ئێستا پێش بە تیرۆریزمی ناوکی بگرن، سبەی درەنگە

0
66

نووسینی: یونا ئەلیکساندر

وەرگێڕانی: هەڵمەت مەعرووفی

ئایا ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە کە سەرۆک کۆمار ترامپ دەڵێ ئێران وەفای بۆ بەرجام نەبووە، ئەگەری شەڕێکی ناوازە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین زێدە دەکات یان هەوڵە ناودەوڵەتیەکان بۆ پێشگرتن بە تیرۆریزمی ناوکی زێدەتر دەکات؟ هەڵە مەکەن، هەرچەند وڵام دانەوە بەو پرسیارە جەوهەریە لە مانگ و ساڵانی داهاتووشدا بەردەوام دەبێ، تیرۆریزمی ناوکیش کە هەم لەلایەن ئەو دەوڵەتانەوە کە پشتگیری دەکەن و هەمیش لە لایەن خودموختارەکانەوە دەخرێتە گەڕ، بە دژی دڵەڕاوکێ تەناهیە ناوچەیی و جیهانیەکان و لەوانەشە تەنانەت خودی مرۆڤایەتی، هەڕەشەیەکی بێ ئەملا و ئەولا دەئەژمێردرێن.

با ڕێکتر بێژم، هەڕەشەی ئێران بە تێپەڕبوونی هەر ساڵێک، لە ڕووی ڕەهەند و ئاستەوە، زێدەتر دەبێ. ساڵی ١٩٩٠، تاران تا ڕادەیەکی کەم توانایی ناوکی وەدەست خستبوو و لە دوای ئەوەش لەگەڵ ڕووسیە، ڕێکەوتننامەیەکی بۆ دانانی ڕیاکتۆری ناوکی بەست کە لە ساڵی ٢٠١١ لە پەنا ئەو ڕیاکتۆرە بچووکە توێژینەوەییە کە ساڵی ١٩٦٧ لە ئەمریکای کڕیبوو، دەستی بە کار کرد. دە ساڵ دوای ئەوە، ئێران توانی ژێربینا بەهێزەکانی ڕێک و پێک کردن و سوانی بەردی کانزای یورانیۆم و پیتاندنی یۆرانیۆم بەرهەم بێنێ و گەشەی پێ بدات. سەرەڕای ئەوەش، بەرنامەگەلێکی لە ڕێگای بەکارهێنانی دوولایەنەی تەکنەلۆژیگەلی شیمیایی و بیۆلۆژیکی و هەروەها مووشەکی پێشکەوتووی بەرگری و هێرشبەری لەبەر دەستە. لە مانگی ئوتی ٢٠١٧ـەوە، تاران هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر بێت و ئەمریکا گەمارۆی نوێ بخاتە سەری، ئەوا ئێران تەنیا ٥ ڕۆژی کات پێویستە تا بەرهەمهێنانی یورانیۆم بگەیێنێتە ئاستی لەسەدا ٢٠ کە ئەوە زۆر زیاترە لە ئاستی 3.68 کە لە ڕێکەوتنی ئێستادا ئێران ئیزنی پێدراوە. ئەوە دەتوانی خۆی لە خۆیدا بە واتای گەیشتنی ئێران بە پیتاندنی ٩٠ لەسەدی پێویستیەکەی بۆ بۆمبی ناوکی بێت. تا ئەو کاتیش، ئێران داواکاریی ئەمریکای بۆ سەردان و پشکنینی بنکە سەربازییەکانی ڕەت کردۆتەوە. دڵەڕاوکێکانی تری ئەو دواییانە لەمبارەوە بریتین لە: تاقیکاریی سەرکەوتووانەی موشەکی باڵستیکیی خورەمشەهر کە توانایی هەڵگرتنی کڵاوەی ناوکی تا مەودای ١٢٠٠ کیلۆمیتری هەیە، خستنە گەڕی مووشەکی سەتەلایتیی نوێ، دانانی کارخانەی چەک و تەقەمەنیی زۆر وردبینانە لە سووریە و لوبنان، پێشکەوتن و بەکارهێنانی کەرستەگەلی سیخوڕیی سایبێری لە ناوچەکە و تەنانەت لەسەر ئاسمانی ڕۆژئاوا، بەردەوام بوون لە دابین کردنی ماڵی و چەک و تەقەمەنیی گرووپە تیرۆریستیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و پەرەپێدان بە ناسەقامگریی ئافریقا.

لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییە جێگای نیگەرانیانە، زۆرترین قەیرانێک کە کۆمەڵگای جیهانی لەگەڵی بەرەوڕوویە، لە حیزبووڵاوە سەرچاوە دەگرێ کە پیاوی ئێران لە ناوچەکەیە و مەترسیدارترین بزووتنەوەی تیرۆریستی لە کۆمەڵگای هاوچەرخە. حەسەن نەسرووڵا، سکرتێری گشتیی ئەو ڕێکخراوەیە، لە هەڕەشەکەی ١٣ی ئوتی ٢٠١٧یدا بە شێوەیەکی زۆر جێگای دڵەڕاوکە ئاماژە بە هێرش بۆ سەر بنکە ناوکیەکانی دیمونیای ئیسراییل کرا تا لەو ڕێگەیەوە ڕیاکتۆری ناو ئەو بنکانە ئازاد بکرێ. نەسرووڵا لە لێدوانە تەلەفزیۆنیەکەیدا، بە شانازیەوە گوتی: “یەکێک لە نیشانەکانی ڕێزلێنان و بە فەرمی ناسرانی “بزووتنەوەی خۆڕاگری” لەلایەن ئیسراییلەوە، داخستنی کۆگای دیمونیا لە هەیفا ـیە… ئێمە هیوادارین، سرنج بدرێتە سەر پرسی ڕاگواستنی ڕیاکتۆری ناوکیی دیمونیا، چونکە زۆر مەترسیدارە و پێویستی بە چاوەدێریی تایبەت هەیە”.

ئەو هەڕەشە نامبارەکە بە دژی ئیسراییل، ئەوەشمان وەبیر دێنێتەوە کە حیزبووڵا دەتوانێ، هێرشی ناوکی بکاتە سەر خودی ئەمریکاش. هەر بەوپێیەش، نیکۆلاس ڕاسموسن، بەڕێوەبەری ناوەندی دژە تیرۆریزمی ئەمریکا، ڕێکەوتی ١١ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧ باسی لەوە کرد کە “ئێمە لە بنکە ئاسایشی و زانیارییەکاندا، لە ڕاستیدا بەردەوامیی چالاکیەکانی حیزبووڵا، لێرە، لە ناو وڵاتیشدا دەبینین”. هیچ جێگای سەرسووڕمان نیە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، هەر کەسێک زانیاریان لەسەر دوو ڕوخساری پلە بەرزی حیزبووڵا بە ناوەکانی تەلال حامیە و فوئاد شکور بداتێ کە لە هێرشی خۆکوژی بۆ سەر هێزی زەریایی ئەمریکا لە مانگی ئۆکتۆبری ١٩٨٣ دا کە ٢٥١ کەس لە فەرمانبەرە سەربازییەکانی ئەمریکا تێیدا کوژران، بداتێ، ٧ ملیۆن دۆلار بۆ “تەلال حامیە” و ٥ ملیۆن دۆلار بۆ “فوئاد شوکور” دەدەین.

مەترسیی هەیی، واتا دەست وێڕاگەیشتنی تیرۆریستەکانی جیهان بە چەکە کۆمەڵکوژەکان، بۆ ئەوە نابێ چاوی لەسەر داخەین. بۆ نموونە، ئەلقاعیدە لە دوو دەیەی ڕابردوودا تا ئێستاکە، حەزی خۆی بۆ هەبوون و دەست پێڕاگەیشتن بە چەکە کۆمەڵکوژەکان ئاشکرا کردووە. هەر لە سەرەتای دەیەی ١٩٩٨ـەوە، ئوسامە بین لادەن گوتی کە لە دەست دابوونی چەکە کۆمەڵکوژەکان و هەبوونیان، “ئەرکێکی ئایینیە”. بەڵگەگەلێکی زۆریش هەن کە دەریدەخەن کە ئەلقاعیدە لە ئەفغانستان، خولی فێرکاری هەبووە کە تێیدا باس لە شێوەی کارکردن لە دوای چەکە بیۆلۆژیکیەکان، چەکە کیمیاییەکان، ڕادیۆئەکتیڤ و “بۆمبی پیس”ـی کردووە و خولیان بۆ فیرکاریی شێوەی بەکارهێنان و سازبوونی داناوە.

بەر لەویش لە سوودان، یەکێک لە بەرپرسانی ئەلقاعیدە هەوڵی دابوو تا چەکی ناوکیی یورانیۆم بکڕێ.

هەر لەو دواییانەشدا گوترا کە داعش بەرپرسیاری هێرشی گازی خەردەل لە سووریە بووە و بەپێی هەندێک ڕاپۆرت، داعش دەیەوێ دەستی بە چەکی کۆمەڵکوژ ڕابگات. بیهێننە بەر چاوتان، چ دەقەوما ئەگەر ڕەقە کە پێتەختی داعش بوو، ئازاد نەکرابا، یان داعش لە هەندێک شوێنی تر کە گرتبوونیە ژێر دەسەڵاتی خۆی زیاتر پێشڕەوی کردبا و شوێنیکی زیاتری گرتبا؟ ئەو ڕێبەری و ئەندامانەی کە لە داعش ماونەتەوە و هێشتاش سەر بەو ڕێکخراوەن، لەوانەیە هێشتاش لە شەڕ بۆ زاڵ بوون بەسەر ناوچە یان جیهان، بەردەوام بن و بیانەوێ بە چەکی کۆمەڵکوژەوە هێرش بکەنە سەر جیهان.

مەزنترین مەترسیی تیرۆریزمی ناوکی، کاتێک دەردەکەوێ کە دەوڵەت یان گرووپە خودموختارەکان، بتوانن دەستیان بە ئامانجە ستراتژیکیەکانی خۆیان ڕابگا. لەوانەیە ئەو کات ئیتر یاریکەرەکانی تریش مەیلیان بۆ وەدەستخستنی چەکی کۆمەڵکوژ ببزوێ و ئیدی نەکرێ پێش بەو حەزە بگیردرێ.

ئێستا پرسیار ئەوەیە، گەلۆ دەتوانین بەر بەو قەیرانە سەداسەدیە بگرین؟ وڵامێکی کورت ئەوەیە، بەڵێ، بەڵام تەنیا لە حاڵەتێکدا کە پەرە بە شێلگیریی خۆمان لەمبارەوە بدەین و بە خێرایی ببزووین.

ئەو کارە، جڤاکی ناودەوڵەتی ئەرکدار دەکات تا بە زووترین کات، هەوڵەکانی ئێستاکەی لە دژوەستانەوە لەگەڵ تیرۆریزم و پەرەنەسەندنی، پەرە پێبدات. ئەوە پچڕانی سەردەم پەیوەندیە بازرگانیەکانی نێوان کۆمپانیاکانی ڕۆژئاوا و سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیش دەگرێتەوە. ئەو هەوڵانە دەبێ تا ئەو کات کە ئەو ناوەندە لە ڕێگای پەرەپێدان بە توندوتیژی، لەسەر تێکدانی جێگیریی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بەردەوام بێ، درێژەی هەبێ. چاوەدێری کردنی زیاتر بەسەر قاچاغی کەرستەگەل و کەلووپەلی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی چەکە کۆمەڵکوژەکانیش دەبێ لە ناوچەکە و لە جیهاندا، وێڕای گەڵاڵەی پێشگرانە لە ئەگەرەکان و شێوەکانی بەڕێوەبردنی قەیران بۆ کەمکردنەوەی مەترسیی تیرۆریزمی ناوکی بخرێنە گەڕ.

تێچووی شەڕنانەوە، تەنانەت لە کاتێکدا کە براوەی شەڕەکە ڕۆژئاوای جیهانیش بێ، یەکجار قەیران خوڵقێنە. تەواوی نەتەوەکان و لەناویاندا ئێران و کوریای باکوور، دەبێ ئەو پەندە کۆنەی فارسەکانیان لەبیر بێ کە دەڵێ :”ئاشتی لە شەڕ باشترە، تەنانەت ئەگەر هێزی فیل و پەنجەی شێریشت هەبێ”

یونا ئەلێکساندر کێیە؟

یەکێک لە مامۆستایانی پلە بەرزی زانکۆی دەوڵەتیی نیۆیۆرک و بەڕێوەبەری ناوەندی ترازانکۆیی توێژینەوەکانی تیرۆریزم و یەکێک لە توێژەرانی باڵات ئەنستیتۆی لێکۆڵینەوەکانی سیاسەت ـە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌