به‌یاننامه‌ی پارتی سەربەستیی کوردستان به‌ بۆنه‌ی یانزە ساڵەی دامەزراندنیه‌وه‌

0
150

به‌ بۆنه‌ی تێپه‌ڕ بوونی یازده‌ ساڵ به‌ سه‌ر ته‌مه‌نی دامه‌زرانی پارتی سەربەستیی کوردستان، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی ئه‌و پارته‌ به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاو كرده‌وه‌ ، ده‌قی ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ كه‌ نوسخه‌یه‌كی گه‌یشتۆته‌ ڕۆژی كورد به‌م چه‌شنه‌یه‌ :

یانزە ساڵەی دامەزراندنی پارتی سەربەستیی کوردستان پیرۆزبێت !
بەیاننامەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان.

ئەندامان و هاوبیرانی پارتی سەربەستیی کوردستان،  سەربەخۆخوازان و لاوانی ناسیونالیزمی کوردستان.

 ١١ساڵ پێش! لە رێکەوتی ٢٨ی ڕێبەندانی سالێ ٢٧٠٥ی کوردی، بەرانبەر بە١٧ی فێبرواری ٢٠٠٦ی زاینی، پارتی سەربەستیی کوردستان!  کە هەڵگری بیرۆکەی نەتەوەیی و سەربەستیخوازی و دەوڵەتخوازییە،  لە بەرگێک و سیستەمێکی لیبراڵدیمۆکراتیدا، وە لە کات وساتێکی زۆر پێویستدا کە گۆرانکارییەکان لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا بەپەلە شەپۆلی دەدا، دامەزراندنی خۆی ڕاگەیاند.
لەم بۆنە پیرۆزەدا وەک سەرکردایەتی پارتیمان پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی خۆمان و گشت ئەندامان و هاوبیرانمان لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان دەکەین. دەستخۆشی و ئاراستەی جوامیرانی ڕێکخستنە نهێنییەکانی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕێکخستن و کۆمیتەکانی  دەرەوەی کوردستان دەکەین، کە شێلگیرانەو بە بێ گۆیدان بە نەبوونی ئیمکاناتی دارایی، و بە هەستکردن بە ڕێبازی پیرۆزی پارتەکەیان و خزمەتکردن بە بیرۆکەی نەتەوەیی درێژە بە خەبات و تێکۆشانیان دەدەن.

لە کۆی ١١خاڵدا، پێناسەیەیەکی کورتی ١١ساڵ تەمەنی دامەزراندنی پارتی سەربەستیی کوردستانتان بە شێوەی خوارەوە ئاراستە دەکەین.

 ١ –  لە ئانوساتی دامەزراندنی پارتی سەربەستیدا،  لە بڵاوبوونەوەی یەکەم بانگەوازی بۆ خەباتی سەربەخۆخوازی، وەک گۆرانکارییەکی نۆی لە نێوجووڵانەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاست میدیا و ڕاگەیاندن و کۆرو کۆمەڵانی نەتەوەکەمان دەنگدانەوەی زۆری بە شۆین خۆیدا هێنا.
هەر لە یەکەم حەوتووی دروستبوونیەوە بە سەدان لاوی خەمخۆری گەل ونیشتیمانە داگیرکراوەکەمان  لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، بە شێوەی نهێنی و ئاشکرا پێوەندییان بە ڕیزەکانی پارتی سەربەستییەوە کرد.
وە تا ئیستاش ئەو پێوەندیگرتنە بەردەوامەو لە پەرەسەندندایە.

٢ –  خەباتی نەتەوەیی بە بێوچان درێژەی هەبووە و درێژەی دەبێت. پارتی سەربەستیی کوردستان وەک چۆن لە رۆژی دامەزراندنی دا بەڵێنی بە نەتەوەکەی و گەلەکەیدا کە سەربەخۆیی تاکە ئامانجی ئێمەیە. ئێستاش هەر لەسەر ئەو ڕێبازە سوورە و بەردەوام کار دەکات، کە بە هاوکاری گشت لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان، لە پێناو وەدەرنانی هێزی داگیرکەری تاران لە وڵاتەکەمان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان.
بە مەبەستی لە بەینبردنی ئەو بیرۆکەیە لە نێۆ لاوانی کوردستاندا، زۆر جار پێشنیاری بە ئەندام وەرگرتنی پ س ک لە هیندێک ڕێکخراو پێدراوە بەڵام بە مەرجێک دروشمەکەی لە سەر بەخۆیی بگۆرێت بۆ خودموختاری یا فیدراڵی. یا پێشنیاری دابینکردنی هاریکاری دارایی پێدراوە کە وەک پارتێکی ئێرانی خۆی بناسێنێت، بەڵام سەرکردایەتی * پ س ک * هەموو ئەو ئیمتیازانەی ڕەدکردوەتەوە، و بەڵێنیانداوە کە وێرای هەموو کێشەیەکی دارایی،  لە ژیانی رۆژانەی خۆیان و بنەماڵەیان بگرنەوە، بۆ ڕاپەراندنی کاری رۆژانەی پارتەکەیان و بەردەوام بن لە خەبات لە پێناوی پەرەسەندنی بیرۆکەی سەربەخۆییدا.

٣ –  لە ماوەی ئەم ١١ساڵەدا وێرای دەیان کۆسپی سیاسی و ئەمنی چەندین ڕێکخستنی نهێنی لە ناوخۆی وڵات و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراندوە، و هەروەها چەندین کۆمیتەو ڕێکخستنی لە نێۆ کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی نیشتەجێ لە شار و ناوچەکانی باشوری کوردستان و وڵاتانی ئوروپایی دامەزراندوە ، گەلێک لاوی نەتەوەیی بە ڕێبازی سەربەخۆخوازییەوە گرێداوە،  وێرای هەموو کۆسپەکانی سەر ڕێگای بەڵام بەردەوام لەگەشەسەندندایە .

٤ –  لە ماوەی دروستبوونیەوە تا یادی ١١ساڵەی دامەزراندنی ٢ کۆنگرە و ٣ کۆنفرانس و چەندین پلۆنۆمی گرێداوە. کە بە سەدان ڕێکخراوی کوردستانی و جیهانی لە کۆنگرەکانی پ س ک بە پەیام و بروسکە و  بە حزوری تێیدا بەشداربوون.  هەروەها پارتیمان لە چەندین مانگی دیکە خۆی ئامادەدەکات بۆ گرێدانی کۆنگرەی سێیەمی.

٥ – چەندین پێوەندی دیپلوماتی و سیاسی لە ئاست وڵاتانی زلهێز، ڕێکخراوە سیاسی و گرنگەکانی جیهانی دروستکردوە. هەربۆیەش پارتیمان لە چەندین کۆنگرەی گرنگی جیهانی بەشداری پێکراوە، بێجگە لەوەش کە بەردەوام دیدارو چاوپێکەوتنی دیپلوماتی ئاشکراو داخراوی ئەنجامداوە، بەردەوامیشە لەو چالاکیانە. بە تایبەت پێوەندی باشی لەگەڵ نەتەوە بندەستەکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێرانی، وەک گەلی بەلوچ،  گەلی عەرەبی ئەحواز ، گەلانی تورکمەنسەحرایی و ئازەری و دیکە دروستکردوە. چەندین کۆنگرەی نێونەتەوەیی و دیداری سیاسی شانبەشانی ئەو نەتەوانە ئەنجامداوە. بەهۆی بەرچاوی و چالاکی پارتیمان تێیدا سەرۆکی پ س ک بۆ ٤ساڵ وەک وتەبێژی گشتی نەتەوە بندەستەکانی ئیران دیاریکراوە.

٦ – وەک نۆێترین پارتی لیبراڵدیمۆکرات لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، پێوەندی سیاسی و دیپلوماتی لەگەڵ ڕێکخراو دەزگا گرنگەکانی لیبرالیزم لە جیهاندا دروستکردوە.  هەروەک  لە بەرنامەو پرۆگرامی کاری دوارۆژی پ س ک بۆ خۆرهەڵاتی وڵاتەکەمان ئاماژەی پێکردوە،  هەوڵدەدا بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ لە بوارەکانی سیاسی و ئابوریدا، بۆ بە دەستهێنانی مافی تاک و کۆمەڵ لە نێۆ چین و تۆیژە جیاوازەکانی گەلەکەمان، وە بووژانەوەی ئابوری لە ڕێگەی کۆمپانیا وسەرمایەدارانی ناوخۆیی و جیهانیدا.

٧ –  دروستکردنی پێوەندی بە هێز لە گەڵ زۆربەی لایەنە کوردستانیەکان،  وێرای ئەوەی کە بەهۆی هەڵگری دروشمی نەتەوەی وسەربەخۆییخوازی زۆرجار هەوڵدراوە کە پشت گۆی بخرێت، بەڵام کۆڵنەدەرانە و دیپلوماتیانە باڵانسی پێوەندییەکانی پاراستووە. هەر بۆیەش لە چەندین کۆرو کۆبوونەوەی گرنگی کوردستانی بانگهێشتکراوەو ڕاوێژی پێکراوە، لە سەر ئەو ڕێچکەیە بەردەوام دەبێت و لە هەوڵی زیاتریشدایە.

٨ –  لە ئاست ڕاگەیاندن و پێوەندی سیاسی و ڕێکخراوەییشدا لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا وەک پارتێکی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناسراوە، هەر بۆیە بە یەکێک لە حیزبە دیارییەکانی کوردستان هەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکەن. بە هەوڵ و هیمەتی هۆشیارانەو دیپلوماتیانەی سەرۆکایەتی پ س ک چەندین دیمانەو بەشداری لە رێپۆرتاژی هەواڵی میدیا عەرەبییەکان، هەروەها نووسینی بابەتی سیاسی لە گرنگترین ماڵپەرو رۆژنامە پرخۆێنەرەکانیان، لە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پ س ک بڵاوکراوەتەوە و بەردەوام ودرێژەی هەیە.

٩ – پارتیمان هەر لە سەرەتایی دروستبوونیەوە مەسەلەی لێکنزیکبوونەوەی لایەنە سیاسیەکانی بەشی رۆژهەڵات بە یەکێک لە خاڵەگرنگەکانی خەباتی زانیوەو زۆریش هەوڵی بۆداوە. لە پێوەندی بەو قۆناغە دژوارانەی کە گەلەکەمان لە خۆرهەڵاتی کوردستان پێیدا تێپەر دەبێت، خوازیاری ئەوەیە کە لایەنە سیاسیەکانی ئەو بەشەی کوردستان هەنگاوی بە پەلە بنێت بۆ گردبوونەوە لە دەوری سیاسەتێکی هاوبەش لە پێوەندی بە ئایندەی رۆژهەڵاتی کوردستان، وەک بەرەیەک یا کۆنگرەیەک.

١٠ –  سەبارەت بە بەشەکانی دیکەی داگیرکراوی کوردستان، پارتیمان هەمیشە هەڵویستی نەتەوەیی هەبووە، لە هەر پێشهاتێکدا هەڵویستی نەتەوەیی خۆی ڕاگەیاندووە و خۆێندنەوەی دروستی لە سەر کردوە. هەروەک لە ئامانجە گشتییەکان بە شێوەی خوارەوە پێناسەی کردوە کە”پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان” نیشتمانی کورد به‌ هه‌موو پارچه‌کانیه‌وه‌ به‌ یه‌ک وڵات و نه‌ته‌وه‌ی کوردیش به‌ یه‌ک نه‌ته‌وه‌ ده‌ناسێ، ئه‌و سنوورانه‌ش که‌ خراونه‌ته‌ نێوان به‌شه‌کانی کوردستان و به‌ ڕواڵه‌ت له‌تیان کردووه‌، به‌ ده‌ستکردی داگیرکه‌ر وسنووری زۆره‌ملییان داده‌نێ و به‌ ڕه‌سمییه‌تیان ناناسێت.

١١ –  پارتی سەربەستیی کوردستان لە هەر جۆرە پێشێلکاری و پیلانگێرییەکی کۆماری داگیرکەری ئێرانی هەڵویستی سیاسی ئاراستەی کۆرو کۆمەڵانی کوردستان و جیهان کردوە. لە ڕێگەی تۆرە جیاوازییەکانی دیپلوماتیەوە وڵاتان و رێکخراوەکانی زلهێزی جیهانی لێ ئاگادارکردوەتەوە، و لەو کارەشی بەردەوام دەبێت. هەروەها لە سینارێۆکانی ڕێژیمی داگیرکەری ئێرانی لە ژێر ناوی هەڵبژاردن، یا ساڵیادە تایبەتەکانی خۆیان، بەردەوام لە ڕێگەی بەیاننامەوە ڕاستییەکانی ئاراستەی خەڵکی کوردستان و نەتەوەکانی بندەست لە ئێران و هەروەها وڵاتانی دونیا کردوە.

جارێکی دیکە پیرۆزبایی یانزەیەمین ساڵیادی دامه‌زراندنی پارتەکەمان ئاراستەی سەرجەم ئەندامان و هاوبیران و دڵسۆزانی دەکەین .‌
بۆ پێشەوە بۆ پێکەوە کارکردن لە چوارچێوەی بەرە یا کۆنگرەیەکی نەتەوەیی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێناو وەدەرنانی داگیرکەرانی ئێرانی لە سەر خاک و سامانی وڵاتەکەمان.
هەر شەکاوە بێت ئاڵای خەباتی سەربەخۆخوازی لە پێناو کوردستانێکی ئازاد و سەربەستدا.

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سەربەستیی کوردستان
٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧١٦ی کوردی. ١٧ فێبرواری ٢٠١٧ ی زاینی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت