ئێران تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەكانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لە مەککە

0
702

رۆژی كورد :
وڵاتی عەربستان میوانداری سێ کۆبوونەوەی گرینگی وڵاتە عەرەبیەکان و ئیسلامیەکان دەکات. کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچە و هەڕەشەکانی ئێران بابەتە بنەڕەتیەکانی ئەم کۆبوونەوانە ڕاگەیەندراون. پاشای عەرەبستانی سعوودی بە فەرمیی ئەمیری وڵاتی قەتەری بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجۆمەنی هاوکاریەکانی کەنداوی فارس بانگهێشت کردووە.

شاری مەککە لە وڵاتی عەرەبستانی سعوودی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی سێ کۆبوونەوەی گرینگی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی ئامادە دەکات. کۆبوونەوەی ئەنجۆمەنی هاوکاریەکانی کەنداوی فارس بڕیار وایە ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتێ ٣٠ ئایار لە شاری مەککە بەڕێوە بچێت. دوای ئەوەش بڕیار وایە کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندامی یەکیەتی عەرەب و ڕۆژی دواتر ٣١ ئایار کۆبوونەوەی ڕێکخراوی هاوکاری وڵاتانی ئیسلامی هەر لەو شارە بەڕێوە بچێت.
هەواڵنێری فەرانسە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٨ ئایار بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لە دۆبەی باسی بەڕێوەچوونی ئەم سێ کۆبوونەوەی لە شاری مەککە کردووە. بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ناوبراو بەڕێوەچوونی ئەم سێ کۆبوونەوە لە ڕۆژانی کۆتایی مانگی ڕەمەزان و لە شاری مەککە بە مەبەستی پێکهێنانی یەکگرتوویەکی بەربڵاو دژی ڕژیمی ئێران بەڕێوە دەچێت. هاوکات زیادبوونی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئامریکا نیگەرانی و دڵەڕاوکێی وڵاتانی ناوچەکەی لە ئاست ڕوودانی بەربەرکانێی سەربازی زیاد کردووە.
هەواڵنێری فەرانسە لە درێژەی بابەتەکەی دا نووسیوەتی بەڕێوەچوونی ئەم سێ کۆبوونەوە لە شاری مەککە لە لایەن عەرەبستانی سعوودی بە مەبەستی یەکگرتوویی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دژی ڕژیمی ئێران ڕوو ئەدات. تا ئێستا هیچ هەواڵێک لە سەر ئەوەی کە ئێرانیش بۆ کۆبوونەوەکانی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاریەکانی وڵاتە ئیسلامییەکان بانگهێشت کراوە یان نا بڵاو نەکراوەتەوە، ئێران ئەندامی ئەم ڕێکخراوەیە. ئەمە لە کاتێک دایە کە ئەمیری قەتەر بە فەرمیی لە لایەن سلمان بێن عەبدولعەزیز پاشای عەرەبستانی سعوودی بۆ بەشداری لەم کۆبوونەوانەدا بانگهێشت کراوە.
هەواڵنێری فەرانسە لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی دا جەختی لە سەر ئەوە کردووە کە تا ئێستا ئاشکرا نیە چە وڵاتانێک لەم کۆبوونەوانەدا بەشدار دەبن. پێویستە ئاماژەی پێبکرێت ڕێکەوتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی هاوکاریەکانی ئیسلامی پێشوەخت دیاریکرابوو. بەڵام بڕیاری بەڕێوەچوونی دوو کۆبوونەوەی دیکە لە کاردانەوەی زیادبوونی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا پێکهێنراوە.
هەواڵنێری فەرانسە ئاماژەی بە زیادبوونی کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە کردووە. بەڕێکردنی ١٥٠٠ هێزی سەربازی نوێ لە لایەن ئامریکا و هاوکات هێرەشەکانی ئەم دواییانە بۆ سەر نەوتهەڵگرەکانی عەرەبستان لە بەندەر فۆجەیرە و هەڕەشە دووپاتکراوەکانی ئێران لە مەڕ داخستنی تەنگەی هۆرمز بە گشتی لەو بابەتانەیە کە ئاڵۆزییەکانی ناوچەی زۆرتر کردووە. هەواڵنێری فەرانسە لە درێژەی نووسراوەکەی دا باس لەوە ئەکات کە عەرەبستان و هاوپەیمانانی ڕژیمی ئێران تاوانبار ئەکەن بە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی ناوچەکە بۆ وێنە دەستێوەردان لە کاروبارەکانی وڵاتانی بەحرەین، سووریە، عێراق، لۆبنان و یەمەن. باس لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی وڵاتی ئێران یا پشتیوانی چەکداری و ئابووری ئەم وڵاتەیە بۆ هێزە چەکدارەکانی چالاک لە وڵاتانی ناوبراو.
وەزیری کاروباری دەرەوەی وڵاتی ئەماراتی یەکگرتووی عەرەبی دەوری وڵاتی عەرەبستانی سعوودی لە ناوچەکەدا باش نرخاندووە و ئەڵێت یەکگرتووی و هاوکاری لەم بارودۆخەی هەستیارەی ئێستادا زۆر گرینگە و بە ڕای ئەوان ڕیاز لە ئێستا دا ئەتوانێت دەورێکی گرینگ و سەرەکی بنوێنێت. وڵاتی عەممان کە بەردەوام هەوڵی ئەوەی داوە پێوەندییەکانی خۆی لە گەڵ هەر دوو وڵاتانی ئێران و ئامریکا هاوکات ڕابگرێت، ڕایگەیاندووە هەوڵی خۆیان ئەدەن بۆ کەمکردنەوەی کێشەکانی نێوان وڵاتانی ئێران و ئامریکا. لە لایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی ئێران دژکردەوەی هەوڵەکانی عەرەبستان و لە پێناو زیاد کردنی کێشە و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا هەنگاوی هەڵهێناوە بە وتووێژی ڕاستەوخۆ لە گەڵ ڕێبەران و بەرپرسانی وڵاتانی عێراق، کوەیت، عەممان و قەتەر. زیاد لەوانەش پێوەندی دیپلۆماسی نێوان ئێران و وڵاتانی دراوسێی لەوانە پاکستان و تورکیە زیادی کردووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.