ئەمەگناسی ئامریکا به‌رانبه‌ر ئێران بە هۆی ئازادی نزار زاکا

0
553

رۆژی كورد :
دەوڵەتی ئامریکا بە هۆی ئازادکردنی نزار زاکا شارۆمەندی ئەمریکایی بە ڕەچەڵەک لۆبنانی ئەمەگداری خۆی به‌رانبه‌ر ڕژیمی ئێران دەربڕی. وتەبێژی کۆشکی سپی هاوکات خوازیاری ئازادکردنی هەموو بەندکراوەکانی ئامریکای لە ئێران کرد. نزار زاکا دوای بە جێهێشتنی ئێران دەسبەرسەرکرانی خۆی بە مرۆڤ ڕفاندن ناودێر کرد.

کۆشکی سپی دوابەدوای ئازادکردنی نزار زاکا شارۆمەندی بە ڕەچەڵەک لۆبنانی نیشتەجێی ئامریکا، سپاسی ڕژیمی ئێرانی کرد، بەڵام لە هەمان کاتدا خوازیاری ئازادکردنی هەموو بەندکراوەکانی شارۆمەندی ئامریکای کرد لەم وڵاتە. سارا سەندێرز وتەبێژی کۆشکی سپی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١١ی حوزەیران لە کاردانەوەی ئازادی نزار زاکا لە ئێران و گەڕانەوەی ناوبراو بۆ شوێنی لە دایک بوونی خۆی لۆبنان، لە بەرانبەر هەواڵنێران سپاس و ئەمەگناسی وڵاتەکەی دەربڕی بەرانبەر ڕژیمی ئێران لە هەمبەر ئازادی ناوبراو.
وتەبێژی کۆشکی سپی هاوکات ئاماژەی پێدا بابەتی بنەڕەتی ئەوەیە کە کەسانێکی زۆری دیکە لە ئێران بەندکراون و ئێمە هاوکات خوازیاری ئازادی ئەو کەسانەین. سارا سەندێرز لە بابەتی ئەوەی کە وتووێژەکانی دەوڵەتی ئامریکا بۆ ئازادی نزار زاکا چە دەورێکی بینیوە هیچی باس نەکرد.
وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکا لە تۆی بڵاوکراوەیەک لە هەمبەر ئازادی نزار زاکا باسی لە دەسبەسەرکردنی نایاسایی ناوبراو کرد. لەم بڵاوکراوە دا دەوڵەتی ئامریکا هیواداری خۆی دەربڕیووە لەوەی ئازادکردنی نزار زاکا ئامانجێکی ئەرێنی بێت بۆ ئازادکردنی زنیدانیەکانی دیکەی ئامریکا لە وڵاتی ئێران.
نزار زاکا ڕۆژی سێشەممە ١١ی حوزەیران دوای تێپەڕکردنی سزای ٤ ساڵ بەندکران لە ئێران ئازاد کرا و دەسبەجێ هاوڕێ لە گەڵ بەرپرسی ئیدارەی ئاسایشی گشتی لۆبنان تارانی بەرەو بەیرووتی پێتەختی لۆبنان بە جێهێشت. ئەم شارۆمەندە بە ڕەچەڵەک لۆبنانیە دوای گەیشتنی بۆ شاری بەیرووت ڕاستەوخۆ لە فڕۆکەخانە بەرەو کۆشکی سەرۆک کۆماری لۆبنان وەڕێکەوت و لە گەڵ میشێل عۆن سەرۆک کۆماری وڵاتەکەی چاوپێکەوتنی کرد.
بە پێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ئاسۆشۆیتێدپرێس نزار زاکا لە کورتەی وتەکانی لە بەرانبەر هەواڵنێران دەسبەسەرکرانی خۆی لە ئێران بە سەرەڕۆیی و مرۆڤ ڕفاندن ناوبرد و لێپرسینەوەی خۆی بە دادگایی کردنێکی شانۆیی زانی.
نزار زاکا شارۆمەندی لۆبنانی نیشتەجێی ئامریکا و چالاکی بواری ئینتەرنێتی چوار ساڵ پێش ئێستا لە سەر بانگهێشتی فەرمیی دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسێک بەرەو ئێران سەفەری کردبوو. لە کۆتایی هاوینی ساڵی ١٣٩٤ هەتاوی بە تاوانی ئەوەی بەرپرسانی دادوەری ئێران بە هاوکاری لە گەڵ دەوڵەتی دژبەری ئامریکا ناوی دەبات، دەسبەسەر کرا و سزای ١٠ ساڵ بەندکران و بڕی ٤.٥ ملوێن دۆلاری جەزای نەختی مەحکووم کرا. حەوتووی ڕابردوو ماجید دەمشقیە پارێزەری نزار زاکا لە بەیرووت بە هەواڵنێری ئاسۆشۆیتێدپرێسی ڕاگەیاند کە بڕیارە بریکارەکەی دوای هەوڵ و تێکۆشانی زۆر لە لایەن میشێل عۆن سەرۆک کۆمار و سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانی لۆبنان ئازاد بکرێت.
وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بە دەیان جار دەسبەرسەرکرانی بێ هۆ و سەرەڕۆی شارۆمەندانی ئامریکا و وڵاتانی دیکە، و لەوانەش ئێرانیە دوو ڕەگەزییەکان لە لایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە مەحکووم کردووە و خوازیاری ئازادکردنی دەسبەجێ و بێ مەرجی ئەوانە بووە.
ئازادی نزار زاکا لە کاتێک دا ڕوویداوە کە وتەبێژی دەزگای دادوەری ڕژیمی ئێران بانگەشەی ئەوەی کردووە ئازادی ناوبراو مەرجدار بووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.