باباخانی: یەکگرتنەوە دەبێتە هۆی ساز بوونی گوتارێکی ڕۆژهەڵاتی کە دەتوانێ دواجار خەباتی شاخ و شار لێک گرێ بدا

0
921

باسی یەکگرتنەوەی دێمۆکراتەکان لەگەڵ ئەوەیدا کە پرسێکی هەستیارە، هاوکات داخوازیی زۆرینەی خەڵکی کوردستانە و وەک پرسێکی چارەنووس سازی نەتەوەیی دێتە نرخاندن، بەو حاڵەشەوە وەها شرۆڤە دەکرێ لە بەرژوەندیی هیندێک تاک د (لە ئاستی دەسەڵات لە هەر دوو لا) نیە تا ئەو پرۆسەیە بە ئەنجام بگەیەنن.

پرسی یەکگرتنەوە بۆتە ئەمرێکی واقعی سیاسیی نەتەوەیی، ئەگەر ئیرادەیەکی تاک ڕەهەندیی پرش و بڵاو، هۆکارەکانی ئەو لێکدابڕانە بێ، لایەنێکی دیکەی نیشتمانی، هۆکارەکانی پێکەوەبوون شیدەکاتەوە و پێداگری لەسەر دەکا، هەوڵدان بۆ یەکگرتنەوەو نەوەی دێمۆکراتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کارێکی گونجاوە و هیچ بەرگرێکی تەکنیکی و تەشکیلاتی بە هۆکاری ئەو جیاییە نازاندرێ.

بۆ تیشکخستنە سەر ئەو باسە، ناوەندی ڕۆژی کورد ڕای نووسەر و چالاکی سیاسی ” ناسر باباخانی” دەخاتە ڕوو و چەند پرسیارێکی گەڵاڵە کردووە کە بەڕێزیان وڵامیان داوەتەوە.

ڕۆژی کورد: یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان بۆ پێویستە؟

ناسر باباخانی
ناسر باباخانی

باباخانی: بە باوەڕی من لەتبوونی حیزبی دێموکرات بە گشتی هەم کۆمەڵگا و هەم بژاردەکانی بە تایبەتی تووشی شۆک کرد، کە تا ئێستاش ئەم شۆکە و ئاسەوارەکەی هەر بەردەوامە. هەروەک بۆخۆت دەزانی من هەرگیز ئەندامی حیزبی دێموکرات نەبووم بەڵام ڕەنگە وەباڵم بۆ بکێشی کە ئەوکات کە لە ناوخۆش بووم دێموکراتم نەک وەک حیزب، بەڵکوو گەورەتر لە حیزب و وەک ڕێباز سەیر کردووە و تا ئێستاشی لەگەڵ‌دا بێ بۆ بەرژەوەندی ئەم حیزبە درێغیم لە هیچ چەشنێ کارێ نەکردووە.

لەسەر بنەمای ئەم باوەڕە لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی خۆشەویستم نیزیک بە دوو ساڵ لەمەوبەر “کەمپینی یەکی بەفرانبار”مان دامەزراند. بۆیە بەر لەوەی وڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە ئەگەر ئیزنم بدەی لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی دامەزرانی ئەم کەمپینە بە کورتی هۆکاری دامەزراندنیت بۆ باس بکەم کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەبوو بە پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان و دواجار لەگەڵ وڵامی پرسیارەکەت لێکیان گرێ بدەم:

لە ڕاستی‌دا بیرۆكه‌ی ساز بوونی كه‌‌مپینی یه‌كی به‌فرانبار ده‌گه‌ڕا‌وه سه‌ر چه‌شنێ بۆشایی فكری – ڕێكخراوه‌یی له‌ ناوخۆی ڕۆژهه‌ڵات و تاراوگه‌ (مه‌به‌ستم هه‌م باشوورە‌ و هه‌م ئورووپا و ئەمریکا). واتە بۆشایی‌یەکی بیرۆکەیی لە ڕۆژهەڵات‌دا هەبوو کە پێویست بوو پڕ کرێتەوە و پاشان لە قالبێکی ڕێکخراوەیی‌دا پراکتیزە کرێ.

هەر وەک دەزانن ئێمه‌ زۆر جاران له‌گه‌ڵ هه‌ندێ دیارده‌ و پێشهاتە‌ به‌رەوڕوو ده‌بین كه‌ هه‌ندێ جار چاوه‌ڕوان‌نه‌كراون… ئه‌م خێرایی‌یه‌ ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ت ناداتێ خۆ ڕێكخه‌ی و خۆ ته‌یار كه‌ی بۆ دژكرده‌وه‌یه‌كی خێرا و به‌جێ و زۆرجاران له‌ كیست ده‌چێ. ئه‌م ڕووداوانه‌ سه‌رجه‌م پێشهاته‌ سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگییەکان و ته‌نانه‌ت په‌یوه‌ندیدار به‌ ماڤی مرۆڤن كه‌ له‌ ناوخۆ و له‌ تاراوگه‌دا ڕوو ده‌ده‌ن. هەر بۆیە بوونی ڕێکخراوەیەکی فکری بۆ مۆنیتۆرینگی ڕووداوەکان پێویستە. كه‌مپین له‌و ڕاستایه‌دا وه‌ك ویژدانێكی ئاگا و به‌رپرس هه‌ڵوێستی خۆی نواند بە تایبەتی بۆ پرسی یەکگرتنەوەی ماڵی گەورەی دێموکرات‌. به‌ڵام پێم خۆشه‌ ئاماژه‌ به‌م خاڵه‌ گرینگەش‌ بكه‌م کە به‌رله‌وه‌ی وه‌ك كه‌مپینێکی ڕێكخراوه‌یی سه‌یری كه‌مپینی یه‌كی به‌فرانبار بكه‌ین ده‌كرێ بڵێین زیاتر ڕه‌وتێكی فكری بوو‌ به‌ تام و بۆنێكی سیاسییه‌وه‌.

دیارە حه‌وجێ به‌ كوتن ناكا له‌ ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی‌دا چالاكیی سیاسی واته‌ زیندان و په‌ت و سێداره‌ و چالاكییه‌كانی تریش به‌ توندی كۆنتڕۆل ده‌كرێن. هه‌ر بۆیه‌ ناكرێ و ناشبێ زۆرمان چاوەڕوانی له‌ ناوخۆ هه‌بێ، هه‌رچه‌ند با ویژدان سه‌نگی مه‌حه‌ك بێ هه‌ندێ كار و چالاكی له‌ لایه‌ن چالاكڤانانی سیاسی و مه‌ده‌نی هاتۆته‌ ئاراوه‌ كه‌ له‌ قۆرگی شێردا كراوه‌… سه‌باره‌ت به‌ دۆخی تاراوگه‌ش به‌ داخه‌وه‌ سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ دۆخێكی پاسیودان و لەهەمبەر کێشەکان نه ‌بایان پێدا هاتووه‌ و نه‌ باران! كه‌ وا بوو له‌ گه‌ڵ دۆستانی ماندوویی‌نه‌ناسی كه‌مپین هاتینه‌ سه‌ر ئه‌م قه‌ناعه‌ته‌ كه‌ بوونی كه‌مپه‌ینێک به‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌وه‌ پێویستییه‌كی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌.

بۆ زانیاریتان هه‌ر چه‌ند كاره‌كانی كه‌مپه‌ین تاقمێكی یه‌كجار سنووردار ڕایده‌په‌ڕاند، به‌ڵام پرس و مه‌سڵه‌حه‌ت و ڕاوێژ و ئیده‌ وه‌رگرتن له‌ چالاكڤانانی ناوخۆ، ئه‌ندام و لایه‌نگرانی هێزه‌ سیاسییه‌كان، سیما دیار و ناسراوه‌كانی سیاسی فه‌رهه‌نگی كوردستان، ئێستراتێژی سه‌ره‌كیمان بوو و لامان وا بوو‌ ئاوا ده‌نگمان كاریگه‌رتره‌ كه‌ به‌ ئەزموونیش ئەوەمان بۆمان ده‌ركه‌وت. هەوڵی کەمپین بۆ یەکخستنەوەی نێو ماڵی دێموکرات بەشی هەرەزۆری لەسەر ویستی خەڵکی ناوخۆ بوو کە خوازیاری ئەوە بوون کە بەردەوام بین بۆ ئەم پرسە و ماندوو نەبین، بەڵام بەداخەوە عەقڵانییەتی خێڵەکی (بەرژەوەندی تاکەکەسی، شارچێتی، گەڕەکچێتی، خزم‌خزمێن و…) تا ئێستاش بە سەر عەقڵانییەتی ڕەخنەگرانەدا زاڵە و ئیزنی ئەم کارە نادا و جارێ زەحمەتە دێموکراتەکان یەکبگرنەوە.

لە دوو جودا بوونەوەی ساڵانی 1980 و 198٨دا زۆرینەی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێ بڵێین بە جۆرێ قەناعەتییان بەم دابڕانانە هێنابوو… بەڵام لە دوایین دابڕان‌دا خەڵک ئێستاشی لەگەڵ‌دا بێ نە سەلماندی و نە پێمل بوو بەم لێکترازانە. هەر بۆیە خەڵک تا ڕادەیەک ڕووی لە حیزب وەرگەڕاند و لە دێموکراتەکان تۆرا. ئەگەر لە دوو جیابوونەوەکەی پێشوودا بە هۆی بوونی ڕێبەرێکی کاریزما وەک دوکتور قاسملوو لەگەڵ باڵی سەرەکی، کۆمەڵانی خەڵکی لەگەڵ خۆی هێشتەوە، ئەوا جاری سێهەم بۆشایی کاریزمایەک بە سانایی هەستی پێدەکرا. هەر بۆیە هیچ لایەک نەیتوانی زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی لەگەڵ بێ، ئەمە لە کاتێک‌دایە کە دابڕانی ساڵانی ١٩٨٠ و ١٩٨٨ سەردەمێک بوو کە حیزبی دیموکرات وەک سەرەکیترین حیزبی کوردی لە ڕۆژهەڵات کوانووی شۆرش بوو، حزووری لە ناو کۆمەڵانی خەڵک‌دا بەرچاو بوو، هێزی پێشمەرگە لە شار دانەبڕابوو، جیلەکانی ئەوان سەردەمان بە تەواوی گۆشکراوی بیرو باوەرێکی نەتەوەیی بوون و… بەڵام ئێستا ئەم فاکتۆرانە هەر نەماون یان زۆر کاڵ بوونەتەوە هەر بۆیە ناکرێ بە پێوەری ئەو کات بڕوانینە ئەمڕۆ. خۆ ئەگەر یەکەم دابڕان سێبەری خەستی ئایدۆلۆژیکی پێوە دیار بوو و لە دووهەم دابڕان‌دا سێبەری ئەم جیاوازییانە کاڵتر بۆوە… بەڵام لە لێکترازانی سێهەم‌دا هیچ گرفتێکی سیاسی ئەوتۆ لە گۆڕێ‌دا نەبوو!!! دەکرێ بڵێین ئەوەی کە بوو بە هۆکاری دابڕانی دوایی بەر لەهەموو شتێک کەلک وەرنەگرتن لە میکانیزمە دێموکراتیکییەکان بوو بۆ چارەسەری گرفتە سەلیقەیی‌یەکان!

ڕۆژی کورد: زۆر باشە با پرسیارەکە ئاوا بنینەگۆڕێ: ئەم هەمووە پێداگرییە بۆ یەکگرتنەوە چییە؟ باشە بە یەکگرتنەوەی ئەم دوو باڵە چ ڕووی دەدا؟

باباخانی: هەموو لایەک دەازنین کە دۆخی ڕۆژهەڵات لەچاو باشوور و باکوور و ڕۆژئاوا چەندە کارەساتبارە، لە یەکەم ڕۆژی وەستانی قرمەی چەکی پێشمەرگە گوتاری ڕۆژهەڵات بوو بە پاشکۆی گوتاری باکوور و گوتاری باشوور، کە بە کردەوە دیتمان ئەم دوو گوتارە ناتوانن لەگەڵ بارودۆخی ڕۆژهەڵات خۆ بگونجێنن. من وەک خۆم سێ ساڵ لەوەپێش بە وتار و نووسراوە باسم لە “گوتاری حزوور” کردووە و ئەم دەستەواژەیەم هێناوەتە ناو گوتاری سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەنانەت ڕێک ئەم دەستەواژەیەم دەکارکردووە: “سووکەئاوڕێک بۆ سەر قەندیل”. چون لە ڕاستی‌دا زیاتر لە دوو دەیە چاوەڕوانی و دەستەوەستانی ئاکامەکەی هەنووکە بۆتە هیچ! جا سەیرەکە لەوەدایە هەندێ تاقم و لایەن دیسان چاوەڕێی ئەوەن بە هاتنی سەرکاری دۆناڵد تڕامپ کوردستان ڕزگاری بێ!!!

من پێموایە یەکگرتنەوەی مەنتقی لە سەر بنەمایەکی خەسارناسانەی ئەم دوو باڵە بە پێی قورسایی سیاسییان لە ناوخۆی وڵات و لە لای هێزە سیاسییەکانی تر، دواجار بەرەیەکی یەکگرتوو لەگەڵ حیزبەکانی تری ڕۆژهەڵات ساز دەکا و باری ڕەوانی ئەم یەکگرتنەوە دەبێتە شۆکێکی بەهێز بۆ کۆمەڵگای مەدەنی بۆ چالاکییەکی زیاتر و بەربڵاوتر، کە وا بوو ئێمە لامان وایە یەکگرتنەوە دەبێتە هۆی ساز بوونی گوتارێکی ڕۆژهەڵاتی کە دەتوانێ دواجار خەباتی شاخ و شار لێک گرێ بدا. ئێستا کە قسە هاتە سەر لێک‌گرێدانی خەباتی شاخ و شار ئیزن بفەرموو با ئەم ڕاستییەت لە لا بدرکێنم ئەم دەستەواژەیە بەرهەمی بیری ڕۆشنبیرانی ناوخۆ بوو لانیکەم چەند ساڵ لەوەپێش کە پێیان وابوو بۆ نوێژەنکرندەوەی گوتاری ڕۆژهەڵات ئەم کارە پێویستە و هەر وەک دەزانی یەکەم جار لە بەرگی ٦ی بیرەوەرییەکانی ڕەوانشاد کەریمی حیسامی (١٩٧٩)دا دەستەواژەی “خەباتی شاخ و شار” هاتووە. مامۆستا حیسامی باس لەوە دەکا کە لە خەرمانانی ١٩٧٩ کاتێ کە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بەهێزێکی زەبەلاح و چەکی قورسەوە لە دەروازەکانی شاری مەهاباد بوو بە تەمای گرتنی ئەو شارە، بەرپرسانی حیزبی دێموکرات لەگەڵ خەڵکی مەهاباد کۆدەبنەوە تا بڕیاڕێک سەبارەت بە دۆخەکە دەربکەن. بۆچوونەکان جیاواز دەبن بەڵام شەهید مامۆستا مەلا کەریم شاریکەندی دەڵێ: ” موبارزە شکڵی زۆرن، شەڕ تاقە شکڵی خەبات نییە. من لام باشە ڕێگاکان ئازاد بکەین. ئەگەر بوو بە شەڕ، با لە چیاکان شەڕ بکەین. حیزب [دێموکرات] تێلگڕافێک بۆ خومەینی بنێرێ و بڵێ بۆ حوسنی نییەت ڕێگا چۆڵ دەکەین با لەشکر بێتەوە پادگان. ئەگەر پاسدار و ئەرتەش دەسدرێژیان بۆ سەر خەڵک کرد ئەودەم شەڕ دەکەین با هێزی چەکداری پێشمەرگە بچنە چیا [شاخ] و ببنە پشتیوانی ئێمە لە شار. ئەو دەم ئەوانیش ناوێرن دەست لە شار بدەن.” هەرچەند ئەم باسە زۆر هەڵدەگرێ بەڵام بە کورتی بۆ وڵامی پرسیارەکەی جەنابت دەبێ بڵێم یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان هاوکێشە سیاسییەکان لە کوردستان دەگۆڕێ.

رۆژی کورد: تا ئێستا هەوڵێکی زۆر بۆ یەکگرتنەوە لە ئارادا بووە بەڵام سەری نەگرتووە، هۆکارەکانی ئەو یەکنەبوونەوە بە ڕای ئێوە چین؟

باباخانی: وەک لە زۆر شوێن باسم کردووە ئه‌م پرسیاره‌ شابه‌یتی غه‌زه‌لی باسه‌كه‌مانه! ئیزن بده‌ بۆ وڵامی ئه‌م پرسیاره‌ پشت به‌ هه‌ندێ باسی تیۆریك ببه‌ستین. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ هەندێ لە ئەندامانی سه‌ركردایه‌تی حیزبی دێموكرات تووشی جۆرێ ئۆستووره‌ی چوارچێوه‌یی بوون. پۆپێر ده‌ڵێ من ماوه‌ی په‌نجا ساڵه‌ لەگه‌ڵ ماركسیسته‌كان، فرۆیدیسته‌كان و… كه‌ خاوه‌نی “ئۆستوره‌ چوارچێوه”‌ن ناسیاویم هه‌یه، هیچ كام له‌وان سه‌باره‌ت به‌ ڕوانگه‌ی خۆیان له‌مه‌ڕ جیهان و دیارده‌كان هه‌رگیز تووشی شك و دڕدۆنگی نابن و هه‌ر چه‌شنه‌ ده‌لیلێكی به‌ دژی ئه‌م چوارچێوه‌ی پێوه‌ی گرێدراون وه‌ها شرۆڤه‌ و ته‌فسیر ده‌كه‌ن كه‌ لەگه‌ڵ چوارچێوه‌ی ئه‌وان هاوئاهه‌نگ بێ. پۆپێر پێداگری له‌ سه‌ر ئه‌مه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی له‌ ناو فه‌رهه‌نگه‌كان و سوننه‌ته‌كان و چوارچێوه‌ جۆراوجۆره‌كان‌دان ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ر بنه‌مای ڕاسپارده‌یه‌كی تایبه‌تی وه‌ك مێتۆدێكی تایبه‌ت حه‌ولی گفتوگۆ لەگه‌ڵ دیتران بده‌ن له‌ ڕه‌وتی دانوستانه‌كان‌دا تێده‌گه‌ن كه‌ لێك‌تێگه‌یشتنێكی ئه‌وتۆیان بۆ مسۆگه‌ر نابێ كه‌ وا بوو یه‌كه‌م گرفتی فكری بوونی ئه‌م ئۆستووره‌ چوارچێوەیە‌یه‌ كه‌ ده‌بێ لێی ده‌رباز بن.

پێم خۆشه‌ لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ ده‌سته‌واژه‌یه‌كی جین شاڕپ، ئیستراتێژیست و گه‌وره‌ بیردۆزی خه‌باتی بێ‌توندوتیژی بكه‌م واته‌ ئه‌تۆمیزاسیۆن. شاڕپ ده‌ڵێ ئه‌م خه‌ڵكانه‌ی كه‌ به‌ هۆی گوشاری ده‌سه‌ڵات توانایی هاریكارییه‌‌كی ئه‌وتۆیان نییه‌ بۆ مه‌به‌ستێكی هاوبه‌ش له‌ ڕاستی‌دا لەتوپه‌ت كراون ڕێك وه‌ك شكاندنی ماده‌ بۆ پاژه‌ پێكهێنه‌ره‌كان واته‌ ئه‌تۆم. ئێستا خوازیارانی یه‌كگرتنه‌وه‌ له‌ هه‌ر دوو باڵ‌دا یه‌كجار زۆرترن له‌وانه‌ی دژی یه‌كگرتنن بەڵام دەکرێ بڵێین ئه‌تۆمیزه‌ كراون، كه‌ وا بوو دووه‌م گرفت ئه‌م ئه‌تۆمیزاسیۆنه‌ی ناو هه‌ر دوو باڵه،‌ له‌ به‌ده‌نه‌وه‌ بگره‌ تا سه‌ركردایه‌تی، هەر بۆیە دەبێ هاوئاهەنگییەک لەناوخۆیان‌دا ساز دەن تا ببنە جەرەیانێکی شوێندانەر لە ناو باڵەکانی خۆیان‌دا و دواجار پەیوەندییەکی ئۆرگانیک لەگەڵ باڵەکەی تر.

كه‌واته‌ له‌ باری فكرییه‌وه‌ بوونی ئه‌م دوو خاڵه‌ی ئاماژه‌م پێكرد بەداخەوە هه‌نگاوه‌كانی به‌ره‌وه‌ یه‌كگرتنه‌وه‌یان شل كردووه‌ بۆیه‌ بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م گرفته‌ نه‌زه‌رییانه‌ به‌ باوه‌ڕی من بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كگرتنه‌وەکە‌ به‌ مه‌ره‌دی یه‌كگرتنه‌وه‌كانی پێشوو نه‌چێ ده‌بێ ئیزنی ڕه‌خنه‌گرتن ته‌نانه‌ت ده‌ڕبڕینی ڕای دژواریش هه‌بێ – به‌ مانای دژایه‌تی لەگه‌ڵ یه‌كگرتنه‌وه‌ – با بزانین ئه‌م ڕوانینه‌ چی پێیه‌ بۆ كوتن! کە وا بوو لە‌ هه‌ر سێ قۆناغی به‌ر له‌ یه‌كگرتنه‌وه‌، كاتی دانوستانه‌كان و لەمانه‌ش گرینگتر و چاره‌نووسسازتر قۆناغی پاش یه‌كگرتنه‌وه‌، ده‌بێ هه‌ر هه‌موو كه‌س بتوانێ لە کەشوهەوایەکی دێموکراتیک‌دا قسان بكا تا ئه‌م مژاره‌ به‌ ته‌واوی خه‌سارناسی و تاوتوێ بكرێ.

هه‌رچه‌ند سیگناله‌كان هه‌ندێ جار له‌ كزی ده‌ده‌ن به‌ڵام به‌ گشتی ئه‌م ئیراده‌یه‌ بەهێزه‌ (چون ویستی خەڵکە) و دیاره‌ نكۆڵی له‌وه‌ ناكه‌م له‌ ناو بەدەنە و تەنانەت لە ئاستی ڕێبەرایەتی‌دا هه‌ن كه‌سانێك كه‌ به‌ دژی ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ن کە زۆرم بە لاوە ئاسایی‌یە. دیاره‌ تێبینی هه‌ندێ كه‌س له‌ سه‌ربنه‌مای نیگه‌رانی دواڕۆژ له‌ جێی خۆی‌دایه‌ كه‌ ده‌ڵێن نابێ به‌ پێی ئه‌زموونه‌ تاله‌كانی ڕابردوو، یه‌كگرتنه‌وه‌یه‌كی ڕووكه‌شیانه‌ و ڕواله‌تی بێ و ده‌بێ به‌ وردبینییه‌وه‌ و له‌ سه‌ر بنه‌مای خه‌سارناسی ڕابردوو بێ، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ر به‌ لێكترازانێكی تر بگیرێ ئه‌مه‌ ڕوانینێكی دروسته‌، بەڵام ئه‌م تاقمه‌ سنوورداره‌ی تر ده‌زانن كه‌ له‌ حیزبێكی یه‌كگرتوودا جێگایه‌كی ئه‌وتۆ بۆ ئه‌وان نییه، ئه‌وان ژانی كورسی گرتوونی! بەڵام هەوەک پێشتر باسم کرد پرسی یەکگرتنەوە بۆتە بایخێکی سیاسی کۆمەڵایەتی، کەس ناتوانێ بە دژی بوەستێ، بەڵام ئەوە بەم مانا نایە کە کەس ڕەخنەی نەبێ و نەوێرێ دەنگ هەڵبڕێ، ڕێک بە پێچەوانە دەبێ خەسارەکان بە باشی دەسنیشان کرێن، گرفتەکان تاوتوێ کرێن تا چی تر شاهیدی لێکترازانێکی تر نەبین.

له‌ په‌یوه‌ندی لەگه‌ڵ پرسی یه‌كگرتنه‌وه‌ی دوو باڵی حیزبی دێموكرات‌دا، پرسه‌كه‌ زۆر زۆر هه‌ستیارتره‌… كۆمه‌ڵێ گرفتی لەمێژینه‌ و چه‌ند ساڵه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌ داخه‌وه‌ تێكه‌ڵ به‌ ڕق و قین و بوغزێكی شاراوه‌ و نه‌شاراوه‌ و لە هەمان کاتیش‌دا تاکەکەسی بووه، هه‌ر بۆیه‌ ئاسایی‌یه‌ كه‌ له‌ هه‌ندێ كات‌دا ئه‌م گه‌رموگوڕییه‌ له‌ كزی بدا، به‌ڵام ده‌بینی له‌ كاتێكی تردا، به‌ هۆی زرووفێكی زه‌مانییه‌وه‌ یان بۆنەیەکی تایبەتییەوە تێیهه‌ڵدێنییه‌وه‌.

ڕۆژی کورد: دەور و ڕۆڵی دنیای مەجازی و سوسیال میدیا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

باباخانی: به‌هەرحاڵ نابێ ئه‌مه‌ له‌ بیر بكه‌ین كه‌ دنیای مه‌جازیش، به‌شێكه‌ له‌ ژیانی واقێعی و ئاسایی هه‌موومان، مه‌گه‌ جگه‌ له‌وه‌یه‌ كه‌ جه‌نابت و من له‌ چوارچێوه‌ی دنیایه‌كی مه‌جازی‌دا (وه‌ك كه‌ره‌سه‌یه‌ك) بە یەکەوە ده‌دوێین و له‌ هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌مری واقێعین. كه‌ وا بوو ئه‌م باسوخواسانه‌ی له‌ دنیای مه‌جازی‌دا دێنه‌ گۆڕێ هه‌ڵقوڵاوی واقعییه‌ته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی خۆمانن، ته‌نانه‌ت من به‌ ئه‌رێنی وه‌سفی ده‌كه‌م – هەرچەند ڕه‌نگه‌ هه‌ندێ جاریش بەداخەوە، بەتایبەتی ئەم دوایی‌یانە سنووری ئه‌خلاقییاتیان بەزاندووە – ئەز‌موونه‌ كاره‌ساتباره‌كانی ڕابردوو چ کاتی لێدابڕانەکانی حیزبی دێموکرات، چ شەڕی براكوژی ئاگر و خوێنی ڕشتنی تێدابوو، ئێمە لەو قۆناغە ڕزگار بووین، دواتر پێك‌هه‌ڵپڕژانی فیزیكیمان بە چەکی سارد بینی، لەم قۆناغیش قوتار بووین… ئێستا لەم دنیای مەجازی و فەیسبووکەدا بە زمانی تانەوتەشەر بەرەوڕووی یەکتر بووینەوە… باش تۆ وەباڵم بۆ ناکێشی کە لەوسایەڕا هاتووینە ئەو پایەیە کارێکی گەورەیە؟ من دڵنیام ئەم قۆناغەش تێپەڕ دەکەین و دەگەینە قۆناغی دیالۆگ هەرچەند ناهومێدییەک باڵی بەسەر ئەم فەزایەدا کێشاوە بەتایبەتی لە دوای دەست لە کارکێشانەوەی بەڕێز کاک خالید عەزیزی کە بەپێچەوانەی قسە و قسەڵۆکەکان، زیاترین حەولی سادقانەی دا بۆ یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان.

ره‌نگه‌ جه‌نابیشت له‌ من ئاگادارتر بی ڕاده‌ی ئه‌م كه‌سانه‌ش كه‌ له‌م دنیا مه‌جازییەدا ئاقاری باسه‌كه‌ به‌ره‌و فه‌زایه‌كی پڕ له‌ ڕ‌ق و ده‌مارگرژی ده‌به‌ن زۆر کەمن، هۆكاره‌كه‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ته‌عبیره‌ ئه‌رەستوویی‌یه‌كه‌ی كه‌ ده‌ڵێ: توندوتیژی و ده‌مارگرژی به‌رهه‌می نه‌زانی و قه‌بووڵ نه‌كردنی “ئه‌و‌ی تر”ه‌ . له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ به‌ش به‌ حاڵی خۆم پێموایه‌ هه‌ندێ له‌م قسه‌ و قسه‌ڵۆكانه‌ به‌رهه‌می زیاتر له‌ ٣٠ ساڵ كێشه‌ و ڕكابه‌رایه‌تی شه‌خسی نێوان چه‌ند كه‌سێكه‌ كه‌ ته‌شه‌نه‌ ده‌كاته‌ نێو لایەنگره‌ ده‌مارگرژه‌كانیان كه‌ وه‌ك ده‌روێشی جەزم‌بوو زیكری شێخه‌كانیان ده‌كەن… قه‌ی ناكا با ئه‌م ڕق و بوغز و قین هه‌ڵڕێژرێ… ئێستا جه‌نگه‌یه‌تی… به‌ گشتی پێموایه‌ ئه‌مه‌ شه‌پۆلێكی تیژتێپه‌ڕو هەیەجانییە كه‌ جێمان دێڵێ و ئه‌م تاقمه‌ زۆر له‌وه‌ سنووردارترن كه‌ به‌ سازكردنی ئاڵۆزی و په‌شێوی له‌م دنیا مه‌جازییەدا بتوانن ده‌ورێكی نه‌رێنی له‌ سه‌ر کۆی پڕۆسه‌ی یه‌كگرتنه‌وه‌ دابنێن، کەشوهەوای زاڵ بەسەر ئەم تاقمە سنووردارەدا عەقڵانییەتێکی گاڵتەجاڕییە کە لە ئاست‌نزمی سیاسی موتوربە کراوە. بۆیە لە درێژخایەن‌دا دەکەونە پەراوێزەوە و ناتوانن ببنە لەمپەر.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت