“ئاشتبوونەوە”ـکەی خاتەمی و “ئاشتنەبوونەوە”کەی خامنەیی

0
616

 سمایل شەرەفی  
سمایل شەرەفی

نووسینی: سمایل شەرەفی

لە بەرەبەری ساڵڕۆژی سەرکەوتنی!  شۆڕشی گەلانی ئێران و دامەزرانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئێران، سەید محەممەد خاتەمی، سەرۆک کۆماری پێشووتری دەوڵەت و ڕێبەری بەرەی ڕێفۆرمخواز، لە پەیامێکی کورتدا باسی لە ڕاگەیاندنی “ئاشتی میللی” لە ئێران کردو وتی: “بۆ ئەوەی پێشگیری لە شەڕ بکرێ، پێویستمان بە ئاشتی میللی هەیە”. ئەم پەیامەی ناوبراو، کۆمەڵێک هەڵوێست و بیڕوڕای جیاواز و دژبەیەکی لێکەوتەوە کە گرینگ‌ترینیان، هەڵوێستی توندی ڕێبەری نیزام، عەلی خامنەیی بوو. ناوبرا لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاند ؛ “ئاشتی میللی هیچ واتایەکی نیە”!. عەلی خامنەیی ڕۆژی ٢٧ی ڕێبەندان لە کۆبوونەوەیەکی‌دا لەگەڵ بەشێک لە خەڵکی پارێزگای تەورێز لە وڵامی خاتەمی‌دا وتی: “بۆ مەگەر خەڵک پێکەوە نەبانن کە پێویستیان بە ئاشتبوونەوە بێت؟!” پاشان وێڕای ئاماژەدان بە ئالۆزی‌یەکانی ساڵی ٨٨ لە ئاکامی کودەتا لە دەنگی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری‌دا، خامنەیی وتی؛ “هەڵبەت خەڵک لەو کەسانەی کە ئەو بارودۆخەیان پێکهێنا- کە مەبەستی لە کەسانی وەک خاتەمی، مووسەوی، کەرووبی و زەهرا ڕەهنەوەرد و… بوو- توڕەن و لە گەڵیشیان ئاشت نابنەوە”!!.

هەڵوێستەکان بەرانبەر بە ئاشتەوایی‌یەکەی خاتەمی لە نێو تەیف و لایەنەکانی نێو دەسەڵات لە ئێران‌دا گەلێک جیاواز و نالێکن. تەنانەت ڕێفۆرمخوازەکانیش خوێندنەوەو هەڵوێستی هاوبەشیان لەم پێوەندی‌یەدا نیە. لە گەڵ ئەوەیکە بەشێک لە ڕێفۆرمخوازان پێیان وایە خاتەمی بەپێی درکێک کە لە داهاتووی پڕمەترسیی ئێران هەیەتی، دەیهەوێ لە ڕێگای “ئاشتی میللی‌یەوە پێش بە تووشبوونی ئێران بە شەڕێکی نەخوازروا بگرێ و لەم پێوەندی‌یەدا ئاماژە بە هەڕەشەکانی دۆناڵد ترامپی سەرۆکی نوێی ئامریکا دەکەن. بەڵام کەم نین ئەو کەسانەی کە هەر لە بەرەی ڕێفۆرمخواز کە پێیان وایە، خاتەمی بە لەژێرپێ نانی بەشێک لە پرنسیپەکانی ڕێفۆرمخوازی و پاشەکشە لە بانگەشەکانی بەرانبەر بە باڵی بناژۆخوازو بەتایبەت “ڕێبەری” نەرمکێشی دەکات و پێیان وایە ئەمە نەتەنیا بە قازانجی ڕێفۆرمخوازان نیە، بەڵکوو متمانەیان لە نێو بەشێکی بەرچاو لە لایەنگرانیان لاواز دەکات.

بە وردبوونەوە لە “مەبەست”ی ڕاگەیاندراوی خاتەمی لە هێنانە بەرباسی ئاشتەوایی میللی و ئەو “کات”ـەی کە ناوبراو ئەم پەیامەی تێدا ڕادەگەینێ، لە یەکەم سەرنج‌دا دەردەکەوێ کە ئاشتەواییەکەی خاتەمی “میللی” نیە. “میللی” بە مانا گشتگیرەکەی کە تەعبیر لە تەواوی خەڵکی وڵات بکات و بیهەوێ ئاشتبوونەوەیەک لە نێوان خەڵک و سیستەمی دەسەڵاتداری‌دا چێ بکات، بەڵکوو مەبەستی ناوبراو ئاشتبوونەوەی جەناحەکان و تەیفە جۆراوجۆرەکانی نێو بازنەی دەسەڵاتە. خودی وڵامەکەی عەلی خامنەییش هەر ڕاست ئەوە دەگەیەنێ. خامنەیی لە گەڵ ئەوەیکە ڕاشکاوانە ڕایدەگەیەنێ کە هیچ باوەڕی بە ئەسڵێک بە ناوی “ئاشتی میللی” نیە و بە “بێ‌واتا”ی وەسف دەکات، بەڵام بە درووستی وڵامی مەبەستەکەی خاتەمی کە هەمان ئاشتبوونەوەی جەناحەکانە دەداتەوەو بێ‌منەتانە دەڵێ: خەڵک! لەگەڵتان ئاشت نابێتەوە.

هەروەک باس ‌کرا بانگەوازەکەی خاتەمی بۆ ئاشتەوایی، بە هیچ شێوەیەک لە خانەی پرسی “میللی”دا جێ ناگرێ و هەر وەک بەشێک لە خودی ڕێفۆرمخوازانیش باس دەکەن؛ خاتەمی لەم  هەلومەرجە گرنگەدا بۆ ڕێفۆرمخوازان کە هەڵبژاردنی خولی نوێی سەرکۆمارییان لە پێشە، تووشی هەڵەیەکی گەورە بوو و نەیتوانی لە کارتی “ئاشتی میللی” وەک پێویست کەڵک وەربگرێ.

ڕاگەیاندنی “ئاشتی میللی”، لە ساکارترین  پێناسەدا بریتی‌یە لە؛ ئاشتبوونەوەی کۆی سیستەمی بەڕێوەبەری، یاسایی و دادوەریی دەسەڵات لەگەڵ سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی وڵات. لەم پرۆسەیەدا سەرەتا دەوڵەت و حاکمییەت بە ڕاگەیاندنی لێبووردنی گشتی، دەزگاکانی بەڕێوەبەری، یاسایی و دادوەری ئەرکدار دەکات کە پێداچوونەوە بە تەواوی ئەو بڕیارو حوکم و سیاسەتانەدا بکەن کە خەڵکی وڵاتیان بە نیسبەت دەوڵەت و حاکمیەتەوە تووشی بێ متمانەیی کردوە. بە واتایەکی ڕوونتر یەکەم هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتەوایی نەتەوەیی، لە گەڕانەوەی متمانەی سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی وڵات و دانی وادەو بەڵێنیی بەرپرسانەو دەروەستانەی کۆی سیستەم بە خەڵکەوە دەست پێدەکات. دووهەم هەنگاو لە جیبەجێ‌کردنی پرۆسەی ئاشتەوایی نەتەوەیی‌دا، ئامادەکاریی دام و دەزگا پێوەندیدارە یاساییەکانی دەوڵەت و خۆئامادەکردنی هێز و لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی وڵاتە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی دێموکراتیک بە مەبەستی بەڕێوەبردنی کاروباری وڵات بە شێوەیەک کە هەموو لایەک بتوانن ئازادانە خۆ دەربخەن و چالاکی‌یەکانیان بە ڕەسمی ناسرابێ کە بەداخەوە لە ئێستای وڵاتی ئێران‌دا ئەمە تەنیا دەتوانێ ئارەزوویەک بێ.

کە بگەڕێینەوە سەر ئاشتەوایی‌یەکەی خاتەمی، دەکرێ درک کردنی ئەوە ڕاستییە ساکار بێ کە بۆ ناوبراویش بە هیچ شێوەیەک نە دەکرێ و نە لە ڕووی پێگەو پایەی تایبەتیی خۆیەوە کە دەرکەوتنی بە هەموو شێوەیەک قەدەغە کراوە، دەتوانێ بانگەشەی وەها ئیدیعایەک بکات. بەڵام ئەوەی لە پێوەندی لەگەڵ جۆری بانگەشەکەی خاتەمی‌دا دەکرێ قسەی لەسەر بکرێ و بە جۆرێکیش ڕەخنەی ڕووبەڕوو بکرێتەوە، غایببوونی خەڵک و لانیکەم لایەنگرانیەتی لە دەربڕینەکانی‌دا. بە دیوەکەی دیکەدا دەکرێ بڵێین جۆرێک لە دڵخۆشبوونی ناوبراو بە “سازان” و ڕێکەوتن لەگەڵ باڵی بناژۆخواز‌ و “ڕێبەری”دا دەبینرێ کە تەنانەت لایەنگرانیشی دڵنیگەران بەوە کردوە کە؛ “خاتەمی لە پاشەکشە دایە”. خودی ئەم تێگەیشتنە لە هەڵوێستەکانی خاتەمی وەک کەسێک کە تا ئێستایش بە ڕێبەری بەرەی ڕێفۆرم و پاڵپشتی بەرەی “ئێعتدال” دەناسرێ، دەتوانێ مەوقعیەتی ئەم دوو تەیفە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرکۆماری‌دا لاواز نیشان بدات. لە بەرانبەردا بەرەی بناژۆخواز بە هەموو تەیف و وردە باڵەکانی‌یەوە کە چاویان لە زاری عەلی خامنەیی‌یە، بەم هەڵوێستە توندانەی ناوبراو کە هەر گاڵتەی بە ئاشتەوایی دێت و خۆی لە جێی خەڵک دادەنێ و لەگەڵ کەس ئاشت نابێتەوە، زیاتر لێک کۆ دەبنەوەو وێدەچێ یەکگرتوانەتر لە خولی پێشووی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری بێنە مەیدان.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت