بڕیارە ئەمریكا “گەورەترین كونسوڵخانە” لەسەر ئاستی جیهان لە هەولێربکاتەوە

0
453

ڕۆژی کورد: بڕیارە ئەمریكا بەم زوویانە دەست بە ئاواكردنی گەورەترین باڵەخانەی دیپلۆماسیی خۆی لە هەولێر بکات كە بە گەورەترین كونسوڵخانەی ئەمریكا لەسەر ئاستی جیهان هەژمار دەكرێت.

ئەو باڵەخانەكە کە دەگوترێ بەڕادەیەک گەورە دەبێ کە کاری سازکردنەکەی بە چوار ساڵ تەواو دەبێ‌ و لەلایەن چوار كۆمپانیای ئەمریكی و بەهاوكاریی چەند كۆمپانیایەكی ناوخۆییەوە ساز دەکرێت.

لەمبارەوە فەلاح مستەفا، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد “لەسەردەمی كونسوڵی گشتی پێشووی ئەمریكادا لە هەولێر، ماتیاس میتمان، نەخشەی پرۆژەی دروستكردنی باڵەخانەی ئەمریكا لە هەولێر رادەستی ئێمە كرا و واژۆمان لەسەر كرد”.

فەلاح مستەفا، باسی پەیوەندیی نێوان هەولێر و واشنتن دەكات و دەڵێت: “ئەمریكا ئەمڕۆ نییە پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە. لەساڵی 1991ـەوە ئەمریكا رۆڵێكی بەرچاوی هەبووە لە دانانی بەردی بناغەی ئەوەی كە ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان پێی گەیشتووە”.

فەلاح مستەفا دەڵێت “كاتێك ساڵی 2014 هەڕەشەی داعش لەسەر كوردستان نزیك بوو،  ئەمریكا هاتە پێش بۆ لێدانی داعش و پابەندیی خۆی بە پاراستنی كوردستانەوە نیشاندا”.

هەولێر لە یەكەم گوتاری باراك ئۆباما، سەرۆكی ئەمریكادا لەبارەی شەڕی داعش وەكو “هێڵی سوور” بۆ واشنگتۆن ناوبرا. هەربۆیە نەیهێشت دەستی داعش بگاتە هەولێر و بەوەش نەوەستا. ئێستا پڕۆژەی یەكێك لە گەورەترین باڵەخانەی دیپلۆماسی لە دەرەوەی ئەمریكا لە هەولێر دروست دەكات. بەمەش هێڵە سوورەكە تۆختر دەكاتەوە.

بەپێی هەواڵی تۆڕی میدیایی ڕووداو، دروستكردنی بینای كونسوڵخانە لە هەولێر لەلایەن ئەمریكاوە بەو قەبارەیە دەبێتە دووەم گەورەترین باڵەخانەی دیپلۆماسی ئەمریكا لە دەرەوەی وڵات. ئەویش دوای بینای باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا كە لەسەر رووبەری 42 هێكتار (420 هەزار مەتری دووجا) دروستكراوە و گەورەترین باڵیۆزخانەیە لە جیهاندا.

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، كە رووبەرەكەی هێندەی رووبەڕی دەوڵەتی ڤاتیكانە، لە ئایاری ساڵی 2009 كراوەتەوە و 750 ملیۆن دۆلاری تێچووە.

ئەمریكا پێش داعش بە چاوێكی تایبەت سەیری كوردستانی دەكرد. فەلاح مستەفاش پێیوایە ئەم روانگە باشەی ئەمریكا بەرامبەر بە كوردستان بەردەوام دەبێت “هەولێر ئێستاش بۆ ئەمریكا هێڵی سوورە، چونكە بڕوایان بە ئایندەی كوردستان هەیە، پەیوەندیی كورد و ئەمریكاش بەرهەمی شەو و رۆژێك نەبووە”.

جگە لە بواری دیپلۆماسی، ئەمریكا لەڕووی سەربازیش ئامادەیی لە كوردستان هەبووە، لەگەڵ هاتنی داعش بنكەی سەربازی لە هەرێمی كوردستان داناوە. فەلاح مستەفا كە ئاگاداری وردەكاری هەوڵەكانی ئەمریكایە لە هەرێمی كوردستان گوتی “تا هەڕەشەی تیرۆر هەبێ، بنكەی سەربازیی ئەمریكا لێرە دەمێنێ‌، هەڕەشەی تیرۆریش بە رۆژێك و دووان كۆتایی نایەت”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت