ئێعدامی شێخ نه‌مر كاردانه‌وه‌ی وڵاتانی شیعه‌ی لێكه‌وته‌وه‌

0
65

پاش ئه‌وه‌ی عه‌ڕه‌بستانی سه‌عوودی ڕۆژی شه‌ممه‌ ٢ی ژانویه‌ی ٢٠١٦ ڕایگه‌یاند كه‌ ٤٧ تیرۆریستی له‌ سێداره‌ داوه‌ و یه‌ك له‌ تیرۆریسته‌ ئێعدامكراوه‌كانی شێخ نه‌مر ئه‌لنه‌مر واته‌ یه‌كێك له‌ ڕێبه‌رانی گه‌وره‌ی شیعه‌ ڕاگه‌یاند ، له‌ ئێران و له‌ لایه‌ن ده‌ست و پێوه‌ندییه‌كانیه‌وه‌ له‌ به‌شێك له‌ شاره‌كانی ئێران وه‌ك مه‌شهه‌د و تاران هێرش كرایه‌ سه‌ر باڵوێزخانه‌ و كۆنسوولگه‌ریی عه‌ڕه‌بستانی سه‌عوودی له‌و وڵاته‌ و له‌ نوێترین زانیاری دا سفاڕه‌تی عه‌ڕه‌بستانی سه‌عوودی له‌ تاران له‌ لایه‌ن ناڕازیانی ئێرانیه‌وه‌ سووتێندرا و ئەحمەد خاتەمی ئەندامی مه‌جلیسی خوبره‌گانی ڕێبه‌ری لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوە کردووە” ئەو کارەی عه‌ڕه‌بستان تاوانێکی ئاشکرایە و خوێنی ئەلنەمر دەبێتە هۆی سڕینەوەی بنەماڵەی ئالی سعوود لە مێژوودا”.
هه‌روه‌ها ، حەوزەی علمیەیی ئێران داخستنی هەموو حەوزە علمییەکانی لە ئێران راگەیاند و بڕیاریشە رۆژی یەکشەممە 3-1-2016 لە فەیزییەی قوم، خۆپیشاندان بکرێ.
هاوكات عەلائەدین بروجردی بەرپرسی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند:”بەبێ هیچ دوودڵییەک کوشتنی نەمر باقر نەمر لەلایەن سعودیەوە تاوانێکی گەورەیە و بەرپرسانی سعودیە باجێکی قورسی لەسەر دەدەن”.
له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ كارداری عه‌ڕه‌بستانی سه‌عوودی له‌ تاران بانگهێشتی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران كراوه‌ .
هه‌روه‌ها وەزارەتی دەرەوەی عه‌ڕه‌بستانی سه‌عوودی جگە لە بانگردنی باڵیۆزی ئێران لە ریاز و پێدانی نامەیەكی ناڕەزایەتی، لەهەمان كاتدا بەرپرسیارێتی سلامەتی باڵیۆزخانەی لە تاران و كونسوڵخانەكەی لە مەشهەد خستووەتە ئەستۆی كۆماری ئیسلامیی ئێران.

هه‌روه‌ها له‌ ئاستی ناوچه‌یی دا حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی لەسێدارەدانی ئەلنەمر رایدەگەیێنێ، مێژوو سەلماندوویەتی زوڵم و ستەم و رێگەکانی سەرکوتکردن، هەر چەندە درێژخایەن بن، تاسەر بەردەوام نابن.
حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی لەسێدارەدانی شێخ نەمر باقر ئەلنەمر- كەسایەتی ئایینی شیعەکانی سعودیەی كرد و رایگەیاند “بەداخ و پەژارە و سەدمەیەکی تووندەوە، هەواڵی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی شێخ نەمر ئەلنمر-مان لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعودیەوە پێگەیشت”

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ رێبەری رەوتی سەدر، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ لەسێدارەدانی شێخ نەمر باقر ئەلنەمر، داوای خۆپیشاندانی “تووڕەیی” دەکات و داواش لە حکومەتی عێراق دەکات رێگری لە کردنەوەی باڵیۆزخانەی سعودیە لە بەغدا بکا
رێبەری رەوتی سەدر، رووی لە رێکخراو نێودەوڵەتییە ئیسلامییەکان و کۆمکاری عەرەبی كرد و گوتی “سەرکۆنەی ئەو کارە ناشرینە بکەن و سنوورێکی بۆ دابنێن، لەسەر رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیشە دەستەوەستان نەوەستن لەبەرامبەر ئەو ستەمەی دژ بە کەمینەکان و ستەمکاران دەکرێت”.
هاوكات شیعەكانی عێراق داوای داخستنی باڵیۆزخانەی سعودیە لە بەغدا دەكەن هه‌وه‌ها
حوسییە شیعە مەزهەبەکانی یەمەنیش کە ئێستا لە شەڕدان دژ بە سعودیە و لایەنگرانی حکومەتی یەمەن، لە راگەیێندراوێکدا ئیدانەی لەسێدارەدانی ئەلنەمری-یان کرد و رایانگەیاند:”ئەو کارەی سعودیە پێشێلکارییەکی روونی مافی مرۆڤە”.
شیعەکانی بەحرەین بە ناڕەزایەتی لەسەر لەسێدارەدانی نەمر باقر نەمر دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە و ئاژانسە هەواڵییەکانی ئێرانیش باس لە خۆپیشاندانی شیعەکانی پاکستان دەکەن.

به‌ڵام نەمر ئەلنەمر كێ بوو ؟
نەمر ئەلنەمر لەدایکبووی ساڵی 1959 بوو لە شاری عەوامیەی رۆژهەڵاتی سعودیە، بەهۆی وتارە ئایینییەکانییەوە کە تێیدا رەخنەی لە ئالی سعود دەگرت دەنگۆیەکی زۆری نایەوە، لەماوەی ژیانیدا بە تۆمەتی جیا جیا لە ساڵانی 2006، 2008 ، 2009 و 2014 دەستگیرکرا.

ئەو لە ساڵی 1980 سەردانی ئێرانی کرد و ماوەی 10 ساڵ لەوێ مایەوە، پاشان چووە سووریا. نەمر دوای گەڕانەوەی بۆ سعودیە بەوە ناسرا کە رەخنەی زۆر لە خێزانی شاهانەی سعودیە دەگرێت لە و، ساڵی 2009 رەخنەی زۆری لە حکومەتی سعودیە گرت و هەڕەشەی دامەزرادنی دەوڵەتێکی شیعەی کرد، بەو هۆیەشەوە دەستگیرکرا، بەڵام دواتر ئازاد کرا.

دوای ئەوەی شازادە نایف، کە لە ساڵی 1975-ەوە وەزیری ناوخۆی سعودیە بوو و پاشان لە 2011 بووە شازادەی جێنشینی سعودیە و لە ساڵی 2012 کۆچی دواییکرد، نەمر ئەلنەمر دڵخۆشی خۆی بە گیانلەدەستدانی ئەو ئەندامەی خێزانی شاهانەی سعودیە نەشاردەوە، ئەو تەنانەت لەسەر مینبەرەکەی لە ئەلقەتیف بەرگری لەو شیعانە کرد کە بەهۆی مردنی شازادە نایفەوە ئاهەنگیان لە سعودیە گێڕا و گوتیشی ” بەپێی چ مافێک سەلمان ( شای ئێستای سعودیە) دەکرێتە جێنشین؟ لەهەمان کاتدا ئێمەش بەبێدەنگی دانیشتووین”.

لە 15/10/2015 دادگای تاوانەکانی سعودیە سزای لەسێدارەدانی بۆ نەمر ئەلنەمر دەرکرد و ئەمەش چەندین کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و، لە ساڵی 2015 شێخ مەهدی ئەلسەمیدی، سەرۆکی دەستەی فەتوادان لە عێراق نامەیەکی بۆ شا سەلمانی شای سعودیە نارد و تکای لە شای سعودیە کرد نەمیر لەسێدارە نەدرێت و، گوتی ” ئەگەر سعودیە فەرمانی لەسێدارەدانەکە جێبەجێ بکات ئەوا زیانێکی زۆر بە وڵاتەکەی و وڵاتانی دراوسێی دەگەیەنێت”.

لە 29/10/2015 بان کی موون، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بەهەمان شێوە داوای لە سعودیە کرد ئەو فرمانەی لەسێدارەدان جێبەجێ نەکات.

رۆژی شەممە 2/1/2016 هەواڵی لەسێدارەدانی نەمر ئەلنەمر لەرێگەی بەیاننامەیەکی وەزارەتی ناوخۆی سعودیە بڵاوکرایەوە. لەسێدارەدانەکەشی هاوکات بوو لەگەڵ سێدارەدانی 46 کەسی دیکە لە کەیسی پەیوەندیدار بە تیرۆر.

160102102815_al_nimr_624x351_ap_nocredit 160102172506_mashad_640x360_mizan_nocredit

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت