بارودۆخی ئاستەمی بنیامین نتانیاهوو لە هەڵبژاردنەکانی پاڕلەمانی ئیسرائیل

0
903

ڕۆژی کورد :
هەڵبژاردنەکانی پاڕلەمانی ئیسرائیل بۆ جاری دووهەم لە ئەمساڵدا بەڕێوەدەچێت. بنیامین نتانیاهوو پێویستی بە سەرکەوتن لەم هەڵبژاردنەدا هەیە. بە پێی دوایین ڕاپرسییەکان سەرکەوتنی پارتی لیکوود لەم هەڵبژاردنەدا بەتەواوی مسۆگەر نیە.

بڕیار وایە هەڵبژاردنەکانی پاڕلەمانی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٧ی ئەیلوول بەڕێوەبچێت. ئەمە دووهەمین هەڵبژاردنی پاڕلەمانی لە درێژەی یەک ساڵی ڕابردوودا دەبێت. بنیامین نتانیاهوو سەرۆک وەزیرانی ئێستای ئیسرائیل و ڕێبەری پارتی لیکوود پێویستی خێرای بە سەرکەوتنێکی مسۆگەر هەیە. لە ئەگەری ئەوەی دا نتانیاهوو نەتوانێت درێژەی بە چالاکییەکانی خۆی وەکوو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بدات، پارێزراوی سیاسی خۆی لە دەست دەدات و بارودۆخی دەکەوێتە مەترسییەکی زۆرەوە. ئەم بابەتە ئەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی دووسیە دادوەرییەکانی دژی ناوبراو بکەوێتە ئاراوە و کێشەی بۆ ساز بکات. بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی کە ڕۆژی سێشەممە ١٧ی ئەیلوول لە لایەن ناوەندە هەواڵنێرییەکانەوە بۆ باسکردن لە مەڕ ئاکامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان ڕاگەیەندراون ڕاپرسییەکان باس لەوە دەکەن کە سەرکەوتنی تەواوەتی پارتی لیکوود بە ڕێبەرایەتی بنیامین نتانیاهوو دوورە لە چاوەڕوانی و بەدی ناکرێت.
جیاوازی بیروڕاکان و دەمەقاڵە و بەگژیەکداچوونە سیاسییەکان لە نێوان حیزبە توندئاژۆکان سەبارەت بە پێکهێنانی دەوڵەتێکی پێکهاتەیی هاوکات بەردەوامە. ئەو جیاوازی بیروڕایانەی کە لە مانگی ئاوریلی ڕابردوودا بوونەتە بەربەست بۆ پێکهاتنی دەوڵەتێکی پێکهاتوو لە بەرەکان لە وڵاتی ئیسرائیل و هەر بۆیە پێویستی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی دیکە پاڕلەمانی داخواز کرد.
دوابەدوای کۆتایی هەڵبژاردنەکانی پاڕلەمانی مانگی ئاوریلی ڕابردوو، بنیامین نتانیاهوو موژدەی سەرکەوتنی بێ وێنەی پارتی لیکوودی لە هەڵبژاردنەکان دا ڕاگەیاندبوو. ناوبراو تەنیا چەن کاژێرێک دوای داخرانی ناوەندەکانی دەنگدان هاتبووە سەر شانۆ و باسی لە سەرکەوتنێکی بەرچاوی پارتی لیکود کردبوو و ئاماژەی بەوە دابوو کە ئەم سەرکەوتنە زۆر ناوازەیە و تا ئێستا بابەتێکی لەو چەشنە ڕووینەداوە. نتانیاهوو هەر ئەو شەوە ڕایگەیاندبوو کە براوەی گۆڕەپانی هەڵبژاردنەکانی پاڕلەمانی ئیسرائیلە و باسی لە پێوەندی گرتن لە گەڵ ڕێبەرانی پارتە ڕاستەکانی ئیسرائیل بۆ پێکهێنانی هەیئەتی وەزیرانی خۆی کردبوو. گوایە هەمووان لە پێکهێنانی دەوڵەتێکی نوێ بە ڕێبەرایەتی ناوبراو هاودەنگ بوون.
سبەینێ ڕۆژێک دوای هەڵبژاردنەکان، ڕاگەیاندنی فەرمیی دەرئەنجامەکان ڕاستییەکی دیکەیان باس دەکرد. هاوپەیمانیەتیی “شین و سپی” بە ڕێبەرایەتیی بێنی گاتس، ڕێبەری پێشووی سۆپای ئیسرائیل توانیبووی شانبەشانی پارتی لیکوود سەرکەوتن وەدەست بهێنێت و هاوشانی پارتی لیکوود کورسی وەدەست بخات. بەڵام ئەمجارەیان نتانیاهوو بە هیوای وەدەست هێنانی ڕێکەوتن و هاوکاری لە گەڵ “ئاویگدۆر لیبەرمەن” و پارتەکەی ناوبراو پارتی “ئیسرائیل ماڵی ئێمەیە” هەیە. و ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە نتانیاهوو بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی هاوپەیمانی وەکوو هەڵبژاردنەکانی جاری پێشوو لە مانگی ئاوریل دا پێویستی بە هاوڕییەتی پارتە توندئاژۆکان و یەهوودییە ئەرتۆدۆکسەکانی ئەم وڵاتە بێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆکردنەوەی هەموو ئەم حیزب و پارتە جیاوازانە لە ناو ماڵێکدا بە ناو دەوڵەتی هاوپەیمانی و بەرە کارێکی ساکار و هەروا ئاسان نیە.
ئاویگدۆر لیبەرمەن لە ساڵەکانی دەیەی ١٩٩٠ی زایینی چالاکییەکانی خۆی بە سەرپەرشتیاری نووسینگەی بنیامین نتانیاهوو دەست پێکرد. ناوبراو دواتر لە ئەنجۆمەنی دەوڵەتی نتانیاهوو بەڕێوەبەری وەزارەتی بەرگری وەئەستۆ گرت و لە ئەنجامدا بوو بە یەکێک لە ڕکەبەرەکانی نتانیاهوو. لیبەرمەن و پارتەکەی لە هەڵبژاردنەکانی پاڕلەمانی مانگی ئاوریل دا خوازیاری زۆرەملێ بوونی دەورانی سەربازی بۆ هەموو لاوانی ئیسرائیل بوون. ئەمە لە کاتێکدایە کە نتانیاهوو بێجگە لە دەنگەکانی پارتی لیبەرمەن پێویستی بە دەنگی نوێنەرانی هاوپێوەندی بە پارتە یەهوودیە ئەرتۆدۆکسەکانیشەوە بوو کە ئەوان بە توندی دژی بەشداری خوێندکارانی قوتابخانە ئایینیەکان لە سۆپای ئیسرائیل دا بوون. جیاوازی بیروڕاکان لە نێوان پارتی “لیکوود” و پارتی “ئیسرائیل ماڵی ئێمەیە” و هەروەها دەمەقاڵێی سیاسی لە گەڵ حیزبەکانی دیکەی ڕاستگەرای ئیسرائیل دا ئەم جارە بووە بە ئاخێزێکی زۆر گەورە لە پێناو پێکهێنانی دەوڵەتی هاوپەیمانی لە وڵاتی ئیسرائیل دا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.