ئەنجوومەنی ئەدەبی مەهاباد لە لووتکەوە بەرەو هەڵدێر

0
184

لەو ساڵانەی دواییدا هەندێک بنکەی فەرهەنگی و ئەدەبی شارەکانی کوردستان لە جیاتی سەرقاڵ بوون بە چالاکی ئەدەبی و خزمەت بە کورد لە بواری ئەدەبی و هونەری، بوون بە ئامرازێک بە دەستی کۆماری ئیسلامییەوە.

ئەنجوومەنی ئەدەبی مهاباد یەکێک لەو ئەنجوومەنانە بووە کە ساڵانێکی زۆر کەسانێکی نووسەر و شاعیری لەو شارە بەرهەم هێناوە و مەکۆیەک بووە بۆ شاعیران و نووسەرانی مهاباد و تەنانەت شارەکانی تر.

لوتکەی کارەکانی ئەنجوومەنی ئەدەبی مهاباد بە گوێرەی چالاکییەکانی و هەروەها ئاستی بەشداری تا ساڵەکانی ١٣٨٣ دەڕوات و لە دوای ئەو ساڵە بۆ ماوەی نزیک بە دوو ساڵ دادەخرێ و دوای کرانەوەی تا ئێستا هەر لە لووتکە دوور و بەرەو هەڵدێر ڕۆیشتووە.

ئەوڕۆ پێنج شەممە رێکەوتی ١٥ی ڕێبەندان، ئەنجوومەنی ئەدەبی بۆ جارێکی تر یادی سەرکەوتنی دەیەی فەجری کۆماری ئیسلامی ئێرانی جەژن گرت.

ئەو جەژنە کە بە گوێرەی ڕاپۆرتێک کە بۆ “ڕۆژی کورد” هاتووە لە بەشی فولکلۆر و حەیران و شانۆگەری پێکهاتبوو، بە بۆنەی سەرکەوتنی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٣٥٨دا گیرابوو.

بەرپرسانی ئێستای ئەنجوومەنی ئەدەبی مهاباد کە بە ناوی بەرز ڕاگرتنی فلکلۆر و ڕەسەنایەتی کوردی، جەژنێکیان بۆ ئەو ڕێ و ڕەسمەی کۆماری ئیسلامی کۆ کردبۆوە، بەشێکی بەرچاو لە حەیران بێژانیان کۆکردبۆوە و لە جەژنێکی پڕ تێچوودا ڕۆژیان بەسەر برد.

بەشی بەرچاو و ناپەیوەندیداری ئەو ڕێ و ڕەسمە بە ئەنجوومەنی ئەدەبییەوە، شانۆگەری و هەڵپەڕکێی ئەو ڕێ و ڕەسمە بوو.

لە کۆتایی ئەو ڕێ و ڕەسمەدا یاعقووب خزری وەک پێکهێنەری ئەو ڕێ و ڕەسمە بۆ تەلەڤیزیۆنی مهاباد دوا و ئەنجامدانی ئەو ڕێ و ڕەسمە و ڕێ وڕەسمی هاوشێوەی بە ئەرکی ئەنجوومەن و کارێکی پیرۆز لە قەڵەم دا.

هەرمان وتمانی و یاقووب خزری، دوو کەس لە پێکهێنەرانی ئەو ڕێوڕسم و جەژنەن بە بۆنەی دەیەی فەجر و پێشتریش بۆنەی هاوشێوەیان ئەنجام داوە.

لەو بارەوە “شاهۆ حوسێنی”، چالاکی ئەدەبی و سیاسی نیشتەجێی ئاڵمان کە پێشتر لە ساڵەکانی ١٣٧٩ تا ١٣٨٣ بەرپرسی ئەنجوومەنی ئەدەبی مهاباد بووە بۆ ڕۆژی کورد دوا.

شاهۆ حوسێنی لە وڵامی ئەو پرسیارەی ڕۆژی کورددا کە “ئایا ئەنجام دانی ئەو جۆرە ڕێوڕەسمانە چەند لەگەڵ ئەرکی ئەنجوومەنە ئەدەبییەکاندا تەبان؟” گوتی: ئەنجوومەنی ئەدەبی خاوەن شووناسێکی کلتوورێیە و وەک پێکهاتەیەکی کلتووری، ئەرک و کارکردی هەوڵ بۆ پەرە پێدانی ئەدەبی کوردییە، دیارە بە هۆی گشت گیری و سیاسی کردنی کۆمەڵگا بە گشتی لەلایەن دەسەڵاتەوە، ئەدەب و کلتووریش تێکەڵاوی لەگەڵ سیاسەت پەیدا کردوە، بەڵام ئەو تێکەڵاوێیە ئەگەر لە خزمەت بەرژەوەندی کۆمەڵگا و نەتەوەدا نەبێ، خەساری گەورەی لێ دەکەوێتەوە. من وەک خۆم پێموایە درووست وایە کە ئەنجوومەنی ئەدەبێ  وریای هەڵسووکەتەکانی خۆی بێ، دەسەڵاتێکی پاوانخواز و دیکتاتۆر کە هەوڵ دەدا کەلکی ئامرزای  لەو جۆرە پێکهاتانە وەرگرێ، ئامانجیشی تێوەگلاندنی ئەو جۆرە پێکهاتانەیە لە خزمەت بەرژەوەندێکانی ناوخۆیی و دەرەکی خۆیدا.

حوسێنی هەروەها لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە “ئەنجام دانی ئەو جۆرە ڕێ و ڕەسمانە چەند لەگەڵ ئەرکی ئەنجوومەنە ئەدەبییەکاندا تەبان؟”، گوتی: دەسەڵات بەدرێژایی ساڵانی پێشوو هەوڵی داوە کەسایەتێ ئەدەبێ هەڵکەوتەکان لە ئەنجوومەن دوورکاتەوە و کەسانی کەم ئەزموون وەک بەرپرس بە سەر کۆمەڵگادا بسەپێنێ و لە هەمان کاتیش دا لە کارکردەکانی خۆی دوور بکاتەوە، دیارە ئەم ڕەوتەش زۆر جار بۆتە هۆی قوربانی بوونی بەرژەوەندی گشتی و کۆمەڵگا لە پێناو ناو و بەرژەوەندی تاکەکاندا.

mhabad4

mhabad3

mhabad2

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

وەڵامێک بنووسە