ئامریکا هەناردە کردنی نەوتی ئێران بۆ دەرەوە ڕائه‌گرێت و چاوپۆشی له‌ هیچ وڵاتێک ناكات

0
713

رۆژی كورد : ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بە نیازە چاوپۆشی بۆ کڕینی نەوت لە کۆماری ئیسلامی ئێران پووچەڵ بکاتەوە و دوای دە رۆژی دیکە هەموو وڵاتانی دەرەوە ناچار بکات هاوردە کردنی نەوت لە ئێران ڕابگرن و کۆتایی پێ بهێنن لە ئەگەری سەرپێچی لەم بڕیارە لە لایەن دەوڵەتی ئامریکا بایکۆت ئەکرێن و بە تۆندی سزا دەدرێن.

رۆژی یەکشەممە ٢١ ئاوریل رۆژنامەی واشێنگتۆن پۆست لە ڕاپۆرتێکی دا باسی لەوە کرد کە وەزارەتی دەرەوی ئامریکا لە درێژەی بڕیاری گۆشارەکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بە نیازە هەناردە کردنی نەوتی ئێران بۆ دەرەوە بە تەواوی ڕابگرێت، ئەم بڕیارە یەک ساڵ دوای دەرچوونی ئامریکا لە ژێر پەیماننامەی ناوەکی لە گەڵ ئێران و بە ئامانجی کۆتایی هێنان بە هەڵسووکەوتە ڕووخێنەرەکەکانی ئێران دەرکراوە.
 رۆژنامەی واشێنگتۆن پۆست هەروەها بە وتەی دوو کەس لە دەسەڵاتدارانی ئامریکا باسی لەوە کرد کە مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتی ئامریکا بە نیازە لە رۆژی پێنج شەممەی ڕێکەوتی ٢ مانگی داهاتوو هەموو لێبوورنەکان بۆ کڕینی نەوت و مادە نەوتیەکان لە سەر وڵاتی ئێران لابدرێت و هەناردە کردنی نەوت لەو وڵاتەوە قەدەغە بکرێت.
 دوابەدوای دەرچوونی ئامریکا لە پەیماننامەی ناوەکی بەرجام و پێش لە دەستپێکردنی بایکۆتە نوێکان لە لایەن دەوڵەتی ترامپ، دەوڵەتی ئامریکا مۆڵەتی ١٨٠ رۆژی بۆ هەشت وڵات دەرکردبوو بۆ کڕینی نەوت لە وڵاتی ئێران کە بە پێی بڕیاری نوێ ئەم مۆڵەتە رۆژی ٢ ی مانگی مەی کۆتایی پێ دێت و ڕائەگیرێت.
 هاوکات لە گەڵ دەسپێکردن و گەڕانەوەی بایکۆتەکان لە ساڵی ڕابردوو دا بۆ سەر ئێران وەزیری دەرەوی ئامریکا ئاماژەی بەوە کردبوو کە هەشت وڵاتی : چین، هێند، ژاپۆن، کوریای باشوور، تورکیە، ئیتالیا، یوونان و تایوان لیبووردنیان هەیە بۆ کڕێن و هاوردە کردنی نەوت و گاز لە وڵاتی ئێرانەوە بەڵام دوابەدوای ئەو بڕێارە لێبووردنە و لە کۆتایی ساڵی ڕابردوو برایان هۆک نوێنەری تایبەتی ئامریکا لە بەشی کاروباری ئێران ڕایگەیاندبوو لە کۆی ئەو هەشت وڵاتە کە لە لیستی لێبووردنەکان دا ناویان هاتووە سێ وڵاتیان هاوردە کردنی نەوتی ئێرانیان بۆ وڵاتەکەیان بە تێکڕایی ڕاگرتووە و ئامادە نەبوون لە گەڵ ئەو وڵاتە دانووستان بکەن و نەوتی لێ بکڕن، هەر چەند پێشتریش برایان هۆک لە دانیشتنێک لە وڵاتی ئەمارات ڕایگەیاندبوو کە وڵاتی ئامریکا لێبووردنەکان لە سەر هاوردە کردنی نەوت لە وڵاتی ئێران دووپات ناکاتەوە.

 ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا باس لەوە ئەکات کە پەیمانی ناوەکی بەرجام هیچ دەسکەوتێکی لە هەڵسووکەوتی وڵاتی ئێرانی نەبووە و سەرۆک ترامپ بە کۆتایی هێنان و دەرچوون لە ناوەڕۆکی پەیماننامەکە لە دوو پرۆسەی جیاواز لە ساڵی ڕابردوو دا بڕیاری بایکۆت و گۆشاری دووبارەی بۆ سەر ئەو وڵاتە دەرکردووە. ئامریکا باس لەوە ئەکات کە کۆماری ئیسلامی ئێران گەورەترین پشتیوانی تێرۆریسمی نێودەوڵەتیە و بە پێچەوانەی بەڵێنەکانی لە پەیماننامەی ژمارە ٢٢٣١ ئەنجۆمەنی ئەمنییەتی نێودەوڵەتی دروستکردنی مووشەکەکانی باڵستیکی خۆی درێژە پێداوە و بووەتە هۆی سەرەڕۆیی و نائەمنی لە ناوچە دا و بە گشتی لە رۆژهەڵاتی ناوین و هەنووکە سۆپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی لە سەرووی ئەمانەوە دیارە و بە دی ئەکرێت.
 لە ساڵی ڕابردوو هەروەها چەن هەوڵی تێرۆرکردنی دژبەرانی سیاسی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ئۆروپایی وەکوو فەرانسە، ئاڵمان، دانیمارک و هۆڵەند پووچەڵ کرایەوە و ئەو وڵاتانە ناچار بە هەوڵی دیپلۆماتیک دژی وڵاتی ئێران و کاربەدەستانی بوون.

 ئەگەرچی پێش ئێستاش زۆربەی وڵاتە رۆژئاواییەکان داوایان لە ئێران کردبوو کە تاقیکاریە مووشەکیەکانی ڕابگرێت و کۆتایی پێ بهێنێت بەڵام وڵاتی ئێران وازی نەهێناوە و تا ئەم ماوە دواییانەش تاقیکاریە مووشەکیەکانی بەردەوام کردووە و لە سەر زۆر لە مووشەکەکانی خۆی بە هەموو زمانەکانی لەوانە زمانی عیبری درووشمی نووسیوە کە یەک لەوانە کە زۆرترین جار بە کاری هێناوە دروشمی مەرگ و نەمان بۆ ئیسرائیلە کە وەک ئاماژەی پێکرا بە هەموو زمانەکان لە سەر مووشەکە دوورهاوێژەکانی ئەنووسرێت. وەزیری دەرەوەی وڵاتی ئامریکا ساڵی ڕابردوو باسی لە پێشنیاری شێوە ڕێگە چارەیەک کرد کە بریتی بوو لە ١٢ مەرج کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا وەکوو ڕێگا چارە بۆ دانووستان و وتووێژ لە گەڵ ئێران داینابوو کە لە ڕاستی دا داواکاریەکانی ئامریکا بوون لە کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ گۆڕانکاری لە هەڵسووکەوتەکانیان لە ناوخۆ و ناوچەکە دا کە بە داخەوە وەک چاوەڕوان دەکرا ئێران قەبووڵی نەکرد و وازی لە ئیش و کردارەکانی نەهێنا یەکێک لە مەرجە سەرەکیەکانی وڵاتی ئامریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی کۆتایی هێنان لە پشتیوانی لە تێرۆریزم و پشتیوانی نەکردنیان لە گرووپە تێرۆریستەکانی وەکوو حێزبۆڵڵای لۆبنان بوو و هەروەها کۆتایی هێنان بە دەستێوەردان لە ئیش و کارەکانی وڵاتانی ناوچەکە و ڕاگرتنی باری ئەمنی و ئاسایشی ناوچەکە بەڵام مخابن ئێران نەچووە ژێر بار و شێوەکارەکانی قەبووڵ نەکرد هەر بەو هۆیە وەک چاوەڕوان ئەکرا و ئاگادارین کەوتە بەر ئاگری ڕق و کینەی وڵاتی ئامریکا و بایکۆتی هێزی سەرەکی ئەو وڵاتە سۆپای پاسدارانی وەک یەکەم هەنگاو دەست پێکرد.



سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.