با ڕووداوەکان وەپێش کورد نەکەون

0
151

نووسەر: هادی عارفی

هادی عارفی
هادی عارفی

لە قۆناخی هەنووکەییدا، تەنها حیزبی دێمۆکراتە کە ئەتوانێ خەباتی رۆژهەڵاتی کوردستان گەش بکاتەوەو هەموو حیزبەکان لە ژێر یەک ئاڵا کۆ بکاتەوەو هەموو هێزە بێلفێعل و بێلقوەکانی ناوخۆ و دەرەوەی رۆژهەڵات کۆدەنگ و یەک دەنگ بکات.

حیزبی دێمۆکرات ئەبێ ئەوە بزانێ ئەگەر هەڵنەستێ بە زیندوو کردنەوەی خۆی و خەباتی رۆژهەڵات، شتێکی لێ نامێنێتەوەو وەکوو جبهەی مللیی فارسەکانی لێ دێت؛ کە جەماعەتێکی پیر و پاتاڵ، ئیستاکەش لە نۆستالۆژیای سەردەمی مۆسەدیقدا ئەژین و هەنووکەش بە هێچ شێوەیێک حازر نین قبووڵی بکەن جبهەکەیان وەک خۆیان پیر بووە و توانای جووڵانەوەی نەماوە.

دەبێ ژیانەوەی خەبات لە رۆژهەڵات پشت بەستن بەو ئەسلە بێت کە مرۆڤی خاوەن ئیرادە خۆی رووداو دەخولقێنێ و دەگەیەنێتە ئامانج، بەڵام ئەگەر لە ئەقڵی سیاسیی سەردەمی خێل و  ئەقڵی سیاسیی کوردی خۆ دەرباز نەکەین، دەبێ چاوەروانی رووداوەکان بین. مێژوو سەلماندوویەتی کە رووداوەکان هەمیشە سوار کورد بوون و  لە ئەنجامدا کورد پشتی پێی شکاوە.

کەوابوو کاتێ باس لە ژیانەوەی خەبات دەکەین، یانی خەبات لە رۆژهەڵات لە قەیراندایە، هەروەک هیجریش خۆی دەڵێ ئیتر پشت لە هەموو سەرشۆڕییەک دەکەین. ئەمەش تەنیا بە ئاخافتنی ئیحساسی ناکرێ، بەڵکوو پێویستە رێبەریی هەڵبژێردراو (چ ژن و چ پیاو) لە ریزی هەرە پیشەوەی ئەو خەباتە پێشمەرگانەدا بن. چونکە هەر ئەندازە رێبەرییەکە شۆڕشگێر و لێهاتووتر بێ، شکستی پێشمەرگە دەگاتە لانیکەمی خۆی و شانسی سەرکەوتنی زیاترە. ئەم شوەیە لە رێبەرایەتی، بە میتۆد وەرگرتن لە مودیرییەتی رێبەری مەزن کاک دوکتور سەعیدە، ئەوەش بەو ئامانجە بووە کە رێگری لە خۆ پاڵاتنی کەسانی ناکارا و تەوەزەل بۆ شۆڕش بکات، چونکە مرۆڤ زاتەن بوونەوەرێکی خراپە و بە دوای بەرژەوەندی خۆیەتی و هەر شتێک بۆ بە دەستهێنانی ئەم بەرژەوەندییە دەکاتە قوربانی، (هەروەک چۆن کەسانی ئۆپۆرتۆنیست و ماکیاڤێلیست  لە جەریانی خەباتدا بۆ گەیشتن بە مەرامی گڵاوی ئاخوندی هەموو سنوورە ئەخلاقییەکانیان بەزاندووە، کە دواتر لە وتارێکدا بە بەڵگەوە دەیخەینە روو).

پێوێستە حیزبی دێمۆکرات بەر لەوەی لە بیری خۆ تەیار کردن و خاوێن کردنەوەی چەکەکاندا بێ، ئەگەر ئەمانەوێ چیتر هەمان رێچکەی خەبات نەپێوین. ئەبێ ئەوە بزانین کە گەلی ژێردەسەڵات ئەگەر شۆرش دوای شۆرش دوچاری شکست بێ، ئەوا خۆی ئەنگیزەی خەباتی نامێنێ و تووشیاری فەرسایش دەبێت و خەباتەکە رادەوەستێنێ.

گوتەی باو ئەوەیە کە هەر رووداوێک لە مێژوودا دووجار دووپات دەبێتەوە، یەکەمجار تراژێدی و جارێکیش کۆمێدی، دابڕانی حیزبی دێمۆکرات لە شاخ و خەوتنی خەبات لە رۆژهەڵات، یەکەمجار لە ئەنجامی تیرۆری دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی و دواتریش مەلا عەوڵا بەهۆی سەفەری کاک مستەفای هیجری بۆ ئەورووپا و لە نەبوونی ویدا، حیزبی دێمۆکراتی بەرەر دەشتی کۆیە خزاند و رووداوێکی تراژدیتر لە تیرۆر کردنی رێبەرانی حیزبی خولقاند.

کەوابوو بە لێکدانەوە و وردبینی بۆ رێبەرایەتی، پێش بە دووبارە بوونەوەی رووداوی هاوشێوە بگرین، کە رەنگە ئەمجارە خۆی لە قاڵبی کۆمیکدا ببینێتەوە.

دوکتور قاسملوو لە چل ساڵەی دامەزرانی حدکادا دەڵێ لە تەمەنی کەسێکدا رەنگە چل  ساڵ زۆر بێ، بەڵام لە مێژووی خەبات بۆ رزگاریی گەلاندا چل ساڵ تەنیا بەشێکی بچووک لەمێژووی ئازادیخوازیی ئەو گەلانەیە، کەوابوو مەرج نییە ئەو نەسلەی کە مەشخەڵەکەی وەرگرت، دەبێ حەتمەن بگاتە لووتکەی سەرکەوتن، گرینگ ئەوەیە مەشخەڵی خەباتەکە بە داگیرساوی رابگیرێت.

بۆیە ئەگەر نەتەوەیێک بییەوێ رزگاری بێ، ئەبێ یەکجار خەباتێکی بەرفراوان دەست پێبکات. جا گرینگ نییە ماوەی ئەو خاباتە چەندە و تێچووەکەشی چەندە، گرینگ ئەوەیە کە بەردەوام لە سەرکەوتندا بێ.

 عادەت کردن بە شکست، جیا لە تەهقیر بوونی نەتەوایەتی و بێ ئەنگیزەگی سیاسی و سست کردنی ئیرادەی خەبات، کۆمەڵگەش دوچاری بێ ئەخلاقی دەکات، رێگە بۆ ئۆپۆرتونیستەکان باز دەکات، جا بە هەر جل و بەرگێکەوە بن.

لێرەدا پێویستە ئاوڕێک لە وتەی سکرتێری حدکا لە پەیامی نەورۆزییەکەی ئەمساڵیدا بدەینەوەو کە باس لە “مۆرە نهێنییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بۆ بەخشینی سیمایەکی رزگاریخوازانە بۆ کۆماری ئیسلامی” دەکات، کە تەنیا لایەنی پڕوپاگاندی هەیە و ئەوەش بۆ درێژ کردنەوەی تەمەنی رژیمی هەیە.

 لێرەدایە کە مەسەلەی کرانەوەی رێگە بۆ ئۆپۆرتۆنیستەکان لە دروست کردنی ئەحزابی کارتۆنی، وەگەرکەوتنی ماشێنی تەبلیغاتی بۆ دیسکۆرسی بێ ناوەرکی “ئیسلاح تەڵەبی” و  تەهقیر بوونی نەتەوەکەش لە وەڕێخستنی کەمپەینی “لەبرسا مردوان”دا خۆی دەنوێنێ و سەیرتر لەوەش ئەوەیە کە تەنانەت خۆیان بە ئالترناتیڤی بێ ئەملاولای ئۆپۆزیسیۆنی کورد دەزان.

چارەسەر کردنی دیاردەی “جاشایەتی”

مارتین لوتر کینگ دەڵێ: مەترسی ئەو کاتەی لەسەر کۆمەڵگەیەک دروست دەبێ، کە هاووڵاتیان تیایدا هەست بەوە نەکەن کە لەو کۆمەڵگەیەدا پشکیان هەیە، ئەگەر ئەو هەستەیان لەلا دروست بێ کە خۆیان خاوەنی ئەو کۆمەڵگەیان، ئاوا هەر بۆخۆیان پارێزگاریی لێ دەکەن، بەڵام ئەگەر هاووڵاتییان هەست بەبێگانەیی لەو کۆمەڵگەیەدا بکەن، ئەوا بۆ خۆیان دەیڕووخینن. کەوابوو ئەگەر ئەم پێوەرە بۆ پاراستن و لەسەرپێ راوەستانی کۆمەڵگەیەک ئەساس و پێویستە، ئەوا بۆ سەرکەوتنی شۆڕشێکی بەرین و گشتگیر، چەند قات پێویست‌ترە.

چەند ساڵ پیش ئێستا، سکرتێری حدکا داوای لە هەموو ئەو کوردانەی کە بە دژی نەتەوەکەی خۆیان چەکی رژیمی خومەینییان هەڵگرتووە، بگەڕێنەوە سەنگەری میللەت و یان لانیکەم چەکەکانیان دابنێن، ئەم پەیامە لەخۆیدا خاڵێکی ئەرێنی و هاوکات زوو بوو، بەڵام بۆ زیندوو مانەوەی خەباتی درێژخایەن دەبێ ئەو  گرفتە هەرە سەرەکییە “دیاردەی جاشایەتی” چارەسەر بکرێ و نابێ ئەو دیاردەیە وەکوو عەقلانییەتی عەشیرەگەرایی سەردەمی عوسمانی و سەفەوییەکان و هەتا قۆناغی شۆڕشی ٥٧یش، بگوازرێتەوە بۆ ئەم قۆناغەی شۆڕش کە   ئیستارتەی کە حیزبی دیمۆکرات لە کوردستان لێی داوە. لێرەدا بەهێزبوونی ئیرداەی سەرکەوتن دەتوانێ فاکتۆرێک بێت بۆ کەمڕەنگ کردنەوەی ئەو دیاردەیە.

دەسەڵاتی ناوەند هەمیشە هۆکاری بنەڕەتیی بزاوتە ناڕازییەکانیان بە مەسەلەی ئابووری لەقەڵەم داوە و لە بەرامبەریشدا کوردەکان پێداگرییان لەسەر شوناسخوازییی خۆیان کردۆتەوە. بەڵام هەمیشە سیاسەت و یاساکانی داگیرکەرانی کوردستان ، خۆی هۆکاری بەردەوامیی شەڕ و گەورەترین فاکتۆر بۆ حاشا کردن لە شوناسی کورد بوونە. بەڵام لە راستیدا سەرهەڵدان و دروستبوونی ئەحزابی وەکوو حیزبی دێمۆکرات بە هۆی ئەو دوو فاکتۆری سەرەکییەوە بووە. یەکەم هەژار هێشتنەوە (لە هەموو بوارێکەوە) و بەتاڵانبردنی سامانی کوردستان و دووەمیش ئارمانگەرایی سیاسی و  شوناسخوازی، فاکتۆری سەرەکیی سەرهەڵدانی ئەو جۆرە بزاوتانە بووە.

هەر قەیرانێک کە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی لێ دەکەوێتەوە، لە خۆیدا سەلمێنەری بەرهەق بوونی ناڕەزایەتییەکەیە. بەڵام زۆرێک لە فارسەکانیش فارسەکان لە باوەڕەدان کە هەر کات ناوەند لاواز بووبێ، نارەزایەتی قەومی سەر هەڵدەدات و ئێران تووشی قەیران دەبێت؛ بۆیە پێویستە ناوەند یان هەمان قەومی سوڵتە هەمیشە بەهێز بێت.

ئەم وتەیە هەم راستە و هەم ناڕاست. ناڕاستە چۆن لێکدانەوەی ئەوان بۆ نارەزایەتی نە کێشە سیاسییەکانی، بەڵکوو لاوازی ناوەندە. کە وایە ئەوە خۆدی ئەقوام نین کە نارازین بەڵکوو ئەوە قەیرانی ناوەندە کە ئەبێتە هۆی قەیران. بەڵام ئەوەی کە زۆر راستە و گرینگە و لەم وتەیە ئەبێ بە وردی بخوێندرێتەوە، چییە:

یەکەم، بی توانایی کورد بۆ خۆڵقاندن و هەروەها، کەوتنە پێش رووداوەکان، بە شێوەیێک کە خۆی خۆڵقێنەری رووداو بێ نەک دوای رووداو پێشی بکەوێ و رووداو ئەو بخۆڵقێنێ.

 ئەوەی کە لە هەر قەیرانێک نارەزایەتی سەر هەڵدەدات، خۆی نیشاندەری ئەو واقعییەتەیە کە نارەزایەتی هەیە. بەڵام ئەوەی کە لە کاتی قەیرانی ناوەند سەرهەڵدەدات، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئێمەی کورد لە رۆژهەڵات توانای خوڵقاندنی رووداو و پێش رووداو کەوتنمان نییە.

لە دواجاردا دۆخی ناوچەیی و پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ئاستی پەیوەندیی دیپلۆماتیک لەگەڵ ئەورووپا و رۆژئاوادا، رادەی گەرمیی شۆڕشەکە و بەشداریی چالاکانەی ژنان رادەی سەرکەوتنی ئەو شۆڕشە دیاری دەکەن.

سەرچاوەکان:

پرۆژەیەک بۆ ژیانەوەی خەبات لە رۆژهەڵاتی کوردستان

ریالیزمی سیاسی و عەقڵی سیاسیی کوردی

ئەقڵی کوردی و جەبری مێژوو

Related Post

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌