ئاغاكەی لای ئێمە

0
24

سامڕەند هەژار

لە ناوچەی ئێمە ئاغایەك هەبوو زۆر بە خۆی دەنازیی، حیسابی بۆ دەوروبەری نەدەكرد. دەڵێن بە منداڵیش هەر وابووە، گۆیا لە سەردەمی منداڵیدا كاتێك هەفاڵەكانی باسی بەهشت و جەهەننەمیان كردوەو وتوویانە لە دوای مردن خراپەكاران دەچنە جەهەننەم و چاكەكارانیش دەچنە بەهەشت، لە وەڵامدا ووتبووی من كوڕی (هورمز ئاغام) كە مردم و چوومە ئەو دونیا، بڵێم كوڕی هورمزئاغام، ئیتر یەكسەر ڕەوانەی بەهەشتم دەكەن.
ئەم كوڕەی هورمز ئاغا گەیشتە هەرەتی لاوی و چووە مەدرەسەو خوێندی، تێكەڵی خەڵك بوو، چووە شارە گەورەكان و شوێنی دیكەو وڵاتانی دیكەی دیی، بەڵام گەڕان و بینینی شوێنەكانی دیكەو داب و نەریتە جوانەكان كاریگەری نەخستە سەر هەڵسوكەوتی.
گەرەكی لای خۆمان وناوچەكەو دەوروبەرو هاوشاریەكانی، ئەگەر بە مەیل و ویستی كوڕی هورمزئاغا هەڵسوكەوتیان نەكردایەو لە گەڵ بۆچوونەكانی یەك نەبوونایە شیرو تیری لێ‌ دەسوون و هەموو كارێكی دەكرد بۆ لە ناوبردنیان. تەنانەت پشتی بە نەیاریش دەبەست بۆ ئەوەی هەر خۆی ئاغا بێ‌ و كەس نەبێ‌ زمان لە حاستی بگێڕێ‌.
بەڵی شانسی خەڵكی ناوچەكەی ئێمە خراپ و ڕەش بوو، چونكە كوڕی هورمزئاغا، سەیر ئەوە بوو كێشەی بۆ خەڵكی دەوروبەرو هاوشاریەكانی دروست دەكرد بەڵام لە گەڵ بێگانەو چاوچنۆكانی دەوروبەر فسۆك و هیچ لە دەست نەهاتوو بوو.
بە هۆی ئەوەی خوێندبووی و دەستی میرزایی هەبوو و هەروەها بەو باگراوەندو بیركردنەوەی كە هەر لە منداڵیدا هەیبوو، هەستی خۆفەڕز كردن بە سەر دەوروبەردا لە ناخیدا گەڵاڵەی كردبوو، گوێی لە بۆچوونی هەڤاڵەكانی نەدەگرت و گرینگی بە توانای ئەوانیش نەدەدا. زۆر زیاتر لە خۆ بایی ببوو. كاری سەیرە سەیرەی دەكرد، جاری وابوو رفیقكانی گورگان خواردوو دەكرد، تەنیا لە بەر ئەوەی نەبنە كۆسپی سەر ڕێگەی، رفیقی وای هەبوو لە دەستی هەڵدەهات بۆ ئەوەی لە شەڕی بە دوور بێ بەڵام بەو حاڵەش لە یەخەی نەدەبۆوەو بە بێگانە بە كوشتی دەدا. حەزی لە شەری خۆبەخۆ بوو، هەر لەبەر ئەوەی كەس مەترسی بۆ جێگەو پێگەكەی دروست نەكا.
ئەوەندە خۆبەزلزان بوو كە قسەی نزیكەكان و خواجە غوڵامەكانیشی نەدەبیست، ڕەنگە بەشێك لە هۆكارەكان بۆ بەردەوامی خۆبەزلزانی كوڕی هورمزائاغا بۆ بێ‌ دەربەستی هێندێك كەس لە دەوروبەرە زۆر نزیكەكانی بوو. كوڕی هورمزئاغا گوێی بەوە نەدەدا خەڵكی دەوروبەری چیان بەسەر دێ‌، تەنیا گرینگی بە بوونی خۆی وەك یەكەم بوون و گەورە بوونی خۆی دەدا. ئەو بیركردنەوە سەقەتەی بووە هۆی تێداچوونی.
هەر لە بەر دژایەتی كەسە چاكەكانی هۆز و شارەكەی بە مەبەستی مانەوەی خۆی وەك گەورەی عەشیرەت و دەوروبەر، هەوڵیدا لە گەڵ دژمنانی میللەت دەست تێكەڵ بكا بەلام ئەوانیش ڕەحمیان پێ‌ نەكردو لە كاتی قسەو وتووێژدا كوشتیان و لە ناویان برد. دوای لە ناوچوونی، خەڵكی شار و ناوچە دڵخۆش بوون كە ئیتر كۆتایی بە مڵۆزم و بەدی عەشرەت و بەدی شارەكەیان هاتوە بەڵام بۆ بەدبەختی ئەوانەی هەمیشە بە دواوەی بوون، دوای لە ناوچوونی كەوتنە تەعریف كردن و پێدا هەڵگوتنی و بە قوتبی مەدارو ئاغای ئاغاكان و پیاو چاكی چاكەخوازو ئاشتیخواز ناویان دەهێنا.
ئەو بەیت و باڵۆرە درۆ و بێ‌ بنەمایەیان ئەوەندە وووتەوە كە لای هێندێكان بوو بەراستی و ژمارەیەك وا بیردەكەنەوە كوری هورمزائاغای شەرخوازو بەدی شار، پیاوی ئاشتی و كەسێكی چاك بووە.
ئەو بیركردنەوە سەقەت و نەزانانەیە وای كردوە كە خەڵكی شارو دەوروبەری تا ئێستاش بە مەینەتی و دەردو ژێر چەپۆكەیی بمێننەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌