ئەنوەر عەباسی: با واز لە فارسی نووسین بهێنین و خزمەتی زمانی خۆمان بکەین

0
201

زنجیرە وتووێژ (6)

زمان سەرەکیترین توخمی فەرهەنگ و کەلتووری هەر نەتەوەیەک و ناسنامەکەیەتی، توخمێکی ئەوتۆ کە لەناوچوونی، لە ناوچوون و توانەوەی نەتەوەکەیە، هەر بۆیەش ئەو کەس و نەتەوانەی کە ویستبێتیان، نەتەوەیەکیتر بتوێننەوە، سەرەکیترین و زیاترین هەوڵیان، تواندنەوەی زمانی ئەو نەتەوەیە بووە. گەلی کوردیش یەکێکە لەو نەتەوانەی کە زمانەکەی بە بەردەوامی کەوتۆتە بەر لێشاوی شاڵاوی دڕندانە و هۆڤانەی دوژمنان و داگیرکەرانی بەڵام بە خۆشییەوە هەوڵی کورد بۆ پاراستنی زمانەکەی نەگۆڕ و نەپچڕاوە.

زمان جیا لەوەی کە مافی سرووشتی و خواپێداوی هەر نەتەوەیەکە، لە هەمان کاتێشدا کاریگەری لەسەر ڕامان و هزر هەیە و پچڕانی پێوەندی لە نێوان زمان و هزر، گەورەترین خەساری نەبووبی پەروەردەیە بە زمانی زگماکی کە پسپۆڕانی ئەو بوارە و لە ناویاندا ڤیگۆتسکی، بە تەسەلی کاریگەرییە نەرێنییەکانیان شیکردۆتەوە.

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی و هەروەها ئاوڕدانەوە لە گرنگی پەروەردەبوون بە زمانی زگماکی، زنجیرە وتووێژێک لەگەڵ چەند کارناس و پسپۆرێکی بواری زمانی کوردی ئەنجام دراوە و لە بەشێکی دیکەی ئەو زەنجیرە وتووێژەدا کاک  ئەنوەر(هەرەس) عەباسی، نووسەر و شاعیر وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.

 سازدانی: هاشم عەلی وەیسی

پرسیار: زمان فەکتەری سەرەکیی جیاوازیی نێوان مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی سەرگۆی زەوییە کە دەتوانێت هەموو ئایدیا و خەونەکانی پێ تۆمار بکات و بە هۆیەوە لە پێوەندییەکی بەردەوامی خۆی لە سەرەتای بوونییەوە تا ئێستا گەلێک گۆڕانکاری و وەرچەرخانی مەزن لەناو مرۆڤایەتی لە پانتا جیاوازەکانی پێناسەی زمان هاتووەتە گۆڕێ، ئێوە وەکوو کەسێکی چالاک لە بواری زمانی کوردی لە ساڵڕۆژی زمانی دایکی چۆن دەڕوانن زمان و پێناسەی ئەم چەمکە لە خوێندنەوەی ئێوە چۆنە؟

بەڵێ زمان بە دڵنییاییەوە یەکێک لە سەرەکیترین فاکتەرەکانی پێناسەی گەلانی جیاواز لەسەر گۆی زەوییە. نازانم ئەم قسەیە هی کێیە کە دەڵێ: زمان نزیکترین جیرانی مێشکە. لەو سۆنگەیەوە گرنگی زمان لە ژیانی مرۆڤدا زۆر باشتر دەرئەکەوێ. زمان سەرەکیترین ئامرازی دەربڕینی هزر و بیرکردنەوە و ساز کردنی پێوەندی نێوان مرۆڤەکانە و بە دڵنییاییەوە ئەگەر مرۆڤ توانیویەتی ژیانی کۆمەڵایەتی پێکبهێنێت لە سایەی سەری زمانەوە بووە.

زمان واتە پەیوەندی. مرۆڤ بە زمانەوە خۆی پێناسە دەکات و پاشان بنەماڵەکەی و پاشان کۆمەڵگاکەی و پاشان وڵاتەکەی بۆ خۆی پێناسە دەکات و بە پێی ئەم پێناسەیە قایل بە خۆم و ئەویتر دەبێت. خۆم و ئەویترێک کە لە بچووکترین ئەندامی کۆمەڵگای جیهانییەوە دەست پێدەکات واتە لە ”من”ەوە. زمان جگە لە گشتییەتی خۆی وەکوو زمان، خاوەن زۆر ئێلێمانی دیکەشە کە توانای ”بەکەسی کردنی”شی تێدایە. بەو روانگەیەوە تەنانەت ئەتوانین بڵێین کە هەر تاکێکی مرۆڤ زمانی تایبەتی خۆی هەیە. واتە من و تۆ و ئەویترێک کە هەموومان کورد یان فارس یان عەرەب و هتد زمانین لە نێو ئەم هاوزمانییەدا کۆمەڵێک ئێلێمانی شەخسی هەیە کە زمانی من لە زمانی براکەم جودا دەکاتەوە. وەکوو شێوازی دەربڕینی وشەکان، چۆنییەتی دەربڕینی پیتەکان، بەکارهێنانی سترێسەکان لە شوێنی جیاوازدا. لە راستیدا ئەمەوێ بڵێم کە کاتێک کە ئێمە دەنگی کەسێک دەبیستن لە راستیدا بە پاڵس و ئەو ئێلێمانە زمانییانەدا دەنگی واتە زمانی ئەو دەناسینەوە. بەو شێوەیە گرنگی زمان لە پێناسەی مرۆڤ وەکوو تاک بە روونی بۆمان دەرئەکەوێ. لە قۆناغی کەمێک گشتیتردا بن زاراوەکان دێن کە پێناسەی گوندێک یان شارێک لە بەرانبەر گوند یان شارێکی دیکەدا دیاری دەکەن و کەسایەتی پێدەبەخشن و لە قۆناغی گەورەتردا زاراوە سەرەکییەکانی یەک زمان دێنە ئاراوە کە لە راستیدا من لەسەر ئەو باوەڕەم کە زاراوەکانی یەک زمان رەهەندەکانی یەک زمانن. ئەمانە لە هەمان کاتدا کە پێناسەی شوێن و مرۆڤەکانن پێناسەی زمانیش هەن و هاوکات پێناسەی خۆشییان لە زمان وەردەگرن و ئەم پێوەندییە ئەوەندە تەعامولییە کە ئەستەمە کە بە بێ یەکتری بتوانن کەسایەتییەکی ساخ لە خۆیان پیشان بدەن. زمان هەموو ئەمانەیە و بێگوومان هەموو ئەمانەش لە سۆنگەی شوناس بەخشینەوە زمانن.

پرسیار: هەروەک دەزانن بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی گەلێک لە زمانەکان لەبەر دەسەڵاتی سەرەڕۆ و زەبرووزەنگ و روانینی نامرۆڤانەی نەتەوەیەک بۆ نەتەوەیەکی دیکە، یان لەناو چوون و یان رێگە و دەرەتانێکی وایان بۆ گەشە و پێشکەوتنی خۆیان نەبووە، ئێوە وەکوو کەسێکی رۆژهەڵاتی کە هێشتا دەسەڵاتی داگیرکەر و سەرەڕۆی کۆماری ئیسلامی رێگە لە خوێندن و پەروەردە بەم زمانە و زمانەکانی نەتەوەکانی دیکەی ئێرانیش گرتووە چۆن دەڕواننە ئەم بابەتە؟

ئەم بابەتە ئەبێ لە روانگە و بیرۆکەی کۆنی ”دەسەڵات”دا بۆی بگەڕێین. لە دنیای ئێمەدا لانیکەم هەتا ئەمڕۆ یەک راستی هەبووە و ئەویش لۆژیکی ماکیاولیستی سیاسەت و دەوڵەتدارییە. بە داخەوە من ئەمڕۆکە دەبینم کە لەملاوئەولا دەوترێ کە دەوڵەتی کوردی شتێکی ناپێویستە و ئێمە دەتوانین بە بێ بوونی دەوڵەتیش زمان و فەرهەنگ و هەموو شتێکی خۆمان بپارێزین. بە پێچەوانەی ئەوەی کە ئێستاکە ئەوترێ: ئێمە لە سەردەمێکی هەستیاری مێژووییداین. من پێموایە کە کورد لەو رۆژەوە کە دەسەڵاتی خۆی لەسەر خۆی لە دەستدا کەوتە سەردەمی هەستیار و مەترسیداری مێژووی خۆیەوە و هەتا ئەمڕۆش درێژەی هەیە. دەوڵەت نەتەوەکان بەردەوام لە خوێنی گەلی ئێمە کە هەمان زمان و فەرهەنگمان بێت خۆیان قەڵەو کردووە و هەرچی قەڵەوتر بوون جێگایەکی زیاترییان ویستووە و لەبەر ئەوەی کە نەیانتوانیوە جێگا بە دەوڵەت نەتەوەکانی دیکە تەنگ بکەن، ئێمەی نەتەوەی بێ دەوڵەتییان بەردەوام بچووکتر کردووەتەوە. ئێوە سەیر بکەن سنوورەکانی کوردستان یان لانیکەم ئەو شوێنانەی کە هەتا هەزار ساڵ لەمەوپێش مێژوونووسان بە کوردستانییان دەزانی ئێستا ئیتر یەک کوردی لێ ناژی مەگەر ئەوەی کە زمانەکەی و پێناسەکەی خۆی گۆڕی بێت. ئێمە بچووک کراوینەتەوە و سەرەکیترین رێگا بۆ بچووک کردنەوەمان هێرش کردنە سەر زمانمان بووە. بە هەر شێوەیەک کە بیری لێبکەنەوە زمانی ئێمە هێرشی کراوەتە سەر. هەموو ئەمانە لە کاتێکدایە کە ئێمە لە خەوی مێژوویی خۆمان هەڵنەستاوین. ئێستا کە من لەگەڵ ئێوەدا قسە دەکەم شارەکانی ناوەندی کوردستان – ئیتر باسی سنوورەکان ناکەم – خەریکن لە زمان و پێناسەی کوردی دەشۆرێنەوە. بۆیە دەگەڕێمەوە سەر بابەتی سیاسەتی ریالیستی لە دنیای واقعدا. لە راستیدا بە پێی لۆژیکی سیاسەتی باوی دنیا دەوڵەتان خۆیان بە خاوەن ماف دەزانن کە بۆ یەکدەست کردنی وڵاتێک کە لە ژێر دەستیان دایە پێش هەموو شتێک زمان بە ئامانج بگرن. ئەگەر سەیری بکەن لە دوو دەوڵەتی تورکیا و سووریادا ئەم مەبەستە بە تەواوی روونە. یەکێکییان خۆی بە وڵاتی تورک زمان پێناسە دەکات و ئەویترییان بە وڵاتی عەرەب زمان خۆی دەناسێنێ و هەردووکیشییان هەموو هەوڵییان ئەوە بووە کە ئەم پێناسەیە وەها گشتگیر و موقەدەس بکەن کە هەر شتێک جگە لەوە خۆ بە خۆ تەکفیر کرابێ. نمونەی کاریگەریی ئەم بیرۆکە لە نێو خەڵکی ئەو وڵاتانەدا دەتوانی ببینی کە تەنانەت بە بیستنی زمانێکی جگە لە زمانەکەی خۆیان هەستیاری پیشان دەدەن و تەنانەت بڕواش ناکەن کە کەسێک لەو وڵاتەدا زمانێکی دیکەی هەبێ. لە ئێراندا هەمان سیاسەت بە شێوەیەکی جیاواز و باشترە بڵێم مەلایانە پەیرەو کراوە. لە سەردەمی رەزاشا و کوڕەکەشیدا هەوڵ درا کە سیاسەتەکانی تورکیا پەیڕەو بکەن و کردیشییان. دوای ئەوان لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا سیاسەت هەمان شت بوو بەڵام هەوڵ درا نەرمتر و لە ماوەی کاتییەکی زیاتردا ئەو کارە بکەن و هاوکات لە جیاوازی زمانی نەتەوەکانی نێو ئێران کەڵک وەرگرن. واتە هەر کاتێک کە پێویست بوو تورک و کورد و فارسی بە گژی یەکتردا دەدا و هەر کاتێک کە پێویست بوایە بە ناوی ئێرانی مەزن هەموویانی دەهێنایە ژێر یەک ئاڵا. هاوکات کە زمان و فەرهەنگی میلەتانی وڵات داگیر کراو دەمژێ و خۆی پێ قەڵەو دەکات، ئەوان رۆژ لە دوای رۆژ لاواز و کزتر دەبن. لە زمانی ئەوان کەڵکی وەرگرت کە زمانەکەی خۆی بە هێزتر بکات، لە موسیقای ئەوان کەڵکی وەرگرت کە موسیقاکەی خۆی دەوڵەمەندتر بکات… جل و سەرچاوە سروشتییەکان و فەرهەنگ و شارستانییەت و هتد. دیسانەوە ئەبێ پێمان سەیر بێت کە کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان چۆن هەتا ئێستا ماوە.

پرسیار: پێتان وایە لە ئاوا بارودۆخێک بە تایبەتی ئەرکی ئەو کەسانەی لە ناوخۆن و لەگەڵ جەماوەری خەڵک لە پێوەندی دان چی و چۆن دەبێت بەرانبەر بە سەرەکیترین شوناس و ناسنامەی نەتەوەیی و مرۆییمان؟

سەیرکەن، ئێمە بە درێژایی مێژوو چەند سەردەمێکی زۆر دەگمەن نەبێت قەت نەمانتوانیوە بەو رۆشنبیرییە جەماوەرە بگەین کە ئێمە خاوەن وڵاتێکی داگیر کراوین. ئەمە بەڕای من ئەرکی حزبە سیاسییەکانە کە واز لە دەستەواژەگەلی سیاسی بهێنن و لەگەڵ گەلی خۆیاندا بێ پەردە ئەو باسە بهێننە ئاراوە. لە راستیدا گەلی کوردستان لە هەر چوار بەشی سەرەکی کوردستان هەتا ئێستاش نازانێ حزبەکانی ئێمە چییان دەوێ. چالاکانی مەدەنی و رۆشنبیرانیش لەو باسە بەدەر نین. بەڕای من ئەبێ هەوڵ بدرێ هەروا کە دەوڵەتی داگیرکەر وای کرد کە ئێمە زمانەکەی خۆمان لە پێش چاو بکەوێ و ئابەم رۆژە رەشە بگات کە زیاتر لە نەوەد لە سەدی خەڵکی کورد ناتوانن دو دێڕ بە زمانی دایکی خۆیان بنووسن و بخوێننەوە، ئێمە دەبێ لانیکەم پلانێکمان هەبێ بۆ تێکشکاندنی ئەو کەرەستەیەی کە ئاوای لە ئێمە کردووە. ئێمە ئەگەر ئەمڕۆ بە هەزار و یەک هۆکار ناتوانین وڵاتەکەی خۆمان لە دەوڵەتانی داگیرکەر پاک بکەینەوە با لانیکەم بەرەنگاری ئەو کەرەستە بینەوە کە هەمان زمانەکەیانە. با واز لە فارسی نووسین بهێنین. بە روونی رووی قسەکانم لە رۆشنبیر و نووسەران و چالاکانی ئەدەبی و فەرهەنگی و سیاسی کۆمەڵگای کوردستانە. تەنانەت ئەگەر بە زمانی فارسیش دەنووسن ئەبێ لە ئاراستەی بەرەنگاری لەگەڵ ئەو زمانەدا بنووسن. ئەگەر بە زمانی فارسی قسە دەکەن ئەبێ پێش هەموو شتێک بڵێن کە خۆیان بە شەرمەزار دەزانن کە بە زمانی داگیرکەر قسە دەکەن. رۆشنبیر و نووسەر و چالاکی ئێمە ئەبێ دەست لەو لوتبەرزییە ئەحمەقانەیەی خۆی هەڵگرێت. کەسێک کە هەموو شتێکی لە بن دەستی داگیرکەر دایە چۆن دەتوانێ کەرامەتی هەبێ چ بگا بەوەی کە لوتبەرز بێت. بەڵێ ئەبێ پێش هەموو شتێک شەرمەزار بێت کە بە زمانی فارسی چالاکی دەکات. تەنانەت ئەگەر مەبەستی لەو چالاکییە ئەوە بێت کە گەلی بەرانبەر لە ئازار و ژانی خۆی تێبگەیەنێت. ئاوایە کە بنەمای شەرمەزار کردن و پاشان تێکشکاندنی ئەو کەرەستەیە کە زمان و فەرهەنگی ئێمەی پێدەچەوسێتەوە دائەڕێژرێ و خەڵکیش کە دیتی کەسانی دیاری نێو کۆمەڵگاکەی شانازی بە زمانی داگیرکەر ناکەن و تەنانەت تەئکید لەسەر ئەوە دەکەن کە ئەو زمانە هۆی شەرمەزارییانە، خۆی بە شەرمەزار دەبینێ. کاتێک کە ئێمە بتوانین ئەو شەرمەزارییە گشتگیر بکەین توانیومانە گەلەکەمان راچڵەکێنین و لە خەوی مێژوویی هەڵیستێنین.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌