ئاڵای کوردستان بە فەرمی لە کەرکووک هەڵدرا و عێراقیش دژایەتی دەکا

0
728

ڕۆژی کورد: بە پێی بڕیاری  ئەنجومەنی شاری کەرکوک، ئاڵای کوردستان بە فەرمی لە سەرجەم شوێن و فەرمانگە دەوڵەتییەکان هەڵدرا.

حکومەتی عێراقش رایگەیاندووە، کەرکووک لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵ دایە و نابێ ئاڵایەک جیا لە ئاڵای عێراقی تێدا هەڵدرێت.

دوای ئەوەی کە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان لە فەرمانگەکانی کەرکوکدا  خستە دەنگ و بە دەنگی زۆرینە دانانی ئاڵای کوردستان لە فەرمانگەکانی کەرکوک بوو بە فەرمی.

بەپێی زانیارییەکان لیستەی تورکمانیی کەرکووک، دەنگی “نەرێنی”ـیان بەو گەڵاڵەیە داوە.

سەعد حەدیسی، گوتەبێژی نووسینگەی حەیدەر عەبادی لەمبارەوە بۆ ڕاگەیێندنەکان دواوە و گوتوویەتی: “تاوەکو ئێستا ئەو ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵین، بۆیە لە ناوچەکانی دیکەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان جگە لە ئاڵای عێراق، نابێت هیچ ئاڵایەکی دیکە لەسەر فەرمانگەکان هەڵبکرێت، ئەمە تەنیا لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدایە و کەرکووکیش لە چوارچێوەی ئەو پارێزگایانەدایە و پێویستە تەنیا پابەندی هەڵکردنی ئاڵای عێراق بێت”.

حەدیسی هەروەها گوتی: “هەرێمی کوردستان یاسای ئیدارەی پارێزگاکان نایگرێتەوە و پەرلەمان و حکومەت و یاسای تایبەتی خۆی هەیە، بۆیە ئاڵای کوردستان لە تەک ئاڵای عێراق هەڵکراوە و، هیچ کێشەیەکی نییە، بەڵام بۆ پارێزگاکانی دیکە، ئەمە پێچەوانەی دەستوور و یاسا کارپێکراوەکانە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت