ئەگەری هێرشی تورکیە بۆ سەر باکووری سووریە و پشتیوانی پێشوەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە ئەردۆغان

0
1029

ڕۆژی کورد :
لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمییدا کۆشکی سپی باس لە پێوەندی تەلەفوونی ترامپ و ڕەجەب تەییب ئەردۆغان دەکات و دەڵێت : دەوڵەتی تورکیە بە زوویی دەست دەکات بە هێرشەکانی بۆ سەر باکووری سووریە کە ماوەیەکی زۆرە بەرنامە و پلانی بۆ داڕشتووە. کۆشکی سپی جەختی لە سەر ئەوە کردووە کە هێزە چەکدارەکانی ئامریکا تێکەڵ بە هێرشەکانی سۆپای ئەردۆغان بۆ سەر باکووری سووریە نابن و ئامریکا بە تەمای ئەوەیە هێزەکانی خۆی لەو شەڕەدا بکشێنێتەوە.

لە ڕاگەیەنداروێکی فەرمیی کۆمیتەی پاڵپشتی و یەکگرتوویی بۆ عەفرین کە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٦ی ئۆکتۆبر لە پاریس بڵاو کراوەتەوە، ئەو کۆمیتە ڕایانگەیاندووە کە بەراییەکانی هێرشێکی سەربازی نوێی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر باکووری سووریە بە ئەنجام گەیشتووە و دوابەدوای چالاکییەکانی هێزەکانی لقی زەیتوون ئێستا هێزێکی نوێ بە ناوی “سەرچاوەی ئاشتی” بە ڕێبەرایەتی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیە و وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە، خۆلووسی ئاکار ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٥ی ئۆکتۆبر ڕایانگەیاندووە کە چالاکییەکی سەربازی نوێ لە باکووری سووریە بەڕێوەدەبەن بۆ لەناوبردنی و پاکتاوکردنی هێزە “تێرۆریستەکانی کورد” لە ڕۆژئاوای کوردستان!!
ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، هاوکات لە ڕەوتی هێرش بۆ سەر عەفرین لە ساڵی ڕابردوودا، ئەم داگیرکارییە سەربازییە نوێی بەشەکانی سەربەخۆی وڵاتی سووریەی بە بیانووی نیگەرانی سەبارەت بە ڕەوشی ئەمنی و ئاسایش بۆ ناوچەکە و دابینکردنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیە ناودێر کرد. ناوبراو لە سەر ئەو بڕوایە بوو کە هێزە هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی داخوازەکانی ئەویان بۆ دەستپێڕاگەیشتنی سەربازی بۆ سەر ناوچەیەکی ئەمن لە ڕۆژئاوا لە باکووری وڵاتی سووریە کە بە تێکڕای هێزەکانی ئامریکایی بڕیاریان لە سەردابوو وەدینەهێناوە و یارمەتی ناوبراویان نەکردووە. ئامانجی سەرەکی دیکتاتۆری تورکیە لە ناوبردن و بنەبڕکردنی کوردەکان لە باکووری سووریە و جێگرکردنی جەماوەرێکی زۆری تورک و عەرەب بۆ ئەو ناوچە کوردنشینانەیە کە بە پێی وتەی ناوبراو لە ئێستادا زیاتر لە یەک ملوێن کەس پەنابەری عەرەب لە تورکیەدا دەژین. دڵەڕاوکێی سەرەکی ئەردۆغان لە گەشەسەندنی سنوورەکانی باشووری دەوڵەتی سەربەخۆ، دێموکراتیک و سێکۆلار بە ڕێبەرایەتی هێزە کوردییەکانە. ئارمانجی ناوبراو کە لانیکەم ٦ ساڵە ئاواتی لە مێژینەیەتی کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی کوردەکان لەو ناوچەیە بۆ هەمیشەیە.
ڕەجەب تەییب ئەردۆغان لە وتەکانی خۆیدا باسی ئەوەی کردووە کە لەوانەیە لە چەن ڕۆژی داهاتوودا هێرشێکی بەربڵاوی زەمینی و هەوایی بکاتە سەر ئەو ناوچانە کە ئەبێتە هۆی شەڕێکی نەخوازراو وەکوو شەڕی عەفرین و دەبێتە هۆی خۆێن ڕشتن و کوژرانی سەدان هەزار کورد، عەرەب و ئاشووری لەو ناوچەدا و جەماوەرێکی زۆر ناچار بەوە بکرێن کە زێد و شوێنی خۆیان بە جێبهێڵن و هێزەکانی تورکیە ئەو ناوچە کوردنشیانە بخەن بەر دەسڕێژ و بەتاڵانبردن و کاولکردنی ئەو ناوچەیە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی کۆشکی سپی دا هاتووە کە دەوڵەتی ئامریکا پێشتر داوای لە وڵاتانی فەرانسە، ئاڵمان و دەوڵەتانی دیکەی ئەوروپایی کردبوو بۆ وەرگرتنەوەی دیلەکانی داعش بەڵام ئەو وڵاتانە دیلە شارۆمەندکانی خۆیان وەرنەگرتبووە و ئەو داواکارییەی ئامریکایان وەپشت گوێ خستبوو. لە ئێستادا دەوڵەتی تورکیە بەرپرسیارەتی جەرخ و تێچووی بژیوی سەرجەم ئەو شەڕکەرانەی داعیشی وەئەستۆ گرتووە کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو دا لە ئاکامی شکەستی خەلافەتی داعیش بە زەبری و توانای ویلایەتە یەکگرتووەکان و هێزە هاوپەیمانەکان و پشتیوانی پێشمەرگە وەکوو دیل گیراون. هەر بۆیە دەوڵەتی ئامریکا پشتیوانی پێشوەختی خۆی بۆ هێرشەکانی نوێی تورکیە بۆ سەر ئەو ناوچانە دوربڕیووە هەرچەن ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە تێچووی ئەو هێرشانە وەئەستۆی خۆی ناگرێت و ئامادە نیە هێزەکانی خۆی لەو شەڕ و هێرشانەدا بەشدار بکات.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.