بزووتنەوەی خوێندکاری لە ڕۆژهەڵات، بزووتنەوەیەکی بێ ڕێبەر و بەرەوهەڵدێر

0
347
هەڵمەت مەعرووفی

نووسینی: هەڵمەت مەعرووفی

بزووتنەوەی خوێندکاری لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە تایبەتی و لە سەرجەم کوردستان بەگشتی، تا ئێستاشی لەگەڵدا بێ نەبووە بە بەشی بیرلێکراوە و سەرەکیی خەبات و بگرە رێگریشی لێکراوە. خوێندکارانی کورد گەرچی وزەری خۆیان بۆ بوونی خەبات نیشان داوە و سەلماندوویانە بەڵام ئەو بزووتنەوەیە بە شێوەی کاتی و کورت ماوە سەریهەڵداوە و دەوری گێڕاوە کە یەکێک لە دەکرێ دوو هۆکار بە ئاستەنگی بەردەم ئەو بزووتنەوەیە بناسرێت:

یەک: تێکەڵ بوون و گرێدراوبوونی بە خەباتی سەرتاسەریی خوێندکاری و جارجار لاڕێ بوونی داواکارییەکانی بەو هۆیەوە (هەرچەند بە گشتی خوێندکارانی کورد داوای جیاوازیشیان هەیە و بە سانایی لە بزووتنەوەی خوێندکاریی سەرتاسەری جیا دەکرێنەوە بەڵام لە رێبەریدا و لە کاتی بزووتنەوە و چالاکیشیاندا، بە گشتی بەستراونەوە بە بزووتنەوەی سەرتاسەریی خوێندکاری).

دەکرێ بگوترێ ئەوەی پێوەندی بە بزاڤی خۆێندکاری کوردییەوە هەیە، پرسی نەتەوەییە کە هەر لە قۆناغی یەکەمدا ئاوێتەی ئەم جووڵانەوەیە. یەکێتی خوێندکارانیش لە ماوەی یەک دەیەی ڕابردوودا بە هەمان نەفس و بە هەمان هێڵی فکریی خواستەکانی خوێندکاران، چالاکی جۆربەجۆری کردووە.

دوو: بەحیزبی کردنی خەباتی خوێندکاری و لە هەمان کاتدا لێ ئەستاندنەوەی ڕێبەری لە خوێندکاران لەلایەن کەسانێکەوە کە نە ئەزموونی ئەو کارەیان هەیە و نە بایەخی ئەوتۆشی پێدەدەن و زۆرتر کەڵکی تاکەکەسی لێوەردەگرن و تا ئێستا کەسێکی ئەوتۆ کە بتوانێ مهەندیسی ئەو بوارە بێت، ئەو ئەرکەی وەئەستۆ نەگرتووە.

لە هەمان کاتیشدا، داوای حیزبەکان، داوای رێکخراوە خوێندکارییەکانیان، نەبوونی بەرپرسی لێهاتوو و شارەزای ئەو بوارە لەو یەکیەتییانەدا و لە ئەنجامدا نەبوونی پردی پەیوەندیی بەهێز لە نێوان بزووتنەوەی خوێندکاری لە ناوخۆ و لە ناو حیزبەکان، ئاستەنگی سەرەکی و بگرە تێکڕمێنەری ئەو خەباتەیە.

فییێر (Fear) لە لێکۆڵینەوەکانی خۆیدا باس بە ڕوونی دەریخستووە کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بە گشتی و بزووتنەوە خوێندکارییەکان بەتایبەتی، بە باشی و بەردەوام، هێزی دەسەڵاتیان کردۆتە ئامانجی خۆیان. هەڵبەت ئەو باس لە بزووتنەوە فێمینیستییەکان بە هەر سێ جۆری (سوسیالیست، لیبرالیست و ڕادیکاڵ)ـیش وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی کە هێزی دەسەڵاتیان کردۆتە ئامانجی خۆیان دەکات کە تا ئێستا ئەوە لە بەناو بزووتنەوەی فێمینیستیی کورد (کە خۆی هەڵبگری باس و خواسی خۆیەتی) نەبیندراوە و ئەوان زیاتر لە هێزی دەسەڵاتی داگیرکەری کوردستان، هەڕەشە لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کوردستان و هێزە کوردییەکان دەکەن کە ئەو باسە لێرەدا ناگونجێ.

حاشاهەڵنەگرە کە بە هۆی ئەوەی کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بە گشتی و بزووتنەوەی خوێندکاری بەتایبەتی، ناوکی دەسەڵات دەکەنە ئامانج و وەک هەڕەشەیەک بۆ دەسەڵات دێنە ئەژمار، ئەو بزووتنەوانە بەتایبەتی لە خۆرهەڵاتی ناڤین، وەک کردە و بزاڤێکی سیاسی چاویان لیدەکرێ و بەو پێیەش دژکردەوەی ڕژیم و دەسەڵاتەکان لە هەمبەریان، دژکردەوەیەکی سیاسی دەبێت و لێرەدایە کە تێچووەکان دەچنە سەر و بزووتنەوەکانیش تووشی لاوازی دەکات کە ئەمەش دەبێ بە میکانیزمێکی ڕێبەریی کارامە تێهەڵبهێندرێتەوە، خەسارێک کە تا ئێستا بوونی نەبووە.

کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات خاوەنی چەندین بزاڤی ناڕزایەتی بووە کە لەلایەن چینی خوێندکارانەوە ئەنجام دراوە، دامەزرانی یەکێتی خوێندکارانی کورد لە دەیەی ٤۰ـی زایینی لە تاران و دواتر هێرشی هێزەکانی ئەوکاتی ئێران بۆ سەر ڕێبەرانی ئەو یەکیەتیە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە لە کوردستان، ئێمە خاوەن بزاڤی خوێندکاری کوردین بە هەموو پێوەرەکانی. لە قۆناغێکی دیکەدا ڕابوونی ساڵەکانی ٤٦ ،٤۷ ـی خۆرهەڵات لە لایەن کەسانی وەک سمایل شەریف زادەو محەمەدئەمین سیراجی و… کە خۆێندکاری زانکۆ بوون، ڕێبەرایەتی دەکرا، هاوکات لە ئەوروپاش کەسانی وەک شەهید دکتۆر قاسملوو و دەیان خوێندکاری دیکە چالاکی خوێندکاریان دەکرد، لە دوای ساڵی ٥۷یش خوێندکارانی کورد بە دەیان بڵاڤۆک و گۆڤاری خوێندکاری و سەدان سمینار و کۆڕیان بەڕێوە بردووە کە تا هەنووکەش بەردەوامە.[i] بەڵام ئەوەی کە بۆ لە ئێستادا ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە بێ هێز و لاواز بووە و تەنیا لە یەک دوو زانکۆی وەک پەیامی نووری مەریوان کە ئەویش هەڵگری باسی خۆیەتی، دەبیندرێ و چیتر وەک ساڵەکانی ١٣٧٨ تا ١٣٨٥ی هەتاوی، تین و گوڕێک لە خوێندکارانی کورددا نەماوە، پرسیارێکە کە دەبێ بەرپرسانی ئەو بەشە وڵامدەرەوەی بن کە وەک باس کرا یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان، نەبوونی ڕێبەرییەکی خوێندکارانە، بە ئەزموون، شارەزا بە زانکۆ لە یەکیەتییەکانی خوێندکاران لە ناوخۆ و نەزانین و نەبوونی پەیوەندی لەگەڵ خوێنکاران لە ناوخۆ لەلایەن ئەو ڕێبەرایەتیی خوێندکارییانە لە ناو حیزبەکانە کە وایکردووە رێبەرییەکی ڕواڵەتی لە ناوخۆ پەیدا ببێ کە دژایەتی لەگەڵ ئەو بەشەش دەکا و بەشێک لە دژایەتی و لێدوانەکانێشیان تەواو لە جێگای خۆیدایە.

لە ئەنجامدا خستنەوە گەڕی بزووتنەوەی خوێندکاری بەتایبەت لە کاتێکدا کە باس لە خەباتی چەکداری گەرم و گوڕ بووە و خەریکە لە ژیلەمۆ دێتە دەر، باس و حەوجێییەکی حاشاهەڵنەگرە کە تا ئێستاش بیری لێنەکراوەتەوە، خەباتێک کە خەریکە ڕژیم بە خۆجێی کردنی خوێندن و زانکۆکان، بەرەو مەرگ و نەمانی دەبا و بیری فاشیسمی فارس و بیری ئیسلاح تەڵەبیش لەلایەکی ترەوە دەستیان لە بینەقاقەی ناوە و بەرەو هەڵدێری لاڕێ بوون و لەناوچوونی یەکجارەکی دەبەن.

بەشێک لە کێشەی کوردی ڕۆژهەڵات دەگەڕێتەوە بۆ ئەوڕۆیی نەبوونی هزر و شێوەی ڕێبەری و ڕێکخستن لە ناو ڕێکخراوە سیاسی و سەربازییەکانی کورد، نەبوونی ئاڵوگۆڕیی دەسەڵات، رێگەنەدان بە هزر و کەسی نوێ، بەرەو پاشایەتی و بنەماڵەیی چوونی رێبەری لە حیزبەکان، پەرەسەندنی ناوچەگەری و دەستەبەندی، گرنگی دان بە هاوکێشەکان لە ناو حیزبەکان لەبری هاوکێشە جیهانی، ناوچەیی و ناوخۆییەکان، پەرەسەندی بیری ئیسلاح تەڵەبی، پاشکۆبوون، درزتێکردنی ڕاوێژکاران و کەسانی مەیلەو حیزبەکانی تری پارچەکانی تری کوردستان، نەئەسپاردنی کار بە کارزان و …تاد، وایانکردووە کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە چوارچێوەی هەواڵەکاندا و بۆ ماوەیەکی کورت بخولێنەوە و دواتر خۆڵی فەرامۆشییان بەسەردا بکرێت. لەلایەکی تریشەوە زۆریبەی ئەو بزووتنەوانەی کە لە چوارچێوەی خەباتی مەدەنی و ناڕەزایەتیی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگا دێنە ئاراوە، بە بیانووی بە حیزبی نەکرانیان، پشتیوانیان لێناکرێ ئەوە لە حاڵێکدایە کە شێوازی چوونە ناو و ڕێبەری کردنی چالاکی و بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان بێ ئەوەی بە ناوی کەس و لایەنێکەوە بکرێن، بەربڵاوە و دەکرێ ئاراستە بکرێن کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا دەیان نموونەی لەو شێوە هاتۆتە ئاراوە کە بەو شێوەیە ڕۆمرکاوە.

ڕێبەریی کورد لە کوردستانی ڕؤژهەڵات تا ئێستاش خەباتی مەدەنی لە چوارچێوەی خەباتی پارلمانی و دەنگداندا کورت کردۆتەوە و هیچ بیرێکی لە هێنانە ئارا، ڕێبەری کردن و بەڕێوەبردنی خەباتی مەدەنی و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی نەکردۆتەوە و دەکرێ بگوترێ سەرجەم چالاکییەکان خۆڕسکن کە ئەوەش لە داتەپین و نەمان و ڕۆمرکانیان و بێ ئەنجام مانەوەیان ڕا دیارە، هەر بۆیەش پێویستە بیرێکی نوێ و جیدی لەو بابەتە بکرێتەوە.

[i] . http://www.rojikurd.net/wt-u-wej-legel-rehman-emiri-lemer-erki-xwendkaran-le-qonaxi-rasanewe/

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت