ئێران: لە خوزستان گرووپێکی تیرۆریستیمان لە ناو بردووە

0
1222

ئەمڕۆ دووشەممە ١٧ی ڕەشەممە، هەواڵدەرییەکانی ئێران باس لە تێکشکاندن و لەناوبردنی گرووپێکی چەکداری لە خوزستان دەکەن. میدیاکانی ئێران دەڵێن ئەو گرووپە بەنیازبوو لە ئێران چالاکی (بەقسەیئەوان خراپکاری) بکەن.

بەپێی باسی میدیاکانی ئێران ئەو گرووپە بەنیاز بوون دۆینێ شەو لە خوزستان هەندێک چالاکی بە دژی ڕژیم بکەن کە ناسراون و لەناوبراون.

هەروەها ڕاگەیاندنەکانی ئێران باس لە کوژرانی سەرجەم ئەندامانی ئەو گرووپە دەکەن کە بە تیرۆریست و گرووپۆکە ناویان بردوون.

لە کاتی هەڵبژاردنەکانیشدا بەرپرسانی سەربازیی کۆماری ئیسلامی باسیان لە دەست بەسەر کردنی گرووپێک لە سنوورەکانی کوردستان کرد کە بەگوێرەی گوتنی بەرپرسانی ئێران، بە نیاز بوون لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا، تەقینەوە بکەن و پرۆسەکە تێکبدەن

تا ئێستا ناو یان ناسنامەی هیچ کام لەو دوو تاقمە ڕانەگەیێندراوە و تەنیا لە ئاستی ڕاگەیاندندا ماوەتەوە.

مەحموود عەلەوی وەزیری ئیتلاعات لە لێدوانێکدا باسی لەوە کرد کە ١٥٠٠ لاو کە بە نیاز بوون بچنە ناو ڕێکخراوە دژبەرەکانی نیزام، هەر هەموومان هێناونەوە سەر ڕێگای ڕاست و پەژیوانمان کردوونەوە.

شایانی باسە کە لە هەمان کاتدا دۆینێ شەو یەکێک لە دەست و پێوەندەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری بۆکانی کوردستانی خۆرهەڵات بە دەست کەس یان کەسانێکی نەناسراو کوژرا.

پیویست بە ئاماژەیە کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، چالاکی چەکداری لە سنوورەکانی ئێران و بەتایبەت کوردستان و ناوچەی عەرەبستانی ئێران، سەری هەڵداوەتەوە و کۆماری ئیسلامی کە لە ئێستادا لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی سەرقاڵی چەند شەڕی سووریە، عێراق و یەمەنە و لە ناوچەکەدا دژبەریەکی زۆری بۆ خۆی ناوەتەوە، بە گرژی ئەو ئاڵۆزییانە و دەست پێکردنەوەی خەباتی چەکداری دەترسێت.

لە هەمان کاتدا ماوەیەک بەر لە ئێستا، مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، مزگێنی دەست پێکردنەوەی خەباتی چەکداری بە خەڵکی کوردستانی خۆرهەڵات دا و ڕایگەیاند ئامانجی حیزبەکەیان ڕووخانی ڕژیمە. ئەو لێدوانانەی هیجری، تەنانەت لە ئاستی جیهانیشدا دەنگدانەوەی هەبووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.