بارزانی ئاوێکی ساردی بە سەر و دەستی کوردی ڕۆژهەڵات داکرد

0
1637

نووسینی: سیروان ئەشرەفی- مهاباد

سیاسەت لە ساکارترین پێناسەی خۆیدا، واتا پاراستنی بەرژەوەندی، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێ هێزت هەبێ. بەرژەوەندی دەکرێ بەرژەوەندیی تاکەکەسی بێ، دەکرێ ئی گرووپ و خێڵێک و دەشکرێ هی نەتەوە و تەنانەت ناوچەیەکیش بێت. کارەساتەکان کاتێک ڕوو دەدەن کە بەرژەوەندیی تاکەکەسی، وەسەرووری بەرژەوەندیی نەتەوەیی یان گشتی بکەوێ، ئەوا ئەو کاتە، دەکرێ شەهید موعینی ڕادەستی ئێران بکرێتەوە، شەهید سەروان حەتەم بۆ بەرگری لە ئێران شەهید بکرێ، ڕۆژنامەی کوردستانی کۆمار بکرێتە دیسان بارزانی و شۆڕشی ٤٦ و ٤٧ بە دەستی کوردی باشوور تێکبشکێندرێ، هێزی ئێران ببردرێتە هەیبە سوڵتان، زیاتر لە ٣٠٠ ئەندامی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بە کیسەیەک ئارد و پێنج کیلۆییەک برینج بفرۆشترێن و …تاد.

کوردی ڕۆژهەڵات، لە هەموو مێژووی خۆیدا، زۆر بە دەگمەن، بەرژەوەندیی خۆی ناسیوە یان پێناسەی کردووە، هەڵبەت زۆر جارانیش بە ئانقەست و لە  پێناو بەرژەوەندیی تاکەکەسی فرۆشتوویەتی، ئەویش لە ژێر ناوی بەرژەوەندیی نەتەوەیی یان کوردایەتیدا، زۆر جاریش هەست و سۆز گرتوویەتی و وایکردووە شاعیرێکی نەتەوەیی وەک هەژار، ببێتە شایەری بارزانی و شاعیرێکی هەست خەیاڵی وەک هێدی لە بێ نازیدا بتلێتەوە و ئەحمەد تۆفیق، حیزبێک بکاتە پاشکۆ کە بە حەق، دوکتور قاسملوو لەو ڕاستییانە تێگەیشتبوو و بۆیەش پاشگری ئێرانی لە حیزبەکەی زیاد کرد، کە بە پێچەوانەی چەواشەکاریی زۆر کەس کە ئەوە بە ئێرانچێتی ناو دەبەن، ئەوە وشیارییەکی گەورەی دوکتور قاسملوو بوو کە وەک سنوورێک لە نێوان خۆیان و پارتی داینا و بۆ هەمیشە هەوڵی بنەبڕکردنی پاشکۆبوونی خەباتی ڕۆژهەڵاتی دا.

چوار ساڵ بەر لە ئێستا، تەلەفزیۆنی ڕووداو، سەر بە نێچیروان بارزانی کە ئێستا لە تارانیش نوێنەرایەتی هەیە، ڕاپرسییەکی بڵاو کردەوە کە تێیدا حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و ڕادەی خۆشەویستییان هەڵسەنگێندرابوو، کوردی ڕۆژهەڵات کە کەمتر وا هەیە بیر لە پیلان بکاتەوە و ئەگەر دژایەتی و پیلانێکیش هەبێ ئەوا تەنیا بە دژی خۆی دەیکا و هەر لە شەڕە حیزبی بە دژی یەکتری ئازایە و ڕێک دەخرێت، هیچ بیریان لەوەی نەکردەوە کە ئەو ڕاپرسییە بۆ چیە؟

لە ڕاستیدا ئەو ڕاپرسییە هاوکات بوو لەگەڵ هاتنە خواری “بڕیار گابار”، یەکێک لە ئەندامانی ڕێبەریی پەکەکە لە قەندیل و نیشتەجێ بوونی لە کوردستانی ئێراق. پارتی لەو دەمەدا کەوتە خۆ تا حیزبێک بۆ ڕۆژهەڵات دابمەزرێنێ بە ناوی “پارتی دێموکراتی کوردستانی ئێران” بە ڕێبەریی بڕیار گابار، بەڵام بۆ جێ بە جێ کردنی ئەو پیلانە دەبوایە لە پێشدا بەستێنەکە هەڵبسەنگێنن کە لەو ڕاپرسییەدا کە کرا و هەمووشمان دەزانین چۆن کرا و ڕووداویش بۆ ئەوەی ئابڕوو و حەیای بەشی تەکنیکەکەی نەچێ باسی لەوە نەکرد کە چۆن و چەندە زەفەری پێ بردراوە و چۆن بە هەندێک بەرنامە دەنگەکان سەد قات بوون و لە ئەنجامدا ڕاپرسییەکە دەریخست کە پارتی ئەو تواناییەی نیە کە حیزبێک بۆ ڕۆژهەڵات ساز بکا وەک بۆ ڕۆژئاوا و باکووری ساز کردووە.

لە ئێستاشدا کە ماوەی ٧ ڕۆژە هێرش و دەستدرێژی کراوەتە سەر بنکە و مەقەڕەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و پێشمەرگەیان بە دیل و بارمتە گیران و ئاگر لە هەموو شتەکانیان بەردراو و خەڵکیان لێ جاڕ دراو و کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانییان بە دژی گیراو و مەلا بەختیاریەکان دەیان جار هەڕەشەیان لێ کردوون و پەکەکەش چووە مەقەڕەکانی لێ داگیر کردوون و لەسەر خوانی حازری دانیشتووە، کاک مەسعوود کە تا دۆینێ بێدەنگ ببوو، هاتە گۆ و بە دوو ڕستە هەمو لایەکی تێگەیاند کە چ باسە:

یەک: پرسی سەربەخۆیی تەنیا پەیوەندی بە کوردستانی ئێراقەوە هەیە و کەسی تر بۆی نیە خۆی تێهەڵبقوورتێنێ کە لە ڕووی یاسا و ڕێسا ناودەوڵەتی و تەنانەت ڕێساکانی ئێراقیشەوە وایە و کوردی ڕۆژهەڵات لەو ناوە شایەری بێ شاباشە و قسەکەی کاک مەسعوود پڕ بە پێستیەتی.

دوو: سەردەمی بەکارهێنانی چەک نەماوە و دەبێ پرسی کورد بە دانوستان چارەسەر بکرێ.

خاڵی سەرەکیی باسەکەی من ئێرەیە.

ئەگەر بڕیار بێ، چەکەکان کڕ و بێدەنگ بکرێن و دانوستان چارەسەر بێ، چما کاک مەسعوود هەوڵی نەدەدا کێشەی هەرێم و داعش بە دانوستان چارەسەر بکات؟ گەلۆ کاک مەسعوود لای وایە و وا بیر دەکاتەوە کە کۆماری ئیسلامی دەوڵەتێکی دێموکراتە و هیچ وەک داعش ناچێ؟ ئایا کۆماری ئیسلامی کە دەیان گرووپ و رێکخراوی تیرۆریستی لە جیهان و ناوچەکەدا تەیار و پۆشتە کردووە، بۆ ئەوە دەبێ چەکی بە دژی فرێ دەی و دانوستانی لەگەڵ بکەی؟ یان ئەوەی کە گڵۆپێکی کەسک بۆ حیزبەکانی باشوور هەڵکراوە. گڵۆپێک کە بەپێی وی دەبێ باشوورییەکان، حیزبەکانی ڕۆژهەڵات چەک بکەن و ئێرانیش لە هەمبەر سەربەخۆیی و گشتپرسیی هەرێمی کوردستانی ئێراق بێدەنگەی لێ بێت؟

هەندێک خۆ بە سیاسی زانی بەرژەوەندیخوازیش ئەو قسانەی کاک مەسعوود بە سیاسیانە و سیاسەت لێک دەدەنەوە. دەڵێی لە بیریان چۆتەوە کە کاک مەسعوود پێشتر ڕایگەیاندووە کە حیساب بۆ هیچ دەوڵەت و وڵاتێک ناکات و تەنانەت گوێ بە ترامپیش نادات. یان دەبێ لە مێژوودا نەیانخوێندبێتەوە کە کاتێک کە هەڵەبجە شیمیایی لێدرا، حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کە پەیوەندیشیان لەگەڵ سەدام هەبوو، مەحکوومیان کرد و تەنانەت چەندین پێشمەرگەی کۆمەڵە لەلایەن سەدامەوە شیمیاییان لێدرا و بوون بە قوربانی. ئایا کوردەکانی ڕۆژهەڵات ئەو کات دەبوا بە سیاسەت چووبانە پێش؟

بە گشتی ئەوەی دەبیندرێ، ئەوەیە کە حیزبەکانی باشوور دەستیان لە پیلانێک وەرداوە کە پەکەکە و کۆماری ئیسلامیش تێیدا بەشدارن و هێرش و دەستدرێژییەکە، هەمەلایەنەیە و لە ئەگەری جێ بە جێ بوونیدا، کوردی ڕۆژهەڵات قڕانێکی سیاسی دەکرێ. بەناو ڕووناکبیرانێکیش کە بۆ هەر ڕووداوێک لە باشوور، واژۆ کۆدەکەنەوە، بۆ ئەوەی لە ناو تی ڤی ـیەکاندا ناویان بێت یان وەک چاوەدێر و لێزان بۆ کاناڵەکانی باشوور بانگ بکرێن یان هەندێ بەرژەوەندیی تاکەکەسییان لە باشوور پارێزراو بێ، دێن و لەژێر ناوی ناوەرۆک بەتاڵ کراوی بەرژەوەندیی نەتەوەیی، دەمکوتی خەڵکانی دەروەست و وشیار دەکەن و تەنانەت لاقیان لە بەڕە درێژتر دەکەن و دەیانجاشێنن.

باشوور قسەی خۆی ڕوون و ئاشکرایانە کردووە، پەکەکەش ڕوون و ئاشکرا و بە کردەوە دەڵێ چی گەرەکە، ئێرانیش لە خۆشیی ئەو سەرکەوتنە بێدەنگە. کوردی ڕۆژهەڵات دەبێ خۆی یەکلایی بکاتەوە و دەست لەو پاشکۆ فکری و جەستەیی بوونە بهێنێت. ئێستا کاتی هەڵوێستە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت