با پەکەکە بزانێ کە ” ئێران ” سەری مارەکەیە

0
444

نووسینی: عیرفان ڕەهنموون

عیرفان ڕەهنموون
عیرفان ڕەهنموون

لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوو دا ، پارتی کرێکارانی کوردستان ، سیاسەتێکی چەوتی لە هەمبەر لانیکەم ٣ پارچەی کوردستان، گرتۆتە بەر و ئەو سیاسەتەش هاوئاهەنگ بووە لە تەک ڕژیمی فاشیستیی ئێراندا. کاتێک کە عەبدوڵا ئۆجەلان لە دیمەشقی پایتەختی سوریا دەژیا، بۆ چرای سەوز هەڵکردن بۆ ڕژیمی خومەینی و هاوپەیمانە بەعسییەکەی، بە دەیان جار لە نووسین و هەڤپەیڤینەکانیدا، دەیگووت: “خاکی کوردستان نەکەوتۆتە نێو وڵاتی سووریە و ئەو کوردانەی لەوێ دەژین، لەلایەن عوسمانییەکانەوە بۆ ئەو ناوچەیە ڕاگوێزراون و ئێمە و سەرۆک حافز ئەسەد ، لە هەوڵی ئەوەداین کە کوردەکانی پەنابەری سوریا، بگەڕێنینەوە بۆ زێدی خۆیان لە باکووری کوردستان”

هەر ئەم بۆچوونەی ئۆجەلان بوو کە دروشمێکی کۆمیکی لێهاتەدەر کە ئەو ساڵانە و پیش بەهار بەناو عەرەبی لە لایەن ئەندامانی پەکەکە وە دوپات و هەزارپات دەکرایەوە “باکوور- باشوو-ڕۆژهەلات…ئاپۆ سەرۆکی وڵات “.لایەنی کۆمیکی ئەم دروشمە ئەوە بوو کە کوردستان تەنیا وڵاتێک بوو کە “ڕۆژئاوا “ی نەبوو.

دوای ڕاپەڕینی باشووری کوردستان، پەکەکە بە سەدان جار ڕایگەیاند کە “هەرێمی کوردستان”، بەرهەمی ئمپریالیزمە و بۆ دژایەتی پەکەکە دروست کراوە، ئاشکرایە کە ئەم وتەیە ئافەرینی هەر چوار داگیرکەرەکەی کوردستانی بەدواوە بوو و زۆر خۆشحاڵ بوون کە وتەیەکی دژە کوردی ئەوتۆ لە زاری پارتێکی کوردیەوە بەردەبۆوە. لە ساڵەکانی شەڕی خۆکوژی لە باشووری کوردستاندا، پەکەکە درێژەی بە سیاسەتی چەوتی خۆی دا ، لەگەڵ ڕژیمی عیراق و ئێراندا ، هاوئاهەنگ بوو بۆ گەرمکردنی کێشەکانی باشووری کوردستان و لەتەک هەردوو هێزی سەرەکیی باشوور دا، کەوتە شەڕی خۆکوژییەوە و نەتانیا هەوڵی نەدەدا کە هێمنی باڵ بەسەر باشووردا بکێشێ، بەڵکوو خۆیشی ببوە بەشێکی جیدی لە کارەساتەکانی باشووری کوردستان دا.

دزێوترین سیاسەتی پەکەکە لەهەمبەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا بووە، هەموان لە یادیانە کە بە ناڕەوا هێرشیان کردە سەر پۆلێ پێشمەرگەی “یەکیەتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان” و پاش شەهیدکردنیان لە کردەوەیەکی نامرۆڤانەدا، تەرمەکانیان ڕادەستی ڕژیم خومەینی کردەوە و پاسدارانی خوێنڕێژیش، ئەو تێکۆشەرانەیان بە مردوویی، لە پشت ماشینی سپاوە بە شەقامەکانی ڕۆژهەڵاتدا ڕادەکێشا تا ڕۆڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوترسێن بکەن.

لە ٣ی ڕەشەمەدا، کاتێ کوردەکانی ڕۆژهەڵات دژی گرتنی “ئۆجەلان” هاتنە سەرشەقامەکان و وێڕای پشتیوانی لە ئۆجەلان، دژی سیاسەتی فاشیستیی ڕژیمی ئێران، دروشمیان دا و بە دەیان تێکۆشەری شاری سنە و چەند شاری تر، خەڵتانی خوێن کران، کۆنسەی سەرکردایەتیی پەکەکە، لەباتی دەستخۆشی کردن لە کوردانی ڕۆژهەڵات، بەیاننامەیەکی دژی خۆپیشاندەرانی سنە دەرکرد و ئەوانی بە بەکرێگیراوی ئمپریالیزمی ئامریکا و ئیسرائیل ناساند.

سیاسەتە چەوتەکانی پەکەکە دژی تەڤگەڕی ڕۆژهەڵات گەیشتە لوتکە، کاتێ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران  لە کێلەشین جێگیر بوو، خێڵی درۆ و قەڵەمە کۆیلەکانی ڕۆژهەڵات کەوتنە خۆبادان و ئەو درۆ شاخدارەیان بڵاو دەکردەوە  کە حیزبی دیموکرات بە فەرمانی “ئەردۆگان” چۆتە چیا و ئامانجیان ئەوەیە دەنگەکانی “هادەپ” لە کزی بدات، زۆری پێ نەچوو تەپڵی ڕیسوابوونی درۆکانیان لێدراو و بەبردنە ناوشاری شەڕی کوێر و بێ ئەنجامیان، سەری “هادەپ ” و دەمیرتاش ـیشیان خوارد.
کۆمیدی ترین پڕوپاگەندای پەکەکە دژی بزاڤی نەتەوایەتیی ڕۆژهەلاتی کوردستان، لە زاری ” موراد قەرەیلان” ـەوە هاتە دەر کە لە تەلەڤیزیۆنی “نەورۆز”دا گوتی :” نابێ خەباتی چەکداری دژی کۆماری ئیسلامی بکرێ، بەڵكو پێویستە خەباتی مەدەنی پێش بخرێ، چونکا ئەگەر تۆ خەباتێکی چەکداری دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێ بخەی دەکەویتە خزمەتی تورکیا و عەرەبستانی سعودی”
پرسیار لە بەڕێز قەرەیەلان ئەوەیە، بەپێی ئەو لۆژیکەی بەڕزیشتان ” ئایا خەبات دژی تورکیا ناچێتە خانەی خزمەت بە کۆماری ئیسلامی و ڕژیمی بەشار ئەسەدەوە؟ “
پێویستە ئەو پرسیارە بەرەوڕووی پەکەکە بکەینەوە کە چۆناوچۆنە ئێوە دەیان پارلمانتارتان هەبوو، دەیان شارەوانیتان بە دەستەوە بوو، میتینگی ملیۆنیتان ڕێکدەخست، ڕۆژنامەنووسەکانتان لە دەرەوە بە ئاشکرا دەڕۆیشتنە تورکیە و بەرنامەیان بۆ کاناڵەکانی پەکەکە دروست دەکرد، بەڵام وازتان لە خەباتی مەدەنی هێنا و شەڕتان بردە ناو شارەکان و هەرچی “دەمیرتاش” ڕستبووی کردتانەوە بە خوری و سەدان گەریلا و خەڵکی سڤیلتان بە کوشت دا و دەیان شاری باکووری کوردستان، بە هۆی سیاسەتی چەوتتان لە لەیەن تورکیای فاشیستەوە کاول کرا و بوونە هۆی ئاوارەیی زیاتر لە یەک ملیۆن کورد و چەند ملیارد دۆلار خەسارتان بە ئابووریی خەڵک لە باکووری کوردستان گەیاند، بۆ خۆتان شەڕی چەکداری بە ڕەوا دەبینن  بەڵام بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بچوکترین دەلاقە بۆ هەناسەدانی سیاسی و مەدەنی بوونی نیە، ڕەچەتەی خەباتی مەدەنی دەپێچنەوە؟
کەمتر لە دوو ڕۆژ پاش پشتیوانیی ناراستەوخۆی “موراد قەرەیەڵان “لە کۆماری ئیسلامی، هێزەکانی ڕژیمی بەعسی سوریا، هێرشیان کردە سەر بەشێک لە شاری “حسەکە” کە بەدەست لقی سوریای پەکەکەوە بوو و بە ئاشکرا دەرکەوت کە پشت بەستنی پەکەکە بە ئێران و سوریا و ڕوسیا، سیاسەتێکی هەڵە و چەوت بووە. ڕوون و ئاشکرایە کە ڕژیمی سوریا بە بێ هەماهەنگیی ئێران و ڕوسیا ئەو هێرشەی ئەنجام نەداوە و بەرپرسانی ڕۆژئاوای کوردستانیش ئاشکرایان کرد کە پاسداری ئێرانی و ملیشیاکانی حیزبوڵاش بەشداری ئەو کوردکوژییە بوون.
ئەم ڕووداوانە، پێویستە بەرپرسانی پەکەکە ڕاچڵەکێنێ و بۆیان ڕوون بکاتەوە کە سەری مارەکە ڕژیمی ئێرانە و ئەو ڕژیمە بۆ ئەوە نابێ کە پشتی پێ ببەسترێ. پەکەکە پێویستە واز لە دەستێوەردان و کوێخاگەری بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان بێنێ و ئەگەر وا بکات، لە تەنگانەدا تەنیا دەتوانێ لەسەر پشتیوانیی کوردەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان حیساب بکات. پێویستە پەکەکە  سەنگ و وەزنی خۆی بزانێ و کەڵکی تاکتیکی لە پارچەکانی دیکەی کوردستا ن وەرنەگرێ، چونکا پەتی درۆ و ساختەکاری کورتە و کورد گوتەنی “خۆر هەمیشە لە پشت هەور نامێنێ”.

 کورد هیچ دۆست و هاوکارێکی لە ڕۆژهەلاتی ناڤیندا نیە و ئەوە تەنیا کوردەکانن کە دەتوانن قووڵایی ستراتیژیکی یەکتری بن و هیوابەستن بە داگیرکەرانی کوردستان ئاکامەکەی تەنیا دەستخەڕۆیی و شکەست و داڕمانە.

2پێویستە ئەو پرسیارە بەرەوڕووی پەکەکە بکەینەوە کە چۆناوچۆنە ئێوە دەیان پارلمانتارتان هەبوو، دەیان شارەوانیتان بە دەستەوە بوو، میتینگی ملیۆنیتان ڕێکدەخست، ڕۆژنامەنووسەکانتان لە دەرەوە بە ئاشکرا دەڕۆیشتنە تورکیە و بەرنامەیان بۆ کاناڵەکانی پەکەکە دروست دەکرد، بەڵام وازتان لە خەباتی مەدەنی هێنا و شەڕتان بردە ناو شارەکان و هەرچی “دەمیرتاش” ڕستبووی کردتانەوە بە خوری

1دزێوترین سیاسەتی پەکەکە لەهەمبەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا بووە، هەموان لە یادیانە کە بە ناڕەوا هێرشیان کردە سەر پۆلێ پێشمەرگەی “یەکیەتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان” و پاش شەهیدکردنیان لە کردەوەیەکی نامرۆڤانەدا، تەرمەکانیان ڕادەستی ڕژیم خومەینی کردەوە و پاسدارانی خوێنڕێژیش، ئەو تێکۆشەرانەیان بە مردوویی، لە پشت ماشینی سپاوە بە شەقامەکانی ڕۆژهەڵاتدا ڕادەکێشا تا ڕۆڵەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوترسێن بکەن.