ئەمریکا و ڕووسیە و بریتانیا سەرەتا بیانکە ئامانج، ئەوجا دەبنە دۆست و هاوپەیمانت!

0
810
محەممەد سلێمانی

وڵاتە زلهێزەکانی جیهان و لە نێویشیاندا ئەمریکا و ڕووسیە و بریتانیا بەدرێژایی مێژوو لایەنگری سەرکووت و ستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتانەیان کردوە کە زیاتر لە نەتەوەیی باڵادەست لە وڵاتدا بوونیان هەیە، وەك نموونە تەنیا ئاماژە بە چوار وڵاتی داگیرکەری کوردستان بەسە بۆ سەلماندنی ڕاستیەکان. وەك دەبینن لە ئێران و سووریە و تورکیە و عێراقدا زیاتر لە نەتەوەیەك دەژین و تەنیا نەتەوی باڵادەست و دەسەڵاتدار هێزی ئیداری و سیاسی و سەربازی و ئابووری لە ژێردەست دایە و ئەو توانا و هێزەش، سەرەتا بۆ گەلانی ژێر دەستەی وڵاتەکەیان بەکار دێنن.

گەلی کورد کە ژمارەی دانیشتووانی لەسەرویی ٤٠ میلیۆن دەبێت، هەتا ئێستاخاوەنی کیانی سیاسی و سەربەخۆی نیە! بۆچی زۆر ڕوونە، ئەو هێزە گەورە و زەبەلاحانەی گێتی زیاتر لە ١٠٠ ساڵە هاوبەشی دەکەن لە ژێر دەستەی و نەبوونی گیانێك بۆ گەلی کورد لە ئاستی ناوچەکەدا. وڵاتانێکی وەك ڕووسیە و ئەمریکا و بریتانیا هەرگیز بەدۆستایەتی و هاوکاری و چاکە و پیاوەتی بۆ کورد نایەنە سەرخەت. سەرەتا دەبێت ئامانجەکانیان بە نیشانە بگری و دژایەتی بەرژەوەندیەکانیان بکەیت، ئەو کات ئاوڕی خێرت لێدەدەنەوە و پاڵەپشتیت لێدەکەن، چوونکی لە عێراقدا موقدەداسەدر ڕێبەری دیاری شیعەکان بۆ ماوەیەکی دڕێژ سەربازی ئەمریکای کردەئامانج و دژایەتی کردن. دیتمان ئەمریکا دواجار ڕێزی بۆدانان. ئۆردۆغان بە بڕیارێك فرۆکەیەکی شەرکەری ڕووسیەی خستەخوار و تەرمی فڕۆکەوانەکانیشیان شێواند. دواجار دەبینین ڕووسیە بە لایەنگری لە تورکیە، خەیانەتی لە کورد کرد و مێژووی خەیانەتی دیسان دووبارەکردەوە، هەر وەك لە کۆماری کوردستانیشی کرد.

هەر بۆیە ڕێبەرانی سیاسی و بیرمەندان و توێژەرانی سیاسی و نێونەتەوەیی لازمە لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەی بابەتیانەی باروودۆخی هەنووکەی لەسەر ئەساسی بەرژەوەندیەکانی نەتەوەیی کورد بکەن. ئەمریکا و ڕووسیە دەبێت وەك  دوژمنی سەرەکی گەلی کورد بناسرێن  و بە دوو وڵاتی بەهێز و  گەورە و فیتنە گێڕی گێتی لە قەڵەم بدرێن و کورد، لازمە دژایەتی ئامانج و بەرژەوەندیەکانیان بکات، ئەگەر بێت و  سیاسەتی خۆیان لە هەمبەر کورددا نەگۆڕن و بەردەوام خەیانەتمان لێبکەن و بۆ لەباربردنی ئەزموونە سیاسی و سەرکەوتنەکانمان.

ئەو وڵاتانە ئەوەی کورد بە خوێن و تێکۆشان بەدەستی دێنێت و پاشەکشە بەداگیرکەرانی کوردستان دەکا، زلهێزەکان دێنە نێو ڕووداوەکان و بە خەیانەت و  بێوەفایی نواندن، بەردەوام  بەداگیرکەرانمان دەفرۆشن لە پێناوی هێندێك دەسکەوتی پچووکی سیاسی و ئابووری و سەربازی خۆیاندا.

گەلی کورد ئەگەر بە گشتی خۆێ ڕێکبخات و دووربکەوێتەوە لە دژایەتیکردنی یەکدی، هیچ هێزێك ناتوانێت بە چۆکیدا بێنیت و لەوەی زیاتر ستەمی سیاسی و نەتەوەیی لێبکات. بەداخەوە کوردی ئەوتۆ هەیە بۆ بارەقەڵا و خۆشیرنکردن تاوانی ڕووداوەکانی عەفرین و هێرشی سپای تورکیە دەخاتە گردنی پەکە کە و،  پێیوایە هۆکارەکەی ئەوانن. باشە دوژمنانی کورد دەڵێن ئەگەر کورد ڕیفراندۆمی ئەنجامنەدابا، ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەریش نەدەتاتنە پێش و کورد نزیك بە نیوەی خاکەکەی لە دەست نەدەدا! هەر لە ئێوە دەپرسم، خۆ کوردەکانی ڕۆژئاوا و لە نێویاندا عەفرین ڕیفراندۆمی سەربەخۆیان ئەنجامنەداوە، کەچی  دەوڵەتی تورکیە پەلاماری دوان و بە ناو دۆستەکانیشیان خۆیانکڕکردوە، بۆچی! بەدڵنیایەوە تەنیا لەبەر ئەوەی کوردن و چاویان بەسەرکەوتن و گەشەکردن و ئاشتی و ئارامی گەلی کورد هەڵنایەت نایەت!  ئێمەی کورد بە دڕێژایی مێژووی سەرهەڵدانەکانمان، خۆمان لە گەڵ هەژاری بیرکردنەوەیەدا ڕاهێناوە و بەجارێك قوڕمان بۆ سەری خۆمان گرتۆتەوە و بەردەوام خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی لە دیدی داگیرکەرانەوە تەماشا دەکەین و لێکدانەوە و خوێندنەوەی لەبارەوە ئەنجامدەدەین و هەرخۆمان بە هۆکاری کێشە و قەیرانەکان دەزانین و تاوانباران لە کردەوە  و ستەمکاریەکانیان بێبەری  دەکەین.

بە ڕووداوی عەفرین دەرکەوت، کورد دۆست و هاوپەیمانی درێژخایەنی نیە و ئەوانەشی پشتگیری دەکەن، لە پێناوی بە هێز بوون و پەرەپێدان بە دەسەڵات و نفۆزی خۆیاندا ڕۆڵەکانی گەلی کورد بەکار دێنن، کاتێك داعش وەك مەترسیەکی گەورە سەری هەڵدا لە سەر ئاستی ناوچە و گێتیدا، هەموو لایەك ئامادەیان دەربڕی هاوکاری و یارمەتی هێزەکانی سووریەی دێمۆکرات بکەن، بەڵام ئێستا لە ئاستی هێرش و پەلاماری تورکیەدا خۆیان لە خەت لاداوە و شەرعیەتی ئەو شەڕەش بە حکوومەتی ئانکارا دەدەن.

ارێکی تر ڕووی ڕاستە قینەی ئەمریکا و ڕووسیە دەرکەوت کە بە درێژایی مێژوو لەپشتەوە خەنجەریان لە کوردداوە و هەتا ئەمرۆش بە دۆست  و هاوپەیمانی خۆیان سەیردەکەین. هەر دوێنی بوو ئەمریکا بە ڕۆژی ڕووناك خەیانەتی لە کوردی باشوورکرد و ڕێگایی بە هێزە عێراقیەکاندا هێرش  بکەنە سەر ” کەرکوك”  و لە ژێر دەستی کورد دەربهێنرێت لە پێناوی مانەوەی عەبادی و ڕازیکردنی نەیارەکانی لە ناوچەکەدا. ئەمرۆش دەبینین ڕووسیە هەر وەك چۆن  کۆماری کوردستانی بە بەرمیل نەوتێك بە قەوام و سەڵتەنە، کە سەردەمی شای دیکتاتۆر وەزیری دەرەوەبوو، فرۆشت و پشتیکردە کۆماری کوردستان و حکوومەتی دێمۆکراتیکی ئازەربایجان و، دەستی سپاسی ئێرانی گرت هاتە ئەو دوو حکوومەت برۆخێنیت و خاکەکەیان داگیر بکاتەوە.

کاتێکێش ئەوەیان کرد کە مەترسیەکانی ئاڵمان لێیان دوور کەوتەوە و شەری دووهەمی جیهانی بەرەوکۆتایی چووبوو. ئەمرۆش ڕووسەکان بۆ پاروەنانێكی چەورتر عەفرینیان بە تورکیە فرۆشت و بۆ جارێکیتر خەیانەتیان لە گەلی کورد کردەوە. هەر بۆیە کورد دەبێت لە ئێستادا ئەوەبزانێت کە ئەمریکا و ڕووسیە  وەك دوو وڵاتی گەورە و بەدەسەڵات،  بوونتە سەر چاوەی فیتنە و ئاژاوەگێڕی و ناسەقامگیری ناوچەیی و، بەدوای قازانج و بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا دەگەڕێن و لە بەرانبەر قەتڵووحامی خەڵکی بێتاوانی کوردی دانیشتووی عەفرین پێشی سپای زەبەلاحی تورکیەیان  واڵاکردوە، بە ئازادی و بەبەر چاوی کۆمەڵگای جیهانیەوە ستەم وزوڵم لە گەلی کورد بکرێت و شار و گوندەکانی لە زەوی و ئاسمان ڕا بردوومان بکرێت و مناڵ و پیر و لاوی کوردستان لە خوێندا شەڵاڵ بکەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.