ئامادەبوون بۆ هەنگاوەکانی پاش قۆناغی بایکۆتی هەڵبژاردن

0
150
ڕەشید زەرواوی
                        ڕەشید زەرواوی

نووسەر: رەشید زەرواوی

رۆژی هەینی ٢٢ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی بەرانبەر بە ١٢ی ژوئێنی ٢٠٠٩ی زایینی دەیەمین خوڵی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بەرێوە چوو.

پاش لە بێژنگدانی بەربژێرانی سەرۆک کۆماری لە لایەن شۆرای نیگابانەوە (چاوەدێر) و لە کۆتاییدا ناوی هەرکام لە “مەحموود ئەحمەدی نەژاد، موحسێن ڕەزایی،میرحوسێن مووسەوی و مەهدی کەڕووبی” وەک کاندیداتۆڕانی سەرۆک کۆماری ڕاگەیەندرا.

کاندیداتۆڕەکان کەوتنە خۆ، لە تەلەفیزۆنی کۆماری ئیسلامی مشتوومڕیان بۆ ڕێک خرا و هەرکام بە جۆرێک ئەویتریان تاوانبار کرد. ئەحمەدی نەژاد لە کێشمەکێشی نێوان خۆی و میرحوسێن مووسەوی پەلاماری ڕەفەسنجانی دا و سەرەنجام ڕەفسەنجانی نامەی ناڕەزایی بۆ عەلی خامنەیی نووسی. بەم شێوەیە تەندووری هەڵبژاردن گەرم کرا. هەرکام بە جۆرێک قەول و بەڵێنی بە گەلانی ئێران دا و لە کۆتاییدا ئەژمارێک بەرپرسی ناوەندەکانی هەڵبژاردنی سەر بە ئەحمەدی نژاد پەشیمان بوونەوە و پاڵیان بە مووسەوییەوەدا.

پاش کۆتایی هاتنی هەڵبژاردن میرحوسێن مووسەوی لە نێوان لایەنگرانی چەند ملیۆنی لە تاران سەرکەوتنی خۆی ڕاگەیاند، بەڵام دواتر دەوڵەت لە ڕاگەیاندنێکی فەڕمیدا بە پێچەوانەی ئیدەعاکەی مووسەوی ، مەحموود ئەحمەدی نژادی بە براوی هەڵبژاردنەکان ناساند.

بە پێی ئەو ئامارە مەحموود ئەحمەدی نژاد رێژەی ٦٢،٦٣لە سەد[ 24.527.516 دەنگ]، میرحوسێن مووسەوی رێژەی ٣٧،٧٥ [ 13.216,411دەنگ]،موحسین رەزایی رێژەی ١،٧٣ [678,240دەنگ] و مەهدی کەرووبی رێژەی ٠،٨٥ [ 333.635دەنگ]لەسەدی دەنگەکانیان بەدەست هێنا.

مووسەوی ناڕەزایەتی خۆی دەربڕی و لە نامەیەکدا بۆ عەلی خامنەیی، شێوازی هەڵبژاردنی خولی دەیەمی سەرۆک کۆماری بە سێحربازی دەزگای دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی ناوبرد. بەدوای ڕاگەیاندنی ئاکامی هەڵبژاردنەکان نزیک بە سێ ملیۆن کەس لە لایەنگرانی مووسەوی لە مەیدانی ئازادی تاران خۆپیشاندانیان ساز کرد و لە باقی شارەکانیتری ئێرانیش درێژەی کیشا و لە ئاکامدا بە توندترین شێوە لە لایەن حکوومەتەوە ئەو خۆپیشاندانانە سەرکوت کران و ژمارەیەکی زۆر لە خۆپیشاندەران بە گوللەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەتییەکان کوژران و بریندار بوون و ژامرەیەکیش دەست بەسەر کران و مووسەوی و کەرووبیش ڕاپێچی زیندان کران.

بە هۆکاری ئەوەی کە مووسەوی و کەرووبی هیچیان بۆ نەتەوە ژێردەستەکان پێ نەبوو، باقی گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد بێدەنگیان هەڵبژارد و خۆیان تێکەڵ بە کێشەی نێوان باڵەکانی حکوومەت نەکرد.

ئێستا وا دیسان شانۆی هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیدا سەری هەڵداوەتەوە بەڵام ئەمجارەیان بۆ مەجلیسی کۆماری ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگان.

حکومەتی ویلایەتی فەقێ بە درێژایی ٣٧ ساڵ تەمەنی دیکتاتۆری خۆی هەموو جارەو بە شێوازێکی تایبەت بۆ کەڵک وەرگرتن لە هەڵبژاردن وەک کۆڵەکەی مانەوەی خۆی سناریۆی جیاوازی داتاشیوە و لەو بوارەشدا سەرکەوتنی بەدەست هێناوە.

لە نوێترین سناریۆدا، عەلی خامنەیی بە ئاشکرا لە دژبەرانی خۆی پاڕایەوە تا بەشداری هەڵبژاردنی ئەو جارەی پارلمان بکەن. بەڵام نە عەلی خامنەیی ڕوونی کردۆتەوە کە ئایا دژبەرەکانی مافی خۆپاڵاوتنیان هەیە یان بە تەنیا دەتوانن دەنگ بدەن و نە دژبەرانیش پرسیارێکیان لە عەلی خامنەیی کردووە کە ئەگەر ڕاست دەکات، بۆ هەر ئێستا بە سەدان و هەزاران کەس لە دژبەرانی کۆماری ئیسلامی لە زیندانەکان دان و لەبەرچی عەلی خامنەیی بۆ نیشاندانی نیازپاکی خۆی دەستووری ئازادکردنی ئەوانە نادات تا بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن؟

وەک هەڵس و کەوت و گوتارەکان دەریدەخەن، سناریۆکەی ئەمجارەی عەلی خامنەی بۆ گەرم کردنی تەندووری شانۆی هەڵبژاردن بە بێ هیچ بیرکردنەوەیەک هەر لە ئێستاوە کاریگەری خۆی داناوە و خوازیارانی دەسەڵات کەوتوونەتە خۆ. لەو ناوەشدا هەوڵەکانی “جنبش همبستگی برای دمکراسی و حقوق بشر در ایران” واتا بزاڤی یەکگرتوویی بۆ دێمکوراسی و مافی مرۆڤ لە ئێران، بە سەرۆکایەتی حیشمەتوڵا تەبەرزەدی لە پێش ئەوانیترەوەیە (حیشمەتوڵا تەبەرزەدی کە لەسەر یەک نزیک بە شازدە ساڵ لە زیندان بووە، یەکەم کەس بوو کە عەلی خامنەیی وەک وەلی ئەمری موسلەمین ناساند و یەکەمین کەسیش بوو کە ناوی سەرداری ئاوەدانی لە ڕەفسەنجانی نا). هەرچەند ئەو بەرەیە لە میدیاکان باس لەوە دەکات کە لە سیستمی کۆماری ئیسلامی دا هیچ گۆڕانکارییەک چی نابێ، بەڵام لەسەر تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی وەک تێلگرام باسێکیتر دێننە گۆڕێ و پاڵێوراوانی خۆیان بە لایەنگرەکانیان دەناسێنن، واتە پارادۆکسێک لە قسە و کردەوەدا بەدی دەکرێ. بەدەر لە چاک یان خراپ بوونی ئەو بەرەیە و بەرەی هاوشێوەی بە هێندێک هۆکار هەڵبژاردنی ئەمجارەی مەجلیسی کۆماری ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگان (بژاردەکان) بۆ گەلی کورد، جیاوازی لەگەڵ خولی دەیەمی سەرۆک کۆماری هەیە.

هەرچەند بەداخەوە ئەمجارەش گەلی کورد و بەتایبەت هێزە سیاسییەکان بەسەر دوو بەرەی لایەنگر و دژبەری (بایکۆت) دابەش بوون و نەیانتوانی لەسەر پرسی هەڵبژاردن کۆک و هاودەنگ بن، بەو حاڵەشەوە گریمانەی ئەوە دەکرێ کە جارێکیتر کۆماری ئیسلامی پەنا بۆ فرت و فێڵ بەرێ و لە ئاکامدا ناڕەزایەتی بەربڵاوی لێ بکەوێتەوە.

کورد لە دوای هەڵبژاردن:

ئەگەر خولی پێشوو، کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان، بە هۆکار یان هۆکارگەلێک و بەتایبەتی نەبوونی هێزی پێشمەرگە لە ناوخۆی وڵات و هەروەها لەسەر سنوورەکان ئامادەیی ئەوەی نەبوو بە باشی کەڵک لە دەرفەتەکان وەرگرێ و لە لایەکی تریشەوە بە هۆی خۆ نەدیتنەوەی گەلی کورد لە کێشەی نێوان باڵەکانی حکوومەت بێ دەنگی هەڵبژارد، ئەوا ئەمجارە بە پێچەوانەیە. واتا هەم هێزی پێشمەرگە لە سەر سنوورەکان بوونی هەیە و لە ماوەی ساڵی رابردوو دا توانیویەتی زۆر بەباشی پێوەندی خۆی لەگەڵ ناوخۆ توندوتۆڵ بکات و هەمیش کۆماری ئیسلامی زیاتر کەوتۆتە پەراوێزەوە و گەلانی ئێران زێدەتر لە جاران ناڕازین و هیوایەک بۆ گۆڕانکاری لەو ڕێژیمەدا بەدی ناکرێ و لەم سونگەیەوەیە کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەرکێکی قورستر لە جاران دەکەوێتە سەرشانی.

بە سەرنجدان بەوەی کە بەرەی هەمبەستەگی بۆ دێموکراسی و مافی مرۆڤ لە ئێران، زۆر بە جیددی خەریکی خۆ رێکخستنە و بەتایبەت لە تاران و یەکێک دەبێ لە گەورەترین دژبەرەکانی ڕێژیم کە پێدەچێ زۆربەی ریفۆرمخوازەکان پاڵی پێوەبدەن، بەڵام لە کۆتایی شانۆی هەڵبژاردندا کە وەک هەموو جارێک بە قازانجی رێژیم کۆتایی پێ دێ، ئەگەری ئەوە هەیە کە رێژیم تووشی گیروگرفت بکات و سەرهەڵدانی بەرینی خەڵکی ناڕازی لێبکەوێتەوەکە لەو نێوەدا گەلی کوردیش جیاواز لە جاری پێشوو بە پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەتوانێ بە باشترین شێوە کەڵکی لێوەرگرێ و تەنانەت تا ئاستی ڕاپەرینی سەرتاسەری لە کوردستان و ئێران و رووخانی ڕێژیم. بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە کە هەموو هێزەکانی کورد چ ئەوانەی پشتگیری لە هەڵبژاردنەکان دەکەن و چ ئەو هێزانەی بایکوتیان کردووە، خۆیان بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە بکەن. پێوەندییەکانیان لەگەڵ نێوخۆی وڵات پەرە پێ بدەن، شانە تەشکیلاتییەکان بە هێز بکەن و هەروەها هێزی پێشمەرگەش بەتەواوی بخەنە ئامادەباشییەوە. لە لایەکیتریشەوە پیویستە گەلی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات ئامادەگی تەواوی هەبێ کە لەو بوارەدا چالاکانی سیاسی و مەدەنی، خوێندکاران، مامۆستایانی قوتابخانەکان و مامۆستایانی ئایینی و کەسایەتییەکان دەتوانن ڕۆڵی گرینگ بگێڕن و لە رێکخستنی خەڵک هاوکار و یارمەتیدەر بن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت