ئەردەڵان فەرەجی: کرانەوەی کەشی ئێران لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ ڕاکێشانی خەڵکە بۆ دەنگدان

0
146

بڕیار وایە لە حەوتی ڕەشەممەی ئەمساڵدا هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگان لە ئێران بەڕێوە بچێ، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ڕاگەیەندنەکاندا هەموو هەوڵێک دەدەن خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان ڕابکێشن و سیمایەکی دیموکراتیک بە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ ببەخشن، بەشی زۆری حیزب و لایەنە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کردووە و داوایان لە خەڵک کردووە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا نەکەن. رۆژی کورد بە پێویستی زانینی لە تەوەرێک دا پرسی بەشداریکردن و بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا لەگەڵ نووسەر و رووناکبیران و هونەرمەندانی خۆرهەڵات بخاتە بەر باس.

ئەو وتوێژەی ئێستا لەگەڵ بەریز، ئەردەڵان فەرەجی،  چاوەدێر و چالاکی سیاسی کوردستانی خۆرهەڵات ئەنجام دراوە.

ڕۆژی کورد: هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارلمان و خیبره‌گانی ئێران له‌ چ به‌ستێن و هه‌لومه‌رجێكی سیاسی دا به‌ڕێوه‌ ده‌چێ؟ فەرەجی: بە دوای هاتنە سەرکاری دەوڵەتی یازدەهەم و میانەڕۆکان، بناژۆخوازەکان لە مەجلیس بەردەوام لە بەرەی نەیارانی دەوڵەت بوون و بەردەوام ڕەخنەیان لە بەرەی ئەولا گرتووەو هەر ئەوەش بوەتە هۆی ئەوەی کە هەڵبژاردنی ئەمجارە گرنگییەکی بەرچاوی هەبێت. ناوەندی بڕیاڕە سیاسییەکانی ئێران کە خامنەیی و بەیتەکەی بێت (بەیتی ڕەهبەری)، بەدوای تەشەنە کردنی مەترسی چالاکییە ناوکییەکان لە ئاستی نێودوڵەتی، بە ڕێخۆش کردن بۆ هێنانە سەرکاری حەسەنی ڕووحانی بۆ سەرۆکی دەزگای جێبەجێ کار کە بانگەشەی ئیعتیدال و نێوەندگری میانەڕەوی دەکرد، مایەی ناڕەزایەتی جیناح و باڵی بنەچەخواز و ئوسولگەرای پێکهێنا. بەدوای “بەرجام” و ڕێکەوتنە ناوکییەکەی ئێران و زلهێزەکانی جیهان ناکۆکییەکی زۆر دەربارەی پەسند بوونی ئەو ڕێکەوتننامەیە لە مەجلیس و ناوەندە سیاسییەکانی ئێران هاتە ئاراوە. بە چاوخشاندنێکی خێرا بە سەر ئەزموونی ناکۆکی و ململانێ سیاسییەکانی ناوخۆی باڵەکانی کۆماری ئیسلامی جگە لە خولی دووهەمی سەرۆک کۆماری خاتەمی و مەجلیسی شەشەمی بە تەواوی لەگەڵی بوو، باقی خولەکانی مەجلیس و سەرۆکایەتی کۆمار بۆ هاوتەراز کردنی هێز، مەجلیس لە دەستی باڵێک و سەرۆک کۆماری و سەرۆک دەزگای دادوەری بە دەست باڵیکی دیکەوە بووە. لە خولی پێشووەوە و تا ئێستا و هەر بە نەریتی کۆنی ئەم دەزگایە، دەزگای دادوەری لە دەست باڵی توندڕەو و کەسایەتییە بنەچەخوازاەکاندا بووە، هەروەک ئەوەی ئێستا کە لە دەستی یەکێک لە برایانی لاریجانی و وەفادارانی ویلایەتی فەقێ و شەخسی خامنەییدایە. پاش ئەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری لە ئووسولگەران سەندرایەوە و مەجلیسی یەکپارچە و یەکدەستی نۆیەمیش بەدوای تەشە کردنی ناکۆکییەکانی نێوان ئەحمەدی نەژاد و برایانی لاریجانی مەجلیسی شەقی بەست و بوو بە دوو کەرتەوە. ئوسوولگەرا و بنەچەخوازان خۆیان بە زەرەرمەندی یەکەم لە هاوکێشە سیاسییەکان دەزانی، بۆیە خۆلی دەیەمی هەڵبژاردنەکانی مەجلیس بە قۆناغێکی هەستیار و تاقیکردنەوەیەکی چارەنووس سازی خۆیانی دەزانن و هەر بۆیەش لە هەوڵی جیددیدان بۆ خۆ ڕێکخستەنەوە و بەدەستەوە گرتنی مەجلیس. لایەن و باڵە سیاسییەکان لە ئێران ئەگەرچی خاوەن پێناسەیەکی دیار نین، بەڵام ناکرێ لە لێکۆڵینەوە و لێکدانەوە سیاسییەکان لەبەرچاو نەگیرێن. لە هەڵبژاردنەکان و کەشی سیاسی ئێران ڕەوت و باڵ و لایەنە سیاسییەکان ڕۆلی پڕاوپڕی خۆیان ناگێڕن، بەڵام ئاراستەکان دیاری دەکەن. لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی مەجلیسیشدا جیناح و باڵە سیاسییەکانیش هەوڵ دەدەن کۆنترۆڵی سیاسی دۆخەکە بگرنە دەست، بەڵام لە کۆتاییدا ئەمە کەسایەتییەکان و تواناکانییانە بۆ ڕازی کردنی ڕیبەری و ناوەندەکانی دەسەڵات بۆ بە دەستەوە گرتنی پۆستەکان دیاری دەکات.

ڕۆژی کورد: سیاسه‌تی باڵه‌ جۆربه‌جۆره‌كانی ڕژیم له‌و پێوه‌ندییه‌ دا چۆنه‌ ؟

فەرەجی: لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی مەجلیسی شوورای ئیسلامیدا کێبەرکێ و ڕکابەرایەتی لە نێوان دوو باڵ و جیناحی بناژۆخوازان (ئۆسوولگەرا) و ریفۆرمیستەکان واتە ئیسڵاحخوازەکاندایە. بە دوای ڕووداوەکانی ساڵی ٨٨ و مەمنووعییەتی چالاکی حیزبی موشارکەت وەک گەورەترین حیزبی ئیسڵاحخوازان و پەراوێز کەوتنیان لە خولی دووەمی لە سەرکار بوونی ئەحمەدی نژاد، پاش هاتنە سەرکاری ڕووحانی و تەنانەت وەرگرتنی جێگریی پەرلمانی دەوڵەتی بووژاونەتەوە و هیواخوازن بۆ چوونەوە ناو بازنەی دەسەڵاتدارانی نیزامی کۆماری ئیسلامی. بناژۆخوازان (ئۆسوولگەراکان) بناژۆخوازان ناتوانن بەرامبەر بە هەڵبژاردنەکانی مەجلیس خەمسارد بن. چونکا لە مەجلیسی نۆیەم خاوەنی زۆرینەن، ئەگەرچی زۆرینەیەکی پتەو نییە، بەڵام بەهارستان (مەجلیس) بە ناوی ئەوانەوەیە. لە لایەکی دیکەوە شکستی ئۆسوولگەراکان لە بەدەستەوە گرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری دەرسیان وەرگرتووە و لە هەوڵدان دۆخ و پێگەی خۆیان پتەو بکەن. بەڵام ئەم باڵەش لە ناخۆدا بە چەند گرووپ و باڵی دیکە دابەش دەبن کە هەر کامەیان ئامانج و مەبەستی تایبەتی خۆیان دەپێکن کە بریتین لە: ١ ڕەهپویان و جەمعییەتی ئیسارگەران، ٢ جبهەی پایداری ٣ ڕێڕەوانی ویلایەت و سوونەتییەکان لە هەوڵی پاراستنی مەجلیس و زۆرینە بوونیانن لە مەجیلیس دەیەمدا. ئیسڵاحخوازان (ڕیفۆرمیستەکان) هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری خولی یازدەهەم وای کردی هێز و ڕەوتە سیاسییەکان لە هێڵەک بدرێن ەوە. ئیسڵاحخوازان گیانێکی تازەیان وەبەر هاتەوە و هیوا لە دڵیاندا بووژایەوە. ئەوان بەدوای خاتەمی و شکستە یەک لە داوای یەکەکانیان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری و مەجلیس هیوابڕاو بوون کە جارێکی دیکەی دۆست و هاوحیزبییەکانی خۆیان لە پاستۆر (شوێنی نیشتەجێ بوونی سەرۆک کۆمار) ببینەوە. هەر بۆیە کەوتەنە خۆ بۆ بەدەستەوە گرتنی مەجلیس. بۆ ئەو مەبەستە ستراتێژی دادەڕیژن و تیم پێک دێنن.

 دەست نیشان کردنی گرووپ و ڕەوتی زۆر لە بەرەی ئیسلاحخوازان کارێکی ئاسان نییە بەڵام بە گشتی سێ ڕەوت و حیزبن لەوانە: هەروەها باڵی ئیسڵاحخوازان کە بریتین لە: ١- موشارکەتییەکان (حیزبی موشارکەت پاش ڕووداوەکانی ١٣٨٨ی هەتاوی هەڵوەشایەوە، بەڵام کەسایەتییە ناسراوەکانی ئەو حیزبە هەروا لە هەوڵ دان تا ناسنامەی نیوە و نیوەچڵی خۆیان ببووژێنەوە. ٢- مەجمەعی ڕووحانیونی موبارز کە دەکرێ بە گرنیگترین ڕێکخراو و تەشەکولی سیاسی باڵی ئیسلاحخوازان ناوزەد بکەین. ٣ – کارگوزاران (ئەم ڕەوت کە دەکرێ بە بەهێزترین باڵی ناوخۆی دەوڵەت ناوبنرێن کە لە هەوڵدان بۆ بەدەستەوە گرتنی مەجلیس، محەمەدی شەریعەتمەداری، ئیسحاق جەهانگیری، عەلی ئەکبەر تورکان و …. لە زومرەی کەسایەتییە ناسراوەکانی ئەم ڕەوتەن.) ٤- سازمانی موجاهیدینی ئینقلابی ئیسلام (ئەم گرووەپە کە دەکرێت بە بڕیارسازترین گرووپ لە ناو ڕەوتەکانی سەر بە بەرەی ئیسلاحخوازان پێناسە بکرێن لە ئێستادا چالاکی سیاسییان نییە و لە قۆناغی بێ دەنگی و بێ جووڵەییدان.) لە کۆتاییشدا باڵی دەوڵەت یان ئیعتدالگەراکان. لە ئێران هەموو کات دەوڵەتەکان تێکۆشاون کە مەجلیس لەگەڵ خۆیان بخەن یان هیچ نەبێ کۆتلەیەکی بەهێزی مەجلیس لەگەڵ خۆیان بخەن. ئەم دەوڵەتەی ئێستاش بێبەری لەو نەریتە نییە. محەمەدی شەریعەتمەداریش (جێگری بەڕێوەبەرایەتی سەرۆک کۆمار) ئەم حەزە نهێنییە نەشاردەوە و بە ئاشکرا باسی لەوە کرد. دەوڵەت پێویستی بە مەجلیس هەیە تا بەرنامەکانی خۆی بەرەوپێش بەرێت و لە لایەکی دیکەوە لایەنە سیاسییەکانی دیکە لەوەی کە دەوڵەت لە هەوڵدایە بۆ لەگەڵ خۆخستنی مەجلیس ناڕازین و دژی ئەو هەوڵە چالاکییەکانیان چڕتر دەکەنەوە. بەڵام بە گشتی سیاسەتی هەموو باڵ و لایەنەکان و بەو لێدوانە جیاواز و هەندێک جار دژ بە یەکەکانیان کرانەوەیەکی ڕێژەیی کەشی سیاسی زۆرتر وەک “جنگ زرگری” و بازاڕگەرمی دەچێت بۆ ئەوەی بتوانن زۆرترین خەڵک بۆ لای سندووقەکانی دەنگدان ڕابکێشن وەک ئەوەی کە خامنەیی دەڵێت خوازیاری موشارکەتی حەدی ئەکسەرین. ئەگەرچی نابێت چاو بپۆشین لە هەندێک جیاوازی بۆچوون و ناکۆکی جیددی دوو باڵی سەرەکی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی. بەو مانایەی کە باڵەکانی ناو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای هەر ناکۆکی و جیاوازییەک لە بۆچوونەکانیان بۆ حوکمڕانی خوازیاری چوونە سەر سندووقەکانی خەڵکن.

ڕۆژی کورد:  ئایا به‌ ڕای ئێوه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئێران دا هه‌لومه‌رج بۆ كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ فه‌زای هه‌ڵبژاردن ده‌خوڵقێ؟

 فەرەجی:  بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی پرۆسەی بەناو هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێمە شاهیدی جۆرێک کرانەوەی سیاسی و هاتنە ئارای باس و خواسی سیاسی هەیین کە ئەمەش بەشێک لە بەرنامە و پلانەکانی دەسەڵاتە بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان و بەئەکتەر گرتنی خەڵک لەو شانۆگەرییەدا. بەڵام لە ئاستێکی هەرچەند نزم و تەسکدا کەشێکی سیاسی لە ماوەی پرۆسەی بەناو هەڵبژاردن (کە کورت دەکرێتەوە بۆ ڕۆژی خۆناونووس کردنی خوازیارانی پاڵێوراوی تا ڕۆژی هەڵبژاردن و ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان) دێتە ئاراوە. حیزب و لایەنە سیاسییە ئۆپۆزیسیۆنە کوردی و ئێرانییەکان ڕەنگە ئەمە باشترین کات بێت بۆ چالاکیی ڕاگەیاندن و وشیارگەری. لە کاتێکدا کە بەشداری سیاسی خەڵک لە کۆمەڵگای ئێران کورت و بەرتەسک دەکرێتەوە بۆ رۆژانی هەڵبژاردن کە تێیدا بارستاییەکی بەرچاو لە زانیاری سیاسی لەناو کۆمەڵگادا ئاڵوگوڕ دەکرێت، لایەنە سیاسییەکان دەتوانن لەو هەلە کەڵک وەر بگرن و بتوانن ئەجێندای سیاسی خۆیان بێننە گۆڕێ و بیدەن بە گوێی خەڵک دا. ئەمە جیا لەوەیە دەکرێت کەڵک وەربگیرێت لەو نەبوونی ئینسیجامی توکمەی باڵەکانی رژیم (نموونە: هەڵبژاردنەکانی خولی دەیەمی سەرۆک کۆماری ساڵی ١٣٨٨) و هەر کەس بەرەو لای خۆی ڕای دەکێشێ بۆ ئەوەی بتوانێت پشکێکی زۆرتر لە کەیکی دەسەڵات بپچڕێ_ و دەبێت بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادە بن.

ڕۆژی کورد: تاكتیكی بایكۆتی چالاك واته‌ ته‌حریمی فه‌عال چۆن ده‌توانرێ سازمان بدرێ و رێكخستنی بۆ بكرێ؟ فەرەجی: هەر وەک لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا ئاماژەم پێکرد، لە وەها کەش و هەوایەکدا کە جۆر کرانەوەیەک بۆ هاتنە ئارای باس و خواستی سیاسی دێتە ئاراوە، چالاکانی سیاسی بە حیزب و لایەن و ڕەوت و تەنانەت کەسایەتییە سیاسییە سەربەخۆکانیشەوە دەتوانن خوازیاری مافە دیمۆکراتیکەکانی خۆیان بن، بۆ وێنە کۆماری ئیسلامی یەکێک لە واژۆکارانی ڕاگەیەنراوی ئەنجوومەنە پەرلەمانییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە کە تێیدا بە ڕوونی و ئاشکرا باسی ئەرک و ڕاسپاردەکانی پەرلەمان و حیزبە دەسەڵاتدارەکان دەکات بۆ بەڕێوە بردنی هەڵبژاردنێکی ئازاد و داد پەروەرانە. لەو ڕاگەیەنراوەدا لە کە ٢٦ی مارسی ١٩٩٤ لە لە کۆبوونەوەی ١٥٤ی ئەنجوومەنە پەرلەمانییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تێکڕای دەنگ پەسند کراوە لە ١١ بەند و چەندین تێبینی و خاڵ مەرجەکانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانەی دیاری کردووە. چالاکانی سیاسی دەتوانن بە هێنانە گۆڕێی بەند و تێبینییەکانی ئەو ڕاگەیانراوە خوازیاری هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە بن، خوازیاری هەڵگرتنی نزارەتی ئیستسوابی شواری نیگابان بە سەر هەڵبژاردنەکان بن و بە بڕوای من ئەمە باشترین شێوەی بایکۆتی چالاکە

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت