ئاڵای کوردستان چۆن دروستبوو؟

0
340

ئاماده‌ كردنی : رێناس نەورۆزی

ئاڵا چییە و چۆن سەریهەڵداوە؟
ئاڵا نیشانە و ناسنامەی نەتەوە و هەبوونی گەلانە، ئەمرِۆ هەموو گەل نەتەوەیەکی خاوەن وڵاتی سەربەخۆ و بێ وڵات خاوەن ئاڵای تایبەت بەخۆیانن، رێکخراوی نەتەوە یەککگرتووەکان و پارت و رێکخراوە سیاسیەکانی جیهان و دام و دەزگا فەرهەنگی و ئابوورییەکان و شارەوانیەکان و زانستگاکان و کۆمپانیا بازرگانییەکان و کۆمپانیا تەکنەلۆژیاکان و یانە وەرزشییەکان و ڤیستیڤال و بۆنە و یادەکانیش خاوەن ئاڵا و نیشانەیەکی تایبەتی خۆیانن. ئاڵای هەر نەتەوە و وڵاتێک لەگەڵ ئاڵای هەر نەتەوە و وڵاتێکیتر جیاوازە، بەهەمان شێوە ئاڵای رێکخراوە و دام و دەزگانیش لەگەڵ یەکتری جیاوازن، هەریەکەیان خاوەن رەنگ و شێوە و واتای جیاواز و تایبەت بەخۆیەتی.
واتا و هێمای هەندێک لە رەنگە سەرەکییەکانی ئاڵاکان لە لایەن پسپۆرانی ئاڵاناسی Vexillology بەمجۆرە لێکدراونەتەوە:
رەنگی سوور: شۆرِش، خوێن رژان لە جەنگ، ئازایی، هێز، یەکسانی.
رەنگی زەرد: رووناکی، درەوشانەوە، وریایی، ئاگر.
رەنگی سپی: ئاشتی، ئارامی، ئاگربەست.
رەنگی سەوز: سەوزایی، وڵات، پاراستن، لاوێتی.
رەنگی شین: ئاو، ئاوەدانی، دەریا، ئاسمان، ئازادی.
رەنگی نارنجی: ئازایی، خۆبەختکردن، قوربانیدان
رەنگی رەش: پرسە، مەرگ، نەمری.
تەمەنی دروستبوون و هاتنە کایەی ئاڵا دە گەرِێتەوە بۆ 4000 (چوار هەزار) ساڵ لە مەوبەر، بۆ یەکەمجار ئاڵا لەلایەن ئمپراتۆریەتەکانی سەر خاکی ئێران و میزۆپۆتامیا (کوردستانی ئەمرِۆ) هەڵداروە، سەرەتا سومەرییەکان و ئاسورییەکان و میدیاکان، هەروەها هاخەمەنیشیەکان و ساسانییەکان و میسرییەکۆنەکان. دواتریش شارنشینە یۆنانییەکان و قەیسەرەکانی ژاپۆن و چین ئاڵایان هەڵداوە.
بەگوێرەی زانستی ئاڵاناسی یەکەم ئامانجی دروستکردنی ئاڵا بۆ بانگەوازی و رێنماییکردن بووە. یاخود ئاڵاکان تەنیا وەک هێمایەک بوونە، زۆربەشیان پەیامێک بوونە بۆ تاکە کەس یاخود بۆ دەستە و کۆمەڵە کەسێک. کاتێک ئیپمراتۆریەتە کۆنەکانی جیهان لە کاتی شەرِ و سەرکەوتنەکانیاندا، بەر لە هەموو شتێک ئاڵای دوژمنەکانیان داگرتووە و ئاڵاکانی خۆیانیان لە جێگەیدا بەرزکردۆتەوە، بەو واتایە یەکێکیتر لە هێما سەرەتاکانی ئاڵا بۆ نیشاندانی سەرکەوتن هەڵدراوە. جگە لەوەش ئاڵای هەر ئیمپراتۆریەت و هۆزێک جیابووە، ئاڵای هەر یەکەیان نیشانە و واتایەکی تایبەت بەخۆی تێدابووە و رەنگێکی جیاوازبووە. هەر لە کۆنەوە و تا ئەمرِۆش ئاڵاکانی جیهان زۆرترینیان لە نیشانەکانی ناو سروشت و دەوروبەر پێکهاتوونە وەک هەبوونی: (ئەستێرە، مانگ، خۆر، ئاو، دار، چیا، گوڵ، باڵندە، گیانەوەر….). جۆر و پێوانەی ئاڵاکانی کۆن وەک ئێستا نەبوونە، بەڵکو لە شێوەی نارِێک، نیمچە بازنەیی، سێ گۆشەیی…. کە لە تەختە دارێکی درێژ یاخود لە مادەی کانزایی یانیش لە پێستی ئاژەل دروستکردەکران، رەنگەکانی ئاڵاش لە گەلا و لە خوێنی ئاژەل و لە رەژووی ئاگر دروستدەکران. هەندێک ئاڵاش تەنیا لە پەرِی باڵندە دروستدەکران، یاخود تەنیا باڵندە و ئاژەلی وشککراو… لە جیاتی ئاڵا دەکران بە نیشانە و هێماکانیان و بە تەختە دارێکی درێژ و بەرز هەڵدەواسران، یاخود بە هەمان شێوە پەیکەر یانیش تەختەدارێکی هەڵکەندراو لە نەخش وەک ئاڵا بەرزدەکرانەوە. لەگەڵ بەرەو پێشەوەچوونی هەنگاوەکانی ژیان شێوەکانی ئاڵاش گۆرِدران، کە ئەمرِۆ ئاڵا لەسەر پارچە قووماش و لەسەر کاغەز و کارتۆن چاپ دەکرێن.

کۆنترین ئاڵای نیشتمانی ئاڵای دانیمارکە کە لە ساڵی 1219 دروستکراوە. ئاڵای وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1776 دروستکراوە و بەردەوام گۆرِانکاری تێداکراوە و ساڵ بە دوای ساڵ ژمارەی ئەستێرەکانی ناو ئاڵاکە زیادیکردووە تا لە ساڵی 1959 لە گۆرِان وەستاوە و لەوساوە تا ئێستا لە 50 ئەستێرە و 13 هێلی سوور و سپی پێکهاتووە. چیرۆکی هاتنە کایەی ئاڵای هەر نەتەوە و وڵاتێکیش خاوەن مێژوویەکی درێژ و دوورە، ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە لەسەر هەڵوەستە بکەین ئاڵای ئەمرِۆی کوردستان و مێژووی ئاڵاکانی ناو گەلی کوردە.
ئاڵا لەسەردەمی مادەکاندا
بە گوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان زۆربەی ئاڵای هۆز و نەتەوە ئارییەکان لە رەنگەکانی (سوور، سپی، زەرد، سەوز، شین) پێکهاتبوون. پەرلەمانی کوردستان لە دەرەوەی وڵات کە لە ساڵی 1995 دامەزارو و لە ساڵی 1999 کۆتایی بە ژیانی سیاسی هات، ئاڵایەکیان لە بۆنە و یادەکانیان بەرزدەکردەوە و بەگوێرەی ئەوان ئەو ئاڵایە هەمان ئاڵای سەردەمی مادەکان بووە کە لە سەرەوە هێلێکی سوور و لە ناوەرِاستدا هێلێکی زەرد و لە خوارەوەش هێلێکی سەوز هەبووە. کە تەواوی رەنگەکانی هاوشێوەی ئاڵای ئێستای وڵاتی بۆلیڤیای ئەمریکای لاتینە. دوای چەندین هەوڵ و لێکۆڵینەوەم تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی مێژووییم دەستنەکەوتووە کە ئاماژە بە رەنگەکانی ئاڵای دەوڵەتی ماد بکات کە لە ساڵی 700ی پێش زایین دامەزرابوو. تەنیا ئەوەندە هەیە کە مادەکانیش لە کاتی سەرکەوتنیان بەسەر ئاسوورییەکاندا خاوەن نیشانە یاخود ئاڵایەکی تایبەت بەخۆیان هەڵداوە.
ئاڵای دەوڵەوتی ئەیوبی
ئەیوبییەکانی دیاربەکر و میافارقین و نسێبین و شام و یەمەن هەر یەکەیان خاوەن ئاڵایەکی تایبەت بە خۆیان بوونە، بەڵام لە سەردەمی (سەڵاحەدینی ئەیوبی) ئەویبوییەکان بوون بە خاوەنی یەک ئاڵا کە لە شێوەیەکی بازنەیی و درێژ لە رەنگێکی سەوز پێکهاتبوو، لەسەر سەوزرەکە بە رەنگی رەش و لە سەر دوو هێلی زەرد بە زمانی عەرەبی نووسرابوو (لا الە الا اللە) لەسەرەوەی ئاڵاکەش خۆرێکی زەرد لە ناو مانگێکی هیلالیدا هەبووە.
ئاڵای دەوڵەتی زەند
کەریم خانی زەند (1705-1779)ی دامەزرێنەری دەوڵەتی زەند کە خۆی و بنەماڵەکایەن لە ماوەی (1750-1794) فەرمانرِەوایی ئێرانیان کرد، خاوەن ئاڵایەکی تایبەت بە خۆیان بوون کە لە شێوەیەکی سێگۆشەیی پێکهاتبوو لە سەر زەمینێکی سپی هەتاو لە پشت شێرێکەوە دەبینرا و لەسەر هەرسێ لای ئاڵاکەشدا هێلێکی باریکی سەوز هەبووە.
ئاڵای میرنشینەکانی کوردستان
میرنشینەکانی کوردستان هەریەکەیان لەسەرەتای دامەزراندنیانەوە خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی سەربەخۆ یاخود نیمچە سەربەخۆبوون. کورد لە ماوەی سەدەی دەیەمی زایینی تاکو کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم خاوەنی ژمارەیەکی زۆر میرنشین بووە وەک میرنشنی (شەدادی، مەروانی، بابان، ئەردەلان، بێدلیس، سۆران، هەکاری، بادینان، لورِی گەورە، لورِی بچووک، حەسەنکێف، بۆتان….هتد، کە هەندێک لە میرنشینەکان تەمەنیان کەمتر لە سەدەیەک بووە و ئەوانیتریش تەمەنیان لە نێوان یەک سەدە تاکو حەوت سەدە بووە. بەشێک لە میرنشینە کوردییەکان لە سەدەی هەژدە و نۆزدە خاوەنی کۆمەڵێک تایبەتمەندی سەربەخۆ بوون وەک بەرزکردنەوەی ئاڵا، لێدانی سکەی پارە، دروستکردنی خوێندنگا و مزگەوت، دروستکردنی کەلوپەلی سەربازری وەک تۆپ و چەک، هەوڵدان بۆ فراوانکردنی سنووری میرنشینەکەیان. میرنشینی بۆتان و میرنشینی سۆران دووان لە میرنشینە بەهێز و ناسراوەکانی مێژووی کوردستانن کە شوێنەگەی دیرۆکی و جوگرافیان کەوتۆتە ناو ئینسکلۆپیدیا و ئەتلەسە کۆنەکانی جیهانەوە. میرنشینی سۆران بوو کە پایتەختەکەی رەواندوز بوو، لەسەردەمی پاشای گەورە خاوەن ئاڵایەکی تایبەت بە خۆی بووە کە لە دوو رەنگی رەش و سپی پێکهاتبوو، رەنگی رەش لە بەشی سەرەوەی و رەنگی سپی لە خوارەوەی ئاڵاکەی هەڵکەوتبوو.
ئاڵای راپەرِینی قۆچگیری 1921
دوای ئەوەی کوردەکانی قۆچگیری لە هەرێمی دێرسیمی باکووری کوردستان ئامادەنەبوون بچنە ژێر رکێفی تورکەکان و داخوازییەکانی مستەفا کەمالەوە، رووبەرووی هێزەکانی تورک بوونەوەو و ئاڵای سەربەخۆیی خۆیان هەڵدا. ئەو ئاڵایەش لە ژێر کاریگەری ئاڵاکەی ساڵی 1919ی (کۆمەڵەیا رێکخستنا جڤاکی) دروستکرابوو.
ئاڵای حکومەتی کوردستانی خواروو 1922
لەپاش ئەوەی کە ئینگلیزەکان ناچابوون سەر بۆ ویستی گەلی کورد دانەوێنن، شێخ مەحمودی حەفید (1882-1956)یان لە هیندستان گەرِاندەوە بۆ کوردستان. شێخ مەحمود لە رۆژی 30/9/1922 گەیشتەوە شاری سلێمانی و هەر زوو تەنگی بە هێزەکانی ئینگلیز هەڵچنی و ناچاریکردن، کە شاری سلێمانی بەجێبهێلن. ئەوەبوو لە ئۆکتۆبەری ساڵی 1922 شێخ مەحمود ئاڵای کوردستانی هەڵکرد و (حکومەتی خوارووی کوردستان)ی راگەیاند و هەردوو رۆژنامەی (بانگی کوردستان) و (رۆژی کوردستان)یش لەلایەن حکومەتی خوراووی کوردستان بڵاوکرانەوە. ئەو ئاڵایەی کە لەلایەن حکومەتی خوارووی کوردستان بە رێبەرایەتی شێخ مەحموود هەڵدرا پێکهاتبوو لە زەمینێکی سەوز و مانگێکی سپی لەسەر رەنگی سوور لە ناوەرِاستی ئاڵاکەدا. (برِوانە وێنەی ژمارە 6).
ئاڵای راپەرِینەکەی ئاگری 1929-1930
لە سەردەمی راپەرِینەکەی چیای ئاگری بەرێبەرایەتی ئیحسان نووری پاشا، رۆشنبیرە کوردەکانیش ئاڵایەکی تایبەت بە خۆیان دارِشت. کە رەنگی سەوز لەسەرەوە و و رەنگی سوور لە خواروە و رەنگی سپی لە ناوەرِاستدا و لەسەر رەنگە سپیەکەش وێنەی چیای ئاگری لەسەر خۆرێکی زەرد کێشرابوو. ئەم ئاڵایەش تایبەتبووە بە راپەرِینەکە، جگە لە ئاڵای نەتەوەیی کوردستان کە هەر لەوسەردەمەدا هەڵدرابوو.
ئاڵای کۆماری کوردستان لە مەهاباد 1946
لە سەردەمی دووەم شەرِی جیهانی و لەگەڵ بەرەوپێشچوونی بزوتنەوەی کوردی لە ئێران و پاشانیش راگەیاندن و دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە رۆژی 22/1/1946 کە شاری مەهاباد پایتەختەکەی بوو، ئاڵای سەربەخۆیی کوردستان هەڵدرا، کە هەمان ئەو ئاڵایە بوو لە ساڵی 1919 لەلایەن رێکخراوی (کۆمەڵەیا رێکخستنا جڤاکی کوردستان) دروستکرابوو بە کەمێک دەستکارییەوە. هەرچەندە هەندێک کەس پێیان وایە ئەو ئاڵایەی ئێستا کوردستان هەمان ئاڵای کۆماری کوردستانی 1946ە. بەڵام کۆمیتەی پەیوەندییەکنی دەرەوەی وڵاتی حزبی دیموکراتی کوردستانە ئاڵایەکیتریان بۆ ناردووم کە بە ئاڵای کۆماری کوردستانی ساڵی 1946 دەناسرێت. هەرچەندە تا ئێستاش سەبارەت بە ئاڵاکەی ساڵی 1946 گفتوگۆ هەیە، بەڵام من دوو وێنەم لە بەر دەستە کە لێکۆڵەرِەوان و خوێنەران دەتوانن برِیاری زیاتر لەسەر بدەن.
ئاڵای ئەمرِۆی کوردستان
سەرەتای دروستبوونی ئەو ئاڵایەی کە ئەمرِۆ وەک ئاڵای کوردستان و نەتەوەی کورد دەناسرێت دەگەرِێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم. کاتێک کۆمەڵ و رێکخراوە کوردییەکان لە ئەستەنبوڵ خەریکی دامەزراندنی کۆمەڵ و دەرکردنی گۆڤار و رۆژنامەی کوردی بوونە، لە هەمان کاتیشدا لە هەوڵی دروستکردنی ئاڵایەکی نەتەوەیی بوونە بۆ کوردستان. ساڵی 1919 (کۆمەڵەیا رێکخستنا جڤاکی کوردستان) کە لە ئەستەنبوڵ لەلایەن ژمارەیەک رووناکبیر و سیاسەتمەدار و کەسایەتی ناسراوی ئەو سەردەمەی کورد دامەزرا، لەگەڵ دامەزراندنی خۆی ئاڵای نەتەوەیی کوردستانی دروستکرد و داوای سەربەخۆیی کوردستانی دەکرد. ئەو کەسانەی بەشداریان لە دامەزراندنی رێکخراوەکە و ئاڵای نەتەوەیی کوردستان کرد بریتیبوون لە: ئەمین عالی بەدرخان (جزیرە بۆتان)، دکتۆر عەبدوڵڵا جەودەت (عەرەبگیر)، ئەکرەم جەمیل پاشا (ئامەد)، مەولانا زادە رەفعەت بەگ (سلێمانی)، نەجمەدین حوسێن (کەرکوک)، کەمال فەوزی (بێدلیس)، شوکری بابان (سلێمانی)، مەمدوح سەلیم (وان)، حیکمەت بابان (سلێمانی)، فوئاد بابان (سلێمانی)، دکتۆر شوکری محەمەد و فەرید بەگ.
ئەو ئاڵایەی کە ئەمرِۆ بۆمان ماوەتەوە هەمان ئەو ئاڵایەیە کە ئەو رێکخراوە نزیکەی 90 ساڵ لەمەوبەر برِیاری لەسەر دابوو، بە گوێرەی ئەو ئاڵایە رەنگی سوور لەسەرەوە و رەنگی سەوز لە خوارەوە و رەنگی سپی لە ناوەرِاستدا و لەسەر زەمینە سپیەکەش خۆرێکی زەرد دەدرەوشایەوە. بەگوێرەی نووسراوێکی نوورەدین زازا، ئەو بەچاوی خۆی بینویەتی کە هەمان ئەو ئاڵایە لەسەردەمی راپەرِینەکەی ساڵی 1925ی باکووری کوردستان لە جێگای ئاڵای تورکیادا بەرزکراوەتەوە. لە یەکەم کۆبوونەوەی دامەزراندنی رێکخراوی (خۆیبوون)یش هەمان ئاڵا لە ساڵی 1927 دووبارە وەک ئاڵای کوردستان برِیاری لەسەردراوەتەوە. بۆ یەکەمجاریش ئەم ئاڵایە لە ساڵی 1928 لە شاری فیلادەلفیا لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر بەرگی کتێبێکی میر سوورەیا بەدرخان بەناوی (The Case of Kurdistan Against Turkey، By authority of Hoyboon، Philadelphila، 1928) بەزمانی ئینگلیزی چاپکراوە کە لە ژێر ئاڵاکەشدا نووسراوە (Flag of Kurdistan). ئەم ئاڵایە لەسەردەمی راپەرِینەکەی چیای ئاگریش هەڵدراوە، جگە لە هەبوونی ئاڵایەکی تایبەتی بە راپەرِینەکە. (کۆمەڵەی ژێکاف)یش لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی 1942 بەدوا هەمان ئاڵای لە بۆنە و یادەکاندا لە شاری مەهاباد بەرزکردۆتەوە. ئەگەرچی ئەو ئاڵایە لەسەردەمی کۆماری کوردستان لە مەهاباد بوونی هەبووە، بەڵام کۆمارە یەک ساڵیەکە خاوەن ئاڵایەکی تایبەت بە خۆی بووە کە زۆر نزیک بووە لە هەمان ئەو ئاڵایە. دکتۆر کامەران بەدرخانیش هەمان ئاڵای ساڵی 1919ی وەک ئاڵای کوردستان نیشانی وڵاتانی ئەوروپای داوە. لە ساڵەکانی 1960یشدا (کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا) لە چەند بۆنە و یادێکدا هەمان ئاڵای کوردستانیان بەرزکردۆتەوە. رەوەندی کوردی هەموو بەشەکانی کوردستانیش لە ساڵانی 1970 بەدوا ناو بەناو لە بۆنە و یادەکاندا هەمان ئەو ئاڵایەیان وەک ئاڵای کوردستان بەرزکردۆتەوە. لە دوای راپەرِینەکەی ساڵی 1991ی باشووری کوردستانیش ئەو ئاڵایە لەسەر تەلاری هەندێک لە رێکخراوە سیاسیەکان و دام و دەزگاکانی راگەیاندن لە باشووری کوردستان دەبینرا، بەڵام لە ساڵی 1998 بەدوا لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بەرەسمی وەک ئاڵای کوردستان برِیاری لەسەر درا، کە تیشکی خۆرەکەی 21دانە تیشکە و لە چوار رەنگی سوور، سپی، زەرد، سەوز پێکهاتووە، کە لە هەندێک سەردەم و شوێندا ژمارەی تیشکەکانی ئاڵای کوردستان یان ئەوەتا زۆرتر بووە لە تیشکەکانی ئێستا یانیش کەمتر بووە و یاخود جۆری تیشکەکانی کورت و درێژ بوونە. لە ساڵی 2000 بەدوا سەجەم گەلی کورد و نزیک بە سەرجەم رێکخراوە سیاسیەکانی هەر چوار بەشەکەی کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش هەمان ئاڵایان وەک ئاڵای کوردستان و ئاڵای نەتەوەی کورد پەسند کردووە.

ئەم بابەتە کورتەیەکە لە لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوانتر سەبارەت بە سەرهەڵدانی ئڕڵا و مێژووی ئاڵاکانی کوردستان.
سەرچاوە:
1-Encyclopedie، Het Laatste Nieuws، deel 24، Brussel، 2005، p 364-365.
2-KURDISTAN In the Shadow of History، by: Susan Meiselas، Random House، Inc، New York، 1997، p 140.
3- Centre D´etudes Kurdes، Bulletin 11، Dr Kammuran Ali Bedir-khan، 1950، Paris.
4- کەسکە سۆر، نوردەین یوسف، کۆڤارا هاوار، هژمار: (30) 1/7/1941 شام.
سەرچاوە: تۆمارێکی تایبەت بۆ کوردیپێدیا لەلایەن (Rênas Newrozî) سەبارەت بە (ئاڵای کوردستان چۆن دروستبوو؟) لە: 2-2-2012 20:18:52
ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ كوردیپیدیا وه‌رگیراوه‌

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت