ئایا ئەنجام دانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان، مەنتقییە؟/ لە ئینگلیسییەوە وەرگێڕدراوەتەوە

0
114

نووسەر: دوکتور پاوۆل ویلیامز بە هاوکاریی مارگاوکس.جەی. دەی

وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: هەڵمەت مەعرووفی (تایبەت بە رۆژی کورد)

کوردستان خەریکی بەڕێوەبردنی گەڵاڵەی جێبەجێ کردنی گشتپرسییە لە ڕۆژی ٢٥ی سیپتامبری ٢٠١٧ بۆ ئەوەی کە بزاندرێ ئایا کوردەکان حەز دەکەن وڵاتێکی سەربەخۆیان هەبێ یان نا؟ ئێراقیش دژایەتی لەگەڵ ئەو گشتپرسییە دەکات.

هەندێک لە توێژەران ئەو پرسیارە دێننە ئاراوە کە ئایا کوردستان ئەو مافەی هەیە کە ببێ بە وڵاتێکی سەربەخۆ و شەرعییەتی بانگەشەکانی خۆیان بە دژی ئێراق بسەلمێنن؟. ئەو وتارە وڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە ئایا کوردستان لە ڕوانگەی یاسا ناودەوڵەتییەکانەوە ڕێگەپێدراوە تا گشتپرسی ئەنجام بدات و ئایا یاسا ناودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات یان نا؟ هەروەها باس لە گرنگیی دژایەتی کردنی ئێراق لەگەڵ ئەو گشتپرسییە دەخرێتە بەر باس.

ئایا گشتپرسیی کوردستان، بەپێی یاسا ناودەوڵەتییەکان ڕێگەپێنەدراوە؟

ئەو پرسیارە کە ئایا ژێر- دەوڵەتەکان (لێرەدا مەبەست ناوچەیەکی فیدراڵییە کە بەشێکە لە دەوڵەتێکی سەربەخۆ- وەرگێڕ)، دەتوانن سەربەخۆیی ڕابگەیێنن، ڕێک لە دیوانی دادی ناودەوڵەتی لەمەڕ کۆسۆزۆ وڵامی دراوەتەوە. ساڵی ٢٠٠٨، دەوڵەتی کاتیی کۆسۆڤۆ بە شێوەیەکی یەک لایەنە سەربەخۆیی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە مەبەستی یەکلایی کردنەوە، ئەو کێشەی بردە لای دیوانی دادی ناودەوڵەتی. دیوانی دادی ناودەوڵەتیش دوای دوو ساڵ تاووتوێ کردن، ساڵی ٢٠١٠ بڕیاری خۆی ڕاگەیاند.

دادگا ڕایگەیاند کە “لە ڕوانگەی یاسای گشتیی ناودەوڵەتییەوە هیچ ڕێگرییەک بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی نیە”. بە شێوەیکی تایبەتیتر، دادگا بڕیاری دا کە کۆسۆڤۆ بە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی خۆی لە سێربیا، یاسا ناودەوڵەتییەکانی پێشێل نەکردووە.

بەڵگەی دادگا، سەرەتا لەسەر بنەمای چاوپێداخشاندنەوە بەسەر کرداری دەوڵەت لە نێوان سەدەی ١٨ و ٢٠ لەمەڕ سەربەخۆییەوە درابوو.

دووهەم، دادگا لای وا نەبوو کە بڕیاری ڕاگەیاندنی ژێر-دەوڵەتێک بۆ سەربەخۆیی (بۆ نموونە بنکەیەک یان هەرێمێکی ناسەربەخۆ لە وڵاتێک- وەرگێڕ) لەوانەیە لە هەل و مەرجێکی کاتیدا، لەگەڵ یاسا و دۆخی ناودەوڵەتی  یان لەگەڵ بڕیارنامەی شۆڕای تەناهیی نەتەوە یەکگرتووەکان یان بابەتی ئەوتۆ تری هاوشێوە یەک نەگرێتەوە و دژایەتی هەبێ و گرنگییەکی بەو لایەنە نەدابوو. بۆ نموونە، بڕیارنامەی شۆڕای تەناهیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە چڕی و بە توندی یاسایی بوونی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لە باکووری ڕووسیە، قیبرێس و کۆماری سرپسکای ڕەد کردبۆوە بەڵام دادگا هیچ سرنجێکی بەو بڕیارە نەدا. لەمەڕ کوردستانیش، بڕیارنامە یان گەڵاڵەیەکی هاوشێوە لە ئارادا نیە.

سێیەم و گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە، دادگا بڕیاری دا کە ڕێسای “تەواویەتی ئەرزی، تەنیا و تەنیا پەیوەندی بە بەستێنی پەیوەندیی نێوان دەوڵەتە یەکگرتووەکانەوە هەیە”، کەواتە ئەوە ژێر-دەوڵەتێک ناگرێتەوە و هەر بۆیەش دەتوانێ سەربەخۆیی خۆی ڕابگەیێنێ.

لە کاتێکدا کە بڕیاری دادگا، ڕێز لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی دەگرێ، کەواتە گشتپرسیی کوردەکان پێشەکییەکە بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کە ئەوە هەمان لۆژیکی یاساییە و گشتپرسی و پاشان ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کورستان، باسێکی یاساییە. لە ڕاستیدا، یەک ڕای دژبەر لە دۆسیەی کۆسۆڤۆدا باسی لەوە کردبوو کە دەبوا بەر لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، گشتپرسییان ئەنجام دابا تا لەم ڕێگەوە حەزی خەڵکیان بۆ سەربەخۆبوون هەڵسەنگاندبا (کوردەکان خەریکن پێشمەرجەش ئەنجام دەدەن- وەرگێڕ)

سکاڵا و دژایەتیی ئێراق چ گرنگییەکی هەیە؟

لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا، بەشێکی بەرچاو لە ژێر-دەوڵەتەکان، گشتپرسیی تایبەت بە سەربەخۆییان ئەنجام داوە. لە نێوان ساڵەکانی ١٩٠٥ تا ١٩٩١، پەنجا و دوو ژێر-دەوڵەت، گشتپرسیی تایبەت بە سەربەخۆییان ئەنجام داوە. لە دوای ١٩٩١، پەنجا و سێ گشتپرسیی تایبەت بە سەربەخۆیی بەڕێوە چووە، بە کۆی گشتی ١٠٥ دانە. هاوکات لەگەڵ کوردستان، سێ گشتپرسیی تر، گەڵاڵەی ئەنجام دانی تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ داڕشتراوە (کاتالۆنیا، نیو کالێدۆنیا و بووگاینڤیلێ).

لە ٥٣ گشتپرسی لە ساڵی ١٩٩١ـەوە، ٢٦ دانەیان بە بێ ڕەزامەندیی دەوڵەتی نەتەوەیی (مەبەست حکومەتی سەرەکییە وڵاتە، لێرەدا دەوڵەتی ئێستای ئێراق، وڵاتانی ئێراق و ئێران و سووریە و تورکیە، ناتوانن وڵاتێکی نەتەوەیی بن- وەرگێڕ)، سەرنجڕاکێشە ئەگەر بڵێین بەشێک لەو وڵاتانە کە بە بێ ڕەزامەندیی دەوڵەتی گشتی، گشتپرسییان ئەنجام داوە، لە کۆتاییدا سەربەخۆبوون. بۆ نموونە، سەرجەم ئەو دەوڵەتانەی کە بە ڕەسمی سەر بە سۆڤیەت بوو، بە بێ ڕەزامەندیی حکومەتی سۆڤیەت، گشتپرسی بۆ سەربەخۆییان ئەنجام داوە و دەوڵەتی سۆڤیەت، لەگەڵ ئەنجامەکان بۆ سەربەخۆیی ناکۆک و دژ بووە، بەڵام ئێستا هەرهەموویان سەربەخۆن.

بە هەمان شێوە، چوار دەوڵەت کە بە فەرمی سەر بە یۆگوسلاڤی بوون، سەرەڕای ناڕەزایەتی و دژایەتیی یۆگۆسلاڤیا، گشتپرسی بۆ سەربەخۆییان ئەنجام داوە و ئێستاش هەر هەموویان سەربەخۆن. لەمەڕ دۆسیەی کۆسۆڤۆش، ئەو کات، ١١١ دەوڵەت، کۆسۆڤۆیان وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ بە فەرمی ناسی، ئەوەش لە حاڵێکدا بوو کە یوگوسلاڤیا بە توندی دژایەتی دەکرد.

لە حاڵەتێکدا کە دەرهاویشتە و ئەنجامی گشتپرسیی کوردستان، بریتی بێ لە حەز بۆ سەربەخۆیی، هەنگاوی دواتر بریتییە لە دمەقاڵە و مشتومڕ لەگەڵ بەغدا و ئەگەر کوردستان لەسەر ئامانجی خۆی بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی سوور و بەردەوام بێ، دوای ئەو مشتومڕانە، هەڵسەنگاندنێک دێتە ئاراوە تا بزاندرێ ئایا دەوڵەتی کوردستان، لەگەڵ پێوەرە ناودەوڵەتییەکان لەمەڕ سەربەخۆیی، گونجاوە و یەک دەگرێتەوە؟ ئەنجا ڕەوتێک دەست پێدەکا بۆ ئەوەی دەوڵەتی کوردستان لە ناو کۆمەڵگای ناودەوڵەتیدا بە فەرمی بناسرێت. لە کاتێکدا کە کوردستان خەریکی تێپەڕکردنی ڕەوتی گشتپرسی بەرەو سەربەخۆییە، گرنگە لە بیری بێ کە بەپێچەوانەی ڕوانگەی گشتیی زاڵ، هەنگاوەکانی کوردستان بەرەو سەربەخۆیی بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ یاسای ناودەوڵەتی ناکۆک و دژ نیە.

بە کورتی لەمەڕ نووسەرانی ئەو بابەتە:

دوکتور پاوۆل ویلیامز، پرۆفیسۆری یاریدەدەرە لە بواری یاسا و پەیوەندییە ناودەوڵەتییەکان لە زانکۆی ئەمریکایی .

مارگاوکس.جەی. دەی، ڕاوێژکاری باڵایە لە مافناسیی ناودەوڵەتیی گشتی، سیاسەت و گرووپەکان

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت