ئاوڕێک لە گرنگی و کارەساتەکانی مانگی پووشپەڕ بۆ کورد/ پووشپەڕنامە

0
37

نووسینی: باهۆز زرێبا

پووشپەڕ، یەکەم مانگی وەرزی هاوینە، واتە کاتێک کە پووش بەهۆی زەردبوونیەوە دەپەڕێت. بەڵام من پێم وایە کە دەبێ هاوتەریب لەگەڵ پووشپەڕ، وشەیەکی دی دابنێین و ئەویش وشەی “کوردپەڕ”ـە! واتە مانگێک کە کورد بەهۆی شەهیدبوونیەوه، دەفڕێت. هەروەها ئەم مانگە پڕە لە سەدان شانازی و حەماسە کە بۆ هەتاهەتایە لە مێژووی کوردستاندا دەمێنێتەوە.

یەکەمی پووشپەڕمان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ۲٦۸۳ی کوردی (۱۹۸۳ی زایینی)، کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە شاری هەولێردا، چالاکییەکی گەورەی ئەنجام دا و ژمارەیەک بەکرێگیراویان بەدیل گرت. هەروەها لە ساڵی ۲۷۰٥ی کوردیدا (۲۰۰٥ی زایینی)، جەماوەری شاری “وان”ی باکووری کوردستان، خۆپیشاندانێکی فراوانیان لە دژی دەوڵەتی تورکیا ئەنجام دا، کە بووە هۆی سەرهەڵدانی پشێوی و لە ئاکامدا هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەستڕێژیان لە خۆپیشاندەران کرد، بەو هۆیەیشەوە هاوڵاتییەکی کورد گیانی لەدەست دا و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون.

دووهەمی پووشپەڕیشمان خوێناوییە و یەکەم جار دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ۲٦٦۳ی کوردی (۱۹٦۳ی زایینی)، کە لە لایەن ڕژێمی بەعسی ئێراقەوە، شاعیر و نووسەر و ئەدیبی کورد، “شێخ مارفی بەرزنجی”، لە سێدارە درا. مێژوو دووبارە دەستهەڵگر نەبوو و پووشپەڕی ۲۷۱۷ی کوردیشمانی (۲۰۱۷ی زایینی)، خەڵتانی خوێن کرد و ئەمجار لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، چەند پێشمەرگەی قارەمانی “کۆمەڵە”، بە دەستی ڕژێمی ئێران، شەهید کران.

لە دووەمی پووشپەڕەوە بەرەو حەوتی پووشپەڕ دەڕۆین: حەوتی پووشپەڕی ساڵی ۲٦۸۷ی کوردی (۱۹۸۷ی زایینی)، کاتێک کە “سەدام حسێین”ی گۆڕبەگۆڕ شاری “سەردەشت”ی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کیمیاباران کرد. لەو بۆمبارانەی سەردەشتدا، کە ئەو کات ١٢٠٠٠ کەس دانیشتووی هەبوو، ٨٠٢٤ کەس کیمیاوی کران و ١٣٠ کەس لە خەڵکی ئەم شارە شەھید کران.

لە حەوتەوە، خێرا دەڕۆین بۆ هەشتی پووشپەڕی ساڵی ۲٦۲٥ی کوردی (۱۹۲٥ی زایینی)، کاتێک کە “شێخ سەعید پیران”، لە لایەن کۆماری تورکیاوە، لە سێدارە درا. شێخ سەعیدی پیران، شۆڕشگێڕێکی کورد بوو کە لە ١٩٢٥دا بە یارمەتیی ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگە دژ بە حکوومەتی کۆماری تورکیا شۆڕشی کرد و بۆ ماوەیەکی زۆر گەمارۆی شاری ئامەدیان دا بەڵام ھێزەکەیان تێکشکا. بەڵام تورکیا جارێکی دی، ئەم جار لە ساڵی ۲٦۹۹ی کوردیدا (۱۹۹۹ی زایینی)، لە دوورگەی ئیمڕاڵی، سزای لەسێدارەدانی بۆ “عەبدوڵڵا ئەوجەلان” دەرکرد.

ئەمجار تۆزێک زۆرتر دەگەڕێینە دواوەوە: ۹ی پووشپەڕی ساڵی ۲٦۲۰ی کوردی (۱۹۲۰ی زایینی) بوو کە بەهۆی شۆڕشی بیستی ئێراقەوە، خۆپیشاندان و ڕاپەڕین لە باشووری کوردستان دەستی‌پێکرد. هەروەها لەو ڕۆژەدا، بەڵام لە ساڵی ۲٦٦۳ی کوردیدا (۱۹٦۳ی زایینی)، باشووری کوردستان لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای بەعسی سووریا، بە هاوکاریی سوپای ئێراقەوە، بومباران کرا.

۱٦ی پووشپەڕی ساڵی ۲٦۲۳ی کوردی (۱۹۲۳ی زایینی) بوو، کە دووبارە خەونەکانی کورد زیندەبەچاڵ کرا کاتێک دەوڵەتە کوردییەکەی “شێخ مەحموود” لە باشووری کوردستان، لە لایەن دەسەڵاتی شانشینی ئێراق و بریتانیاوە هەڵوەشێنرایەوە.

شەش ڕۆژ دەڕۆینە پێشەوە و دەگەین بە “۲۲ی پووشپەڕ”؛ ۲۲ی پووشپەڕی ساڵی ۲٦۸۹ی کوردی (۱۹۸۹ی زایینی)، کاتێک کە “دوکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملوو”، سیاسەتمەداری کوردی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە نەمسا (ئۆتریش) تیرۆر کرا. عەبدولڕەحمان قاسملوو (١٩٣٠ – ١٩٨٩) زانیارێکی بواری ئابووری و کۆمەڵایەتی و خەباتکار، پێشمەرگە و سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ماوەی ساڵانی ١٣٥٠ ھەتا ١٣٦٨. لە شاری ورمێ لەدایک بوو و لە شاری ڤییەن تیرۆر کرا. دوکتۆر قاسملوو کاتێک لەگەڵ چەند ھاوڕێی، ئامادەی وتووێژ سەبارەت بە ئاشتیی نێوان کورد و ئێران بوون، لە شاری ڤییەنی وڵاتی ئۆتریش، بە دست نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تیرۆر کرا.

بەڵام پووشپەڕ پڕیش بووە لە حەماسە! ۲۸ی ئەم مانگە بوو لە ساڵی ۲٦۸۸ی کوردیدا (۱۹۸۸ی زایینی) کە شەڕی “خواکورک” لە نێوان هێزی پێشمەرگەی پارتی دێموکراتی کوردستان و هێزی سوپای ئێراقی، لە سێگۆشەی سنووریی ئێران، تورکیا و ئێراق، هەڵگیرسا.

هەروەها مانگی پووشپەڕی ۲۷۱٦ی کوردی (۲۰۱٦ی زایینی) بوو کە شەڕێکی قورس لە نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزە تیرۆریستییەکەی سوپای پاسدارانی ئێران، لە ناوچەی کۆساڵانی سەوڵاوای ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هاتە ئاراوە و چەند پێشمەرگەی قارەمان شەهید کران و زەبرێکی زۆر قورس لە هێزەکانی سوپای پاسداران درا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت