لە وێەن پێتەختی وڵاتی ئۆتریش کوردانی دانیشتووی کوردستانی سوور، لە شاری کراسنادار کۆنفرانسێکیان بەڕێوەبرد. کۆنفرانسەکە بە بەشداری نزیکەی چل کەسی ڕۆشنبیر و ڕاگەیەنکار و شاعیر و هەڵبەستوان  بەڕێوەچوو. کۆنفرانسەکە لە سەر مژاری شۆڕشگێڕی و چالاکییەکانی دوکتۆر قاسملوو و هەروەها بەرزنرخاندنی خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەیەکی بەرفراوان بەڕێوەچوو هاوکات بەشێکی بەرچاوی کۆنفرانسەکە تەرخان کرابوو بۆ باسکردن لە سەر تەوەری تێرۆریزمی نێودەوڵەتی لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و شەرمەزارکردنی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە.
کۆنفرانسەکە بە یادکردنەوەی شەهیدانی کوردستان و سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد. پەیامی ڕێزداران “عەلی قازی” کوڕی پێشەوا قازی مۆحەممەد و لێپرسراوی گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، “مۆستەفا هیجری” و سەرۆکی فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی دیاسپۆرای کوردانی سۆڤییەت پرۆفیسۆر “کنیاز ئیبراهیم” لە درێژەی کۆنفرانسەکەدا پێشکەش کراوە و خوێندراوە.
ڕۆژنامەوان “هەژار شامیل” دەربارەی ڕۆڵی دوکتۆر قاسملوو لە بووژاندنەوەی شۆڕشی کوردستان باسێکی تێر و تەسەلی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە دوکتۆر قاسملوو یەکەمین ڕێبەری ڕۆشنبیری کوردە کە بە هۆی تایبەتمەندییەکانی وەکوو ڕێبەرێکی بە توانا ناوبراو لە هەموو ڕێبەرانی پێش خۆی و دوای خۆی جودا دەکاتەوە. هەروەها هەژار شامیل لە درێژەی باسەکەی دا هاتە سەر مژاری یەکیەتی و یەکبوونی نەتەوەیی و گوتیشی تەنیا یەک ڕێگا هەیەبۆ یەکیەتی نەتەوەیی و برایەتی بۆ وەدەستخستنی دۆزی سەربەخۆیی  کوردستان ئەویش یەکگرتنە.
مێژووناس “لەتیف برووکی” دەربارەی مێژووی کوردستان، بە تایبەت ئەو پارچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان باسێکی تێر و تەسەلی پێشکەش بە بەشدارانی کۆنفرانسەکە کرد. هەروەها شاعیر و هەڵبەست وان “دۆرسۆن باڵایۆڤ” و “ئه‌ڤدیڵا ئیبراهیم شەمۆیی” بۆ وەبیرهێنانەوە و بەرزڕاگرتنی یادی نەمر دوکتۆر قاسملوو چەن پارچە هەڵبەستێکیان پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
لە کۆنفرانسەکەدا نوێنەری ناوچەی کراسنۆدار و چەن ڕۆشنبیری ناوچەکە دەربارەی کەسایەتیی دوکتۆر قاسملوو و شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها بۆ چارەسەر کردنی پرسی کوردستان بە تایبەتی باسەکانی خۆیان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. دوکتۆر “عەلی ئالیۆڤ” بیرەوەریەکی خۆی لە گەڵ دوکتۆر سادق شەرەفکەندی لە کۆنفرانسی مۆسکۆ لە ساڵی ١٩٩٠ی زایینی بۆ بەشداران باسکرد، دوکتۆر شەرەفکەندی ئەڵێت : دۆژمنایه‌تیی كورد بۆ خۆیه‌تی و دۆستایه‌تیی بۆ خۆی نیه‌، له‌ ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی دا دۆژمنایه‌تیی له‌ گه‌ڵ دۆست و دۆژمن كه‌م بكه‌ینه‌وه‌، به‌ جۆری سیستماتیك و خۆگه‌ڕئاسا دۆسته‌كانمان زیاد ئه‌بن.
ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی “بارزانی نەبیۆڤ” ناکۆکی و ناتەبایی نێوان ڕیزەکانی گەلی کوردی شەرمەزار کرد و باس ئەوەی کرد پێویستە پارت و حیزبەکانی ئێمە یەک بگرن و هەوڵی یەکبوون بدەن ئەوە پاشکەوتوویی نیە بەڵکوو ئەوە پێشکەوتوویی گەلی کورد دیار دەخات. سەرۆکی رێکخستنی بنکەی دۆستایەتی کورد و ڕووس، ڕێزدار مامە مەمۆیی باسی کوردانی سۆڤییەتی کرد و شڕۆڤەی چارەسەرکردنی دۆزی کوردانی پێشکەش کرد و هەروەها لە سەر پێشکەوتنەکانی کوردستان زانیارییەکانی خۆی هێنایە بەرباس و پێشکەش بە ئامادەبووانی کرد.
“زانیار بارزانی عەلیۆڤ” دەربارەی پرسی سیاسی کوردستان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین باسێکی بەرفراوانی پێشکەش کرد. مامۆستا “محەممەد حەمید”، مامۆستا “عەزیز شامیلۆڤ”، ئەندازیار “ئیسماعیل یۆسف” باسەکانی خۆیان لە سەر ڕۆڵی دوکتۆر قاسملوو و ڕۆڵی کوردانی سۆڤییەت بۆ زیندووکردنەوەی یەکیەتی و برایەتی نەتەوەیی پێشکەش کرد. لە کۆتایی دا بڕیار هاتە سەر ئەوەی کە ئەو چەشنە کۆنفرانسانە کە خزمەت بە ڕەوتی یەکیەتی و هاوڕیزی گەلی کورد دەکات ببنە پڕۆسەیەکی سیستماتیک و درێژەیان پێ بدرێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.