باوەش

0
1688

دابان عەتار

 

زەنگی مۆبایلەکەی بەرزبووەوە.  نامەیەکی بۆ هاتبوو, بەمشێوەیە نووسرابوو:

کارەساتە سروشتیەکان نە دۆستی کەسن و نە کەس دەناسن,  وە بەیەکجاری زیان بە هەموان دەگەیەنن , لە کەسێک ناپرسنەوە پێش کارەکانیان.

ئیمە وەک کۆمەڵێک فیرخواز لە زانکۆی سەڵاحەدین هەڵ دەستین بە کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ زیان بەرکەوتوانی ئەو کارەساتانەی ئەم دواییانەی زیانیان لەو ناوچانەی ڕۆژهەڵات داوە. جا داواکارین هەر کەس لە خۆی رادەبینێ تەنانەت بە جوتە گۆرەویەکیش بێت هاوکاریەکانی بگەیەنێتە ئەو ناونیشانەی خوارەوە.

داوا لە ڕێخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و لایەنە بەرپرسەکان دەکەین هاوکارمان بن بۆ گەیاندنی هاوکاریەکان.

گڕێک لە ناوەوەی جۆشی سەند. خۆی ئامادەکرد تا خۆی بگەیەنیتە شوێنی مەبەست.

….

ترس!

 

ئەو شەوە دوای شەڕێکی گەورە لە نێوانمان هەریەکەمان پشتمان لە یەک کرد و خەوتین.

نیوەشەوبوو هەستمکرد تووند باوەشم پێدا دەکات, رووی خۆم نەسووڕاند, بەڵکو بە غروریەکەوە گوتم: چییە؟ مەجبورم بوویەوە؟

لە کاتێکدا باوەشی پێدا دەکردم و بەخۆیەوە دەگوشیم بە لەرزۆکی ئەم دێرانەی ژنەوت: پیاوەکە زەمین لەرزەیە!

ـ چی؟ ئەوە چی دەڵێی؟! دەزانی ماوەیەک زۆر بێ تامت کردوە؟! بە هیچ شێوەیەک لێت قبوڵ ناکەم.

ــ هێشتا تۆ لێم قبوڵ ناکەی ها؟ ئاگات لە خۆتە ماوەیەکە چەندەم پشتگوێ دەخەی؟

ــ ههههه من تۆم پشتگوێ خستوە؟ هەی لە قوڕێت نێم ئەگەر وابێ؟

ــ بەلێ وایە و ئەولاتریش….

وامان لێ هاتبوو لەسەر شتی زۆر سادە پێمان ئاسایی بوو کارەساتێکی زۆر گەورە بخولقێنین.

بەڵێ ئیمە دوای کارەساتەکە, کاتێک وێنەگرەکە بەرانبەرمان دانیشتبوو وێنەی دەگرت قاقامان لێ دەدا! ئێمە ئەوکات لە ژوور سەری تەرمی خۆمان دانیشتبووین و سەیری ئەو دیمەنەمان دەکرد و قاقامان لێ دەدا. لە چاوی وێنەگرەکەدا ئەوەمان دەخوێندەوە کە دەیەوێ بەو وێنەیەی شتێک بەدەست بهێنێ! ئێوە بیڵێن ئێمە ناحەقمان بوو بە مردنی خۆمان پێ بکەنین؟!

 

….

باوەش

 

ئەو ڕۆژە تا ئێوارە هەموویان وەک دەستەیەکی بەهێز کاریان کرد چەندان جار لەکاتی کارکردن و وەرگرتنی کەلوپەلەکان و ڕێکخستنیان چاوەکانتان یەکانگیربوون وە بزەتان بۆ یەکتری کرد.

ئەوان پیویستیان بە ڕۆژێکی ئاوایی بوو, تا هەست بە خۆیان بکەن چەندە پوچ ژیاون تا ئەوکات.

سارا زۆر ماندوو دیار بوو, چووە گۆشەیەکەوە و لەسەر کورسیەک دانیشت. داراش بەبی گوێ دانە ئەو شەڕە گەورەیەی چەند رۆژ پێشترێ کردبوویان, خۆی لێ نزیککردەوە و لە تەنیشتی دانیشت. سارا تەماشای نەدەکرد, داراش بۆ قەرەباڵغیەکەی ئەو بەری دەڕوانی, گوتی: سەیربکە ئەو خەڵکە وەک یەک دەست کار دەکەن بۆ هاوکاری کارەساتباران, ئەمڕۆ ئێمەش گوێمان بە ڕقەکەی خۆمان نەدا و پیکەوە کارمان کرد.

سارا بەبێ ئەوەی سەیری بکات: بەڵام من لە تۆ خۆش نەبووم, بەڵکو ئەمڕۆ وەک ئەرکێکی ئەخلاقی ناچاربووم لەگەڵ تۆدا کاربکەم, ئەگەرنا هەرگیز جارێکی دیکە باوەڕ مەکە پێوەندیەکەمان وەک یەکی لێ بێتەوە.

دارا وێنەیەکی بۆ سارا ڕاگرت: سەیرێکی ئەمە بکە

سارا سەرنجی دا، وێنەی ژن و پیاوێک لە باوەشی یەکتریدا نووستوون و کوتوونەتە ژێر داروپەردووی خانووەکەیانەوە, ژن و پیاوەکە بە شێوەیەک باوەشیان بە یەکتریدا کردبوو, کە وەک ئەوە وابوو بیانەوێ ببن بە یەک و بۆ هەمیشە پێکەوە بن.

سارا چاوەکانی پڕ لە ئاوبوون, بە بیزاریکەوە گوتی: تۆ بۆچی ئەمە پیشانی من دەدەی؟

دارا بە نەرمیەکەوە: کێ دەڵێ ئێمە دەرفەتی شتێکی وامان دەبێت پێش مردن؟

پەرەیەکی لە گیرفانی دەرهێنا و دایە دەستی سارا: تکایە ئەم چیرۆکە بە دەنگێکی بەرز بخوێنەوە با هاوڕێیانیش گوێیان لێ بێ.

لە پشتی سارا و داراوە پەردەیەک لادرا سارا دەنگی هەڵبڕی:

 

ترس!

 

ئەو شەوە دوای شەڕێکی گەورە لە نێوانمان هەریەکەمان پشتمان لە یەک کردوو خەوتین.

نیوەشەوبوو هەستمکرد تووند باوەشم پێدا دەکات, رووی خۆم نەسووڕاندبەڵکو بە غروریەکەوە گوتم: چییە؟ مەجبورم بوویەوە؟

لە کاتێکدا باوەشی پێدا دەکردم و بە خۆیەوە دەگوشیم بە لەرزۆکی ئەم دێرانەی ژنەوت: پیاوەکە زەمین لەرزەیە!

 

ژن و پیاوێک لەسەر تەختی شانۆکەوە دەرکەوتن کە پیاوەکە هاواری دەکرد

ـ چی؟ ئەوە چی دەڵێی؟! دەزانی ماوەیەکە زۆر بێ تامت کردوە؟!

ژنەکەش وەڵامی دایەوە و گفتوگۆکان بەمشێوەیە بەردەام بوون:

 

هێشتا تۆ لێم قبوڵ ناکەی ها؟ ئاگات لە خۆتە ماوەیەکە چەندە پشتگوێم دەخەی؟

ــ ههههه من تۆم پشتگوێ خستوە؟ هەی لە قوڕێت نێم ئەگەر وابێ؟

ــ بەلێ وایە و ئەولاتریش….

لەگەرمەی دەمەقاڵێدا پەردە دادرایەوە.

ـ بەرەبەرە پەردەکە لادەدرا,

وێنەیەک لە ناوەڕاستی تەختەی شانۆکە دەرکەوت

. پیاوێک لەبەردەمی وینەکەدا وەستابوو ڕووی لە خەڵکەکە کردبوو. مۆسیقایەکی ماتەمینی بەرزبووەوە.

پیاوەکە بە نەرمیەکی زۆرەوە دەستی بە قسان کرد:

 

بەڵێ ئیمە دوای کارەساتەکە, کاتێک وێنەگرەکە بەرانبەرمان دانیشتبوو وێنەی دەگرت, قاقامان لێ دەدا! ئێمە ئەوکات لە ژوور سەری تەرمی خۆمان دانیشتبووین و سەیری ئەو دیمەنەمان دەکرد و قاقامان لێ دەدا. لە چاوی وێنەگرەکەدا ئەوەمان دەخوێندەوە, کە دەیەوێ بەو وێنەیەی شتێک بە دەست بهێنێ!

کاتێک ئەو قسەیەی کرد وێنەگرەکەی بەردەمی وێنە گەورەکە جێگەکەی خۆی دەگواستەوە بۆ گۆشەیەکی دی تا وێنەیەک لەو وینە گەورەیە بگرێت.

هاواری کرد:

ئێوە بیڵێن ئێمە ناحەقمان بوو بە مردنی خۆمان پێ بکەنین؟!

ئیمە دەرفەتمان هەبوو پێش مردن باوەش بە یەکتریدا بکەین. ئەو ژنە کە لە تەنیشتی دانیشتبوو هەڵسایە سەرپێ و لە وێنەکە وردبووەوە. دوای ئیستێک بێدەنگی, دەنگی تەپڵێکی دوور هاتە گوێ. ژنەکە ڕووی خۆی سووڕاند و پەنجەی بۆ ئامادەبووان ڕاوەشاند: ئیوە ئاگاتان لێیە کەوتوونەتە نێو چ مەهزەلەیەکەوە؟! هەرگیز ناترسن لەوەی دەرفەت نەمێنێ بۆ پێکەوەبوون! ئااای ئێمە کە نابووت بووین! بیرمە لەسەر شتی زۆر بچووک شەڕی گەورەمان بەرپادەکرد!

ئەو شەوە پێش کارەساتەکە بڕیارم دابوو هەر ڕۆژبووەوە, بڕۆم و جارێکی دیکە نەگەڕێمەوە ماڵەوە. بهێننە پێش چاوی خۆتان ئەگەر پێش کارەساتەکە بە ئاگا نەهاتبام ئیستا ئێوە ئەو وێنەیەتان نەدەبینی و ئەو وێنەگرەش هەرگیز لۆگۆی خۆی لە ژێرەوەی وێنەیەکی ئاواییدا نەدەبینی.

ئەوکات نە ئیمە دەمانتوانی وەکو ئێستا بۆ هەمیشە پێکەوە بین. و نە ئەو دیمەنە نەمرەش دەچرکێنرا! چەندان سارا و دارامان هەبووە ئەو دەرفەتەیان نەبووە. سارا هەڵسایە سەرپێ و سەرنجی دارای دا. ژنەکە بەردەوام بوو لە قسەکانی: لە کاتێکدا ئێمە وەک بۆمبێکی تەوقیتکراوین و نازانین کەی و چۆن شتێکمان بەسەردا دێت. هۆڵی شانۆکە کەوتە لەرزین قیژەقیژ ئەو ناوەی بە جۆش هێنا. کامیرەمانەکە کامیراکەی لە دەستی بەربووەوە و رایکردە دەرەوە. سەقفی هۆڵی شانۆکە دەستی بە کەوتنە خوارەوە کرد, ژنەکە بەردەوام بوو لە قسەکردن, سەقفەکەش لە کەوتنە خوارەوە. هەرەسی سەقفی هۆڵەکە بەرەبەرە بەرەو ئامادەبووان دەهاتە پێش و هاوار هاواری ئامادەبووان ئەو ناوەی بە جۆش هێنابوو.

دەنگەکان بەرزدەبوونەوە: گیانەکەم بمبەخشە!

خوایە بەس ئەمجارە بگەمەوە ماڵێ.

خوایە..

خوایە هاوار!

خوایە

خوایە

 

دڵۆپێک فرمێسک بەربووەوە !

پێش ئەوەی چیرۆکەکە بۆ کارگەی چیرۆک بنێرێ کە داوایان لێ کردبوو چیرۆکێک لەسەر کارەساتی سروشتی بنووسێت. چیرۆکەکەی بە نامەیەک بۆ ژنەکەی نارد و هەڵبەت داوای لێ کرد بیخوێنێتەوە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.