ئاسایشی یەکێتی کۆسپ بۆ ئەو ڕۆژهەڵاتیانە دەنێتەوە کە سەردانی هەڵەبجە و پێنجوێن دەکەن

0
1532

ئاسایشی یەکێتیی نیشتمانی، بە بیانووی پاراستنی گیانی کوردانی ڕۆژهەڵات لە ناوچەی گەرمیان و بەتایبەتی هەڵەبجە و پێنجوێن، کۆسپ بۆ ئەو ڕۆژهەڵاتیانە ساز دەکا کە سەردانی ئەو دەڤەرانە دەکەن. بەدواداچوونی ناوەندی ڕۆژی کورد، دەیسەلمێنێ کە ئامانجی سەرەکی، ڕێگەگرتنە بە چوونەوەی پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات بۆ ئێران و ئەگەری ئەنجام دانی چالاکیی سەربازی.

ڕۆژی کورد: ئاسایشی یەکێتیی نیشتمانی لە پێنجوێن و هەڵەبجە، تا ئێستا تەنیا ڕێگایان بەو پێشمەرگە و هێزانەی ڕۆژهەڵات دەگرت کە چەک لە شان بە نیازی ئاودیوبوون بۆ کوردستانی ڕۆژهەڵات و ئەنجام دانی خەباتی سیاسی یان سەربازی بوون، لێ ئێستا بۆ ئەوەی بە هەموو شێوەیەک ڕێگە بە چوونەوەی پێشمەرگە و ئەندامان بۆ ڕۆژهەڵات و هاتنە ئارای خەباتی چەکداری و سەربازی و سیاسی بگرن، کۆسپ دەخەنە بەردەم ئەو ڕۆژهەڵاتیانەی سەردانی ئەو دەڤەرە بکەن.

ئاسایشی یەکێتی، بەتایبەتی لە سەید سادق، هەر ڕۆژهەڵاتیەکی نیشتەجێی باشوور کە بەنیازی سەردانی ئەو باژێڕانە بێ، ناچار دەکا کەسێکی نیشتەجێی ئەو شارە وەک کەفیل ببەنە بازگەی ئاسایش لە سەید سادق و دوای وەرگرتنی گەرانتی و هاتنی کەفیل، ئامادە دەبن ئیزنی چوون بۆ هەڵەبجەیان پێ بدەن.

یەکێک لەو هاووڵاتیانە کە ئەندامی یەکێک لە حیزبەکانی کوردستانی رۆژهەڵاتە و لە باشوور نیشتەجێیە بە ڕۆژی کوردی گوت: “کە کارتی حیزبیی منیان لە سەید سادق بینی، هێنامیانە خوارەوە و گوتیان تا کەسێک وەک کەفیل بە شوێنتدا نیە، مافی ئەوەت نیە بڕۆی یان دەبێ بگەڕێیەوە یان دەبێ کەفیلت هەبێ”.

هاووڵاتیەکی تر کە ئەویش ئەندامی حیزبێکی ڕۆژهەڵاتیە و لە باشوور دەژی دەڵێ: “شوێنی نیشتەجێ بوونی کەفیلەکەم تا بازگە، ٤٠ خولەکە، بەڵام تا کەفیل نەهات، ئیزنیان نەدا بڕۆم و جیا لەوە، ناسنامەکەی خۆشمیان وەک بارمتە ڕاگرت”.

ناوەندی ڕۆژی کورد، بەدواداچوونی تەواوی بۆ ئەو پرسە کردووە و ئەنجامەکان دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە ئاسایشی یەکێتی لەو دەڤەرانە، هەموو هەوڵی خۆی خستووەتە گەڕ تا بە هیچ شێوەیەک هیچ هاتن و چوونێک لەو سنوورانەوە بۆ ئێران نەکرێ و ئەوەش پێکهاتنێکە لەگەڵ ئێران، ئەوە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئاسایش دەڵێن، بۆ پاراستنی گیانی ئەو هاووڵاتیە کوردانەی ڕۆژهەڵاتە کە وا مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن، بەڵام ئاخۆ ئەگەر مەبەست پاراستنی گیانی ئەوان بووبایە، بواری ئەمنیان بۆ دبین دەکردن یان کارت و پێناسەیان لێ دەستاندن؟

ئەو هەوڵە نوێیەی یەکێتی لە کاتێکدایە کە تا ئێستا دەیان جار لە سنوورەکانی زۆنی سەوز، ڕێگە بە پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات گیراوە و تەنانەت گەمارۆی هێزی پێشمەرگەشیان لە سنووری قەڵادزێ داوە. لە ١٨ی مانگی دیسامبری ٢٠١٨، یەکێتیی نیشتمانی لە ناوچەکانی نێوان هەڵەبجە و پێنجوێن، ڕێگریان لە تیمێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گرتووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.