ئارماگدۆنی ڕۆژهەڵاتی ناوین،  لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆتایی پێدێت

0
1113
هادی عەزیزی(پیرهەردی)
هادی عەزیزی(پیرهەردی)

هادی عەزیزی(پیرهەردی)

ئارماگدۆن یان هەرمەجدوون، وشەیەکی عیبرییە کە باس لە شەڕی کۆتایی دەکات. لە هەر قوتابخانەیەکی هزریدا بە شێوازێک شیکاری بۆ دەکرێت و ئێمەش لێرە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین و چارەنووسی نەتەوەی کورد کەڵکی لێوەردەگرین.

بە خێرایی؛

نەخشە داڕێژراوەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئەگەری گۆڕانی ژێئۆپۆلتیکی ناوچەکە،  چەند خاڵێک زەق دەکاتەوە کە یەکێک لەو خاڵانە خەسارمەندبوونی ڕژێمی ئێرانە کە دواتر لەو ململانێیەدا تووشی دۆڕان دەبێت. کوردستان، بۆ زلهێزانی جیهان باشترین ناوچەیە کە لە ئەگەری دروستبوونی دەوڵەتی کوردیدا، دەتوانێ وەک قەڵغان، ئارامیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بپارێزێ و وەک نموونەی ڕووبەڕووبوونەوە دژی عەرەب و ئیسلام، زەخت و گوشار بۆ سەر ڕۆژاوا و هەموو وڵاتانی دێموکراسیخواز کەم بکاتەوە.

لە ئێستادا. حکومەتی ئێران کە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە لە دوو شێواز کەڵکی وەرگرتووە، ئێستاش بە هەمان ستراتیژ و تاکتیک درێژە بە بەرنامەکانی دەدا.

یەکەم: پەرەپێدانی حکومەتی شیعیی فارسی یان ئیمپراتووریی سپای پاسداران لە ڕۆژهەڵاتی ناوین.

دووهەم: لەناوبردنی نەیارانی تێزی سپای پاسداران، لە ڕێگەی تیرۆر و تۆقاندن و نانەوەی ئاژاوەگێڕی و تەقاندنەوەی شوێن و بارەگای دژبەرانی لە وڵاتان.

کوردستان، وەک ناوچەیەکی چاوتێبڕاوی وڵاتانی زلهێز، لە ئێستادا لە دووبەرەکی دایە، کە لایەکی ئەم دووبەرەکییە بە هۆی هاوپەیمانێتیی جوگرافیایی لەگەڵ حکومەتی ئێران، تا ڕادەیەک ڕێگری لە بەرەوپێشچوونی سیاسەتی زلهێزان دەکات و وەک هاوپەیمانێک، بەرژەوەندییەکانی ڕژیمی تاران دەپارێزێت کە ئەمەش لە کۆتاییدا و بەتایبەت لە ئاستی نەتەوایەتیدا بە کورد بە ئاگری تاران، دەسووتێنێت.

لە باشووری کوردستان، بە پێی نیشتەجێبوونی پارتە ڕۆژهەڵاتییەکان، لە هەندێک ناوچە، هەر لە جمووجۆڵەوە هەتا ڕاگەیاندن و تەنانەت لێدوانیش، تووشی ئابلۆقەیەکی بەرین بوون و بەرەبەرە لە دوای نەمانی دۆستانی سیاسیی ساڵانی هەشتای زایینیان لە باشووری کوردستان، ڕەنگە هەر لە باشووردا تووشی شەڕی دەستەویەخەی ڕژیمی تاران ببن.

لە نێوان باشووری کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و زلهێزاندا، چەند پەیوەندییەک لە ئارادایە کە تاڕادەیەک ناڕاستەوخۆ بە یەکەوە گرێ دەدرێن و تاڕادەیەکی زۆریش لە بن سێبەری وڵاتانی ڕۆژاواییدا، هەوڵ بۆ ئاشتەوایی نێو ماڵی کورد دەدرێت کە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، لەخۆدەگرێت. لە چەند ساڵی داهاتوودا و ئەو شەڕەی کە بەرۆکی ڕژیمی تاران لە ناوخۆدا دەگرێت، کورد وەک سەرەکیترین نەتەوەی ناو جوگرافیای ئێران، ڕۆڵی بەهێزی دەبێت و تێکدانی ئارامیی ناوخۆی ئێرانیش، ڕژیمی تاران لە ناوچەکەدا پاشگەز دەکاتەوە و ئەمەش قازانجێکی گەورەی سیاسی و هەروەها فراوانتربوونی بازنەی دەسەڵاتی بۆ ڕۆژاوا پێوە دەبێت. لێرەدا ئەوەیکە دەبێ باس بکرێت، هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە دەتوانێ هەموو باڵانسەکانی ئێران بشێوێنێ و وەک هێزێکی باڵادەست، کۆتایی بە خەون و ئاژاوەگێڕییەکانی سپای پاسداران و سپای قودس لە ڕۆژهەڵاتی ناوێن بێنێت. بەڵام، هەتا ئێستاش هێزەکانی ڕۆژهەڵات، بەهۆی نایەکگرتوویی، نەیانتوانیوە لە سەر خاڵە هاوبەشەکان کار‌بکەن هەتا زیاتر لێک نزیک ببنەوە، هەر بۆیە ئەگەری ئەوەش هەیە یان بە زۆرەملی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستانی ئێران دابمەزرێت یان خود هێزێکی نوێ،  تەواوی ئەو ئەرک و تێکۆشانە بگرێتە ئەستۆی خۆی.

دەست پێکردنی شەڕی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تا ڕادەیەک زۆر ئارامی بە هەموو ناوچەکە دەبەخشێ و لە بن سێبەری ئیرادەی کورددا،  نەتەوەکانی دیکەش دەتوانن لەم دەرفەتە کەڵک وەرگرن کە ئەمەش لە کۆتاییدا ڕژیمی ئێران وەک لایەنی ناحەق و دۆڕاوی ڕۆژهەڵاتی ناوین، لە ئارماگدۆنی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، تووشی داڕمانێکی ناوچەیی دەکات و ناوخۆیی دەکات.

تێبینی؛

لە داهاتوودا، هەندێک حیزبی سیاسی ڕووبەڕووی هەڵوەشانەوە دەبن و هیچ دەسەڵاتێکی سیاسی و چەکدارییان نامێنێت کە بینینی ئەو ڕاستییەش بە داهاتوو دەسپێرین.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت