ئاوڕێکی نوێ لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی شاعیری کورد مەلا غەفوور دەباغی/وتووێژ لەگەڵ ئیبراهیم دەباغی

0
135

ڕۆژی کورد: بێ گومان بۆ نەتەوەیەک وەک نەتەوەی کورد کە جیا لەوەی کە دابەش دابەشی ئەم و ئەو وڵات بووە و زلهێزان هەر جارەی بە مرازی دڵی خۆیان لابڕێکیان لێداوە و خەڵکانی تریان پێکردووە بە خاوەن خاک و ئاڵا و وڵات و لە هەمان کاتیشدا، هیچ کات جیا لە مافی نەتەوەیی خۆی و هەبوونی خاک و وڵات، مافی خوێندن و پەوەردەبوون بە زمانی زگماکیی خۆشی نەبووە، بوونی شاعیران و هۆنەر و نووسەران، یەکجار گرنگ بووە، بوونی شاعیران و نووسینی شیعر و دەربڕینی هەست بە زمانی زگماکی و نەتەوەیی کوردی لەلایەن شاعیرانی کورد، هەمیشە هۆکارێکی مەزن بووە ئەڕا پاراستنی زمانی کوردی وەک کۆڵەکە و بەردی بناخەی زمانی کوردی. جیا لەوەش شاعیران، هەمیشە هەوڵیان داوە، تەنانەت لە شیعری دڵداریشدا، ئازارەکانی کورد و هەستی نەتەوەیی و خەمی بێ وڵاتیی کورد بێننە گەڕ و داوایان لە کورد کردووە، دیلانی سەربەرستی و یەکگرتوویی ساز بکا.

یەکێک لەو شاعیر و هۆنەرە مەزنانەی کورد، مەلا غەفوور دەباغی ـیە. مەلا غەفوور دەباغی، ناسراو بە حافزی مەهابادی، جیا لەوەی کە پەندە کوردیەکانی بە جوانترین شێوە کۆکردووەتەوە و کردوونی بە شیعر، شیعری دڵداری و حەماسی و شۆڕشگێڕانەشی گەلێک هەن کە بارتەقایەکی فرە بەرزیان هەیە.

مەلا غەفوور دەباغی

خاڵێکی سرنجڕاکێش لەمەڕ ئەو شاعیرە مەزنەی گەلی کورد ئەوەیە کە وەک “شامی کرماشانی” و “ناسر ئاغابرا” لە نیعمەتی بینایی بێبەش بووە بەڵام ئەو نوخستانیە هیچ کات لە هەمبەر کوردپەروەری، هەست ناسکی و چالاکیی ئەدەبیی مامۆستا مەلا غەفوور نەبووە بە لەمپەر و لەبری ئەوەی کە لە ژیان بێزار و بێزراوی بکا، هانی داوە، بیر لە نەتەوەکەی و ئەدەبی نەتەوەکەی بکاتەوە و بەو جۆرە، بووە بە کۆلەکەیەکی پۆڵایین لە ئەدەبی کوردیدا و ئەرکی خۆی لە هەمبەر نەوەی داهاتووی خۆی، بەجێ هێناوە.

لەو بابەتەدا، هەوڵمان داوە بە لێدوان و وتووێژ لەگەڵ “ئیبراهیم دەباغی”، ناسراو بە “ئیبراهیم ڕۆژهەڵات”، یەکێک لە کوڕەکانی مامۆستا مەلا غەفوور دەباغی کە بە هۆی گوشارەکانی ڕژیمی سەرەڕۆی ئێستای ئێران، لە وڵاتی ئوسترالیا دەژی، ئاوڕێک لە ژیانی مامۆستا مەلا غەفوور دەباغی، شاعیری وشیار و هەست ناسکی کورد بدەینەوە. پێویستە لێرەدا سپاسی لەخۆبوردوویی و پشوودرێژیی “ئیبراهیم دەباغی” و ڕوونکردنەوە و شیکاریەکانی بەڕێزیان بکەین.

ئیبراهیم دەباغی

غەفوور دەباغی، کوڕی دەروێش عەبدوڵا کە دواتر بە مەلا غەفوور دەباغی یان “حافزی مەهابادی” ناوودەنگی دەرکرد، ساڵی ۱۳٠٦ی هەتاوی لە شاری سەقز لە کوردستانی ڕۆژهەڵای لە دایک بوو. دواتر ساڵی ١٣٢٠ بە هۆی پیشەی باوکیەوە کە دەباخچێتی بووە، ڕوویان کردووەتە شاری مهاباد و تا کۆتایی ژیانی لەوێ نیشتەجێ بوون و ئێستاش گڵکۆکەی لە ڕیزی گڵکۆی شاعیرانی نەتەوەیی کورد “مامۆستا هەژار”، “مامۆستا هێمن”، “خاڵەمین بەرزەنجی” و “مامۆستا محەمەد ماملێ” و چەند شاعیری هاوچەرخی تری کورد، لە گۆڕستانی شاعیرانی مەهاباد، مەزارگە و مرازگەی دڵی ئەڤیندارانی شیعر و ئەدەبی کوردیە.

هەڵبەت وەک ئیبراهیم دەباغی دەڵێ، بنەماڵەی مەلا غەفوور، هەر بە هۆی پیشەی باوکیان واتا دەروێش عەبدووڵا، بەر لەوەی بچنە مهاباد، کاتێک کە تەمەنی مەلا غەفوور، دوو تا دوو ساڵ و نیو بووە، چوون بۆ شاری بانە و تا ساڵی ۱۳۲٠ کە چوون بۆ مهاباد، لە شاری بانە ژیاون.

هۆکاری ئەو کۆچە، دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئاڵۆزی ئەو دەم کە حکومەتی ڕەزا شاە تێکچووە و حەمەڕەشید خان هێرشی کردووەتە سەر شاری بانە و لە ئەنجامدا، باوکی مەلا غەفوور و شەریک یان بڵێین هاوکار و هاوپشکەکەی بەناوی حاجای بابا، بە یەکەوە هەڵوەدای شارانی تری کوردستانی ڕۆژهەڵات بوون، بەڵام حاجی بابا لە بۆکان گیرساوەتەوە و دەروێش عەوڵا (عەبدووڵا) چووە بۆ مهاباد. هەڵبەت جیا لە باوکی مەلا غەفوور، دوو مامی تریشی لە شاری مهاباد ژیاون و نیشتەجێ بوون و بۆی هەیە هۆکاری گیرسانەوەی دەرویش عەبدووڵا لە مهاباد هەر ئەوە بووبێ.

وەک “ئیبراهیم دەباغی” دەڵێ، مەلا غەفوور لە تەمەنی ٢٤ ساڵاندا، واتا لە ساڵی ۱۳۳٠ـی هەتاوەیەوە دەستی کردووە بە هەڵبەست و شیعر نووسین.

مەلا غەفوور دەباغی بە هۆی ئەوەی کە لە تەمەنی دوو ساڵ و نیویدا واتە لە منداڵیەوە بە هۆی نەخۆشیی خولێرکە سۆمای چاوانی لەدەست داوە، نەیتوانیوە دەرس بخوێنێ و بۆیەش توانایی نووسین و خوێندنەوەی نەبووە و زۆربەی شیعرەکانی و بەتایبەت پەندەکانی لەسەر شریت (کاسێت) تۆمار کردووە بەڵام ساڵی ١٣٥٠ ی هەتاوی فێری نووسین و خوێندنەوەی خەتی “بریل” بووە کە ڕێنووسێکە تایبەت بە کەسانی نابینا.

وەک کوڕەکەی مەلا غەفوور بۆ ڕۆژی کورد باس دەکا، “نەبوونی بینایی چاو، لە تەمەنی منداڵی ـدا ئاسەوارێکی زۆر نەرێنی لە سەر ڕووح و ڕەووانی ئەو شاعیرە کوردە داناوە و زۆر جار گۆشەنشین و پەرتەوازەی کردووە بەڵام لە ئەنجامدا نەیتوانیوە پێش بە چرۆی هەستی شاعیرانە و نەتەوەیی مەلا غەفوور بگرێ.

“حافزی مهابادی”، کە هەر بە هۆی نابینا بوونی، بە “حافز” ناو براوە کە ناوێکە کە لە زمانی کوریدا بۆ ئەو کەسانەی کە لە نیعمەتی بینایی بێبەشن بەکار دێت، چوار جار ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە و ئەنجامی ژیانی هاوبەشی، یەک کچ و چوار کوڕ بووە بەناوەکانی “ئیبراهیم”، “کەژاڵ”، “ئیسماعیل”، “فایق” و “ڕێبوار” کە “کەژاڵ” منداڵی نۆبەرەو ” ئیسماعیل”، دووهەم و “ئیبراهیم” سێیەم و فایق و ڕێبوار منداڵی چوارەم و پێنجەمی مامۆستا مەلا غەفوور دەباغی ـن.

دوایین خێزانی مەلا غەفوور دەباغی کە لە ڕاستیدا دایکی پێنج منداڵەکەیەتی و ئێستاش دەژی و ماوە، ناوی عەزیمە عەلی محمەدی یە کە ڕێکەوتی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشیان بەتەواوی ڕوون نیە و بە گوێرەی گریمانەکان، ٥٦ یان ٥٧ ساڵ بەر لە ئێستا واتا ساڵەکانی ١٣٣٩ی هەتاوی یان ١٣٤٠ی هەتاوی بووە کە لەو تەمەنەدا مەلا غەفوور، ٣٦ یان ٣٧ ساڵان بووە.

هیچ کام لە کچ و کوڕەکانی مەلا غەفوور دەباغی یان باشترە بێژین “حافز مەهابادی”، هەستی شاعیریان یان نیە یانیش تا ئێستا خۆیان لەو بوارە نەداوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ یەکێک لە ئامۆژگاریە هەمیشەییەکانی باوکیان کە بەردەوام بە پێنج منداڵەکەی خۆی گوتووە: “هیچ کات وەدوای شاعیری و هونەر مەکەون، شاعیر و هونەرمەند، ژیانیان تاڵە”، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هۆگری بە شیعر و هونەر لە ناو خوێنی هەر کام لە منداڵ و یادگاریەکانی مەلا غەفوور دەباغیدا دەگەڕێ و ژیانیان دلۆڤان و گەش دەکات.

“حافزی مەهابادی”، دوو بەرهەمی چاپ کراوی لە پاش بەجێ ماوە کە بریتین لە: “دیاری مەهاباد”  و “دیوانی حافزی مەهابادی” کە لەو دواییانەدا بە هەوڵی بنەماڵەکەی و بەتایبەتی ماندووبوونی کچە تاقانەکەی مامۆستا واتا “خاتوو کەژاڵ دەباغی”، بەرهەمەکانی تری بەناوی “ئاسۆی ڕوون” و “پەندی پێشینیان’ چاپ و بڵاو کراونەتەوە کە ئەرک و ماندووبوونی نووسینەوەی شیعرەکانی لە ئەستۆی خاتوو کەژاڵ بووە و زۆر بە خەمخۆریەوە کۆی کردووەنەوە و لەسەریان شەکەت بووە.

وەک “ئیبراهیم دەباغی” لە وتووێژی خۆی لەگەڵ ناوەندی ڕۆژی کورددا باس دەکات، “مەلا غەفوور، شێعری بڵاو نەکراوەشی هەیە کە بنەماڵەکەی هیوا دەخوازن لە هەل و دەرفەتی گونجاودا چاپ و بلاو بکرێنەوە”، کە پێدەچی ئەوەش هەوڵ و هەڵمەتێکی ئەدەبدۆستانی کورد و بنکەکانی چاپ و وەشانی گەرەک بێت.

لە ڕووی تایبەتمەندیی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتەوە، مەلا غەفوور زۆر کوردێکی نیشتمانپەروەر بووە و وەک کوڕەکەی باسی دەکات، لە هەموو بوارەکانی ژیانی دا “دێموکرات”ـێکی تەواو عەیار بووە و هیچ کات نەچووەتە ژێر باری ویست و داخوازیە ناڕەواکانی داگیرکارانی کوردستان.

مەلا غەفوور دەباغی، جیا لەوەی کە ئیستاش لە ناو ئەدەب و ئەدەبدۆستانی کورددا، وەک کۆڵەکەیەکی قایمی ئەدەبی کوردی چاوی لێدەکرێ، لە سەردەمی ژیانیشیدا، خەلکی کوردستان بەگشتی و بەتایبەت مەهاباد  زۆر حورمەتیان لێگرتووە و بە هاناشیەوە هاتوون و لە هەر ڕوویەکەوە زۆریان ڕێز لێی گرتووە و چەندین جاریش کۆڕ و کۆبوونەوەی بۆ گیراوە.

ئیبراهیم ڕۆژهەڵات کوڕی مەلا غەفوور دەباغی لەمەڕ پەیوەندیی نێوان خۆی و باوکی و هەروەها هەستی تاکەکەسیی خۆی لەمەڕ ئەوەی کە کوڕی مرۆڤێکی وەها بووە ئێژێ: “ئێمە هەمیشە شانازیمان بە مەلا غەفوورەوە کردووە، سەرمان پێی بەرز بووە کە بنەماڵەی مرۆڤێکی ئەوتۆ بووین و هەین و لەگەڵ ئەوەشدا کە لە ڕووی ئابووریەوە لە چینی دارای کۆمەڵگای مەهاباد نەبووین، بەڵام بنەماڵەیەکی گەرموگوڕ و خنجیلانە و بەختەوەرمان بووگە”.

چەند نموونە لە شیعرەکانی مەلا غەفوور دەباغی “حافزی مەهابادی”.

شیعری: “بانگەوازێک بۆ گەلی کورد”

ئەو شیعرە لە ساڵی 1958ی زاینی، واتا سەرهتای شۆڕشی ١٤ ی تەمووزی عێراق هۆنراوەتەوه.

کوردینه وەرن پێکەوه پەیمانێ ببەستین

بیگانه فڕێ دەین و ئیتر “بوت” نه پەرستین

زنجیری ئەسارەت به هەموومان بپسێنین

دەس دەینه دەسی یەکتر و مەردانه هه ڵستین

یەک هەڵمەتی شێرانه بەرین بۆ “بوت”ـی گەوره

خۆی و دەس و پێوەندی له ئەستۆی سەگی بەستین

هەر شۆڕشە ئەمڕۆکه له سەرتاسەری دونیا

هەر میلەته پیرۆز دەبن و ئێمه شکستین

هەر مافه له زۆرداری به زۆری دەستێنن

هەر ئێمە وەها تەمبەڵ و بی هیممەت و سستین

ئەو خەڵکه له چاو ئێمه مەگەر ئاسنه لەشیان

یا ئێمه له چاو نەوعی بەشەر بێ دەس و مستین

ئێمەش له گەڵ ئەو عالەمه وا چاکه هەوڵدەین

چونکی هه موو دارای یەک ئامانج و مەبەستین

گوێ ڕانەگرین بۆ مەسەلەی حیز و سڵامەت

زیاتر لەوه بێ غیرەتیه ئێمه بوێستین

شەوگاری نەهاتی کەمی ماوه سپەر بێ

کوردینه وەرن، تۆ بی خودا لەم خەوه هەستین

ئیقدامێ بکەین هەرچی زووه، با لە وەتەنمان

ئاواره نەبین هەر وەکوو ئەعرابی فەلەستین

ناوبانگی هەبوو غیرەتی ئێمه له هەموو جێ

باعیس چیه وا ئێسته که بێ جووڵه و هەستین .

نموونەی دووهەم:

شیعری ناحەز و جوان، ئەوپەڕی هەست ناسکی و شارەزایی “حافزی مەهابادی” لە شیعر و ئەدەبی کوردیدا دەنوێنێ. هیچ خوێنەرێک نیە بە بیستنی ئەو شیعرە هەم گوێی دڵی بۆ شل نەکا و هەم بزە نەخزێتە سەر لێوانی.

ناحەز و جوان

تا بژیم تێت دەبڕم، خاوەنی جوانی و دەسەڵات

چاوی ئاوات و هیوام، ئەی گوڵی سەرتۆپی وڵات

دادەمرکێ کوڵی دڵ، تاوێکی تێخەم چ دەبێ

بە سەری نوکی زمانم لە بنی پەنجەی پات

ڕۆژی هەڵکەوتە دەجا بێ گوڵەکەم تێتخەم

لە ترۆمبێلی فیداکاری بەرەو کۆڕی خەبات

لێت دەبەم جارێ بە بێدەنگی، نەچی بیکەیە قاو

نێوی هاوکاری لەگەڵ شۆڕشەکەی دێموکرات

یاری شیرین! دە وەرە تا زووە، تا لێت نەچووه

تەمەنی جوانی، بژین پێکەوە، تاکەی بەتەمات

گیانەکەم خۆ تۆ هەزار جار پترت داوە بە من

قەولی بێ کردەوە هەر وشکە تریتم بە تەمات

کەنگێ بۆم دادەکەنی؟!! خۆمی بەسەردا کێشم

کەوشەکەت ماچ کەم و سەر دانێمە بەر پێت کز و مات

لێت نەچی ڕەنگە لەبەر تەنگی ئەشێ بۆت تەڕ کەم

دەستە نەرم و شلەکەت، بازنە ئازاری نەدات

توند و تیژی بەسە، بۆم تیل کە  دەبا لێی ڕادەم

بە سمێڵ گەسکی دەم ئەو تۆزە لە سەر شانی کەوات

تۆ لە سەر ئەو ڕقە بی، تێکدەچەقێنین لە پڕا

من لە پێت دڕکی مژۆڵ، تۆ لە دڵم تیری نیگات

هەر نەبێ تاقە یەکێکم دەیە تا خۆم نەکوژم

لەم هەموو دەسرە کە پێی دەسڕی دەم و لێوی نەبات

بێڵە خاوی کەمەوە، ڕەق بووە سندوقی سەرت

باری لێوم بە تکەی ئارەقەکەی سەر گۆنات

پاش و پێش هەر یەکە بۆ من، کە مەبەستم چوونه

زەردە لیمۆ چووە ناو دەستمەوە یا پرچی سیات

هەر لە لای تۆیە ئەوەی من دەمەوێ تێیکێشم

خۆڵی بەر پێتە لە چاوم گڕی ڕووناکی دەکات

حەز دەکەی جارێ بژیم بۆم وەرە پێش با تێینێم

دەم لە نێوانی مەم و سینە، وەخۆم ئاوی حەیات

نایەڵم بێشێ، وەرە پێشێ دەبا بۆت تێخەم

ئەم دوو ئەنگوستیلە ئاڵتونە لە قامکت بە خەڵات

دە وەرە گیان و قەوەت، تاوێ ئەوەم بگرە بەوەت

نەزمی دەستم بە سەری پەنجە، نەخۆشم، کەلەلات

من کە خۆم ناوەتە پێناوت، ئەتۆش بۆم فش که

قۆڵی ڕاستت بخەمە باسکم و دەرچین لە وڵات

با بکەم تۆبە لە سەر دەست و ئیتر دایهێڵم

ڕیشی بۆزم؛ ببمە سالکی بەر کۆشک و سەرات

تا کوتم کوانێ؟ بڵێ: هانێ! دڵم مەشکێنه

“حافز”ـم، موستەحەقم، چاو لە دەسی تۆم هەموو کات

جوانیی تۆی دا لە محەک، ناحەزیی من، بۆم دەرکەوت

ئەوەی جوانان هەیانە، بە تەنیا هەیە لات

گۆڵەکەم بۆیە نەشەت سازە دەڵێن چاکت دا

ئیمتیحانی شەشی ناوەندی، بژی مامۆستات

خۆت کەمێ شل کە، سەرت داخە دەبا پێتەوەنێم

دوو زەرو، کوڵمی گەش و چاڵی چەنەت زیپکە نەکات

سازدانی: هەڵمەت مەعرووفی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌