ئاڵودەبون بەمادەی هۆشبەر ویستی دەسەڵاتی ئێرانە

0
217

سەنگەر دەروون

مادەی هۆشبەر لەو مادانەیە کە مرۆڤ دوور ئەخاتەوە لە تواناعەقڵیەکان، جیهانێکی خەیاڵی دروست ئەکات و لەڕووی دەرونی و جەستەییەوە کەسەکە دائەرمێنێ. سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژهەڵات بریتیە لە ئیشکردن لەسەرلەناوبردنی هەستی نەتەوایەتی و توانای کاری سیاسی و فەرهەنگی و … هتدی گەنجانی ئەو بەشەی کوردستان. بەڵام ئەم سیاسەتە تەنیا لەناو کوردا پەیڕەو ناکرێ، بەڵکوهەمووگەلانی ئێرانی گرتۆتەوە.

ئەم دیاردەیە لە لایەن حكومەتەوە نەك بەربەرەكانیی‌ لەگەڵ ناكرێ بەڵكوو بە شێوەیەكی‌ سیستەماتیك پەرەی‌ پێ دەدەرێ، رێی‌ بۆ خۆش دەكرێ و وەك چەكێك لە دژی‌ ئیرادەی‌ نە تەوەیی‌ ئەم گەلە ستەمدیدەیە بە كار دەهێندرێ .

بێگومان كەسی ئاڵوودەبوو كە ڕاهات لەسەر كێشانی ئەو مادەیە، بۆ بەدەستهێنانی پەنا بۆ هەموو كارێكی تاوانكاری دەبات: دزی، كوشتن، كاری بەدڕەوشتی و زۆر جاریش كەسانی تووشبوو، بۆ بەدەستهێنانی بڕیك لەو مادەیە، لەلایەن دوژمنانەوە وەك سیخوڕ و بەكرێگیراو دژ بە سەروەریی وڵات بە كار دەهێنرێن .

هۆکاری دیاردەی بێكاری بەو ڕێژە فراوانەی كە ئەوڕۆ لە ئێراندا بوونی هەیە، تاك و کۆمەڵگە نییە، بەڵكوو جۆری سیاسەتە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی حكوومەتە كە بووەتە هۆی تەقینەوەی دیاردەی بێكاری و بەرۆكی زۆرینەی كۆمەڵگەی ئێرانی گرتۆتەوە. ڕێژەی بێكاری لە ناوچە جیاوازەكانی ئێراندا جیاوازیی هەیە، لە کوردستان و ئەو ناوچانەی دیکە کە نەتەوەی جیاوازیان تێدا دەژی، ڕێژەی بێکاری زیاترە تا لە ناوچەکانی دیکە. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەسەڵاتی ناوەندی، یان گوێ بەم ناوچانە نادات و بودجە و سەرمایەی وڵات لە ناوچە فارسنشینەکان خەرج دەکات، یانیش بەپێی پلانێکی ئابووری ـ سیاسیی داڕێژراو، ئەو ناوچانە لە هەژاریدا دێلێتەوە و ڕێگە بە گەشەسەندنیان نادات. ئەمەش لەپێناو تواندنەوە و لەناوبردنی لێهاتوویی ئەندامانی ئەو کۆمەڵگانە، چ وەک تاک و چ وەک کۆ. چونكە حكوومەت ترسی لە گەشەسەندن و پێشكەوتنی ئەو كۆمەڵگانە هەیە كە سەر بە نەتەوە جیاوازەكانی ئێرانن و لە ناوچە سنوورییەكاندا جێگایان گرتووە.

بێكاری، کە یەکێک لە هۆكارە سەرەكییەکانی بڵاوبوونەوەی بەكارهێنانی مادە هۆشبەرەكانە، لە ژێر كاریگەیی سیاسەتە ئابووری و كۆمەڵایەتییە نەشیاوەكانی حكوومەتدا سەر هەڵ ئەدات. کۆمەڵگەیەک کە لە بەرهەمهێنان و باقیی چالاکییە ئابوورییەکان دادەبڕێت، تووشی لەخۆ نامۆبوون و سەرئەنجام داڕمان دەبێت، گەنجێک کە ناتوانێ بە ڕێگەیەکی گونجاودا بژێوی خۆی و دەوروبەری دابین بکات، تووشی گومانکردن لە توانا و لێهاتووییەکانی خۆی دەبێت، ئەمانە گەنج بەرەو خەمۆکی و باقیی نەخۆشی و ناسەقامگیرییە دەروونییەکان پەلکێش دەکەن، بەرەو سەرلێ شێواوی و نائومێدی. کاتێک هیچ شوێن و ناوەندێکیش نییە گەنجان بۆ چارەسەریی کێشەکانیان ڕووی تێکەن، ئیتر بێجگە لە سڕکردنی ئەو ئازارانە شتێکی دیکە نامێنێتەوە، ئەمەش لە ڕێگەی بەکارهێنانی مادە سڕکەرەکانەوە مەیسەر دەبێ، گەنج بەم جۆرە دەیەوێ ئازارەکانی سڕبکات …

بێکاری دەبێتە هۆی بێ هیوایی لە تاكدا، كە بێ هیوا بوون خۆی سەرەتایەك دەبێت بۆ گیرۆدە بوون بە نەخۆشییە دەروونی و لەوێشەوە هەڵسوكەتی نەشیاو کە كۆمەڵگە یان تاكی بێكار ڕووی تێدەکەن. ئەم هەڵسوکەوتە ئەوان بەرەو ئەنجامدانی تاوان و دواتر بەرەو زیندان بەڕێ دەكات. بە هەبوونی فراوانی مادە هۆشبەرەكان لە بازاڕەكانی ئێراندا، كەسەكان بۆ دەرچوون لەو دۆخە ناهەموارە دەروونییە مل بەرەو رێگایەك دەنێن كە مادەی هۆشبەر بۆی دیاری كردووە و ئەوەیش، وەک هەموو لایەک دەزانن، ڕێگایەیكی گەلێك كارەساتبارە. ئەوە بێجگە لە بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشیانەی كە تا ئێستا چارەسەریان بۆ نەدۆزراوەتەوە ـ وەك ئەیدز، هیپاتیت و نەخۆشییەكانی تری خۆێن كە هەڕەشەیەكی جیدن بۆ سەر ژیانی گشتی كۆمەڵگە. سەرەنجامی ئەو دۆخە ئەو كارەساتە مرۆییەیە کە ئێستە ئاوقەی کۆمەڵگەی ئێران و کوردستان بووە.

ڕێژەیەکی زۆرلە تووشبوان ئەو کەسانەن کەخوێندنی ئەکادیمیان تەواوکردووە و لەئاستی خوێندنی باڵادان، ئەمانە هۆکاری گیرۆدەبونی خۆیان بۆدۆخی تایبەتی وڵات و یاسا داپڵۆسێنەرەکانی وڵات دەگەرێننەوە. لای ئەوان ڕزگاربوون لەو دۆخەی کە ناعەداڵەتی لە ژینگەی سیاسی/ئابووری/ کۆمەڵایەتیدا بەسەریانیدا سەپاندووە، بەکارهێنانی مادەی سڕکەرە.

كۆماری ئیسلامیی ئێران، بەپێی سیاسەتێكی پیلان بۆدارێژراو مادە هۆشبەرەكان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بڵاو دەكاتەوە، بەو مەبەستەش لە ڕێگای ئەندامانی سوپای پاسدارانەوە ئەو كارە ئەنجام دەدات و بەو شێوەیەش لەلایەك دۆخی ئابووریی ئەو هێزە بەرز دەكاتەوە و لەولاشەوە سیاسەتەكانی پیادە دەكات و خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان تووشی ئەو قەیرانە دەكات كە دەمێكە پلانی بۆ داڕشتووە.

لەکاتێکدا جیهان بەرەوژیانێکی تەندروستترهەنگاو دەنێ، مادەی هۆشبەر لە ئێران خەریکە کۆمەڵگە بەرەو بێ ئیرادەیی و داڕمان پاڵ پێوەدەنێ، لە بواری سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە داهاتوو دەخاتە بەردەم مەترسیی گەورە، کۆمەڵگەی ئێران لەسەر لێواری هەرەسهێنانە: زۆرێک لەبنەماڵەکان بوون بەقوربانیی ئەم دێوەزمەیە، بنەماڵە ئێستا یان بە تەواوەتی هەڵوەشاونەتەوە و هەرەسی بەبەختەوەریان هێناوە، یانیش لە باردودۆخێکی زۆر نالەباردا دەژین. ئەم دۆخە هەزاران منداڵی بێ سەرپەرست و سەرگەردانی دروستکردووە کە لەسەر شەقامەکان دەسووڕێنەوە و نانی سواڵ دەخۆن،منداڵ کە لە پێناو نەختێ دەرمانی سڕکەردا دەفرۆشرێن، منداڵ کە دەبنە قوربانیی توندوتیژیی جنسی، منداڵ کە گیرۆدەی مادە سڕکەر دەبن، منداڵان کە دەبنە تیکەی ئاسان بۆ باندە تاوانکار و قاچاخچییەکان و بازاڕی نهێنیی سێکس ولەشفرۆشی لەئێراندا.

ئێمە پێویستمان بە دەربازبوونە لەم دۆخە، پێویستمان بە بەخۆداچوونەوەیە، پێویستمان بە شۆڕشێکی فکری، سیاسی و کۆمەڵایەتییە کە بتوانێ ئەم دۆخە کۆتایی پێ بێنێ. شۆڕشێک کە قاسملووەکان و پێشەواکان پێشڕەوییان دەکرد.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت