ئامریکا هێزه‌ سەربازیه‌كانی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هێز ئەکات

0
626

رۆژی كورد :
بە پێی ڕاپۆرتی وەزارەتی بەرگری ئامریکا  هاوکات لە گەڵ بەردەوامی کێشەکانی نێوان ئێران و دەوڵەتی ئامریکا بەرپرسانی ئەو وڵاتە کەشتییەکی شەڕکەر و سیستمێکی بەرگری مووشەکی پاتریۆت بۆ ناوچەکە بەڕێ ئەکەن.

ناوگانی شەڕکەری یو.ئێس.ئێس ئاڕلینگتۆن کە بۆ گواستنەوەی فڕۆکە و كه‌ره‌ستەکانی گواستنەوەی ئاوی ـ خاکی بە کاردەبرێت بە ناوگانی فڕۆکەهەڵگری یو.ئێس.ئێس ئابراهام لینکۆڵن پەیوەست بوون. هاوکات ئامریکا ٤ بۆمبهاوێژی مودێل بی ٥٢ بۆ دامەزراوە سەربازیەکانی خۆی لە وڵاتی قەتەر بەڕێ ئەکات.
بەرپرسانی ئامریکا ئاماژەیان پێداوە ئەم هەنگاوانە لە وڵامی ئەگەری هەڕەشەکانی ئێرانە بۆ سەر بەرژەوەندیەکانی وڵاتی ئامریکا لە ناوچەکەدا. ئامریکا زانیاری زۆرتری لە هەمبەر چۆنیەتی هەڕەشەکانی ئێران ئاشکرا نەکردووە بەڵام لە هەمان کات دا ڕژیمی ئێران بانگەشەکانی ئامریکای بێ بنەما ناوبردووە. ڕژیمی ئێران ئامانجی ئامریکای لە ڕاگەیاندنی زانیاری دەستکرد وەکوو ئەوەی بووە هۆی هێرشی ئەم وڵاتە بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ دا ناودێر ئەکات و هاوکات باس لەوە ئەکات ناردنی ئەم هەموو کەرەستەی شەڕ و سەربازی بۆ ناوچەکە بەشێکە لە سازکردنی شەڕی ڕەوانی دەوڵەتی ئامریکا دژی وڵاتەکەیان.
ڕۆژی جۆمعەی ڕابردوو پێنتاگۆن وەزارەتی بەرگری ئامریکا ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتی ئامریکا داواکاری شەڕ و ئاڵۆزی لە گەڵ ئێران نیە بەڵام هاوکات ئەوەی زیاد کرد ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا هەموو کات ئامادەیە بۆ بەرگری لە هێزەکانی ئامریکا و بەرژەوەندیەکانی لە ناوچەدا. وەزارەتی بەرگری ئامریکا باسی ئەوە ئەکات کە ئەوان جمووجووڵەکانی ئێران لە ناوچەکەدا بە وردی چاودێری ئەکەن و ئاگایان لە هەموو چالاکیەکانی ڕژیمی ئێرانە لە ناوچەدا. پێنتاگۆن هاوکات باسی ئەوەی کردووە سیستەمی پاتریۆت کە توانایی بەرەنگاری لە گەڵ مووشەکی باڵستیک، مووشەکی کڕووز وە هەروەها تەیارە پێشکەتووەکان هەیە بۆ ناوچەکە بەڕێ کراوە لە لایەن دەوڵەتی ئامریکاوە.
لە لایەکی دیکەوە هەواڵنێری سی ئێن ئێن لە ڕاپۆرتێکی خۆی دا ڕایگەیاندووە کۆشکی سپی ژمارە تەلێفوونی پەپوەندی لە گەڵ دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئامریکا بۆ بەرپرسانی باڵۆێزخانەی سوییس ناردووە بۆ ئەوەی لە ئەگەری داخوازی ئێران بۆ پەیوەندی گرتن لە گەڵ سەرۆک کۆماری ئامریکا بخرێتە بەردەستیان. رۆژی ڕابردوو سەرۆک کۆماری ئامریکا لە کۆشکی سپی لە بەرانبەر هەواڵنێران و ڕۆژنامەنووسان دا ڕایگەیاند پێم خۆشە دەوڵەتی ئێران پەیوەندیم پێوە بگرن.
هەواڵنێری سی ئێن ئێن بە پێی وتەی بەرپرسێکی ئاگادار باسی ئەوەی کردووە تەنیا لە ئەگەری داواکاری و خوازیاری ئێران دا باڵوێزخانەی سوییس ئەم ژمارە ئەخاتە بەر دەستی ئەوان و بە پێی بڕوای ئەو بەرپرسە ئاگادارە ئەگەری ئەم داواکاریە لە لایەن بەرپرسانی ئێرانیەوە زۆر کەمە. بەرپرسانی کۆشکی سپی لە سەر ئەو بڕوایەن سەرۆک کۆماری ئامریکا ئەم هەڵسووکەوتەی لەوپەڕی ڕاستگۆیی دا بە ئەنجام گەیاندووە.
دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئامریکا ڕۆژی پێنجشەممە حەز و ویستی خۆی بۆ وتووێژی تەلێفوونی لە گەڵ بەرپرسانی ئێران دەربڕیبوو، ترامپ لە کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە دا چاوەڕوانی رۆژێک ئەکات یارمەتی ئێران بکەن بۆ گەڕانەوەی بۆ بارودۆخێکی باش و گونجاو و هەروەها ئێمە نامانهەوێت زیانێک بە ئێران بگەینین. سەرۆک ترامپ لە درێژەی وتەکانی خۆی دا باسی لەوە کرد کە دەوڵەتی ئامریکا تەنیا خوازیاری دەست پێڕانەگەیشتنی وڵاتی ئێرانە بە چەکی ناوەکی بەڵام هاوکات ئێران ئەڵێت پرۆگرامی ناوەکی وڵاتەکەی ئاشتیخوازانەیە.
بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکیەتی ئۆروپا و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی بریتانیا، ئاڵمان و فەرانسە باس لەوە ئەکەن کە پەیڕەوی وڵاتی ئێران لە پەیماننامەی ٢٠١٥ بەرجام هەڵدەسەنگێنن و هاوکات بەردەوام ئەبن لە ڕاگرتنی ناوەڕۆکی پەیماننامەکە بەڵام لە هەمان کاتدا هەر چەشنە هەڕەشەیەک لە لایەن ئێرانەوە وەرناگرین کە لە سەر ڕێدۆزی بەڵێنەکانی ناوەکی ئێران نەبێت بە پێی بڕیارنامەی بەرجام و لە ئەگەری ڕوودانی شەڕی نێوان ئامریکا و ڕژیمی ئێران ئەوان ناچارن بە پێی بڕیارنامەی ناتۆ پشتیوانی لە هێزەکانی ئامریکا بکەن.
ئێران رۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە دەستەبەربوونی سنوورداریەکانی پەیوەندیدار بە چالاکیە ناوەکیەکانی لە هاوپێچی بڕیارنامەی ناوەکی لە گەڵ زلهێزەکان تا ئەو کاتەی دەوڵەتانی ئۆروپا ڕێگاچارەیەکی بۆ دیاری بکەن ڕادەگرێت. واشنگتۆن حکوومەتی تارانی تاوانبار کردووە بەوەی کە دەستی داوەتە هەڕەشە و گۆڕەشە و تۆقاندنی دەرەوە بەڵام ڕژیمی تاران ئەڵێت ئەم ڕێکارە لە وڵامی بایکۆتە یەک لایەنە و بەربڵاوه‌كانی واشنگتۆنە بۆ سەر وڵاتەکەیان کە لە ساڵی ڕابردوو دوابەدوای دەرچوونیان لە ڕێکەوتنی بەرجام دەستیان پێکردووە و زەبرێکی بەهێز بووە بۆ ئابووری ئێران.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.